* پەیڤینێكە لەگەڵ ئاوازو قوڕو هێڵ و ڕەنگەكاندا...
* هەوڵدانێكە، بۆ ئاشنابوون بەڕۆحی ئەم سێ‌ جەستە خاوێن‌ و بێدەنگە...
* نەفرەتكردنە لە وشە دەمامكدار و هاوارە درۆزنەكان...
جگە لە قوڕێكی سادە و ساكار شتێكی تر نەبوو، قوڕێك كە بریتی بێت لە خۆڵەسوورەیەكی نەرم‌ و چەند قەترە ئاوێكی ڕوون‌ و پاك، خۆڵ و ئاوەكە چەند جارێك  بەیەكدا درا بێت‌ و هیچی تر، دواجار قوڕە سوورە جوانەكەی لێ پێك دەهات..‏. شارێكی جوان‌ و قەشەنگ بوو، شارێك بوو خەڵكەكەی بەبێ‌ دەربڕینی هیچ وشەیەك زۆر بە سادەوساكاری لەگەڵ یەكدا دەدوان‌ و ژیانی ئاسایی خۆیانیان بەسەردەبرد. بۆ خۆشم نازانم‌ و تائێستاش بۆم ڕوون نەبۆتەوە چی منی گەیاندە ئەم شارە و بۆچی بەم مەملەكەتە  ئەفسوناوییەدا گوزەرم كرد. ئەوان هەر لەگەڵ خۆیاندا وا نەبوون تەنانەت لەگەڵ منیشدا هەر وا بوون، بە وشە گوزارشتیان لە هەست‌ و سۆز و ناخی خۆیان نەدەكرد، بەڵكو تەنها بە چەند جوڵەیەكی خێرا لە هەموو ڕاز و پەنهانییەكیان دەگەیشتم، لەو كاتەدا ڕێك منیش بەشێك بووم لەوان... شارێكی كپ‌ و بێدەنگ بوو.. یەكەمجار بوو ژیان بەو ئارامییە ببینم، لە چی دەگەڕام لە دوای تاوێكی كەم چەند جوڵەیەكی خێرا بۆیان دەخستمە بەر دیدە و نیگام، هەركاتێك نیگام لە سیما و ڕووخساریان دەخشاند ئیتر هەموو نهێنییەكان بە ئاشكرا خۆیان دەنواند, چ مەرامێك بۆ خۆشاردنەوە نەدەما... ئەوان نەك هەرشتی سادەو ساكاریان بۆ دەگێڕامەوە بەڵكو وەك شاعیرێكی كارامە، بەڵام بەبێ‌ دەربڕینی تەنها یەك وشە باسی ورشەی ئەستێرە و هەناسەی با و هەناوی وەنەوشە و چیتریان بۆ دەكردم، منیش لە خزمەتیاندا نیگای خۆمم ڕاخستبوو, خۆش خۆش سەرنجی ئەوانم دەدا، سەرەتا لە زمانی بێ‌دەنگیی‌ و لە جوڵەی پانتۆمایمیان حاڵی نەدەبووم.. بەڵام خۆشییەكی بێئەندازە جەستە سڕەكەمی داپۆشیبوو، بۆ یەكبەیەكی دیمەنەكان لەناخەوە پێدەكەنیم، بۆیە بێ‌دەنگییەكەیانم بەهەند وەرنەگرت‌ و نیگاو سەرنجم بە شەپۆلی خێرای جوڵەكان بەخشی‌و خۆشمژدانە لەپێشوازیاندا بووم.. چاوم لێ بوو قوڕەكە جیهانێكی بۆنخۆش‌ و ڕەنگینی بۆ نەخشاندم بەتیلەی چاو تێی دەڕوانیم، ڕێك لەوە دەچوو كە پێم بڵێت: (ژیانی لەمەڕ ئێوە چەند ژیانێكی مەنگ‌ و ژینگەیەكی بۆن گرتووە؟).. ئیتر زۆر بەزەیم بە خۆماندا هاتەوە, بەدەست خۆم نەبوو بەری چاوم لێڵ بوو، خەیاڵم وەكو منداڵێكی ئیفلیج نەیدەتوانی رێبكات‌ و هەر لە جێگای خۆیدا چەقبەستوو مایەوە.. ویستم پڕكێشی بكەم‌ و خۆم قوتار بكەم لەو خەیاڵە ناوەختە، بەڵام بێهودە بوو نەمتوانی.. زریانێكی ناوەخت هەڵی كرد و خەیاڵمی وەكو قژی كیژۆڵەیەك لە دەست‌ و گێژەنی خۆی ئاڵاند و بردمی لەبەردەم شارەمێروولە و بەچكە مێشەكاندا فڕێیدام.. لەوێ‌ بۆئەوەی بژێیت، دەبوو هەناسە نەدەیت! چونكە شنەبای سەحەر ژەهراوی بوو... قوڕە سورەكە فریام كەوت‌ و بە پەلە خەیاڵە پەرت پەرت‌ و ئاڵۆسكاوەكەمی كۆكردەوە, بۆ پشوودانی، نەرم نەرم دەیشێلا و بەئاگای هێنامەوە. دووبارە لەناو شارە ڕەنگینەكەی ئەواندا خۆم بینییەوە، بە چواردەوری خۆمدا دەمڕوانی، دەرگاكان بۆ نیشاندانی سیمای بێگەردی جوانی لەسەرپشت بوون. یەكەم جارم بوو شتە نەفرەت لێكراوەكان بەدی نەكەم.. قوڕەكە هێندە بەسەلیقەوە نمایشەكەی ئەنجام دەدا بەخیلیم دەهات بۆئەو هەموو جوانی‌ و پاكییە. زۆر بە ئینسافەوە لەخزمەتمدا كاریان دەكرد، بۆ خۆم سەرم لێسوڕمابوو نەمدەزانی لە كوێم.. ئایا ئەمە ئەو بەهەشتەیە كەچەند وەختە هەوڵی بۆ دەدەم, یان تەنها نامۆبوونی ئەندێشەكانمە لەخۆیان؟ یان چیتر نەم دەزانی، بەڵام یەكپارچە جەستەی شەڕانیم ئارام دەبۆوەو شەرابی خۆشی نۆشدەكرد.. دیمەنەكان زۆر دڵڕفێن‌و بێ‌گەردبوون، لەوشارەدا بەچاوی خۆم جەستەو تەرمی هەڵبزڕكاوی ئەهریمەنم بینی.. ئەهریمەن دوای ئەوەی لەهەوڵەكاندا بێئاكام‌ و بێهودە ببوو, كەسی بۆ لەخشتە نەبرابوو, كەس نەبوو بەدەروێشی تەریقەتی, ئیتر لەداخاندا خۆی كوشتبوو.. چاوم لەتەرمەكەی بڕی، دیمەنێكی زۆر ترسناك‌و ناشرینی هەبوو, بۆكڕوزێكی ناخۆشی لێوەدەهات, زوخاو لەجەستە ئاوساوییەكەی دەتكا، بەسەرسەریەوە دوكەڵێكی تەڵخ سێبەرێكی گەرمی دروستكردبوو. ئەم دیمەنە لەنمایشێكدا هەر قوڕەكە بۆی گێڕامەوە.. ئیتر لەوێوە منیش كەوتمە موتاڵاو تێفكرین لەگەڵا بیركردنەوە لەمەرگی ئەهریمەن‌و چارەنووسی بۆلەمەودوای مرۆڤ هەنگاوم دەنا، هیچم چنگ نەكەوت.. بەڕاستە شەقامەكەدا سەركەوتم زۆر رۆیشتم ئیتر لەوێوە گەڕەك‌و مەملەكەتی قوڕەكانم وەكو تارمایی دەهاتە پێش چاو. بەلای رۆژهەڵاتی شاردا هەنگاوم نا، بەڵام نەمدەزانی بۆكوێ‌ دەڕۆم، زۆری نەمابوو ڕێگام لێ ون بێت‌ و خۆم بەكونێكی نادیاردا بكەم.. سۆناتە و ئاوازی شار تەنها بێ‌دەنگی بوو، بەڵام بێدەنگییەكی قسەزل‌ و قسەخۆش.. هێندەم نەزانی ڕاستەهێڵێكی ڕەنگ حەڵوایی هاتە خزمەتم‌ و بوو بە چاوساغم.. دەستی راستی گرتم‌ و بردمی هەتا گەڕەكی خۆیان ڕای نەگرتم، بردمی‌ و لەناو جەستە و ڕۆحی ڕەنگەكاندا، لە ناو جیهانی هێڵەكاندا جێگایەكی بۆ خۆش كردم, لەسەر  كورسییەكی نەرم‌ و فراوان داینیشاندم... ڕەنگی ڕەش، لەدوای ئاوێتەبوونی لەگەڵ تیشكی زێڕینی خۆر بەسەر سەرمەوە سابات‌ و سێبەرێكی خۆش‌و فێنكی بۆ دروست كردم.. جەستە قەترانییەكە نەما و جەستەیەكی خۆڵەمێشی لە چەشنی خۆرئاوا، یان سپێدەی بەیان خۆی دەنواند. ڕاستەهێڵە حەڵواییەكە لەپێش چاومدا نمایش‌ و سەمایەكی سەیری ئەنجامدا، چەند جارێك بەدەوری خۆیدا سوڕایەوە و خۆی لول كرد, پاشان بوو بە گوریسێَكی ئەستوری توك ڕەق, لە چەشنی چەماوەیەكی داخراوی هێلكەییدا خۆی نواند، ناوقەدی خۆی بەچەند گرێیەك توند توند شەتەك ‏دا، ئیتر بوو بە پەتی قەنارە و لە چاوەڕوانی گەردنێكدا وەكو  قورسی سەعاتی چاڵمە ئەملاوئەولای دەكرد! ترسام‌ و رۆحم كەوتە لەرزە، سیمام هەڵبزڕكا و ئێڵنجم هات..
 
ڕاستەهێڵەكە كەئەوكاتە پەتی قەنارەبوو, زمانی نەبوو تا تێیبگەیەنم, بەڵام بەنیگاو دیدەم بەتوندی لێی توڕەبوم‌و پیاهەڵشاخام‌و پێم گوت: (بۆچی ئێوەش وەكو بنیادەم رەفتار دەكەن, دەتانەوێ‌ لەژێر پەتی سێدارەدا وانەی عەدالەت‌و دادپەروەریمان بۆدادەن؟ بۆلەوەتەی قەنارە هەیە جگە لەگەردنی باریكی پەپولە‌و فریشتەكان, ملی ئەستووری كام ئەهریمەن‌و كام دڕەندەی ماچ كردووە؟.. بەكام یاسا…) هێشتا قسەكانم تەواونەكردبوو سیمام هەرتوڕەو غەزەباوی بوو، بینیم رەنگی سپی لەچەشنی كۆترێك ئامادەباشی كردو بەدەنوكی پەتی قەنارەكەی ونجڕونجڕكردو لەبۆشایی ئاسمانەوە بەخاویو پارچە پارچە لەبەردەم پێمداكەوتن‌و گیانی یەكجارییاندا.. ئەم نمایشە هەر بۆ هێوركردنەوەو دڵنەوایی من بوو.. بۆ ساتێكی كورت ئاسودەبووم, بەڵام نەمتوانی باوەڕ بەخۆم بكەم ئەوە دوا مەرگی قەنارەبێت.. لەژیانمدا دیمەنی ناخۆشم زۆر بینیوە, بەڵام هیچ كامیان هێندەی خنكاندن‌و هەڵواسین سامناك‌و قێزەون نەبووە.. كێ‌ لەنهێنی‌و پەنهانی زمانی ئەوچاوانە دەگات كەلەكاتی هەڵواسیندا دەردەپۆقێت‌و بەهەموو هێزی تەماشا دەكات؟ ئەم تەرزە بابەتانە خەیاڵمی تەواو ماندوكردبوو.. رەنگی شین فریام كەوت، خۆی كرد بەئاسمانی سەرم، كەگوزارشت بوو  لە هێوركردنەوە و بەخشینی ئارامی. تیكەتیكە و لێرەولەوێ‌ خەیاڵمی گورج كردەوە، ڕەنگی شین هات‌ و هەردوو دەستە ناسكۆڵەكەی رەنگی زەردی گرت‌ و كەوتنە سەما، كەوتنە ڕاموسانی یەكتری، هەر لەوێدا و لە پێش چاوی منەوە بێ‌شەرمانە جووت بوون.. لە دوای تاوێك‌ و تواندنەوەی هەردووكیان لە هەناوی یەكدیدا  منداڵێكی قشتیلەی سەوز لەدایك بوو، تەنانەت هەردوو چاویشی هەر سەوز بوو، سەوز بەچەشنی بەهار.. زۆر چاوەچاو و ملەقوتەم كرد بۆ دایك‌ و باوكی ئەو منداڵە چاوسەوزە، بێسود بوو، نەمزانی ئەوان رۆحیان بەكێ‌ بەخشی‌ و چییان لێ هات، بەڵام هێندەم لەیادە كەئەوان خۆیان كرد بەقوربانی بۆ هاتنی بەهار. لێرە بەدواوە چەند هێندەی تر مەملەكەتی رەنگەكانەم خۆشویست.. زمانی خێڵی رەنگەكان زمانێكی بێگرێ وگۆڵ و سادەوساكار بوو, نازانم چەند لەخزمەتی كەرنەڤاڵی هێڵ و رەنگەكاندا مامەوە, بەڵام وام لێ هات هەركە دەجوڵانەوە یەكسەر لەگوزارشت‌ و مەرامیان تێدەگەیشتم, دەمزانی دەیانەوێ‌ چیم پێ رابگەیەنن. ئەگەر باسی بێزاری‌و دڵتەنگی مەسەلەیەكیان بۆ بكردمایە, ئەوا یەكسەر هێڵەكان درێژ دەبوونەوەو بەپەلە بەیەكدا دەئاڵۆسكان‌و جیڕ دەبوونەوە، بەشێوەیەك كە هەناوی منیش لەگەڵیاندا دەهاتە ئێش‌و دڵم دەگوشرا.. ئەگەر بیانویستایە باسی بەردەوامی ژیانم بۆ بكەن هێڵەكان بەشێوەی بازنەی داخراو خولیان دەخواردەوە. لەوكاتەدا خولیاو ئاواتەكانی منیش لەبازنە داخراوەكاندا لەسوڕی بەردەوامدا دەبوون.. ئەگەر باسی مردن‌و لەناوچونیان بكردایە ئەوا راستەهێڵێكی رەشداگەڕاو لەبەردەممدا درێژ دەبوو.. ئەگەر باسی هێزو دەسەڵاتیان بكردایە, ئەوا دوو هێڵی راست‌و چەپ بەشێوەی ئاسۆیی‌و شاقوڵی لەسەریەك رادەوەستان.. لەپاڵا درەختێكی سەرقژنی كۆنە ساڵدا تەماشای ئەم جیهانە ئەفسوناوییەم دەكرد، لەكۆڵانی بەرانبەرمەوە چاوم لێبوو, چەند هێڵێكی نوك تیژ لەشێوەی نوكی سێگۆشەو چوارگۆشە لەبەرانبەر یەكتری قیت بوونەوە, هەریەكەیان توڕەیی‌و هەڵچونێكی تەواو لە ڕویاندا بەدی دەكرا.. زۆر دەترسام لێرەش شەڕو كوشتارو بەدەستییەكناشتن ببینم. بەڵام خۆشبەختانە باش بوو, هەرزو ئەم دیمەنە گۆڕاو نمایشێكی یەكجار شەنگم بینی. هێڵە رەنگاوڕەنگەكان، زەردو سور، ئاوێتەبوون‌و پرتەقاڵی خۆی نیشاندا. سەوزو شین بوون بەقوربانی یەكدی، پیرۆزەی هەڵهات.. شین‌و سور تێكەڵاوبوون‌ و مۆر لەدایك بوو، مۆرو سوور بوون بەیەك‌ و جگەری چەكەرەی كرد، سورو سپی ماچی ناودەمی یەكیان كرد پەمەیی جەستەی ئارەقاوی هەردوكیانی داپۆشی. ئینجا هەموو ئەم رەنگانە لەشێوەی نیوەبازنەو چەماوەی كراوە، لەشێوەی گەردن‌و لامل‌و سەرسنگ‌و ناوقەدو كەمەر خۆیان دەنواند.. یەكتریان لەئامێز دەگرت، لەدوای ئەم نمایشە بارانی شەهوەت دایكرد و هەمویان چێژیان لێ دەچۆڕا.. منیش وێڕای ئەوەی خۆم لەبن دارەكەدا مەڵاس دابوو چاوم بڕیبووە نمایشی ماچ‌و قوربانییەكان، بەڵام چەند دڵۆپێك لەوبارانە گیانی تەڕكردم. یەكەمجاربوو قوربانییەكی بێدەمامك‌و بێمەرام ببینم.. بەدەستخۆم نەبوو، ئیتر لێرەوە چاوی سەرنجم نابینابوو، هیچم نەدەبینی..
 
لافاوێكی ناوەخت دای بەسەرماو كەوتمە بەرشەپۆلی بێڕەحمی لافاوەكەو راپێچی كردم بەرەو قوڵایی گەروی خۆی. ئەم جارەیان نەك هەر خەیاڵم بگرە جەستەشم لەناو ئەو قەرسیل‌و دەشتەڵانی بەهارەدا هەڵكێشاو هێنامیەوە ناو بنیادەمە دەمامكدارو درۆزن‌و زۆربڵێكان، لێرە شەهیدەكانیش, كە پاكژترین جەستەی ئەم كۆمەڵەن خۆپەرست‌و درۆزنن، ئەوان لەڕێگای پەیامی پەپولەدا نەڕۆیشتن یان لەڕێگای قڕكردنی شەمشەمەكوێرەدا گیانیان بەخت نەكرد.. بەڵكو بۆئەوەی هەریەكەیان جێ‌ دەرزییەكیان لەبەهەشت پێبدرێ‌ شەهید بوون. ئێرە وەكو مەملەكەتی هێڵ و رەنگەكان نییە، هەموو شتێك ئاوەژو بۆتەوەو پێچەوانە نمایش دەكات، ئەوەتانێ‌ كیژە پاكیزەییەكان دووانەیان دەبێت، یەكێكیان دەبێت بەقاوەچی یانەی پیاوكوژان‌و ئەویتر بەسوپاسالاری شەوكوتان.. هەموومان لەبەردەم شەوقی لۆكزو چرا بێ‌ نەوتەكاندا كۆڕی درۆو پیاهەڵدانی یەكدی گەرم دەكەین، لەگەڵا تارماییەكاندا هاوڕێ‌و لەگەڵا جەستە زیندووەكاندا دوژمن‌و باوەكوشتەین. ئینجانەكان دەشكێنین‌و گوڵەكان لەتابوتێكی ئاسنین دەنێین. بەسەرپشتی گوێزاندا لەپێشبڕكێیەكی ماراسۆنیدا بەرەو هەتاو هەڵدەكشێین، دوای ئەوەی كەناگەین بەڕووناكی بەدەست‌و پلی خوێناوی‌و سەری بڕڕاوەوە لەقوڵایی تاریكیدا تیزو گاڵتە بەیەك دەكەین. لەڕۆژە پیرۆزەكاندا لەجیاتی گەردن ئازادی‌و لێخۆشبوون تەون‌و داوی جاڵجاڵۆكە دەسازێنین.. تابووت‌و دارشەق بەدیاری بۆیەكدی دەنێرین. لەژێر ئاسمانی ئەم دەڤەرەدا بارانی سور دادەكات‌و لەجێگای گولیلكە سورەی بەهار كەلەسەرەكان سەردەردێنن..!! زۆری نەمابوو هزرم لەدەست بدەم, ببم بەقوربانی هەڵسوكەوتی بنیادەمە مشەخۆرو خۆخۆرەكان. بەڵام تاماوم قەرزاری ئەو ئاوازە بەسۆزو میهرەبانەم كە لە گەرویەكی سەرمەستەوە دەردەپەڕی, كەسەرجەم خەمەكانی منی لەپریاسكەیەك ناو بۆ خۆشم نازانم چیان بەسەرهات، منیش لەبەردەم ئەو ئاوازە خەم رەوێنەدا جەستەو رۆحی خۆم هەڵخست‌و جارێكیتر, بەڵام لەجاران سەرمەستتر هاتمەوە ناوجەستەی هێڵ و رەنگەكانەوە.. چومە ناو گلێنەو بیناییانەوە. رەنگە گەرمەكان, رەنگە ساردەكان, رەنگە بێلایەنەكان، هێڵە پان‌و باریكەكان, كورت‌و درێژەكان, هەموویانم بەسەركردەوە، چاوی یەك بەیەكیانم ماچ كرد. ئیتر لەخزمەتی هاووڵاتیانی ئەم شارە پڕ لەئەندێشەیەدا چ پێویستیم بە وشەو ژاوەژاو نەبوو، لەوێدا ئیستێكم كردو ئاوازێكی ناخۆش پەردەی گوێیەكانمی لەرانەوە، دەنگی ناوەختی زڕتە پیاوەكەی لەمەڕخۆمان بوو كە لەناو شایلۆغانی جەماوەردا دەیشیڕاندو كەف بەلاچەناگەیدا دەچۆڕایەوە.. خۆی كردبوو بەفریادڕەسی كرێكاران‌و پەنجەكانی رادەوەشاند, هەڕەشەی لەسەرجەم چارەنووسی مرۆڤ‌و مرۆڤایەتی دەكرد.. بۆ ئەوەی چیتر گوێ‌ بیستی ئەو درۆ زلانە نەبم، بەهەردوو دەست گوێی خۆمم داخست‌و پشویەكم بەگوێیەكانم‏دا. هەرلەخزمەتی ئەو جەستە بێدەنگانەدابووم، حەزم دەكرد بروسكەیەكی بەپەلەو بانگەوازێك بۆ هەموو وشەو دەنگەكان جاڕبدەم, كە لەدەورم كۆببنەوە, ئەوسا منیش كفنێكی رەش بكەمە باڵاپۆشیان‌و مەرگی وشەو دەنگەكان رابگەیەنم. نەمریش ببەخشمە نمایشی جەستە بێدەنگەكان.