مەڕۆ بۆ جەهەنەم میوانی من بە
وەرە با كۆتایی بەم جەنگەی ڕۆحمان بهێنین
خەریكە خۆشەویستی وێران دەبێ..
دڵمان بوو بە جۆگەلەیەكی خوێن و
بە خۆمان نازانین.
خەریكە ئەم چیرۆكەی نێوانمان
بۆ هەمیشە تەواو دەبێ..
چیرۆكێك
كە هەردووكمان تێیدا دەدۆڕێین..
بڕوانە جەنگی من و تۆ چەند بێ مانایە..
وەك بێمانایی جەنگی نێوان دەستەكان
شەڕی من و تۆ
بێماناترە لە شەڕی براكان
لەسەر ڕەنگی پێست..
لەسەر میراتێكی جێماو..
لەسەر دەسەڵاتێكی بیمار..
شەڕی من و تۆ
بێماناترە لە گریانی عاشقێك بۆ مەعشوقەكەی
دوای شووكردن..
شەڕی من و تۆ بێماناترە
لە بوونی بازگەی نێوان شارەكان..
ئەو بازگانەی هەرگیز لێمان ناپرسن
ئەرێ گەشتەكەتان خۆشە؟
دەتوانم بزانم ئێوە كام هەوارتان پێ قەشەنگە؟
ئەزیزم ئەم جەنگەی نێوانمان
خاڵییە لە مانا..
بێماناترە لە كوشتنی خوشكەكانمان
بە بیانووی شەرەف..
شەڕی نێوانمان
بێماناترە لە بیستنی زەنگی كڵێسا
بۆ مەرگی پیاوە گەورەكان.
دەزانم شەڕەكان هیچیان مانایان نییە
ئەوە مرۆڤە مانایەكیان پێدەبەخشێ..
ڕەنگبێ تۆ
هەرگیز گوزەرت نەكردبێ
بە ناو كێڵكە بەهەشتییەكانی مندا.
پێئەچێ تۆ..
هەموو شتێكت دابێتە دەستی بیرچوونەوە
دەنا لەم جەنگەدا
سەركردەیەكی هێندە دڵڕەق نەدەبووی
هەموو خەونە دیلەكانمت
بە مەرگ نەدەسپارد..
دەنا دەبوو لە ناو شیعرێكمدا
ماڵێكی جێگیرت هەبووایە..
ماڵێك تەنها هی تۆ
ماڵێك خاڵی لە رەقیب
خاڵی لە بەغیل و چاوی بەد..
دەنا ئیستا وا بێباكانە
خاڵی كۆتاییت بۆ ئەم چیرۆكە ئەزەلییە دانەدەنا..
لەم درەنگوەختی تەمەنەدا پێئەچێ
قەت بیرت لە پەڕەسێلكە نەكردبێتەوە
بۆ جوانكردنی ماڵەكەی..
تەنها جارێك سەیری ماڵی مێروولەیەكت نەكردبێ
لەكاتی كەوتنەخوارەوەی گوێزێك لە پاییزدا..
ڕەنگبێ لەگوڵەباغ وردنەبووبیتەوە
كە بەم هەموو دڕكانەوە
چەندان گوڵی جوان دەگرێ.
هەرگیز لە نازی شۆڕەبی نەگەیشتبی
لە كاتی لەرینەوەی لە چەما..
سەیرت بە سەرشێتی هەنگ بێت
كە بەهیچ گوڵێك ڕازی نییە..
دەڵێم.. ئەی خوێنڕێژترین ئەویندار
لەگەڵما وەرە با بچین بۆ شاری پەپوولە و
بتكەم بە گوڵ..
بابڕۆین بۆ ژێر هەمان درەخت
هەمان كورسی و
هەمان چیرۆك بگێڕینەوە..
لە پاڵما ڕێ بكە و
بە پەنجەی دەست هەموو شەقامەكان
لە زاكیرەمدا زیندوو بكەرەوە..
با بچین ببین بەهاوڕێی كۆتر و
لە دڵرەِقی باز نەڕوانین..
سەیری دڵی قەلەڕەش بكەین و
لە بێدەنگی كونەپەپوو بترسین..
سەیری میهرەبانی بولبول بكەین و
لە زیندان و دڵرەقی مرۆڤ نەڕوانین..
وەرەو با بە سواری شەمەندەفەرێكی بەناز و
دەسكێ گوڵی نازنازەوە
بچین بۆ هەتیوخانەیەكی بێناز..
با بچین تووڕەیی شەپۆل
لە نەرمی ئاو جیابكەینەوە و
بڕوانینە جۆگەلەیەكی جوان.
لەگەڵما وەرە
تا خانوویەكی جوان لە بەختەروەرترین
شەقامەكانی رابردوو
لە پیرەمێردێكی قسەخۆش بەكرێ بگرین..
لە ئێوارە نارنجییەكاندا
لە بالكۆنەكەوە دانیشین و
كاتژمێرەكانمان بوەستێنین..
سەیرکە رابردوو چەندە جوانە
رابردوو لە كتێبێكی دانسقە دەچێ
رابردوو پڕە لە ژیان
پڕە لە بیرەوەری
لە رابردوودا ماچ هەیە
خۆشەویستی هەیە
تووڕەبوون هەیە
دڵشكان هەیە
وەلێ رق نییە
كینە نییە
ماڵئاوایی نییە..
دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ رابردوو
لە سوچێكی پڕ لە ژیاندا دانیشم و
دووبارە لە خۆم بڕوانم..
دەگەڕێمەوە بۆ شەرمی ماچی لێوە نەرمەكانت
بە دزی پاسەوانەكانی پارك..
دەگەڕێمەوە بۆ شەوانی ساردی زستان و
نێو باوەشی گەرمی تۆ
سەر دەخەمە سەر ڕانەكانت و ئیدی ناڕۆمەوە..
هاوڕێ..
دڵت خۆش نەكەیت
بە شەوە شەرابییەكان..
ئەم وڵاتە پڕە لە شەڕ..
پڕە لە هەڕەشە..
پڕە لە رەهایی..
پڕترە لە نائومێدی
ئەم وڵاتە پڕاو پڕە لە پەشیمانی..
لێرە..
باوك پەشیمانە لە مەزنکردنی مناڵەكەی!
هەنگ پەشیمانە لە گەڕان
بەسەر گوڵەكاندا..
پەپوولە پەشیمانە عاشقی گوڵە!
ماسی پەشیمانە
لە چوونی بۆ ناو تۆڕ.
عاشقان هەمیشە پەشیمانن
لە خۆشەویستی مەعشوقەكانیان
پێدەچێ..
پەشیمانی دوا وێستگەی ئێمە بێت.
خودایە گەر پەشیمانی نەبووایە ژیان چۆن دەبوو؟!