لە یەکێک لە قاوەخانەکانی (کۆپنهاگن) بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک من و کاک دیاری وتووێژێکی هاوڕێیانەمان ئەنجام دا ، ئاخر من لە ساڵی پارەوە ( 2008) دەمویست ئەم دیدارەی من و کاکە دیاری ساز بێ، بۆ ئەوەی ئەم نووسینەمی پێ دەوڵەمەند بکەم، هەڵبەت لەبەر سەرقاڵیی پرۆڤەکانی بۆ کۆنسێرتەکانی دانیمارک و سوید و هەروەها نەپەرژانی لەبەر ئەو ماوە کەمەی کە تەرخانی کرد بوو بۆ گەشتەکەی ، بۆیە نەکرا دیدارەکەمان درووست بێ. ئەم جارە لە میانەی گەشتەکەی بۆ ئەڵمانیا و بۆ کۆنسێرتەکەی (نۆرنبێرگ) توانیم لە (کۆپنەاگن) بە دیداری شاد بم کە بە مەبەستی پرۆڤەکردن هاتبوو لەگەڵ تیپە مۆسیقیەکەی کە زۆربەیان نیشتەجێی وڵاتی دانیمارکن، خۆشبەختانە لە ڕێی هەوڵی هاوڕێیەکی نزیکی هەردووکمان توانیم بەسەرهاتی ئەم نووسینەم کۆکتر بکەمەوە.
 

ئالان پەری و دیاری قەرەداخی
دونیایەک لە گۆرانی
ئەو گۆرانییانەی مناڵیی پڕ دەکەن لە عیشق و هێڵەکانی سنووری سەردەمی ئەوسا و ئێستا دەکوژێننەوە، ئەو بانگەوازانەی عیشق کە شوێنەکان بۆنی تایبەتیان دەداتێ و بەهەشتی سۆزێک بۆ چاوشارکێکانی ئەوینە سادەکانی زەمەن بەجێدێڵن، ئەو گۆرانییانە، کۆڵانەکانی شار کاڵ ناکەنەوە لە ئاوازی ئێواران، و پردێکی پرتەقاڵی لە بەختەوەریی دەکێشن بۆ گەیشتن بە هەستکردن بەوانی تر، وشە نۆستالیژیاییەکان ڕێگاوبانە دوورودرێژەکان سەوز دەکەن بە بیستنی دەنگی ئارامیی و گەشتێک ساز دەکەن بۆ بەرکەوتنی نەرمیی، زەوی و خۆر و هەوا .
 
(دیاری قەرەداخی) لەو سرووشتە پاکەی میلەتێک دێتە گۆرانی وتن و ئاهەکانی هەموو گەردوون دەگرێتەوە بەهەمان گوزارشتی گۆرانی وتنیش بە پەستییەکی پڕ هەستکردن بە ئەمەکداری دیسانەوە بەرەو ڕووی ناپاکی چەند دەستەیەک دەبێتەوە، دەنگی خۆی بەرز دەکا ... بەڕیتمی هەناسەکانی ، دۆستایەتییەک دێنێ و سفرەی هاوڕێیەتی نێوان مرۆڤەکان ڕائەخا .
بەو سرووتەوە دێتە گۆرانی وتن کە چڕینی ئاوازەکانی ئەم زەوییە تەنیا ئامێر و دەنگ نییە، بەڵکو ڕۆحێک و هەستێکی نزیک لە هەموو دڵەکانی دەوێ ... دیاری هەر لەسەرەتاوە ویستی جیاواز بێت لە هەمووان و ڕێگەیەکی ئاستەم و لە هەمان کاتدا پڕ بەپرسیارەکانی سەرکەوتن گرتەبەر .
 
لە دڵە تاقانە جێماوەکەیەوە هەتا دەگاتە زیکری عیشقەوە، دێت کۆلارە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئەوین بەنێو هەورە پەشمەکییەکانی موحیبەت هەڵدەدات، وێنەی خومارێک لە نیشتنەوەی بەسەر زەوییە بێ دارەکان دەکێشێ و لە هەناسەکانی ئێمە و زەریا ورد دەبێتەوە، ئاگاداری پەنجە پیانۆییەکان دەبێ کە چۆن هەر زوو دەکەونە نوقمی یەکتری. لە ماڵئاوا و ئافات و باران دیسانەوە دەروونمان پڕ دەکات لە نیانی و تاریکیی شەومان بۆ دەدرەوشێنێتەوە.
 
 
یەکەمین کۆنسێرێت
دیاری یەکەم کەس بووە لە ساڵی 1996 بەشێوازێکی نوێی شایستە بە هونەری کۆنسێرت گێڕان لە کوردستان کۆنسێرت بۆ گۆرانییەکانی بگێڕێ و لەو بارەیەوە سەرکەوتنی خۆی سەلماندووە، کە بە ڕۆحێکی بێوچان لەگەڵ جەماوەرەکەی بوونەتە ئاوێتەی خەم و پەرۆشی و عەشقی یەکدی، دواتر پەرۆشی بۆ کۆنسێرت گێڕان ناشکێ و بەردەوام لە ساڵەکانی دوایی واتە1997 تا 2000 بەردەوام کۆنسێرتی بۆ گۆرانیەکانی گێڕاوە، دیارترینیان کۆنسێرتەکەی ساڵی 2000 بوو کە لە شاری هەولێر سازی دا، ئەم کۆنسێرتە من خۆم بە بوێرترین جوامێریی ئەم هونەرمەندە دادەنێم، چونکە لەو کاتە وڵات تازە لە شەڕێکی خوێناوی و خۆکوژی هاتبووە دەرەوە و هەمیشە ئاستەم بووە کارێکی هونەری لە شارێکی تری کوردستان ئەنجام بدەی، بەڵام دیاری ئەم بێدەنگییەی شکاند و بەدەسەڵاتی وت پەیامی ئێمە تەنها هونەرە بۆ هەموو مرۆڤەکانی کوردستان و تایبەت نییە بە شارێک و ناوچەیەکەوە، بەڕای من ئەم جوڵانەوەیەی دیاری بۆ کاتی خۆی زۆر پێویست بوو، مەگەر ئەرک و پەیامی هونەر ئەوە نییە کار بۆ یەکسانیی بوون و دوورکەوتنەوە لە بیری تەسکی حیزبیی یان خێڵەکی یان ناوچەیی بێت؟
 

 
ئەلبومی گۆرانییەکانی
دیاری لە هەر ئەلبومێکی گۆرانییەکانی سەرکەوتنی بۆ خۆی و هونەرەکەی مسۆگەر کردووە بەو پێیەی کە هەڵبژاردنەکانی جوان و ناوازەن و توانیویەتی چڵەگۆرانییەک بخاتە یەخەی هزری جەماوەرەکەی، کە ئەتوانین بڵێین جەماوەری دیاری وەک خۆی جیاوازە و لە زۆر شت بەیەک دەگەنەوە، یەکێک لەو شتانە هونەرەکەی دیاری گۆرانی شادیی نین، بەڵکو پڕن لە نامۆبوون و پرسیار و دواتر گەڕان بە دوای عەشق و بەختەوەری. هونەرێکە گەڕانە بە دوای ژیانێک کە تائێستا بۆ زۆربەمان بۆتە گومان .
دیاری لە شاکاری ئەلبومی بۆنی خاکەوە دیسان ئەو جۆشە لە ڕۆحی هەموومان بەگەڕ دەخاتەوە، گۆرانییەکانی بۆ نیشتیمان لەناو دڵمان وەک نێرگزێکی تاقانە لە دڵمان دەڕوێنێ، وەک ئەوەی دیاری تاقیمان بکاتەوە ئایا نیشتیمانمان لە بیرە :
(تادێ خاکم خۆشتر دەوێ چونکەوڵات لەدڵمایە/ زەڕەیەک خاکی وەتەن نادەم بەقەسری قەیسەری )
پەیامێکی تری دیاری خەستکردنی هونەرەکەیەتی لەگەڵ بەسەرهات و نەگبەتییەکانی میلەتەکەی، تابلۆی مۆسیقیی ئەنفال و سێوبارانی هەڵەبجە دیارترین ئیشەکانێتی.
 
 
 
پاشخانێکی ڕۆشنبیری
لەبەر ئەوەی دیاری خوێندنی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆ تەواو کردووە، یارمەتییەکی زۆری داوە بۆ تێگەیشتن لە ئەدەبی کوردی، کاتێک لەگەڵ دیاری قسە دەکەین خێرا هەست بەوە دەکەین کە بە زمانێکی پاراو و بەهێنانی چەند نمونەیەکی فیکری و ویژدانی گفتوگۆگەت زیاتر لا خۆشەویست دەکات، دیاری پاشخانێکی ئەکادیمی لە زمانی کوردی هەیە و سەلیقەیی خۆی بەکاردەەێنێ لە دانانی تێکستەکان بۆ گۆرانییەکانی ... دیاری زیاتر وەک گۆرانیبێژ ناسراوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا نووسەرێکی دیارە لە بواری هونەر و ڕەخنەی هونەری کە چەندین نووسین و پەڕتوکی چاپکارویشی هەیە لەو بوارەدا .
لە هەڵبژاردنی تێکستدا دەبینی وریایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعرانە دەکات کە لەگەڵ دەنگ و تۆنی دەنگی خۆی دەگونجێ،، لە پرسیارێکم ئایا بۆچی شیعری کلاسیکی کەم بەکاردێنێت لە گۆرانییەکانیدا، لە وەڵامدا وتی :’’لەوانەیە تەواوی حەقی ئەو شیعرە کلاسیکییە لە گۆرانییەکەم نەدەم، چونکە شیعری کلاسیکی نرخێکی تایبەتی هەیە، چەند وەختە شیعرێکی کلاسیکم لەبەر دەستە و کردوومە بە گۆرانی، جورئەت ناکەم بڵاوی بکەمەوە لە ترسی ئەوەی نەتوانم تەواوی مافی خۆی بدەمێ’’
 
 
داریوش و ئاوازی ئەرمەنی
یەکێک لەو پرسیارە باوانەی کە هەمیشە ڕووبەڕوی دیاری دەبێتەوە، پەیوەندی نێوان دیاری و داریوشە، من بە پێویستم زانی پرسیارەکەم بەم جۆرە بکەم: بۆچی هەمیشە جەماوەری هونەرەکەت تۆ بەداریوشەوە دەبەستنەوە؟
لە وەڵامدا دیاری وتی:’’داریوش بۆ من بیرەوەری و گەنجێتی و چێژە، بۆیە من وەک مرۆڤێک هەستم بۆ ئیشەکانی دەجوڵێ، مانای ئەوە نییە من بە کارەکانی داریوشدا بچمەوە و وەکو ئەو هونەر پێشکەش بکەم، بەڵام تەنها چێژێکی تایبەتیم بۆ هەست و گۆرانییەکانی هەیە’’
جارێکیان من لە هەواڵێکی هونەریدا ئەوەم خوێندبووە کە داریوش حەز دەکات لە کۆنسێرتێکی دیاریدا ئامادەبێ و لە نزیکەوە دیاری بناسێ، دیاری ئەوەی بۆ پشت ڕاستکردمەوە و ئەوەی درکاند کە ڕەنگە هەوڵێک بۆ ئەو پێگەیشتن و دیدارە بدرێت و بتوانرێت کۆنسێرتێک خۆی و داریوش لە کوردستان یان لە دەرەوەی کوردستان کۆبکاتەوە .
سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە ئاوازی بیانی و بەتایبەت ئاوازە ئەرمەنییەکان وتوێژێکی زۆرمان کرد و ئەنجام دیاری پرسیارێکی سەیری لێ کردم وتی ئایا تۆ ئەو ئاوازانەت خۆش ناوێ؟ من وتم زۆربەی گۆرانییەکانم لەبەرە، وتی :’’ کەواتە ئەگەر ئەو سوودوەرگرتنە لەو ئاوازانە بەو ئەندازەیە بێت کە خەڵک بەدڵیان بێت کارێکی باشە، بەڵام ئەبێ ڕەچاوی ئەوەش بکەین ڕۆحێکی کوردیانەی بکەینە بەر و زیادەڕۆیی تیانەکەین’’
 
دیاری باس لە تێکەڵبوونی کەلتورەکان دەکات و دەڵێت ’’ ئێستا زەمەنی بچووکردنەوەی جیهانە و ئەدەب و هونەر و سیاسەت هەمووی لە هەوڵی بە گڵۆباڵکردنی جیهاندایە،، بۆچی کوردیش لەو ڕوەتە دوا بکەوێت، بۆیە بە کارێکی باشی دەزانێت کە کەلتورەکان بڵاوبکرێنە و تێەهڵکێشی یەکتر بکرێن بەمەرجێ نەگاتە ئەوەی هەست بە کەلتوری خۆت نەکەیت و وای لێبێت بشێوێنرێت .
 
 
تاراوگە و وڵات
پرسیاری تاراوگە و ئایا ئێستا لەم گەشتەیدا هەست بە تاراوگە دەکات یان ئایا بۆچی تائێستا دیاری تاراوگەی هەڵنەبژاردووە، دیاری زۆر لێدوانی نەدامێ تەنها ئەوەی وت ’’ڕەنگە بۆ ئێوە ئێرە تاراوگە بێت چونکە دیار نییە کەی دەگەڕێنەوە وڵات، من ئێرە بە تاراوگە دانانێنم چونکە ئەزانم کە 17ی سێپتێمبەر ئەگەڕێمەوە بۆ وڵات’’
سەبارەت بە پرسیاری مانەوە و نیشتەجێبوونی لە تاراوگە دیاری بە ئاەـ کێشانێکەوە وتی :’’مەگەر لە کوردستان هەڵمبکەنن، مەگەر ناچار بم ڕێگەی تاراوگە بگرمەبەر’’ ئەم وەڵامە بەس بوو بۆ ئەوەی دوودڵیی من پەک بخا لەوەی کە دیاری نایەوێ وڵات بەجێ بێڵێ و خوازیارە هونەر لە وڵاتی خۆی بەرجەستە بکا .
 
 
 
هاندان و هاوکاریی تازەپێگەیشتووەکان
لە دەرەوەی هونەری خۆی دیاری هەوڵی داوە یارمەتی و هاوکاری هونەریانەی خۆی بۆ گەنجەکان بڕەخسێنێ و ئامۆژگاری دەنگیان بکات و لە هەمان کاتیشدا بۆ تازەپێگەیشتوەکان ناوێکی وەک دیاری قەرەداخی دەبێتە هاندەرێک بۆ پەرەدان بە بەهرەکانیان، دیاری لەگەڵیان هاوکار دەبێت و تا ببنە ژیلەمۆیەک بۆ زیاتر برەودان بە ڕەوتی تازەنێوچوونی جیهانی هونەرەکەیان .
 

 
سینەماو کلیپ
سەبارەت بە بەشداریکردنی لە سینەما، دیاری ئەوەی ڕەتکتردەوە کە لە کارێکی سینەمایی بتوانێ بەشدار بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆر داوی لێکراوە لە سینەما بەشدار بێت، بەڵام بە ڕای ئەو هەتا ئێستا سینەمای کوردی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە بتوانێ ببێتە ڕکابەرێکی هونەری لە پاڵ بەبازرگانیکردنی سینەما .
لە میانەی کلیپکردنی گۆرانی و بەرجەستەکردنی خودی گۆرانیبێژەکە لە کلیپەکە، دیاری قەرەداخی بە کارێکی سەخت دەزانێ و کلیپی دەگمەن هەن کە توانایان هەبووە بە دڵی خەڵک بێت و ناگونجاندنێک دەبینێ لە نێوان گۆرانییەکان و بەکلیبکردنیان، زیاتر بەریکلامکردنێک بۆ هونەرمەند دادەنێ و ڕەنگە لە هەندێ کاتیش گۆرانییەکە بچێتە نێو دڵی خەڵکی بەمەرجێ هەموو پەیڕوە هونەرییەکانی لەخۆ گرتبێ .
 
دیاری کەسێکی جیدییە، لە هەر کارێکی هونەری کردبێتی تەواو هزر و هۆش و کاتی خۆیی بۆ ڕەخساندووە، دیاری ناتوانێ جیدی نەبێ چونکە هونەر لەلای پەرۆشی و تێکشکاندنی بتیی سادەییەکانە، دەنگی دیاری لە دەنگی خواکانی هەست دەچێت و بەمیەرو بەدڵ ئاوازەکانی خۆی بۆ ئێمە نوێتر و پاکتر دەەێنیتە سەر کۆشی بیستنمان. ئێمەی بیسەر تەنها لەسەرمانە لەگەڵ مەستیی دەنگی و جوڵە بێئاگاکانی سەرسام بین و تنۆکێک باران ببارێنین بەسەر زەوییەوشەکەکانی خۆشەویستی.
لە کۆتایی دیدارەکەماندا چەند گفتوگۆیەکی ترمان کرد لە دەرەوەی ئەم نووسینە کە لای خۆم دیاریم زیاتر ناسی، دیاری مرۆڤ و دیاری هونەرمەند، من هیوای سەرکەوتنی کۆنسێرتەکەی نۆرنبێرگم بۆ خواست و تەواو دەستی ماندوبوونیم گوشی ... لە گەڕانەوەم تەنها گۆرانییەک لەخەیاڵمدا زرنگەی دەکرد : ماڵئاوا... ماڵئاوا... لەڕۆژانی خۆشبەختی .


*ئەم دیدارە لە ژمارە 51 ی گۆڤاری هەنار بڵاوکراوەتەوە بۆ ساڵی 2010
دانیمارک