پرسیاری مردن لەفەنتازیای منداڵدا

"بە بڕوای من خەڵک بۆیە دەمرن، چونکە تاقەتی ئەوەیان نییە هەمیشە بژین"
                                                             منداڵێکی شەش ساڵە
من پێموایە کاتێک کەسێک دەمرێ، دەبێتە پەیکەرێک و لە شوێنێکی شاردا جێگا دەگرێ"
                                                                            منداڵێکی 7 ساڵە

 
 
یادەوەرییەکانی من لەگەڵ مردندا وەک منداڵێکی هەشت نۆ سالانە، دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکان. ئەوکات باوکم لە دائیرەی ئیسلاحی زەراعی چایچی بوو، منیش جارناجارێک ئەگەر دەوامی نیوەڕوانم هەبوایە دەچووم و بەردەستیم دەکرد. بەبیرم دێ، لە یەکێک لەو جارانەدا، کاتێک کەسێکییان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی ئیعدام کرد، لەناو فولکەی سەرای ئەو کاتەدا، سێ پایەکی لەشێوەی عەمووددا، لە ناوەڕاستی فولکەکەدا چەقێنرا بوو. ئەگەرچی بەیانییەکی زوو قوربانی کرابوو بەداردا، بەڵام تا نیوەڕۆیەکی درەنگ، تەرمی کەسی ئیعدامکراو بەسێ پاکەوە هەڵواسراو بوو تا زۆرترین خەڵکی شار بیبینن. ئیعدامی دووەم، کەسێکی دیکە بوو، بەڵام دارەکانی لەسێدارەدان لە تەختە دروستکرابوون. له هەردوو حاڵەتەکەیشدا، سووپاس بۆ ئەو دەستەسڕەی کە دەموچاوی کەسی ئیعدامکراوی داپۆشیبوو، ئەگینا دەکرا هەموو دیمەنە تۆقێنەرەکانی دەمووچاوی کەسی ئیعدامکراو ببینرایە. جارێکی دیکەیان، بینینی دیمەنی نیوەتەرمی سەر سووچی کۆڵانی قەزازەکانی شاری سلیمانییە کە بەلەت و پەتکراوی و سووتێندراو لەناو بەتانییەکدا فڕێدرابوو.دواتریش بینینی دیمەنی سەربڕینی بزنێک لە یەکێک لە جەژنەکانی قورباندا و لەناو جەرگەی گەڕەکدا و بە بەرچاوی منداڵەورتکەی گەرەکەوە، پرسیاری ترس لە مردن لای من بەلووتکەی خۆی دەگەێنێت. 
بەبیرم نایەت کە باوک و دراوسێ و مامۆستا، یان هەر کەسێکی دیکە، ئاخاوتنێکی تایبەتیان لەگەڵ مندا کردبێت لە دوای بینینی ئەو دیمەنانەوە و لە پرۆسەی ئارامکردنەوەی ڕۆحێکی تۆقیو و شڵەژاودا، وەڵامێکیان دابێتمەوە. 
کاتێکیش گوێ لە گۆرانی لایەلایەی ژنانی کورد دەگریت کەتا زەمەنی ئێستاکەش لە گوێچکەی زۆربەی زۆری هاوڵاتییانی کوردستاندا دەزرنگێتەوە، هەستدەکرێت شیعری لەچەشنی:
"بۆیە دەست و پێت بەدەسرازەی بەن
دەپێچم لە جێێ کەلەپچە و پێوەن 
تا بۆ ڕزگاری ئەم کوردستانە
سڵنەکەیتەوە لەبەندیخانە"، ئەو کات هەستدەکەیت، چ کولتورێکی زمانەوانی لە پەروەردەی منداڵی کورددا بەخەرجدراوە و مەرگ و تۆقان چ ئامادەییەکی لە زەین و سایکۆلۆژیەتی منداڵی نەوەی مندا چاندووە.
ئەگەر کەسانی دی، سەرگوزشتەی منداڵی خۆیان و نزیکایەتی ئەوان لەگەڵ مردندا بنووسنەوە، دڵنییام یادەوەرییەکانی من، بە بەراورد لەگەڵ یادەوەرییەکانی ئەواندا، زۆر شەرمنۆکانەتر دێنەپێش چاو. 
 
لەساڵی نەوەدوسێدا کە گەیشتمە سوید، پاش کەمێک دەستپیکردن بەخوێندنی زمان، بە هاوڕێیەکی خۆمم وت کە لە ساڵانێکی درێژترەوە لە سوید دەژیا و خەریکی خوێندنی دانشگا بوو، پێموت نیازی خوێندنی ڕشتەی سایکۆلۆژیم لەسەردایە. ئەو بەزەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێزەوە پێیوتم: "خۆت کەر مەکە! ئێمەیەک کە لە مەملەکەتی شەر و نەهامەتییەکانی خۆرهەڵاتەوە هاتووین، پڕکراوین له هەزاران چاڵ و چۆڵیی و کەلێنی گەورەی دەروونیی. لێیگەڕێ با خۆشمان کەموکوڕییەکانی خۆمانمان بۆ دەرنەکەوێت و لەگەڵ ئەو برینە قوڵانەدا، بێئاگا، ژیانمان بەردەوام بێت". نازانم چەند بە قسەی ئەوم کرد و ئەو کارەم نەکرد. بەڵام ژیان لە کۆمەڵگایەکی نوێدا و کاریگەرییەکانی ئەو کۆمەڵگایە بەسەر خود و مندالەکانی خۆتەوە، رۆژانە ناچارت دەکات لەگەڵ ئەو ڕابردووەدا بەجەنگ بێیت. 
یەکێک لەو جەنگە نەبڕاوانە، دواهەمین جەنگی بەرپاکردووی کوڕەکەمە لەگەڵ مندا. 
"ئارۆن"ی کوڕم پێیناوەتە تەمەنی حەوت ساڵییەوە. بێ ئەوەی خەبەرێک لە مەرگی کەسێک هەبێت لە دەوروبەرماندا، ماوەی چەند مانگێکە پرسیارەکانی مردن سەر و دڵی گرتووە و هەموو شەوێک بەر لە خەوتنی، سەرودڵی من یان دایکی دەگرێت و دەپرسێت: "من نامەوێت بمرم". یاخود: "بۆچی ئینسان دەمرێت". بگرە دەیەها دەربڕینی جۆراوجۆر کە له هەر کوێیەکییەوە دەستپێبکەیت، دەگەڕێتەوە سەر هەمان پرسیار. مردن. ڕاستت دەوێت تا ئێستاش وەڵامێکی دروستم چنگ نەکەوتووە و وەک باوکێکی دەستەپاچە لەگەڵ ئەزمە فەلسەفییەکەی کوڕە حەوتساڵانەکەمدا، بەم چل و شەش ساڵەی تەمەنی خۆمەوە، خۆشم ڕووبەڕووی ئەزمەیەکی ڕۆحی گەورە بوومەتەوە. ئاخر پرسیارەکانی ئارۆن، بەشێک لەو ترس و دلەڕاوکێیەی من بووە لە زەمەنێکدا کە وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە. چ نەهامەتییەکە بەشێک لە جەرگی خۆت بەم تەمەنە کورتەیەوە بێت و لە دەرگای ناسکترین هەستەکانت بدات و پێت بڵێ: "بەشوێن پرسیارەکانی مندا بڕۆ، بەڵام پێتوانەبێ کارێکی گەورە بۆ من دەکەیت. بڕۆ لە پرسیارەکانی مندا، بەشوێن ئەو ترسەدا بگەڕێ کە تۆی بێوەڵام ڕاگرتووە لە بەرانبەر دڵەڕاوکێکانی مندا. باوکە، لە پرسیارەکانی مندا، ترس و دڵەڕاوکێی نەوەیەک بخوێنەوە کە هەموویان بێوەڵام کراون لە بەرانبەر پرسیاری منداڵەکانیاندا" بەڵام هەر چۆنێک بێت، من دەبێ سووپاسگووزار بم کە منداڵێکی حەوتساڵە باوکی دەخاتە بەردەم پرسیارەکانی خۆیەوە لە زەمەنێکدا کە دەبوایە بیکردایە و بەڵام ڕێی پێ نەدرا کە بیکات. 
 
کۆچکردن و نیشتەجێبوون لە دەرەوەی چوارچێوە جوگرافیاکانی شوێنی زێدی خۆ، هەر تەنها وێناکردنی مەملەکەتەکانی غەریبی نییە وەک ئەوەی کە ئەدەبیاتی کوردی لە دەرەوەی وڵات خەریکی خوڵقاندنییەتی، بەڵکو چوارچێوەیەکیشە بۆ سەرنجدان لە خۆیەک لە گۆشەنیگایەکی ترەوە کە لە نیشتیمانی یەکەمدا ئیمکانی سەرنجدانی نەبوو. ڕەنگە کێشەی بەشێکی زۆری خێزانی کورد کە دایک و باوک تیایدا پێشینەیەکی پەروەردە و کولتووری دیکەیان هەیە بە بەراوورد بە منداڵەکانییان کە لە خۆرئاوا هاتوونەتە دنیاوە و چوارچێوەیەکی دیکەی کولتووریی لە دەرەوەی سنوورەکانی خێزان ئامادەیی هەیە، ئەگەر دایک و باوک کێشەیەکییان لەگەڵ ئەو داب و نەریتە کولتورریەی کۆمەڵگای تازەدا هەبێت، لەوەدا ڕەنگ بداتەوە کە بەکۆد و پێوەرە کولتورییەکانی خۆیان ، بەها و کۆدەکانی کۆمەڵگای تازە بخوێننەوە. 
با نموونەیەکی سەیرتان بۆ بگێڕمەوە. من پەروەردەی حەکایەتەکانی گووڕنەتەڵە و ئەمیرئەرسەلان و کوڕەکەچەڵ و دەیەها چیرۆکی خوێناوی دیکەی جیهانی ئاژەڵانی کۆمەڵگای کوردستانم. کاتێک حەکایەتی ڕێوی فێڵباز و مام ورچ دەگێڕمەوە بۆ کچە هەشتساڵانەکەم کە لە یەکساڵییەوە لە سوید دەژی، کاتێک دەگەمە ئەو ئاستەی مام ورچ بەتەمایە مام ڕیوی بخوات، کچەم ڕەنگی تێکدەچێت و دەپرسێ: "یانی ورچەکە ڕێویەکە دەخوات"، ئەو کات هەستدەکەم حەکایەتەکەم دەبوایە وەک فیلمەکانی دیزنی سنووری تەمەنی تێدا بوایە و ئەم حەکایەتە خوێناوییە بۆ کەسێکی سەر و دەساڵان بگێڕدرایەتەوە، بۆیە خێرا کۆکەیەکی بۆ دەکەم و فێڵبازی ڕێوی دێ بەهانامەوە و من و کچەکەم ڕزگار دەکات. "نا کچەکەم. کاتێک مام ڕێوی لە دەمی مام ورچدایە، داوا دەکات کەمام ورچ گۆرانییەکی بۆ بڵێت، کاتێک ورچەکە دەم دەکاتەوە، مام ڕێوی بۆی دەربازدەبێت"، کچەکەم "یەس"ێکی ئینگلیزیم بۆ دەڵێت و بە ئارامی دەخەوێت. 
 
با بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکانی ئارۆنی حەوتساڵە و بێوەڵامیی من. 
ئەو لێکۆلینەوە جۆراوجۆرانەی لەسەر پرسیارەکانی مردن لای منداڵ ئەنجامدراون، کە بێگومان لێکۆلینەوە بە زمانی ئینگلیزی بەشی شێری بەردەکەوێت، جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرسیارەکانی مردن بەشێک لە پرسیارە وجودییەکانی منداڵە و لە قۆناغێکی تایبەتی منداڵیدا دەردەکەوێت. Schindler&Wechsker لەساڵی 1934 و Nagy لەسالێ 1948دا، ئەو دەنگە جیاوازانەن کە لە خوڵقاندنی تێۆرییەکانی مردن و هەڵوێستی منداڵ لە بەرانبەریدا، بە دەنگە ناسراوەکانی ئەم بوارە دەناسرێنەوە. 
منداڵ لە تەمەنەکانی باخچەی ساوایاندا، تەمەنی سێ تا پێنج زانیارییەکی ئەوتۆی لەسەر مردن نییە و نازانێ کە فرمانی هەموو ئەندامەکانی لەش لەکار دەکەون کاتێک کەسێک دەمرێت. منداڵ بەلایەوە زەحمەتە ئەوە تێبگات کە: "مردن خاڵی کۆتاییە و ئەوەی دەمرێ ناتوانێت بگەڕێتەوە"(1) منداڵێکی چوار ساڵە پێێوایە: "ئینسان کاتێک مردووە کە نەتوانێت بجوڵێتەوە و نەتوانێ ببینێ". ژیان لای منداڵ: "یانی جووڵە و مردنیش یانی نەجوڵان" لە نێوان تەمەنی چوار تا حەوت ساڵیدایە کە منداڵ تێڕوانینی دەگاتە ئاستێک کە دەبێ پرسیارەکانی وەڵامی خۆیان وەربگرنەوە. ئەگەر ئەم زەمەنی تیفکرینەی منداڵ لە پرسیارەکانی وجود بە یەکەمین ئەزمەی ڕۆحی ئینسان لەقەڵەم بدرێت، پێموانییە زیادەڕۆییەکی زۆرم کردبێت. هۆکاری سەرەکی ئەم گەڕانە گەلگامێشییەی مندال لەوەوەیە کە منداڵ دەبینێ: "چۆن ژیان لە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات و بە مردن کۆتایی پێدێت و نایەوێت ئەو ئایدیایە قبووڵ بکات کە ژیان سەرەتایەک و کۆتاییەکی حەتمی هەیە". کاتێکیش ئەو حەقیقەتە تاڵ و ڕاستە لای منداڵ قبوڵ کرا کە دید و بۆچوونی لە دید و بۆچوونی گەورەکان نزیک بوویەوە سەبارەت بەتێڕوانین بۆ مردن وەک دیوێکی دیکەی ژیان، هەست دەکرێت ئەم ئەزمە ڕۆحییەی منداڵ بەرەو خاوبوونەوە دەڕوات. 
خاڵێکی گرنگ کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت لە پەیوەند بە پرسیاری خەیاڵی منداڵ لە پەیوەند بەمردندا، ئەو سەفەرەی کە بەکۆمەڵێک پرسیار دەستپێدەکات و کۆتاییەکەی بە خوڵقاندنی تێڕوانینێک تەواو دەبێت کە تێڕوانینی منداڵ نزیک دەکاتەوە بەو دیدەی کە ئینسانی گەورە هەیەتی لە بەرانبەر مردندا، ئەوەیە کە بزوێنەری ئەم مردنخستنەژێرپرسیارەوە لەسەر بناغەیەک کاردەکات کە لەسەر سێ پایە ڕاوەستاوە. 
یەکەم: خەیاڵی ترسە لە مردن
دووەم: پرۆتێستێک لە بەرانبەر خەیاڵی ئەوەی کە ئینسان دەمرێ
سێیەم: مردن وەک حەقیقەتێک و فاکتێکی بەڵگەنەویست. 
بە کورتییەکەی، ئەوەی ئەم سەفەری بیرکردنەوەیە دەربارەی مردن لای مندال دەبزوێنێت، ترس لە مەرگ و قبوڵنەکردنی ئایدیای مردن و دوا خاڵیش، قبولکردنی ئەو ئایدیایەیە کەمردن دوا سەفەرە. ئەو تەوەرانەی سەرەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیک دەبێتەوە لەو کاردانەوە سروشتییەی کە ئینسان لە کاتی ئەزمە و تراوماکانی دیکەدا، دەبێ بە ناویدا بڕوات.
ئەوەی کە ئارۆنی حەوتساڵەی منداڵ لە ئێستادا پیایدا تێدەپەڕێ، بەشیک لەو ئەزمە ڕۆحییەیە کە بەکورتی لەسەرەوە هەندێک لە لایەنەکانیم دەرخست. بەڵام سەفەری پرسیارکردن لە مردن و"من دەمرم" و"چیم لێ دێت" و "دەکرێ دوای مردن جارێکی دیکە بژیمەوە" دەیەها پرسیاری گرنگ و سەخت بەرهەم دەهێنێ کە دایکان و باوکان دەبێ وەڵامی خۆیان بدەنەوە. قسەکردن لەسەر مردن، هەروا کارێکی ئاسان نییە تەنانەت بۆ ئینسانی گەورەش، چ جای ئەوەی ئەگەر بەرانبەرەکەت منداڵێکی شەش حەوتساڵە ببێت. 
 
 
 
 
لێکۆڵینەوەکان لە پرسیاری خەیاڵی مردن لای منداڵ
مردن لە خۆرئاوادا و بەتایبەت لە ولاتێکی وەک سویددا، دەمێکە لە ڕووبەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگادا ئامادەیی نەماوە و وەک کارێکی تایبەتی ئینسانەکان مامەڵەی پێدەکرێت. تەنانەت ئەو ریتواڵە ترادیسیۆنییانەی لە دەووری مەرگ هەڵدەچنرێن، بە شێوەیەکی گشتی، منداڵانی لێ بەدوور دەگیرێت. رەنگە زۆربێژیم نەکردبێ گەر بڵێم مەرگ یەکێک لە موحەرەماتەکانی ئاخاوتنی ڕۆژانەی هاوڵاتییانی خۆرئاوایە و تا ئێستاش تابوی گەوەرەی لە دەورە. کاتێک کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت هەموو پرۆسەی "کفن و دفن" دەکاتە کاری خۆیی و لە ڕێگای بیمەکۆمەڵایەتی و تەئمینی تاکەکانەوە، بوارە ئابوورییەکەی دابین دەکرێت، ئەو ریتواڵ و ترادیسیۆنەی لە خۆرهەڵاتدا لە دەوری مەرگ هەلدەچنرێت و دەکرێتە کارێکی گشتی و عەزا لەوە دەخات کارێکی شەخسی ئینسانەکان بێت، ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت، پرسیارەکانی مردن بۆ منداڵ لەم چوارچێوە کولتوورییەدا چەند جیاوازییەکی لەچاو ئەو چوارچێوەیەدا هەیە کە تا ئێستاش لە خۆرهەڵاتدا پەیڕەودەکرێت. بەواتایەکی دی، مردن بۆ منداڵانی کۆمەڵگای ئێمە، تا ساتەوەختەکانی ئەمڕۆش، ئامادەییەکی هەمیشەیی ناو ناخی کۆمەڵگایە و له هەموو شوێنێکدا دەبینرێت. ئەگەر ئەنفال و هەڵەبجە ئامادەییەکی فیزیکی لە ژیانی رۆژانەی ئینسانەکاندا نییە، بە منداڵانی کۆمەڵگاشەوە، ئەوا وەک پرۆژەیەکی سیاسی و ئیعلامی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن پڕن لەو دیمەنانە. ئەگەر دیمەنەکانی "صور من المعرکە"ی سەددام لە تەلەفزیۆنەکانەوە دیار نەماون، ئەوا وێنەی قوربانییەکانی سەددام لە دەستی ئەو بزووتنەوە سیاسییەی کە بازرگانیکردن بە تەرمی قوربانییەکانی هەڵەبجە و ئەنفالەوە بووەتە شوناسی قارەمانێتی دوێنێی بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ، لە رێگای سروودە خوێناوییەکانی :"کەس نەڵێ کورد مردووەوە"، بە گەرمی ئامادەیی ئەم کولتوری مەرگدۆستییە پیشانی مندالە ورتکەی کورد دەدرێت. 
بەلام ئایا مردن پرسیاری منداڵی کورد نییە، مەگەر ئەم پرسیارە وجودییەی کە لە قۆناغێکی تایبەتی منداڵیدا، وەک قۆناغی فەلسەفییانەی منداڵ ناوزەد دەکرێت، ناکرێ منداڵی کۆمەڵگای کوردستان بخاتە ناو داوە نەبینراوەکانی ترس لە مردنەوە. 
لە دوای ئەنفال و هەلەبجە و شەڕ و پێکدادانی ناو شار و شەقامی کوردستانەوە کە ئامادەیی مردن دەکاتە پرسیاری ڕۆژ، پرۆسەی بەناو ئازادی کوردستانیش کۆتایی بە ونبوونی دیمەنەکانی مردن نەێنێت. ئەمجارەیان بە تەنها لە کارەساتەکانی ئۆتۆمۆبیلدا، خەریکە قوربانییەکانی خەڵکی کوردستان، دەگاتە چەندین جار زیاتری قوربانییەکانی هەڵەبجە و تا ئێستاش، کەس بە جینۆسایدی نوێێ کۆمەڵگای کوردستانی ناو نابات. مێدیایەکی بێ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، دیمەنی سەری بڕدراوی قوربانییەکانی خێڵی حەمە و قوربانییەکانی دەستی باندەکەی شێخ زانا، بەبێ هیچ بەرپرسیارێتییەک دەخاتە ناو کونجی ماڵەکانەوە. بازاڕێکی بێ کۆنترۆڵی ئازاد کە هیچ سنوورێکی تەمەنی نەهێشتووەتەوە بۆ تەماشاکردنی فیلمەکانی هولیود به هەموو زەبروزەنگێکی دڕندانەیەوە و هەموو هاوڵاتییەک دەکرێ دەستی بکەوێت ئەگەر منداڵێکی 9 ساڵانیش بیت. لە سەروو هەموو ئەمانەوە، باڵادەستی کولتورێک کە تیایدا منداڵ نەک خاوەنی شەخسیەت و کەرامەتی خۆیەتی و دەکرێ وەک کائینێکی ئازاد مامەڵەی پێ بکرێت، بەڵکو وەک کەرەستەیەکی دەستی خێزان و مامۆستا و ئەحزاب سەرنجی دەدرێ. لەناو کەشوهەوایەکی کولتوریی وکۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵگای کوردستاندا، چۆن بتوانرێت ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە وردیلانانەیەی منداڵ ببیتەوە کە وەڵامدانەوەیان زمانێکی تایبەتی پێویستە. 
کۆششی من لەم نووسینەدا، تیشکخستنەسەر ئەم پرسیارە وردیلانەیەی منداڵە لە قۆناغێکی تایبەتیدا کە لەگەڵ گەشەسەندنی منداڵدا، بەرۆکییان پێ دەگرێت و خوازیاری وەڵاموەرگرتنەوەن. بێگومان، چوارچێوەی ئەم تێڕوانینە لە پەیوەند بە پرسیاری مردن لە فەنتازیای منداڵدا، پەیوەست دەبێتەوە بەو لێکۆڵینەوانەی لەمڕۆی سویددا ئەنجامدراون و بەو کۆدە کولتوریی و کۆمەڵایەتییەوەی کە لە کۆمەڵگای سویددا ئامادەیی هەیە. لە کۆتایشدا، سەرنجێک لە شوێن و جێگای ئەم پرسیارە دەدەم، لەمرۆکەی کۆمەلگای کوردستاندا.
 
پرسیاری مردن لای منداڵان لەسویددا
بێگومان، بەشێکی زۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر پرسی مردن لای منداڵ کار دەکات، خەسلەتێکی ئەنتەرناسیوناڵییانەیان هەیە و دەستنیشانکردنی پێگەی جوگرافی ولاتێک وەکو سوید لە لای من، لەسەر خەسلەتی سویدییانەی لێکۆڵینەوەکان نین لە پلەی یەکەمدا، بەڵو کۆششێکی بەئاگهانەی منە تا لەوێوە بتوانم سەرنجێک له هەمان پرس بدەم لە کۆمەڵگای کوردستاندا. دیاریکردنی ئەو کەش و هەوا کولتوریی و کۆمەڵایەتییەی لێکۆڵینەوەکانی تیا ئەنجامدراوە، تەنها بۆ نیشاندانی ئەو کۆنتێکستەیە کە دەرئەنجامی باسەکانی تیا بەدەستهاتووە. ئاخر پرسی مردن لای منداڵ لە ئاستە وجودییەکەی خۆیدا هەمان پرسە و ئەوەی دەکرێ کاریگەری دابنێت لەسەر هەندێک دەرئەنجامی باسەکە لەکۆمەڵگای کوردستاندا، ئەو جیاوازییە کولتوریی و کۆمەڵایەتیی و تێروانینەیە بۆ مردن لە کوردستاندا کە لە زەمینەیەکی دیکە بەهرەمەندە لە چاو خۆرئاوادا. 
ساڵانە لە سوییددا 90 هەزار کەس دەمرن. بەڵام ئامادەیی مردن لەم کۆمەڵگایەدا، لە شێوەی مردنی لەبەرچاودابووی کۆمەلگای کوردیدا نییە. ئەو ئاڵوگۆرە گەورانەی لەم کۆمەڵگایەدا ڕوویداوە و دروستکردنی تۆڕە خزمەتگووزارییەکانی دەولەتی ریفاە، کارێکی وای کردووە کە لە مەرگیشدا ئینسان پشتی بە خزم و کەسوکار و تەنانەت خەڵکی گەڕەکیش نەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و وەزیفانەی کۆچی کەسێک دەیهێنێتە پێشەوە. بە کورتیەکەی، مردن لەم زەمەنەدا، وەک کارێکی شەخسی و تایبەتی ئینسانەکانی لێ کراوە. بۆیە پەیوەندییەکانی مندالان لەگەڵ مردندا، دەچێتە خانەی نەبوونی تەماسێکی زیندووەوە لەگەڵ ئەودا. کاریگەرییەکانی میدیا و یاریەکانی پلەیستەیشن و کارەساتی زەبروزەنگ لە شەقامدا و لە فیلمدا، تاقیکردنەوە زیندووەکانی ئەم نەوەیەن لەگەڵ مردندا. ئەگەر خێزان خۆی لە نزیکەوە کەسێکی لێ نەڕوات و منداڵ لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو پرسیارەدا پەیدا نەکات، پرسیاری مردن لە ڕووبەری گشتی کۆمەڵگادا نابینرێت. ئەم پرۆسەی دەرهێنانەی مردن لە دەست کۆلێکتیڤێکی کۆمەڵایەتی کە رۆژگارێک بەرپرسیارێتی ئەم پرۆسەیەی لە دەستدا بووە وەک لە ئێستای کۆمەلگای کوردیدا و گۆڕینی بۆ پرسیارێکی زۆر شەخسی و تایبەتیکراو، مردن دەخاتە دەرەوەی سنوورەکانی بینین. ئەگەر تاقیکردنەوەکانی گەورەساڵان لەگەڵ مردندا بەم شێوەیە بێت لەم وڵاتەدا، ئەوا بۆ منداڵان، ئەگەر خۆیان لە نزیکەوە ڕووبەڕۆی ئەم پرسیارە نەبنەوە، کارێکی گەلیک سەختە. بەڵام ئەمە بە مانای ونبوونی پرسیارەکانی مردن نییە لای منداڵ و گەورەساڵان هەر بەهۆی ئەوەوەی کە مردن لە ڕووبەری گشتی کۆمەلگادا، بێدەموچاو دەکرێت. 
بەپێێ ئەو لێکۆڵینەوانەی تا ئێستا ئەنجامدراون، لەلای "دیریگرۆڤ": "منداڵی بچووک وشەی مردن بەکاردەهێنێ بێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی بزانێت. منداڵ گرفتی هەیە لەو ڕوونکردنەوە ئەبستراکتییانەی کە بۆ ڕوونکردنەوەی مردن بەکاردەبرێن".(1) هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە منداڵی چوارساڵانە فەرهەنگی زمانەوانییەکەی زۆر کۆنکرێتە. هەر بۆیەش لە کاتی ڕوونکردنەوەی پرسیاری مردندا: دەبێ خۆپارێزی لەو وشە و دەستەواژانە بکرێت کە ئەبستراکت دێنە بەر گوێ وەک ئەوەی بڵێیت کەسی مردوو نووستووە یان چووە بۆ سەفەرێکی دوور". ئەم جۆرە ڕوونکردنەوانە گومانی ئەوە لای منداڵ دروست دەکات کە نووستنی دایک یان باوک، ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورە لای منداڵ بخوڵقێنێت کە گوایە کەسی نووستوو، مردووە. 
هەمان نووسەر پێێوایە:" لەتەمەنی 5 تا 10 ساڵیدایە کە منداڵ پلە بە پلە ئەو تێڕوانینە گەشەپێدەدات کە مردن ناتوانرێت بگێڕدرێتەوە و هەموو فرمانەکانی ژیان کۆتاییان پێ دێت.
لای "سلاوتەر" کە چەندین لێکۆڵینەوەی لەسەر منداڵ ئەنجام داوە، پێێوایە لە تەمەنی 5 تا 10 ساڵیدا، دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ مردن لە نێوان منداڵاندا بوونی هەیە. لە یەکێک لەو تاقیکردنانەوەیدا ئەنجامیداوە، دوو گرووپی مندالان ئامادە دەکات و لە یەکێکیاندا خوێندن سەبارەت بە پرسیارە وجودییەکان و زانیاری سەبارەت بە ئەندامەکانی لەش بابەتی وانەوتنەوەکانە و لەگرووپی دووەمیاندا، ئەمجۆرە تێروانین بۆ پەیوەندی نێوان لەش و مردن، بوونی نییە. دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکە نیشانی دەدات کە لە گرووپی یەکەمیاندا، تێڕوانینی منداڵان بۆ مردن بە جۆرێک لە تێروانینی گەورەساڵان نزیک دەبێتەوە. واتا مردن بەهۆی تەمەنەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کارنەکردنی یەکێک لە ئۆرگانەکانی لەش وەک دڵ و سی و ئۆرگانەکانی دی. ئەم تێروانینە بۆ مردن، وەرگرتنی ئەو تەفسیرە بایۆلۆژییەیە کە ژیان لە شوێنێکدا دەستپێدەکات و لەخاڵێکی دیکەدا کۆتایی پێدێت. 
لای سلاوتەر و "تام"یش، منداڵانی قۆناغی سەرەتایی کە تواناییەکی لەڕادەبەدەری فەنتازیایان هەیە، تێڕوانییان بۆ مردن لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە مردن فرەدیو و قابیلی خۆهەڵگەڕانەوەیە. بە واتایەکی دی، کەسی مردوو بەشێوازێکی دیکە، لە شوێنێکی دیدا دەکرێ ژیان بەسەر ببات. 
 
تیۆرییەکی دیکە کە"ویلس" لەسالێ 2002دا پێشکەشی دەکات لە پەیوەند بە پرسیارەکانی مردندا لەلای منداڵان لەوەدا چردەبێتەوە کە مردن بە چوار فازی تایبەتیدا لای منداڵ بوونی هەیە. 
ویلس، فازی یەکەم ناودەبات بە فازی "نەگێردراوە". لەم قۆناغەدا منداڵ:" نازانێت کە مردن حەتمییە و ناتوانرێت بگۆڕدرێت و بگێڕدرێتە دواوە". قۆناغی دووەمی تیفکرینی منداڵ بە قۆناغی دواکۆتایی ناودەبات و ئەو پێیوایە منداڵ لەم قۆناغەدا:" وردەوردە لە کات تێ دەگات و دەزانێ کە مردن کۆتایی شتێکە". قۆناغی سێیەم بە قۆناغی ڕێپێنەگیریی ناودەبات و پێیوایەکە: "تاقیکردنەوەکانی ژیانی منداڵ هێندە زۆر نییە کە درک بەوە بکات مردن پرۆسەیەکی سروشتییە و بەشێکە لە ژیان". قۆناغی چوارەم بریتییە لە قۆناغی هۆکارلێکدانەوە و لەم قۆناغەدا منداڵ ناتوانێت:" ئەوە لێکبداتەوە کە هەندێک شت ڕوودەدات بەهۆی هۆکاری سروشتییەوە کە ئەوان ناتوانن توانایان بەسەریدا بشکێت و کاریگەری لەسەر دابنێن بەهۆی ئەوەوەی کە منداڵ شتێک دەڵێ یان کردەوەیەک ئەنجام دەدات." 
بێگومان هەموو ئەم قۆناغە جۆراوجۆرانەی تێروانینی منداڵ خۆی تیادەبینێتەوە لە پەیوەند بەپرسیاری مردندا، پەیوەندییەکی زیندوو و نەپچراوەی بەتەمەنی منداڵ و ئاستی گەشەی ئەوەوە هەیە کە دەکرێ لە منداڵێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازی هەبێت. واتا لەبەرچاوگرتنی بەتەنهای تەمەنی منداڵ بۆ چۆنێتی ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەی پرسیاری مردن بۆ ئەوان، کافی نییە و دەبێ ئاستی گەشەی منداڵ لەبەرچاو بگیرێت. دەکرێ منداڵێک تەمەنی حەوتسالان بێت و لەئاستی گەشەی منداڵانەی خۆیدا، هەندێک جار لەپێش تەمەنی خۆیەوە بێت و هەندێک جاریش لەدواوەبێت. 
بەوەی ئەم فازە جۆراوجۆرانە گرنگییەکی تایبەتییان هەیە لە فەنتازیای منداڵدا و پرسیاری مردن لای ئەوان هەروا سادە و بێ گرێ نییە، پێویست دەکات لە گۆشەنیگای چەندین لێکۆڵەرەوەی دیکەوە بەوردی سەرنجی ئەو پرسیارانە بدرێت کە لەم قۆناغە جۆراوجۆرانەدا دێنە دەربڕین.
 
لای "سپینس" و "برێنت" (3) بەڕوونکردنەوەی زیاتری تێڕوانینەکانی "کۆرر" کە پێیوایە مردن لای منداڵ هەر بەتەنها چەمکێکی سادە نییە و لەژێر ئەو چەمکەوە چەندەها ژێرەچەمکی تر ئامادەیی هەیە". با سەرنجێک لەو ژێرەچەمکانە بدەین کە چۆنێتی پرسیارەکانی منداڵ، دەخاتە ئاستێکی کۆنکرێتترەوە. 
ژێرەچەمکی یەکەم: مردن هەمەگیر و گشتییە. 
لە پەیوەند بەپرسیارەکانی منداڵدا بۆ پەیبردن بەم هەمەگیریی و گشتیبوونەی مردن، منداڵ سێ بیری لەیەکەوە نزیک دەکاتە کەرەستەی تێفیکرینەکانی:" کە مردن دووچاری هەموان دەبێت، مردن ناکرێ ڕێی پێ بگیرێ، مردن ناتوانرێت پێشبینی بکرێت"
ئەو پرسیارانەی لە پەیوەند بەوەی هەموان دەمرین و مردن بۆ هەمووانە بریتین لە: "ئایا هەموومان دەمرین؟ دەکرێ منداڵ و ئاژەڵیش بمرن؟ من یان کەسێکی دیکە دەکرێ لە مەرگ ڕزگاری بێت و مردن زەفەری پێ نەبات؟"
لەم پرسیارانەدا منداڵ بە شوێن کەشفکردنی ئەوەوەیە: "کە مردن لەباری چەندایەتییەوە، چەند کەس، ژمارەیەکی زۆرتر، ئەکسەریەتێک، یان بەموتڵەقی هەموو گیانلەبەرێکی زیندوو دەگرێتەوە"
سەبارەت بە کەشفکردنی وزەی ئەو تێڕوانینەی کەمردن رێی پێ ناگیرێت و حەتمییە، پرسیارگەلێکی لە چەشنی:" پێویستە هەموون بمرن"، "پێویستە تۆ بمریت"، "پێویستە من بمرم". منداڵ لە ڕێگای ئەم پرسیارنەوە بە شوێن کەشفکردنی ئەو هێزە گەورەیەوەیە کە لەناو چەمکی مردندا خۆی شاردۆتەوە و ئەوەتانێ کەس ناتوانێت لێی دەرباز بێت. بەڵام بەوەی ئەم هێزی دەربازنەبوونە هێندە گەورەیە و ئومێدی دۆزینەوەی کەلێنێک بۆ خۆقوتارکردن لەم مەترسییە دەکرێ وەک ڕێگاچارەیەک بوونی هەبێت، پرسیارگەلێکی لە چەشنی ئەم پرسیارانە بەرهەم دێنێ:" دەکرێ ڕۆحلەبەرێک خۆی لە دەستی مردن قوتارکات"، "من دەبێ چی بکەم بۆ ئەوەی هەمیشە زیندوو بمێنمەوە" 
بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەوەی کەمردن ناکرێ پێشبینی بکرێت، پرسیارگەلێکی لە چەشنی:" کەی ئینسان و زیندەوەرانی دیکە دەمرن"، "کەی تۆ دەمریت"، "کەی من دەمرم". پاش ئەوەی منداڵ لە کۆششی ئەوەدا بوو کە مردن حەتمییە و کەس لێی دەرباز نابێت و هەمووان دەگرێتەوە، لە ڕیی ئەم پرسیارانەوە، لە ڕێگەی پرسیاری "کەی"یەوە، بە شوێن ئەوەوەیە کە بزانێ ناکرێ پێشبینی هاتنی مردن بکرێت. 
ژێرەچەمکی دووەم: مردن ناگێڕدرێتەوە
بە پرسیارگەلێکی لە چەشنی:" ئەگەر زەنگم بۆ ئەمبولانس لێ بدایە و یان دەرمانەکانم بە کەسەکە بدایە، دەکرا کەسی مردوو بژیایە "، منداڵ بە شوێن زانیاری ئەوەوەیە کە: "کاتێک جەستەی فیزیکی ئینسان دەمرێ، جارێکی دیکە ناکرێ بژێتەوە"
 
ژێرەچەمکی سێیەم: مردن بە کۆتایی فرمانەکان دەناسرێتەوە
 ئەو پرسیارانەی کە بەم کاتیگۆرییەوە دەناسرێنەوە بریتین لە "ئینسان چی دەکات کە مردووە"، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر خواردن، یاری و یان دەچن بۆ توالێت". لە ڕیی ئەم پرسیارانەوە منداڵ بەو دەرئەنجامانە دەگات کە ئەو فرمانانەی کە جەستەیەکی فیزیکی ئینسان لە ژیاندا پێی هەڵدەستێت، لەگەڵ مردندا، لەکار دەکەون. 
 
ژێرەچەمکی چوارەم: هۆکارەکانی مردن
بە پرسیارەکانی: "چی وا دەکات زیندەوەران بمرن"،" دەکرێ ئینسان بمرێ بەوەی کەسێک ئارەزووی مردنی کەسێکی دیکە دەکات"، منداڵ بە شوێن هۆکارەکانی مردنەوەیە و دەیەوێ زانیارییەکی زیاتر بەدەست بێنێت و پەی بە هۆکارەکانی مردن بەرێت. لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا، دەبێ ئینسان خەیاڵە پڕ لەفەنتازیاکەی منداڵان لەبەرچاو بگرێت و بەوردی وەڵام بداتەوە. بەتایبەتی بۆ ئەم پرسیارەی کەبریتییە لە:" دەکرێ ئینسان بمرێ بەوەی کەسێک ئارەزووی مردنی کەسێکی دیکە دەکات"، ئەم پرسیارە لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕەهەندێکی ترسناکی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کولتوریی دۆعاکردنەی کە ژنانی کورد وەستاییەکی گەورەیان لە خۆیان نیشانداوە لە کاتی تووڕەبوون لە منداڵانی خۆیاندا. "دەک ڕەبی ببی بەژێر سەیارەیەکەوە و نەگەڕێتەوە ماڵەوە"، "دەک لەبەربینت گیربێت و چاونەکەیتەوە"، بەشێک لەو دوعا ڕۆژانەیە کە منداڵی کورد لەگەڵیدا گەورە دەبێت. ئەم کولتوورە، لەلایەن منداڵانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و خوازیاری ئەوەی دایک یان باوک ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی دۆعاکانی ئەوان ببنەوە، پرۆسەی هەست بەزەنبکردنی ئەوان گەورەتر دەکات ئەگەر کەسی دوعالێکردوو لەلایەن منداڵەوە دووچاری ڕووداوێکی ناخۆش بێت.
 
ژێرەچەمکی پێنجەم: بوونی جۆرە ژیانێکی دیکە لەدوای مردنەوە. 
"چی ڕوودەدات لە دوای مردن"،" ئەگەرچی لەشیشم دەمرێ، دەکرێ ڕۆحم ژیانێکی باشتری هەبێ"، ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە منداڵ لەم تەوەرەیەدا بە شوێنیەوەیەتی. لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا، تێڕوانینی منداڵ سەبارەت بە مردن، لەگەڵ تێڕوانینی گەورەساڵاندا یەکدەگرێتەوە و ئەو سەفەرەدرێژەی لەرێگای کۆمەڵێک پرسیار و دڵەڕاوکێی دەروونییەوە، منداڵ دەگەێنێتە سەر کەناری ئەو تێروانینەی کە کەسانی گەورەساڵ لەبەرانبەر مردندا هەیانە. 
 
 
چۆنێتی ئاخاوتن دەربارەی مردن لەگەڵ منداڵدا
لەدیدی "هەنتلی"دا "زۆر گرنگەکە گەورەکان لەگەڵ منداڵدا کاتێک دەربارەی مردن قسەبکەن کە لە ژیانی رۆژانەدا دێتە پێش. بۆ نموونە، ئەو کاتانەی هەلومەرجەکە داوا دەکات، وەک بینینی باڵندەیەکی مردوو یاخود کاتێک پشیلەیەک بەمشکێکەوە دێتەماڵ".(5) لە سروشتدا، ئینسان نموونەی زۆری دێتە بەردەست کە بەشیوەیەکی سروشتی باسی ژیان و مردنی تیا بکرێ. لە کاتی لەدەستدانی کەسێکدا، دەبێت منداڵ بزانێت چی روویداوە، پرسیارەکانی مندال کە ڕەنگە دووبارەبوونەوەیەکی زۆر بێزارکەرانەی بۆ دایک و باوک تیادا بێت، دەبێ وەڵامییان پێ بدرێتەوە. سەرنجڕاکێش ئەوەیە، بەوەی منداڵ فەنتازیایەکی گەورەی هەیە، زۆر جار وا دەکات کە تێگەیشتنی مندال لە کارەساتێک یاخود ڕووداوێک هەر هەمان تێگەیشتن نەبێت کە گەورەکان هەیانە. دەبێ زمانی ئاخاوتن لەگەڵ منداڵدا کۆنکرێت و ڕاستگۆیانە بێت. 
 
بەوەی مردن مەراقی گەورەی ئینسانە و بەدرێژی میژووی مرۆڤایەتی ئینسان توانای قبولکردنی ئەم ڕاستییەی نەبووە و لە کولتورە جۆراوجۆرەکاندا ئەم پرسیارە مامەلەی جیاوازی پێ دەکرێت، دەکرێ لە کولتورێکی مەرگدۆستدا ئاخاوتنەکان کراوەتر بن لەچاو کولتورێکی دیکەدا کە مەرگی لە رووبەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگادا کردووەتە دەرەوە، وەک لە خۆرئاوادا. ئینسان لەبەرانبەر وشەی مردندا، جیهانێک لە دەربڕین و میتافۆری جۆراوجۆری دۆزیوەتەوە کە بەهۆیەوە ڕاستەوخۆ ناوی مردن نەنرێت. "خەوی لێکەوتووە" ، "چووەتە دوا ئارامی خۆی"، "ڕۆیشت" و دەیەها دەربڕینی جۆراوجۆر، کارێکی وای کردووە کە دەربڕینەکانی مردن، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە مردن ناکەن. بۆ نموونە: "نەنک بۆ هەمیشە چاوی لێک ناوە" دەکرێ گومانی ئەوە لای منداڵ دروست بکات کە نەوێرێ بخەوێت. لە زمانی سویدیدا زیاتر چل لە دەربڕینی جۆراوجۆر هەیە کە هەمووی مانای مردن دەدات و بە هیچ شێوەیەکیش وشەی مردنی تیادا نییە. ئەم هەمەڕەنگییە لە ناوی مردندا لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا، زادەی دەوڵەمەندی زمان نییە لە بوونی دەربڕینی جۆراوجۆردا بۆ وشەیەک، بەڵکو لە پەیوەند بە دەربڕینەکانی مردنەوە، تەنها کۆششی خۆدزینەوەی ئینسانە لە ناوهێنای وشەی مردن. (ودی ئالان) لەبەرانبەر پرسیاری ئەوەی ئایا لە مردن دەترسێت دەڵێ:" نا، بەڵام کە هات، هیوادارم لەوێ نەبم". چ نایەکی شەرمنۆکانە لەپشت دەربڕینی نەترسانی ئەوەوە خۆی حەشارداوە. 
 
بەڵام تێروانین درەبارەی ئەوەی میتافۆر بەکاربهێنرێت لە ڕوونکردنەوەی پرسیاری مردندا بۆ منداڵ، یەکدەنگییەکی گەورەی لەسەر نییە. تێڕوانینەکان بەسەر سێ تەوەردا دابەشدەبن . 
لای "James"" و "Fridman" :" باشتر وایە کە خۆپارێزی بکرێت لە بەکارەێنانی مێتافۆر و وەسفکردنی پڕ پێچ و پەنادا کاتێک لەگەل منداڵدا ئاخاوتن دەکرێت، چونکە هەست و مێشکییان لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە و سەخت دەبێت بۆیان کە ئەم میتافۆرانە وەربگێڕنە سەر واقیع"
لای "Dyregrov"، پێیوایە:" ئەگەر منداڵ گوێچەی ڕانەهاتووە بەبیستنی وشەگەلێکی وەک خودا، ئاسمان یاخود مەسیح، باشتر وایە ئەم دەربڕینانەی لەگەلدا بەکارنەهێنرێ کاتێک کەسێک مردووە"، بە بۆچوونی دیرگیرۆڤ، ئینسانی گەورە لەم دەربڕینانە دەگات و بۆ منداڵ، سەرلێشێوان بەرهەمدێنێ." 
دیریگرۆڤ، پێیوایە:" ئەگەر ئەم دەربڕینانە بەر لەمردنی کەسێكی نزیکی منداڵ بەشێک لەزمانی رۆژانەی ئەو پێکدەهێنن، بەکارهێنانیان ئاساییە، بەلام دەبێ ئینسان ئاگادار بێت کە لە جیاتی ئەوەی بڵێت خودا نەنکتی بردەوە بۆ ماڵی خۆی، باشترە بوترێت، خودا ئاگای لە نەنکت دەبێت" 
تێڕوانینی سێیەم، بۆچوونی" Övreeide "یە کە پێێوایە:" دەربڕینی میتافۆرییانە باشتر کاردەکات بۆ ئاخاوتن لەگەڵ منداڵدا کاتێک منداڵ خۆی لە دروستکردنیدا بەشدار بێت. ئەگەر منداڵ لەگەڵ کەسی گەورەدا میتافۆرمێک بسازێنێ، منداڵ ئاسانتر لە ڕووداوەکە دەگات و تێگەیشتنێکی زیاتری بۆ چەمکەکە دەبێت"
 
ئەم هەڵوێستانەی سەرەوە لە بەرانبەر بەکارەێنای مێتافۆر و وەسفکردنی جۆراوجۆردا بۆ ئاخاوتن لەگەل منداڵدا، بەر لەوەی دژایەتییەکی تایبەتییان لەگەڵ یەکدا هەبێت، ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر و باشتری چۆنێتی ئەنجامدانی ئاخاوتنە لەگەڵ منداڵدا. با نموونەیەکی سەرنجڕاکێشتان بۆ بگێڕمەوە. کاتێک پاڵەوانی ئەم نووسینە، ئارۆنی کوڕم کەوتبووە ئەوەی کە زمان فێر بێت و بکەوێتە قسە، لە ئێوارەیەکدا کە خەریکی نانخواردن بوو، دایکی پێیوت:" دەی ئاوەکەیشی بکە بەسەرا". مەبەستی ئەوەبوو بڵێ: پاش ئەوەی پارووەکەت قوتدا، پەرداخێ ئاویش بخۆرەوە. بەڵام تەفسیری ئارۆن ئاوهی بوو: ڕێک پەرداخە ئاوەکەی کرد بەسەری خۆیدا. ئەوەی کە منداڵ کۆنکرێتە و تەفسیرکردنی لە ڕوودا و شتەکان لە ئاستی تەفسیری کەسی گەورەدا نییە، دەری دەخات کە ئاخاوتن لەگەڵ منداڵدا، لە پەیوەند بە پرسیاری جۆراوجۆردا، کارێکی ئاسان نییە و کاتێکیش کار دێتە سەر پرسیاری مردن و ئەو جیهانە لە مێتافۆر و دەربڕینی پڕ لە ڕەمز و سوڕانەوە بە دەووری بابەتەکەدا، جگە لە سەرەگێژەپێکهێنان بۆ منداڵ، هیچ سەمەرەیەکی نییە. دەربڕینی لە چەشنی: "دایک چووەتە سەفەرێکی دوور" لە کاتی ڕوونکردنەوەی مردنی دایکی منداڵێکدا، دەکرێ منداڵ لە ساڵۆنێکی چاوەڕوانی گەورەدا ڕابگرێت و هەموو سات و چرکەیەک، بەپرسیارەکانی:" کەی دایە دێتەوە"، خێزان لە دۆخی تەعزییەیەکی هەمیشەیدا ڕابگرێت. 
بەڵام کاریگەرترین زمانێک بۆ ئاخاوتن لەگەڵ منداڵدا، زمانی وێنە و نیگارکێشانە. زمانێک کە تیایدا فەنتازی منداڵ له هەموو دەرگاکانیەوە دەخرێتە سەر پشت. ئەم زمانە دەکرێ بەکار بهێنرێت کاتێک منداڵ خۆی پرسیارەکانی دەربارەی مردن ڕاستەوخۆ ئاراستەی کەسی گەورەتر لەخۆی دەکات، یاخود وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی خەفەت و دڵتەنگی منداڵ لە دوای ڕوودانی مردنی کەسێک یان باڵندەیەکەوە کە کاریگەری لەسەر منداڵ جێدەهێڵێ. لە لێکۆلێنەوەی لیندا کارلسۆندا، سەرچاوەی یەکەم کە تایبەتە بە منداڵانی باخچەی ساوایان و تێروانینی ئەوان بۆ مردن، ئەمجۆرە پرسیارانە دەخوێنرێنەوە:
ئینسان چۆن دەمرێت؟
پێتوایە چی ڕوودەدات کاتێک کەسێک دەمرێ؟
ئینسان ڕوو لە کوێ دەکات کە دەمرێ؟
دەکرێ لەگەڵ کەسێکدا قسەبکرێت کە مردووە؟
چۆن دەزانی کەسێک مردووە؟
 
بێگومان، ڕۆڵی قوتابخانە و مامۆستا بۆ خوێندنەوەی پرسیارەکانی منداڵ و کەڵکوەرگرتن لەم زمانە، بە هاوکاری لەگەڵ خێزاندا، کاریگەری گەورە دادەنێت لە پەیوەند بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەواندا. 
 
 
پرسیاری مردن لای منداڵ لە کوردستاندا
باسکردنی من بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن بە پرسیاری مردن لای منداڵ لە کۆمەڵگای سویددا، باسکردنە لە چۆنێتی مامەڵەی کۆمەڵگایەک کە بەیەکێک لە سەرمایەدارییە گەشەکردووەکانی خۆرئاوا لەقەڵەمدەدرێت. ئەگەر لە دەستپێکی باسەکەدا، ئاماژەیەکی کورتم بە چۆنێتی گەشەی ئەم کۆمەڵگایە دابێت، بۆ دەرخستنی ئەو چوارچێوە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە بووە کە پرسیاری مردنی تیا باس دەکرێت. بەڵام بەرلەوەی بێمەوە سەر ئەم پرسیارە لە کۆمەڵگای کوردستاندا، باشترە کەمێک زیاتر لەسەر چۆنێتی ئەوەی بۆچی ئەم پرسیارە لە سویددا، ئەم ئاڕاستەیە بەخۆیەوە دەگرێت، کەمێک زیاتر قسەبکەین.
تا سەرەتاکانی ساڵی 1950 زۆرایەتییەکی هاوڵاتییان لەسویددا لە ماڵدا دەمردن، لە کۆتایی ساڵی 1980وە، لە90 % هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە لە خەستەخانە و ئەنستیوتە جۆراوجۆراکانی دیکەدا دەمرن"(6). ئەوەی کەم ئەم ئاڵوگۆڕە گەورەیە پیک دەهێنێت، مەرگ لە دەستی خێزان و بنەماڵە و خەلکی شارۆچکە دەردەهێنێت و دەرونناس جێگەی قەشە و دوکتۆر جێگای شێخ و نوشتەباز دەگرێتەوە، ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیەیە کە لە ئاستی ئابووریدا ڕوو دەدات و بەدوای خۆیدا، تاکێک دروست دەکات کە ئازادە لە دەسەڵاتە باڵادەستەکانی خودا و خێزان و پەیوەندییەکانی خوێن. ئیندیڤیجوالیزم کە لیبرالیزمی بازاڕ، پێغەمبەری بانگەوازکەری بووە و سەربەخۆیی ئابووری تاکەکان خواوەندی، لەگەڵ کاریگەرییەکانی تێڕوانینی سێکولاریزم کە بەشێکی گەورەی حەکایەتەکانی ئاین دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تێروانینی ئینسانەکان لە بەرانبەر زۆر جومگەی گەورەی کۆمەلگادا دەگۆڕێت. 
"ئێریک فرۆم" پێیوایە:" لەو کۆمەڵگایانەدا کە پرۆسەی ئیندیڤیجوالیزم ڕەهەندی گەورەی بەخۆوە نەبینیوە، کۆتایی وجودی تاک زۆر پڕلەکێشە نییە. چونکە ئەم کۆتاییە وەک بەشێکی جیاکراوە لە ژیان سەرنج نادرێت." 
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم تێڕوانینەی فرۆم، سەرنجدانێک لە دید و بۆچوونەکانی دۆکتۆری دەرونی سویسری Medrad Boss کە لە پەیوەند بە پرسیاری مردن و تێروانینی مندال بۆ ئەوە، کارێکی پێویستە. "بۆس" پێیوایە:" منداڵان زۆرجاران لە مردن ناترسن، چونکە ئەوان خۆیان سەر بە بەشێک لە یەکەیەکی گەورەتر دەناسێنن". 
بە لەیەکدانی ئەم دوو تێڕوانینە بۆمان دەردەکەوێت که هەرچەندە ئینسان وەک تاکێکی دابڕاو سەرنجی خۆی بدات، پرسیاری مردنیشی هێندەی تر لا پڕ لە کێشەتر دەبێت. لەبەر ڕۆشنایی ئەم دید و بۆچوونانەدایە کە پرسیارەکانی مردن بۆ ئینسان لە خۆرئاوادا پڕ گرێ و کێشمەترە بەهۆی ونبوونی مردنەوە لە ڕووبەری کۆمەلگادا و ئەو پرۆسەی تاکگەراییەی کە لە ولاتێکی وەکو سویددا بە چڵەپۆپەی خۆی گەیووە. بەڵام گرنگە کە ئاماژەیەکی زیادتر بە دەربڕینەکەی فرۆم بدەین لە پەیوەند بەو کۆمەڵگایانەی پرۆسەی تاکگەراییان لە ئاستێکی بەرزدایە. ستۆکهۆلم بە یەکێک لە شارە گەورەکانی ئەوروپا لە قەلەم دەدرێت کە ڕێژەی بەتەنیاژیانی ئینسانەکان هەتا بڵێێ لە سەرەوەیە. دەربڕینی فرۆم سەبارەت بە پەیوەندی پڕکێشەبوون یان کەمکێشەبوون و پەیوەندی ئەو بەئاستی ئیندیڤیجوالیزمبوون یان کۆلێکتیڤیزمبوونی کۆمەلگایەکەوە، دەکرێ وەک وێنەیەکی گشتیگر سەرنج نەدرێت. ئەگەرچی لە سویددا مردن کراوەتە کارێکی خسوسی (تایبەت)، دەکرێ بۆ زۆرێک لە تاکەکان و ونبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەورووبەرییان بەوشێوەیەی لە کۆمەلگایەکی کۆلیکتیڤیستدا کۆمەککەری تاکە، پڕکێشە بێت بە تایبەت لەکاتی پرسیارەکانی مردندا. بەڵام هاوکاتێش بەرینی ئایدیۆلۆژیا سیکۆلارەکان، توانای ئەوەی نیشانداوە کە جۆرێک ئاشتبوونەوە لە نێوان مردن و ژیاندا پێکهاتووە و ئینسان بەچاوێکی کراوەترەوە لە مردن دەڕوانێ. پرسیاری بەخشینی ئەندامەکانی خۆ بەخەستەخانەکان کە ئامادەییەکی گەورەی کۆمەلگای سویدە، لەسەرەمەرگدا نادرکێنرێت، بەڵکو لەو ئەرشیڤە سپییەدا باس دەکرێت کە پرسیاری تەئمینی مردنی هاولاتی دەخاتە بەر باس له هەر ئاخاوتنێکی کۆمپانییای تەئمین و هاولاتیدا. لە سیستەمی خەستەخانەدا، هەر کاتێک نەخۆش دووچاری نەخۆشی کوشندە بێت، لە لایەن دوکتۆر و پەرستیارەوە بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک پێی رادەگەێنرێت تا نەخۆش وردە وردە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەدا ڕابێت. لە سویددا، مردن لە ڕووبەری گشتی کۆمەلگادا ون دەبێت و دەکرێ دەیەها کاردانەوەی تایبەتی لای ئینسان دروست بکات، هاوکاتیش، جەدەلەکانی مردن، دەرگایەکی گەورەی بۆ سەر ژیان کردۆتەوە کە لە کۆمەلگا مەرگپەرستەکاندا، نابینرێت. 
 
کاتێک ئەم نەخشەیەی پرسیاری مردنمان لە وڵاتێکی وەکو سویددا لەبەردەستدایە، دەکرێ لێرەوە سەرنجێکی ئەم پرسیارە بدەین لە کۆمەڵگای کوردستاندا. 
رەنگە درێژدادرێیەکی زۆرم نەکردبێت ئەگەر بڵێم لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی بەعسیشدا کە بەرپرسیاری مەرگی بەکۆمەڵ و ئیعدامکردنی سەرجادە و ئەنفالی لەمێژووی خۆیدا تۆمارکردووە، دەسەلاتی مردن به هەموو هێزی خۆیەوە لەکوردستاندا ئامادەیی هەیە. بەعس ئەگەرچی وەک دەسەڵاتێکی سیاسی ون دەبێت، بەجیا لەوەی کە زۆرکەس پێیوایە سترەکچەری پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەدوای ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتارەوە، بەشێوازێکی دیکە و هەندێک جار خراپتر لەسەرتاپای عێراقدا درێژە بەژیانی خۆیدەدات، بەڵام بەعس و پراکتیەکانی ئەو لەپەیوەند بەئامادەیی مردندا، پاڵەوانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای ئێمەیە. ڕۆژانە ئەم کۆمەڵگایە لەگەڵ وێنەکانی مردنی نەوەکانی لە ڕابردوودا، دەبێ خەفەت دایبگرێت و سیمای جەستە بێگیانەکانیان پیشان بدرێتەوە. مەترسییەکانی کردەوەی تێرۆریستی و دیمەنە واقعییەکانی جەستە لەتوپەتکراوەکانی دەستی تێرۆر، بەبێ هیچ سانسۆرێک لەناو ماڵەکانماندا ئامادەیی هەیە. مردن لەکۆمەلگای کوردستاندا، وەک مردنێکی سیاسی، نەک هەر بێدەموچاو نییە، بەلکو وێنەیەکی ئامادەی بەرچاوی هاوڵاتییانی کوردستانە. بەجیا لەو مردنە ئاساییە سروشتییەی کە ئینسان لەکۆمەڵگای ئێمەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بۆیە تاقیکردنەوەی ئینسانی ئیمە لەگەڵ مردندا ناچیتە خانەی تاقیکردنەوەی ئینسانی ئەوروپییەوە. بۆیە درککردن بەوەی کە سوڕی ژیان بە لەدایکبوون دەستپێدەکات و بە مردن کۆتایی پێ دێت، هێشتاکەش لە زەینی ئینسانی خۆرهەڵاتدا، ئامادەییەکی گەورەی هەیە. ئەگەر ئەمە یەکەمین خاڵی جیاکردنەوەی کۆمەڵگای کوردستان بێت لەگەڵ خۆرئاوادا لە بەرانبەر ئامادەیی و نائامادەبوونی مردن لە ژیانی رۆژانەی ئینسانەکاندا، ئەوە جیاوازی گەورەتر لە کۆلیکتڤیستبوونی کۆمەلگای ئێمەدایە بە بەراورد بەکۆمەلگایەکی ئیندیڤجوالیستی وەک خۆرئاوادا. 
 
ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە بە کۆمەڵگایەکی کۆلکتیڤیست ناو دەبەم، نەک کۆمەلگایەکی ئیندیڤیجوالیست، بەهایەکی تایبەتی ناخەمە سەر وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگایەیان لەوی دیکەیان باشترە. هەموو کۆمەڵگاکانی دنیا لە قۆناغێکی گەشەکردنی خۆیاندا، کۆلێکتیڤیسمیان تیادا بەهێز بووە و کاریگەریە ئابوورییەکانی سەرمایەداری و ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکان لە خولقاندنی کۆمەڵگایەکی تاکگەرادا، ڕۆڵییان بینیوە. لەباری ئابوورییەوە، کۆمەلگاکانی بەر لەسەرمایەداری، بەکۆمەڵگایەکی کۆلیکتیڤیستی ناوزەددەکرێن. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە، کە سیستەمی ئابووری لە کوردستاندا، سیستەمێکی کشتوکاڵییانەیە بۆیە تاکی ئازادی تیا دروست نەبووە. بە پێچەوانەوە، سیستەمی ئابووری لە کوردستاندا، بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆکەی دنیایە و خەسلەتی تایبەتی ئەم سەرمایەدارییە، بەبڕوای من لەم خالەدا چڕ دەبێتەوە کە تاکی ئازاد لەم مۆدیلەی سەرمایەداری کوردستان و زۆر جێگای دیکەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا، دروست نەبووە. ئەوەی کە کۆنتراستە کاتێک تۆ ئابووری وڵاتێک بەسەرمایەداری بناسێنیت و جەختیش لەوە بکەیتەوە کە ئەم سەرمایەدارییە تاکی ئازادی بەرهەم نەهێناوە، بۆ زۆر کەس دەبێتە جێگای پرسیار.
 
بەبڕوای من، کێشەی گەورە، وەک لەدیدی سەرەتاییەوە بەدی دێت ئەوەیە کە ژێرخانێکی ئابووری سەرمایەداری دەبوایە هەمان سەرخانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بەرهەمبێنایە کە ژێرخانێکی ئابووری سەرمایەداری پێویستیەتی. بەڵام کێ بڕیاریداوە کە مۆدێلی گەشەی سەرمایەداری دەبێ به هەمان ڕێچکەدا بڕوات له هەموو کۆمەڵگاکاندا. ڕەنگە ئەو تێڕوانینە میکانیکییەی کە کۆمۆنیزمی ڕووسی لە برەوپێدانیدا کاریکردوە لە قبوڵنەکردنی ئەم جۆرە لە مۆدێلی سەرمایەداری، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە بێت کە ئەم جۆرە لە مۆدێلی سەرمایەداری، لە دەستگای سیستەمی بیرکردنەوەدا بوونی نەبێت. بەڵام سەرمایەداری و کاردابەشکردنی بازاڕ لە مڕۆدا، سەدەها مۆدێلی جۆراوجۆری لە چەشنی سەرمایەداری کوردستانمان پیشان دەدات. دوبەی دەکرێ زەقترین نموونەی مۆدێلێکی واهی بێت کە کولتور و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و ئایین به هەمان ئامادەییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە ئامادەییان هەبێت و ئەو کۆشک و باڵەخانەبەرزانەی له هەوردان. دەکرێ شەریعە یاسای قانوونەکانی ئەحوالمەدەنی وڵات بێت و شاریش یەکێک لە میترۆپۆلە گەورەکانی ئەمڕۆی سەرمایەداری دنیا. دەکرێ پۆڕکلووبەکان لەزۆنێکی ئارامدا بۆ هاوڵاتییانی بیانی بوونی هەبێت و لەسەر خیانەی زەوجی خەڵک زیندانی بکرێت. ئێرانێک بێت کەسەنگسار ئەنجام دەدات و یەکێکیش بێت لەو هێزانەی وزەی ئەتۆمی دەکاتە چەکی خۆی. 
ئەوەی کە ئەم شیزۆفرینیای مۆدیلە سەرمایەدارییە دەخوڵقێنێ، بۆرجوازییەکە کە قازانجی لەم مۆدیلە زیاترە و ناوەندە گەورەکانی سەرمایەداریش هەر ئەوەیان دەوێت: بەرهەمهێنانی کارێکی هەرزان و کرێکارێکی خامۆش. 
 
لە دۆخی کۆمەلگای کوردستاندا، بۆرجوازییەکی کوردی ئامادەیە کە ناسیونالیزم و ئایین پەرچەمە ئایدیۆلۆژیەکانیەتی. بۆ هەر دوو ئەم دوو ڕەوتە، دروستبوونی تاکی ئازاد وەک ئەو تاکەی لە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوادا بوونی هەیە، زەنگی مەرگی خۆلێدانە. ئەوەی کە تاک لەکوردستاندا بە مانا خۆرئاواییەکەی ئامادەیی نییە، ئامادەیی کولتوریی و ئایدئۆلۆژی ئەم دوو ڕەوتە سیاسییەن کە لای هەردووکییان، ئێمەیەکی گەورە لە چەشنی "ئێمەی کورد و موسوڵماندا" بوونییان هەیە. تەنانەت لە دۆخێکی وەک ئەمرۆکەی کوردستاندا کە ئازادی ئابووری تاکەکان ئاڵوگۆڕێکی گەوەری بەسەردا هاتووە و زۆر کەس بژێوی خۆی لەسەر کیسەی دایک و باوک دابین ناکات، بەڵام هێشتاش سەربەخۆبوونی ژیان لە دەرەوەی خێزان پێش پێکهێنانی خێزان، ئەستەمێکە و هێچ کچێک یان کوڕێکی کورد ناتوانێت بە تەنها و بە ویستی خۆی بژی. بەڵام دەکرێ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەبێت بۆ لەدایکنەبوونی تاک لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کە شوێنی لێرەدا نابێتەوە. بەبڕوای من ئەم بابەتە، گرنکگییەکی گەورەی هەیە و هیوادارم بە درێژتر لە کاتێکی دیدا، بتوانم سەرنجی بدەم. 
کەواتە دەکرێ بڵێین، لە پاڵ ئامادەبوونی مردندا لە ڕووبەرێکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا و بە بوونی کۆمەڵگایەک کە تیایدا تاک هێشتاکە لەدایک نەبووە و هێشتا پێوەرە کۆلیکتیڤییەکان سەردارە، دەبووایە پرسیاری مردن لە هەلومەرجێکی تەواو پێچەوانەی خۆرئاوادا قەراری بگرتایە. کەوایە پرسیاری مردن لە کۆمەڵگای ئێمەدا چۆنە و لە فەنتازییای منداڵی کورددا، چ جێگایەک داگیر دەکات.
دوکتۆری دەروونی سویسری " Elisabeth Kübler-Ross" دەنووسێ:" کە مردن کلیلی دەرگای ژیانت دەداتە دەست"، لەسەر هەمان نەغمە، "Yalom" کە چەندین لێکۆلینەوە و ئاخاوتنی لەگەڵ ئەو نەخۆشانەدا ئەنجام داوە کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەبوون دەنووسێ: "نەک جارێک بەلکو زۆر کەرەت دەبیستین کە نەخۆش دەلێ: بۆ دەبێ بەهۆی شێرپەنجەوە تێکبشکێنرێین تا قیمەتی ژیان بزانین؟" کەوایە نزیکبوونەوە لە رۆخی مەرگ وەک لە دۆخی نەخۆشەکانی کە دووچاری شێرپەنجە بوون، دەکرا تێڕوانینی ئینسانی بۆ ژیان بگۆڕدرایە و ژیان جێگایەکی دیکەی لە تێڕوانینی ئینسانی ئێمەدا داگیر بکردایە. بە تایبەت ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە نزیکایەتی کۆمەڵگای کوردستان لەگەڵ مردندا، نزیکایەتییەکی هەتا بڵێی گەورەیە بەهۆی کارەساتە گەورەکانی کە ئەم کۆمەڵگایە دووچاری بووە و کاریگەری ئەو کارەساتانە لەمڕۆی کۆمەڵگادا. بەڵام هێشتا لە کۆمەڵگای کوردستاندا پرسیاری مردن نەبووەتە ئەو دەرگایەی کە لێیەوە ژیان جوانتر ببینرێت و خۆشەویستتر بێتە بەر چاو. ڕێژەی بەرزی گیانلەدەستدانی ئینسان بەهۆی کارەساتی هاتوچۆوە، بێمانابوونی نرخی ژیانمان نیشان دەدات کە دەکرا تەواو پێچەوانە بووایە. یاخود بەرینی کولتوری شەرەف کە تیایدا لەسەر بچووکترین ئاماژەیەک کە پەیوەندی بە سێکسوالێتی کچەوە هەیە، ژیان کۆتایی پێ دەهێنرێت. کابرا قەرابەیەک ویسکی دەخواتەوە و لەو ئەزمەرەوە بەرەو خوار لێدەخوڕێت، کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نییە، ژیانی خێزانێک بەچرکەیەک دەکرێ کۆتای بێت. نە کوڕی گەورە و نە کچ و نە ژن، کەسییان ناڵێن لەگەڵتا سوار نابین و ژیانی خۆمان نادەینە دەستی تۆ. سەدەها نموونەی تر دەکرێ بژمێردرێت کە ژیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی لەناوچوونەوە بەهۆی هۆکاری زۆر سادەوە کە بۆ هاوڵاتییەکی دیکەی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان، جێگای سەرسووڕمانە. 
 
بەڵام ئایا مردن لە کۆمەڵگای ئێمەدا کەمکێشەتر دێتەپێشچاو لەبەرانبەر خۆرئاوادا بە لەبەرچاوگرتنی دەربڕینەکەی فرۆم؟ بەبڕوای من وەڵام به هەردووکیانە. هەم کەمکێشەتر دێتەبەرچاو و هەمیش پڕکێشەتر. بەڵام بە لاسەنگییەکی زۆتر بەلای کەمکێشەبوونتردا. 
مردن کەمکێشەتر دێتەپێشچاو لە کوردستاندا بەهۆی باڵادەستی گوتاری ئایینەوەیە بۆ مۆنۆپۆڵکردنی پرسیارەکانی مردن. لە کۆمەلگای ئێمەدا، بەجیا لە دیدی ئایینی، هیچ تەفسیرێکی دیکەمان بۆ مردن لەبەر دەستدا نییە. بۆ نموونە تا ئێستاش کولتور و ترادیسیۆنی ئاینییە کە ڕێوڕەسمەکانی ڕیتواڵەکانی مردن جێبەجێ دەکات. لە وڵاتێکی وەکو سویددا، دوو جۆر لە مەراسیمی ناشتن هەیە. یەکەمییان بە مەراسیمی مەدەنی یاخود بۆرژوازییانە لە قەلەم دەدرێت کە ئایین و قەشە و کڵێسا هێچ ڕۆڵێکییان تیادا نییە. دووەمییان بە ڕێوڕەسمی ناشتنی کڵێساییانە دەناسرێت کە تیایدا ئایین بەڕیوەبەری مەراسیمی ناشتنە. لە دیدی ئاینی ئیسلامدا، مردن لەسەر هێڵێکی ئاسۆیی دوا خاڵێک نییە لە هاوکێشەی ژیاندا. بەلکو تێڕوانینی ئیسلام، ژیان وەک بازنەیەکی داخراو وێنا دەکات کە خاڵی سەرەتا و کۆتایی تیادا دیار نییە. بەلکو ژیان بازنەیەکە و چەمکی دووبارەژیاندنەوە لە دوای مردنی ئینسان، جۆرێک لە بەردەوامبوونی ژیانی تێدایە لە دنیایەکی تردا. ئەگەرچی ئاینی مەسیحیش هەمان تێڕوانینی هەیە بۆ ژیان و دووبارەژیانەوە لە دوای مردن، بەڵام لە ڕێگای باڵادەستی زانستە سروشتییەکان و گەشەی سکۆلاریزمەوە لەم وڵاتانەدا، ئەم حەکایەتە ئاینییە، زەربەی گەورەی لێ دراوە و توانای پەیداکردنی قەناعەتێکی گەورەی بۆ هاوڵاتییان پێ نییە. تێروانین بۆ مردن بەم شێوازە ئاینییە لە کوردستاندا، دەکرێ گوێگرانێکی گەورە لە کۆمەڵگادا بۆ خۆی پەیدا بکات بۆ ئەوانەی لە ژێرکاریگەری ئەم تەفسیرەی ئاییندا، وەلامی پرسیارە وجودییەکانی خۆیان دەۆزنەوە. پرسیاری مردن لەم کولتوورەدا لایەنێکی پۆزەتیڤی هەیە و لەباری رۆحییەوە، دڵنیاکەرەوەی سەدەها ڕۆحی شلەژاوە لە بەرانبەر بیرکردنەوە لە مەرگدا. بەڵام بەدیوێکی دیکەیشیدا، هەر ئەم تەفسیرە ئاینییە، سەرچاوەی دڵەڕاوکێی و شڵەژانێکی دیکەی دەروونییە بۆ لایەنگرانی ئەم تەفسیرە ئاینییەی کە پرۆسەی دووبارەژیاندنەوەی ئینسان لە دوای مردنەوە، دەداتە دەست خواوەندێک لە ڕۆژی حسابدا لێپرسینەوەی ژیانی سەر ئەرزی ئینسانەکان دەکاتە پێوەری ڕۆیشتن بۆ دۆزەخ یاخود بۆ به هەشت. سزا و پاڕانەوەی دایکێک یان کەسێک لە سەرەمەرگدا، هێندەی لە بانگەوازی "خوایە عەفووم کەیت و لە گووناحەکانم خۆش بیت" دەردەکەوێت ، نیشاندانی لایەن نێگەتیفەکانی ئەم تەفسیرە ئاینییەیە کە پرۆسەی پەڕینەوە بەسەر پردی سیراتدا دەکاتە کارێکی زۆر دژوار. بۆیە ژیانی سەرزەوییانەی ئینسان دەکرێ پڕ بێت لە شلەژانی دەروونی کاتێک پرسیارەکانی ژیان لە ئاسماندا لە دوای مردنەوە، هەروا بەئاسانی ناکرێت بێتە دی. 
 
 
مردن لە کوردستاندا کەمکێشەتر دێتەپێشچاو بەهۆی ئەو کولتوری کۆلێکتیڤیزمەوەی کە وەک تۆڕێکی هەمەلایەنە دەکەوێتە کار لە کاتی ڕوودانی کارەساتی مەرگدا. لە مزگەوت و خزم و دراوسێوە بگرە تا کەسێکیش کە کەسی مردوو سەروکارێکی لەگەڵیدا نییە، بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، پێداویستییە ئینسانییەکانی کەسی کۆستکەوتوو ، پڕدەکەنەوە. نەبوونی ئەم تۆرە کۆمەڵایەتییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئینسان هەیە لە خۆرئاوادا کە تەنها لە ڕێگای دەروونناس و تێراپی جۆراوجۆرەوە دەکرێ بە دەست بهێنرێت. 
مردن لە کوردستاندا کەمکێشەترە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کولتووری شەهادەتەی کە ئایین و ناسیونالیزم لە خوڵقاندنیدا، ڕۆلێکی هەتا بڵێی ترسناکییان پێداوە. شەهادەت لە مانا ئاینیی و ناسیونالیستییەکەیدا، هیچ شتێک نییە جگە لە بێقیمەتکردنی ژیان و باوەشکردن بە مەرگدا. ئەگەر ئەو مەرگە بۆ نیشتیمانە یاخود بۆ خوای تەبارەک و تەعالایە. هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی لە مێژووی ئێمەدا فووی بە بڵندگۆکانی نیشتیمانی موقەدەس و ئایندا کردبێت، زۆر ئاسان سەدان جەنگاوەری گیان لەسەر دەستییان لە دەووری خۆیان کۆکردۆتەوە. ئەگەر ژیان لە زەینی ئینسانی کۆمەلگای ئێمەدا مانایەکی هەبووایە، خودکوژی و خۆکردنەقوربانی، چەمکێکی هێندە بەرینی ناو زەینی ئینسانی ئیمەدا نەدەبوو. ئامادەیی ئەم چەمکی شەهادەتە لە سروودەکانی قوتابخانەدا کە هێشتاکە بازاڕگەرمی خۆی لەدەست نەداوە، چ لە سروودە نیشتیمانییەکاندا و بەم دواییانەش لەڕێگای گوتاری ئیسلامییەکانەوە، منداڵ دەخاتە ناو خوێناویترین دەربڕینەوە دەربارەی مردن کە بەزمانێکی مێتافۆرییانە باس لە مردن دەکات و منداڵ لە ناو مانا دیار و نادیارەکانیدا، لە بازنەیەکی پر ترس و دلەڕاوکێدا یەخسیر دەکات. 
 
مردن لە کوردستاندا پڕکێشەترە چونکە ئامادەیی مردن و سیمای ئەو، کولتوری مردن و ڕیتواڵەکانی بەیەک بەیەکی جومگەکانی کۆمەڵگادا دەچێتە خوار. بەڵام لێکۆلینەوەکان لەسەر مردن تەنها ئارەزوویەک نییە بۆ دۆزینەوەی لوغزەکانی ئەو، بەلکو ڕێگایەکە بۆ دووبارەگەڕاندنەوە بۆ ناو ژیان. سەرنجدان لە مردن و شەن و کەوکردنی دەرکەوتنەکانی لە بوارەکانی کولتور و سیاسەت و سەرتاپای کۆمەڵگادا، هیچ زانیارییەکی تایبەتیمان پێ ناڵێت ئەگەر دەرگایەکی دیکەمان بۆ نەخاتە سەرپشت بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیان. کاتێک ئاڵوگۆڕەکانی خۆرئاوا، هێندە سەرنجی دەچێتە سەر ژیان و مردن لە رووبەری گشتی کۆمەلگادا دەشارێتەوە و بەهۆی خسووسیکردنی ئەم پرسیارەوە، مردن دەکاتە دیاردەیەکی بێدەموچاو و نادیار. کاتێکیش کۆمەلگای کوردستان هەموو دەرگاکان لەسەر مردن دەکاتەوە، مردن دەبێتە میوانی ماڵ، دەبێتە ئەو کەسەی کە بڕیاردەرە، ژیان بیر دەکات و پەیوەندییەکی ئەوتۆی پێوە نامێنێت. لە کۆمەڵگای کوردستاندا، هێندە لەگەڵ مردندا پێکەوەژیانی دەکرێت، کە دەموچاوی ژیان بەئاسانی نایەتەوە یادی کەس. ئەمە ئەو خالە جەوهەرییەیە کەپرسیاری مردن لە کوردستاندا دەکاتە پرسیارێکی پڕ لە کێشە. 
 
سەرنجێک لەم نموونانەی خوارەوە بدەن.
ڕۆژەکانی دوای ڕاپەرینە و ئەمنەسوورەکە لە ژێر فشاری جەماوەری ڕاپەڕیودایە. ژمارەیەک لەو ئەمنانەی لە ساتەوەختەکانی بەر لە گرتنی ئەمنەکەدا، ڕا دەکەن دەرەوە و تەسلیم دەبن. بەچەک و تەور و هەموو کەرەستەیەکی دیکە، دەکوژرێن. سەری هەندێک لە کوژراوەکان بە شەقامی لای فولکەی ئەمنەکەوە، بە زەوییەوە پان دەکرێتەوە. ژن و منداڵ دێنە سەر ئەم دەموچاوە بەکارتۆنبووانەی سەر شەقام و شەقێکی دیکە لە ڕووخسارەکە دەدەن. هەندێکی دیکەیان دەبرێنە قوتابخانەیەکی لای مزگەوتی عەلی کەمال و لەبەردەمی حەشاماتێکی گەورەدا، لەپاش دادگایکردنێکی کارتۆنیانەوە، لەسەربانی بینای مەکتەبەکەوە، بە زیندوویی فڕێدەدرێنە خوارێ. لە خوارەوە، لەشکرێک لە هاولاتی کوردستان ڕاوەستاون و به هەموو کەرەستەیەک کە بەدەستیانەوەیە، لەتوپەتییان دەکەن. ئایا ئەم دڕندایەتییە زادەی حەماسەتێکی شۆڕشگێرانەیە کە لە ساتەوەختێکی وەک شۆڕش و یاخیبوونە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕوو دەدات، یاخود زادەی کولتورێکە کە قەت پرسیاری :"بۆچی ئیعدام"ی لە خۆی نەکردووە. تا ساتەوەختەکانی راپەڕین، یەک هێزی سیاسی لە چەپ و راست شک نابەیت کە پرسیاری تۆلەسەندنەوە لەوی دی کردبێتە دوو دێڕی جیاوازتر بە دژی گوتاری باوی ئینسانکوژی و ئیعدام. کولتوری: "تۆڵە بە سەبرە ئەمما بە زەبرە" هەر لە بەرانبەر دوژمناندا، پەیرەوی نەکراوە، بەڵکو لە بەرانبەر هاوڵاتییانی سەر بە گروپ و ڕەنگە سیاسییەکانی دیکەدا، به هەمان ئەندازە، خوێناویی بووە. لەناو ئەم کەڕنەڤاڵی سەرپانکردنەوە و بەزیندووی کوشتنی دیلەکاندا، هەرچەندە تاوانی کوژراوەکانیش گەورە بوو بێت، دەنگێکی نارەزایەتی بەرزنەکرایەوە. دیمەنی ئەو سەربڕینانەلە کوردستاندا، تەنها "عەرزی عەزالاتەکان"ی هێزی کوشتن و کۆتایەێنان بە ژیانی دۆست و دوژمنەکانی کورد نییە، هێندەی نمایشی "عەزالاتە شل و بێهێزەکان"ی ئینساندۆستی و ژیاندۆستی کۆمەڵگایەکە کە هێندە لەگەڵ مردندا دادەنیشێت، ئاخاوتن دەکات، شیعری بۆ دەنووسێت، گۆرانی بەباڵدا دەڵێت، بیری دەچێتەوە کە لە ناو ژیانەوەیە ئەم بانگەوازە گەورەیەی مردن بە گوێی کۆمەلگادا دەچڕێت. بۆیە بە بڕوای من، مردن لە کۆمەڵگای کوردستاندا پڕکێشەیە چونکە هیچ دەرگایەکی نەهێشتووەتەوە تا لەوێوە بگەرێینەوە ناو ژیان. مردن هێندە کولتورێکی گەورەی ئامادەی ناو کۆمەڵگایە، کە ژیان هەرچەندە خۆیشی هەڵبڕێت و هاواریش کات، بە نادیاری دەمێنێتەوە. ئەمە ڕێک پێچەوانەی ئەو دۆخەیە کە لە خۆرئاوادا، بوونی هەیە. 
 
ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە بۆ ناوەڕۆکی باسەکەی خۆمان، دەکرێ بووترێت کە منداڵ لە کوردستاندا، زۆر خێراتر سەروکاری لەگەڵ پرسیارەکانی مردندا پەیدا دەکات و ئەو تێروانینەی ئینسانەکان لەم کۆمەڵگایەدا بەرانبەر مردن هەیانە، دەگوێزرێتەوە بۆ منداڵان. منداڵ دەبرێتە تەعزیە و لە شیوەن و فوغانی تەعزییەکاندا، لەپاڵ دایکییەوە سەرنج دەدات. دەبرێتە گۆرستان و لەگەڵ گەوەرەکاندا دادەنیشێت. وەک کوڕ و کچی باوکشهەید، بەرزدەکرێتەوە و داستانی قارەمانێتی باوکی بۆ دەهۆنرێتەوە. بە زمانێکی ئاینی لەگەڵیدا ئاخاوتن دەکرێت، به هەموو میتافۆرە خوێناوییەکانییەوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئاستی تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەو چەمکانە. 
بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا کە تۆڕی خزمەتگووزارییە کۆمەڵیەتییەکانی، ئەرکە فەردییەکانی مردنی لە کۆڵ ئینسانەکان کردووەتەوە و مردنی کردووەتە کارێکی فەردی و شەخسی ئینسانەکان، یاخود هەر وەک لە کوردستاندا کە هێشتا لەسەر شانی ئەو کۆلیکتیڤەدایە کە پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانی لە دەور هەڵچنراوە، له هەردوو دۆخەکەدا، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕدرێت کە مردن پرسیاری ئەزەلی و مەراقی گەورەی ئینسانە. دوا نزرگە، کۆچی دوایی، دوا سەفەر، چووەشوێنی خۆی ، ماڵئاوایی و دەیەها دەربڕینی تر لە زمانی کوردیدا، هیچ نییە جگە لەو ترسە گەورەیە کە ئەم کۆمەڵگایە لە بەرانبەر مردندا کولتورێکی زمانەوانی گەورەی لە دەوری دروست کردووە بە هۆی ترسەکانی خۆیەوە لێی. 
بۆیە منداڵ لە کۆمەلگای کوردستاندا، بە پێچەوانەی کۆمەلگای سوید و ئەوروپاوە، سەروکاری لەگەڵ پرسیارەکانی مردندا دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی زیندووی ئەو لەگەڵ شتێکدا کە دەموچاوی هەیە و ماڵەکان پڕ دەکات لە گریان. دیمەنی جەستەکان لە دیمەنی کوژراوێکی ناو فیلمەکان ناچێت و دەموچاوی دایک وباوکەکانیان دەگۆڕێت. 
 
کاتێک ئەم چوارچێوە کولتورییەی کولتوری مردنمان لەبەر دەستدا بێت بۆ لێکۆڵینەوە لەم پرسیارە لای منداڵ، ڕووبەڕووی پرسیاری گەورە دەبینەوە کە وەڵامدانەوەیان هەروا کارێکی ئاسان نەبێت. زمانێکی دەوێت کە هێشتا لە زمانی کوردیدا، ئامادەییەکی تەواوی نییە و کاتێک گەورەکانی ئەم کۆمەڵگایە خۆیان پرسیارییان لە مەرگ نەکردووە، سەختترە داوایان لێ بکرێت، ئەم پرسیارە بۆ منداڵ ڕوونبکەنەوە. کۆششی من لەم نووسینەدا، دانەدەستی ئەڵتەرناتیڤێکی ئامادە و سادە نییە کە دایکان و باوکان ڕەچاوی بکەن بۆ چۆنێتی ئاخاوتن لەگەل وردیلەکانیاندا کاتێک پرسیارەکانی مردن بەرۆکییان پێ دەگرێت. بەڵکو نیشاندانی ئەو سەرخەتانەن کە دەکرێ کەسانی دی، لە دەوڵەمەندکردنیدا، ڕۆڵییان هەبێت. نەبوونی زانستی دەروونناسی و کاریگەرییەکانی ئەم زانستە بۆ وەڵامدانەوەی بەشێک لە وەڵامەکانی چۆنێتی مامەڵە بۆ ئەم پرسیارە، سەردەستسالاری تەفسیری ئاینیی بۆ مۆنۆپۆڵکردنی پرسیارەکانی مردن و نائامادەیی تێروانینە فەلسەفییە جیاوازەکان کە ئەم پرسیارە بۆیان دەمێکە کەرەستەیەکی لێکۆلێنەوەیە، کۆمەڵێک گرفتی گەورەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا. لە سەروو هەموو ئەم گرفتانەوە کە ئینسان دەکرێ بیانژمێرێت، تێڕوانینی باوی کۆمەلگایە بۆ منداڵ کە هێشتا مامەڵەی ئینسانێکی ئازادی خاوەنئیرادەی پێ ناکات و وەک کەسایەتییەک حورمەتی شەخسی بۆ دانانێت، ئەمەی دواییان، گەورەترین کێشەیەکە بۆ پرسەکانی منداڵی کورد. ئینسان کاتێک وەک ئینسانێکی خاوەنئیرادە و ئازاد مامەڵەی پێنەکرا، چاوەڕوانی ئەوەش ناکرێت، لەکاتی مامەلەکردن لەگەڵ ئەم کائینەدا، ڕووبەڕووی مامەڵەکردنەوەیەکی ئینسانییانە بێتەوە. 
 
کیرکیگارد و دەربڕینە بەناوبانگەکەی ئەو لە پەیوەند بەمردندا ڕەنگە کۆمەککەر بێت. ئەو دەڵێ:" لەگەڵ مردندا دەبێ، بەجدی هەلسوکەوت بکرێت، ئاخر ئەو بە ڕاستییەتی". لەم تێروانینەوە بۆ پرسیارە وردەکانی منداڵ لە پەیوەند بەمردندا، دەبێ زۆر بەجدییانە مامەڵە بکرێت. ئاخر کەڵکەڵە و ترسەکانی ئەوانیش ڕاستییە و دەبێ بەڕاستی و ڕاستگۆیانە وەڵامییان بدرێتەوە. 
 
 
ئەم ناونیشانە، ناونیشانی وتارێکە لەگۆڤاری مندالان و شێرپەنجەدا بلاوکراوەتەوە
1. Linda Claesson, 2007, Förskolebarn tankar om döden, Karlstads Universitet, sid 7-8 
 2. Malin Börjesson, Samar El-Ghariri, Erik Olbäck 2008, Barns uppfattningar om döden , Högskolan i Borås, sid 8-9
3. Erika Grip, Karina Salhag, 2007, finns Nangijala, , Växjö Universitet, sid 2
4. Charlotte Arrhenius, Petra Kiiskinen, 2001, Blekinge Tekniska Högskolan, Våga tala med barn om döden, sid 18,19,20 och 21
5. Liselotte Johansson, 2007, Högskolan Väst, Barn sörjer, sid 11
6. Aida Ganic, 2007, Högskolan i Gävle, Döden i vårt samhäe sid 19, 23, 39