Baker.ahmed@telia.com
"ده‌بێت یه‌کێتی له تاله‌بانی رزگاربکرێت" (1) و "ماڵیکردنی هێزەدڕندەکەی نێو یەکێتی"،(2) دوو وتارن که به شێوه‌ی جۆراوجۆر له سه‌ر یه‌ک ته‌وه‌ر کارده‌که‌ن. یه‌که‌مییان مه‌ریوان وریا نووسویه‌تی و دوومیان ئیسماعیل حه‌مه‌مین.
یه‌که‌میان پێیوایه:" با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە من خۆم لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٢ بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٥ پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوم. تا دوای قۆناغی راپەڕین و بەرپابونی شەڕی ناوخۆش یەکێتیم وەک نوێنەری بەشە خوێندەوار و شاری و چالاکەکەی کۆمەڵگای کوردی بینیوە و مامەڵەکردوە. وەک ھێزێک وێنامکردوە گەرچی کێشەی گەورەی ھەبوە، بەڵام خاوەنی ئەو وزە و توانا ناوەکییەش بوە کە بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵببێت"
دووه‌مییان پێیوایه:" ئێستاش لەکاتی پەلاماری هێزێکی ناو یەکێتی بۆسەر خۆپیشاندەران، ئەو دڕندەیە دەبینیم کەدەبێت هێزە ئەکتیڤو بیرکەرەوەکەی نێو یەکێتی نیشتمانی جڵەوی بگرێت‌و ماڵیبکاتو لەدڕندەوە بیکاتەوە بەسۆسیال دیموکرات"
یه‌که‌مییان پێیوایه:" بەبۆچونی من ئەوەی ئەمڕۆ ئەرکی سەرەکی باڵە مەدەنی و کادره سیاسییەکانی ناو یەکێتی نیشتمانییە رزگاکردنی یەکێتییە لە تاڵەبانی."
دووه‌مییان پێیوایه:" ئەرکی بەشە زیندووەکەی یەکێتیە ئەو دڕندەیە لەنێو ماڵی خۆیدا فڕیبداتە دەرەوە، تاڵەبانی‌و بنەماڵەکەی لەنێو ماڵی یەکێتیدا سنووردار بکات‌و نەهێڵێت ئاوەها بەئاسانی قەدەری یەکێتیو ترادیسیۆنی هەمەڕەنگی یەکێتی وەک پاروویەکی سانا بخاتە قوڕگی پارتێکی کۆنزەرڤاتیڤی خێڵەکیەوە"
چ نوسه‌ری یه‌که‌م و چ دووه‌مییان له‌سه‌ر خاڵێک کۆکن. تاله‌بانی و باڵی سیاسی ئه‌م پیاوه، هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م رۆژڕهشییهی ئه‌مرۆی یه‌کیتی نیشتیمانی کوردستانه. رۆژرهشییهک که‌ته‌نها بۆ خودی یه‌کێتی ماڵوێرانی ناهێنێت، به‌لکو کۆمه‌لگای کوردستانیشی رووبه‌ڕووی کاره‌ساتی گه‌وره کردۆته‌وه.
ئه‌م پرۆسه‌ی ڕزگارکردنه‌ی یه‌کێتی له تاله‌بانی، بۆ گێرانه‌وه‌ی یه‌کێتییه بۆ دۆخێک که نووسه‌ری یه‌که‌م و دووم، تا رۆژگارێکی دریژ ئومێدیان به‌م هێزه بووه و له دۆخی مه‌ریواندا، ڕه‌نگه شه‌رمکردن له‌م درندهیهتییهی یه‌کێتی رێگری باوهشبهیهکداکردنهوهی ئه‌و بێت بۆ ئه‌م هێزه و له دۆخی ئیسماعیلیشدا، گه‌ران بێت به شوێن ئه‌و به‌شه له یه‌کێتیدا که پێموانییه زۆر له هاوڵاتییانی کوردستان بینیبێتییان. واتا یه‌کێتییه‌که‌ی جاران. یه‌کێتییه‌ک که هه‌ڵگری ترادیسیۆنی هه‌مه ڕه‌نگی بووه و سۆسیالدیموکرات بووه. سوشیالدیموکراتبوون ده‌کرێ خه‌ونی ئیسماعیل حه‌مه‌مین بێت و ههمهرهنگیش خه‌ونی مه‌ریوان وریا.
به‌ڵام به‌ڕاست هه‌مه ڕه‌نگی بوون و چهپوون له ناو یه‌کێتییه‌که‌ی جاراندا، به چاویلکه سیاسییه‌کانی ئه‌مڕۆ که هه‌ردوو نووسه‌ر سه‌رنجی یه‌کیتی جارانی پێده‌ده‌ن، له کوێی یه‌کێتییه واقعییه‌که‌ی جاراندا ده‌وه‌ستێت؟
یه‌کێتییه‌که‌ی جاران، تێکه‌ڵێک له ناو و ده‌نگی که‌سانێکی سه‌رده‌مێکی دوای ئاشبهتالن که ته‌سلیم به شکستی شهرمئاوهرانهی بارزانی باوک نابن. "کۆمه‌له"یه‌که که گه‌رم و گوڕی ماویزمی حه‌فتاکان وه‌ک مۆده‌یه‌ک ده‌بێته چه‌تری ئایدیۆلۆژی و مارکسیزمی بۆ رزگارکردنی گه‌لانی چه‌وساوه پێویسته به‌بێ هیچ گه‌رانه‌وه‌یه‌ک بۆ ده‌رچوون له بنه‌ماکانی ناسیونالیزمی زاڵ. "خه‌تی پان"ێکه که درێژردهری ره‌وتی جهلالیزمێکه که به درێژایی کۆتایی شه‌سته‌کان و سه‌ره‌تای حه‌فتاکان، له سووڕی متبوونی خۆیدایه‌و شکستی بارزانی، دووباره ده‌یخاته ناو به‌هاری سه‌رله هێلکهدهرهێنای خۆی. بزووتنه‌وه‌یه‌که که تا له‌شکرێکی له ناو یه‌کێتیدا ده‌توێته‌وه و هه‌ندێکی دیکه‌یان له قه‌ڵای له دایکبوونی خۆیدا، گوڵه‌خانه‌ی حه‌مه‌ی حاجی مه‌حمووددا، سۆشیالیزمی بۆ ناکرێته وشه‌یه‌ک خه‌ڵک بزانێت یانی چی. سه‌ر بهیهکداکردنی ئه‌م تێکه‌له‌یه له ناو و ڕه‌نگی جیا له ڕووکه‌شدا، به مانای هه‌مه‌ره‌نگی ئه‌فکار نه‌بووه. هه‌ر سێ لایان، کوردستانییان بۆ ته‌وه‌ره و که‌رکوکییان بۆ موقه‌ده‌سه و کولتور و ترادیسیۆنی باوی زاڵی ناسیونالیزم، ئه‌و تۆره‌یه که تیایدا به بێ هیچ گرێ و گۆڵێک خۆیانی تیا ده‌بییننه‌وه.
هیچ کام له جیابوونه‌وه‌و کێشمه‌کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی، کێشمه‌کێش و جه‌ده‌لی فیکری جیاواز نییه له‌سه‌ر چوارچێوه ئایدیۆلۆژییه‌کانی ئه‌م ڕه‌وتانه، به‌ڵکو کێشه‌ی شه‌خسی و شه‌ری ده‌سه‌لاتی تاک و بنه‌ماڵه و هێز بزووێنهرییهتی. ئه‌و چه‌پکه گووله‌ی که تاله‌بانی وه‌ک مێژووی یه‌کێتی باسیلێوه‌ده‌کات، له هیچ قۆناغێکی یه‌کیتی نیشتیمانیدا بوونی نه‌بووه. چه‌پکه گووله‌که‌ی ناو یه‌کێتی ، چه‌پکێک "گووڵ"ی یه‌کڕه‌نگ بووه که هه‌ندێکییان بچووک و هه‌ندێکی دیکه‌یان گه‌وره بوون. ئه‌و ئینجانهیهیشی ئه‌م "گووڵانه"ی تێدا کۆکراوه‌ته‌وه، له ناو گووتارێکی ناسیونالیستیدا، ئاوی درێژه‌دان به ژیانی خۆیان وه‌رگرتووه. بوونی ده‌یه‌ها سروودی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش و جوتیار و پاڵه و ڕه‌نجده‌ری کورد، خۆبه‌خۆ ناتوانێت به‌لگه‌ی دروستکردنی بزووتنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت که به دژی گووتاری ناسیونالیستی کارده‌کات. . ئه‌م هێزانه هه‌تا ده‌توانن له یه‌کتری ده‌کوژن و هه‌ر کاتێکیش ویستبێتییان ، هیچ خوێنێکی رژاو، رێگری باوهشبهیهکداکردنهوهیان نه‌بووه. چونکه له بنه‌مادا، ئه‌حزابی سه‌ر به یه‌ک بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. ئه‌م هه‌مه ڕه‌نگییه‌ی ناو یه‌کێتی، له هێج زه‌مه‌نێکدا هه‌مه‌ره‌نگی نه‌بووه و یه‌ک تێروانینی ناو یه‌ک خێزانی سیاسیی بووه. کاتێک ئه‌وه له‌به‌رچاوبگرین، که ئه‌م هێزه قبووڵی هه‌مه‌ڕه‌نگی ناو هه‌مان خێزانی سیاسی ناو هه‌مان بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناکات به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی شه‌ره‌کانی ناو ئه‌م هێزانه له‌نا و یه‌کێتی و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیدا به‌سه‌ر کۆمه‌لگای کوردی‌دا ده‌هێنرێت ، ئه‌وسا هه‌ستده‌کرێت، چ گاڵته‌جاڕییه‌کی مێژووییه ، مێژووی یه‌کێتی به‌ر له ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌ملاو لای ئه‌مرۆی تاله‌بانی ، به جۆرێکی دیکه بنووسرێته‌وه که رێک ده‌چێته‌وه سه‌ر حه‌کایه‌تی "چه‌پکه گووله‌که‌ی " تاله‌بانی. پیاوێک چ له شاخ و چ له شار، هه‌میشه که‌سی یه‌که‌می ناو یه‌کێتی نیشتیمانی بووه.
مێژووی خوێنڕێژییه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، له په‌لاماردانی سه‌ربازی بۆسهرای ئازادی و به میلیتاریزه‌کردنی شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه ده‌ستپێناکات. له‌و خاله‌وه نییه که گوایا تاله‌بانی و ڕه‌وته میلیتانتهکهی ناو یه‌کێتی ده‌فه‌ی ئه‌م که‌شتییه‌ی یه‌کێتییان له ده‌ستدایه له‌مڕۆکه‌دا. یه‌کێتی هێشتا سه‌ری له هێلکه ده‌رنه‌هێناوه ده‌ستده‌کاته ته‌سفییه‌کردنی به‌شێک له‌و ناو و که‌سایه‌تییانه‌ی ڕۆژگارێک له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوسۆزییان هه‌بووه. ڕاوی شیوعییه‌کان و یه‌کبه‌یه‌کی شه‌ره‌کانی شاخی یه‌کێتی ، نه‌ک هه‌ر تاله‌بانی سه‌رکرده‌ی بووه، به‌ڵکو به‌شێکی گه‌وره‌ی کادره‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆرانی ئه‌مڕۆش هاوبه‌شی ئه‌م مێژووه‌ن. له کامه شه‌ره خوێناویی و رووداوه گه‌وره‌کانی کۆمه‌لگای کوردستاندا، به مێژووی ئه‌مڕۆ و دوێنێی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌وه، ده‌نگی فریشته‌کانی دیکه‌ی ناو یه‌کێتی ده‌بیسترێت. کامه سه‌رکرده‌ی یه‌کێتی له‌به‌رانبه‌ر هێڵی گشتی سیاسه‌تی ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی یه‌کێتیدا پلاتفۆرمێکی دیکه‌ی دایه ده‌ر و له باری پراکتیکه‌وه، جیاوازییه‌کی خوڵقاند. ئه‌و به‌شه زیندووه‌ی ناو یه‌کێتی له کوێێ بوو که هێشتا به‌عس له به‌غدا بوو، سه‌نگه‌ری له شووراکانی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین گرت، کامه هێزی زیندووی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ست وپێوه‌نده‌کانی تاله‌بانییه که له‌به‌رانبه‌ر تێرۆرکردنی به‌کر عه‌لی و هه‌زاران ژنی کوردستاندا که له ژێر دروشمه‌کانی "له قائێمهکهدا بوون" تێرۆرکران، وشه‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌ربڕی. کام له باڵه میانهرهوهکهی ناو یه‌کێتی نووزه‌یه‌کی ده‌ربڕی که ماشینی تیرۆرکردنی کادره دهنگجیاوازهکانی ناو خودی یه‌کێتی به ته‌ور که‌وته گیانی هه‌ندێک له پێشمه‌رگه‌کانی خۆیان.
یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان به‌رله‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاتی ره‌های ئه‌مرۆی تاله‌بانیدا بووبێ به دره‌نده، له مێژه دڕنده‌یه‌کی خوێنخۆری ناو کۆمه‌ڵگای کوردستانه و ئیلیتی رووناکبیری کورد، توانای ده‌ستبه‌رداربوونی له‌م هێزه نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ردا، درنده‌یه‌کی تۆقێنه‌رتر ئاماده‌یی هه‌یه که ناوی پارتییه. ئه‌حزابی سیاسی به بوونی نییه‌تپاکی ئه‌ندامان و هه‌وادارانی خۆی ناکرێ هه‌ڵسه‌نگێنرێن، به‌لکو به پراکتیکی سیاسی ئه‌م هێزه له کۆمه‌لگادا ده‌ناسرێته‌وه. بوونی سه‌ده‌ها "شیندڵه‌ر" که چه‌ند سه‌د جوویه‌ک له کووره‌ی ئینسانسووتاندنی نازیسته‌کاندا رزگارده‌که‌ن له ناو حزبی نازیستی ئه‌لمانیادا، نه ده‌کرا سیاسه‌تی ڕه‌سمی و قه‌تڵ و عامی جووه‌کان ڕابگرێت. چوونکه نییه‌تی شیندڵه‌ر نه‌بووه پراکتیکی هێزێکی دیکه‌ی سیاسی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌جێندای سیاسه‌تی نازیزم دانه‌نا و له ئاستی نییه‌تپاکی ئینسانێک یان چه‌ند ئینسانێکدا مایه‌وه.
له ناو یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتیدا هه‌زاره‌ها ئینسانی شه‌ریف ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م شهریفبوون و کوڕ و کچی باشی شاره حه‌یاته‌که‌ی ناو ئه‌م هێزانه نه‌بووه فشارێکی سیاسی تا شه‌ڕی ناوخۆ په‌رپا نه‌بێ. یه‌کێتی له‌یه‌که‌م رۆژییه‌وه تا ئه‌مڕۆ هێزێکی دڕنده‌یه و ئه‌م به‌رپرسیارێتییه‌ش به‌ر شانی مه‌ریوانی وریا و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی دیکه‌ش ده‌که‌وێت که به ئهندامبوونییان له‌م حزبه‌دا، ڕه‌شه له‌شکرێکی زل و قه‌به‌ی ئه‌م هێزه‌یان به دوژمنه‌کانی یه‌کێتی نیشاندا، تا سیاسه‌تی:" تۆله به‌زه‌بره ئه‌مما به سه‌بره" تۆقێنه‌رتر ده‌ربکه‌وێ.
به‌لام بۆچی ئه‌مڕۆ هاواری:" ده‌بێت یه‌کێتی له تاله‌بانی رزگاربکرێت و ئەو دڕندەیەی ناو یه‌کێتی ده‌بێ له لایه‌ن هێزە ئەکتیڤو بیرکەرەوەکەی نێو یەکێتی نیشتمانییه‌وه جڵەوی بگیرێت‌و ماڵیبکرێت و لەدڕندەوە بکرێته‌وه به سۆسیال دیموکرات" ئاوا بازاڕی گه‌رمه؟ بۆچی ماشێنی ئیعلامی گۆڕان ئه‌م وتاره‌ی مه‌ریوان ده‌کاته مانیفێستی دوای داگیرکردنی سه‌رای ئازادی؟ چ رادیکالیزمێک له‌م وتاره‌دا هه‌یه؟
له یه‌که‌م گۆشه‌نیگادا، ده‌کرێ زۆرکه‌س بووێری و چاونه‌ترسی هه‌ردوو نووسه‌ر، وه‌ک خاڵێکی گرنگی ناو وتاره‌کان ده‌ستنیشانکات. به‌ڵام ئه‌م وتارانه له ناو کامه هاوکێشه‌کانی هێزی نێوان ده‌سه‌لات و جه‌ماوه‌ره‌وه راده‌وه‌ستێ. ئه‌م تێروانینانه زاده‌ی فشاری جه‌ماوه‌ری خرۆشاوی ناو شاره‌کانی کوردستانه‌وه بۆ سه‌ر ده‌سه‌لات، یاخود نیشانه‌ی داماویی و بێهیوایی ئه‌و که‌شه سیاسییه‌ی دوای داگیرکردنی سه‌رای ئازادییه؟
له‌گه‌ڵ هه‌ر زمانتیژییهکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ناو وتاره‌کانیشدا که بۆ زۆر که‌س وه‌ک په‌لامارێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی تووند بۆسه‌ر ده‌سه‌لات ده‌رده‌که‌وێت، کاتێک نووکی ڕه‌خنه‌کان له‌به‌رانبه‌ر سه‌ره‌ککۆماری عێراق و بنه‌ماله‌که‌یدا چرده‌بێته‌وه، ئه‌م وتارانه زاده‌ی بێهیوایی و ئه‌و کهشو هه‌وا له ئومێدخاڵییهیه که ڕاوه‌ستانی زیاتر له شه‌ست رۆژی به‌رده‌رکی سه‌را و دواتریش داگیرکردنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌کۆیه‌ی ئازادی له لایه‌ن ده‌سه‌لاته‌وه، خوڵقاندوویه‌تی. بێهیوا بوون به‌وه‌ی که راوه‌ستانی جه‌ماوه‌ری له پاش کۆبوونه‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار له هاوڵاتییانی ناڕازی کوردستان، ئاسان خامۆشدهکرێت و له جیاتی تووندکردنه‌وه‌ی فشار بۆ سه‌رده‌سه‌ڵات، ئومێد به‌وه‌وه ده‌به‌سترێت که یه‌کێتی ده‌بێ خۆی له تاله‌بانی و باڵه فوندهمێنتالیسته میلیتانتهکهی ناوی ڕزگار کات، تا شه‌قێکی که‌متر به‌ر هاولاتییان بکه‌وێت.
به کورتییه‌که‌ی، تیژی نووکی ڕه‌خنه‌ی سیاسیی ئه‌م وتارانه، ئه‌و هه‌ناسه داماو و زه‌لیلانه‌یه ناشارێته‌وه که له ناواخنی ئه‌م وتارانه‌دا ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێ. کاتێک هیچ ئالوگۆڕێکمان پێکنه‌هێنا و سه‌کۆکانی ئازادیمان لێداگیرکرایهوه و هه‌زاره‌ها له گه‌نجان ولاوی کورد بێهیواکران و بێحورمهتییان پێکرا، ئیتر ئومێد ده‌ده‌ینه ده‌ست ئه‌و فریشتانه‌ی که ده‌کرێ له ناو یه‌کێتیدا مابێتن و خۆیان و ئێمه و کۆمه‌لگاش له‌م دێوه‌زمه‌یه رزگارکه‌ن. ئه‌گه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه سه‌رنجی ئه‌م وتارانه بده‌ین، ره‌نگه مه‌به‌ست له‌وه‌ی که قڵشتێک له‌ناو ریزه‌کانی یه‌کێتیدا پێکهێنان به مه‌به‌ستی ڕاکێشانی سۆزی هه‌ندێک لایه‌نگرانی ئه‌م هێزه به‌لای جه‌ماوه‌ردا، وه‌ک هۆکارێک له پشت ئه‌م نییهتپاکییهی نووسه‌رانه‌وه هه‌بێت. به‌ڵام هێشتاش ئه‌و ڕاستییه روونه ناکرێت بشارێته‌وه، که هێشتاش وه‌ک پارانهوهیهکی بێدهسهلاتان لهبهرانهبهر ده‌سه‌لاتداراندا ده‌رده‌که‌وێت.
به‌لام تراژیدیا هه‌ر لێره‌دا نییه که له کاتی شکست و نووشستییه کاتییه‌کاندا هاوڵاتییان بێهیوا بن و په‌نا به‌رنه به‌ر خودا و ئومێدبه‌ستن به‌وه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ی ئه‌وان به‌شوێنییه‌وه بوون، ده‌کرێ له ناو ماڵه داخراوه‌کانی ناو کابینه‌ی حوکومه‌ت و مه‌کته‌بی سیاسیی حزبه‌کانه‌وه سه‌رهه‌ڵبڕێ، به‌لکو له‌وه‌دایه، ئیلیتی به ناو رووناکبیری کوردی بێته وتاربێژی ئه‌م نوێژی بوورانه‌وه کاتییه‌ی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری کوردستان و ده‌ست به‌ره‌و ئاسمان، دۆعای رزگارکردنی هاولاتییان و بهزهییپێداهاتنهوهیان بده‌نه ده‌ست ئه‌و فریشتانه‌ی که یه‌ک تاقه به‌شه‌ری کۆمه‌لگای کوردستان ده‌موچاویانی نه‌بینیوه. .
ئاخر سه‌رای ئازادی داگیرکرایه‌وه چونکه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هیچ کات له قۆناغی دیفاعکردن له داخوازییه‌کانی خه‌لکی کوردستانه‌وه نه په‌ڕییه‌وه بۆ هێرشبردن بۆسه‌ر پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات. ئاخر زیاتر له دوومانگه ده‌سه‌لاتی ڕه‌سمی شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌ده‌ست هاوڵاتییانهوهیه و ئه‌م سه‌رای ئازادییانه له بری راگایاندنی ده‌سه‌لاتی خۆ، چاوه‌ڕوانی ده‌کێشێت تا ده‌سه‌لات وه‌لامی داخوازییه‌کانییان باته‌وه. بێگوومان، به‌رینی ئه‌م تێروانینه‌ی به‌شێکی زۆر له ئیلیتی رووناکبیری کوردی بۆ کردنی سه‌رای ئازادی به مه‌یدانی پرۆژه‌ی ریفۆرمیستی و چاوهروانیکردن له سالۆنه درێژه‌کانی ئینتیزاردا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات وه‌لامێک باته‌وه، کاریگه‌ری له سه‌ر ئه‌م رۆژڕهشییهی ئه‌مرۆی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستان هه‌یه که وتاری رزگارکردنی یه‌کێتی له تاله‌بانی و باله دڕنده‌که‌ی ناوی، ده‌ربڕی هه‌مان تێروانینی ریفۆرمخوازانه و چاوهروانیکێشانی دوای شکسته کاتییهکانییهتی. دوای که‌وتن بڕیاربوو ئینسان له زه‌مه‌نه‌کانی شۆڕشدا به تواناتر هه‌ڵسێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م تێروانینانهی له‌م وتارانه‌دا ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێت، داوا له ده‌سه‌لات ده‌کات:" تکایه، به‌و کوڕانه‌ی دیکه‌ی خۆت بڵێ ده‌ستێکمان باتێ، تا ئه‌و که‌سه‌ی که‌وتووه، بتوانرێت ههڵسێنرێتهوه. "
به‌ڵام به‌وه‌ی ته‌واوی میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن ده‌رگاکانییان ئاواڵه‌یه له به‌رانبه‌ر ئه‌م جۆره له بیرکردنه‌وه بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی له کوردستاندا، هیچ میکروفۆنێک نادرێته ده‌ست ئه‌و قوربانییه‌ی که بیست ساڵه شه‌قی یه‌کێتی و پارتی ده‌خوات تا لێێ بپرسێت ئاخۆ مه‌راقی ئه‌و رزگارکردنی یه‌کێتیه له تاله‌بانی، یاخود رزگارکردنی کۆمه‌لگایه له یه‌کێتی و هاوشێوه‌کانی.
ئه‌م پرسیاره ده‌کرا به‌شێک له جه‌ده‌له‌کانی دوای چۆڵکردنی مه‌یدانی سه‌رای ئازادییه‌کانی ناو شاره‌کانی کوردستان بوایه. به‌لام کێ ده‌ڵێ ئێستا به گه‌رمی له ناو دڵی لاوانی دڵپڕله ئومێدی کوردستاندا خه‌ریکی شکۆفه‌کردن نییه؟
1.بروانه وتاری ده‌بێ یه‌کێتی له تاله‌بانی رزگاربکرێت مه‌ریوان وریا سایتی سبه‌ی
http://www.sbeiy.com/ku/article_detail.aspx?ArticleID=4582&AuthorID=482
2. بروانه وتاری: ماڵیکردنی هێزه دڕنده‌که‌ی ناو یه‌کێتی ئیسماعیل حه‌مه ئه‌مین سایتی ئاوێنه