لە كۆمەڵە شیعری (تەنیایی سەر لە بەیانی ناونیشانەكانی گۆڕی)

 
خەیاڵ منداڵێكە شۆخ
(1)
قەسیدە دەقێكە، كراوە
بەسەر تەنیاییدا
(2)
تەنیایی دەرگایەكە
واڵا بەسەر بۆشاییدا
(3)
بۆشایی لانەیەكە بێ‌ زیان و
دواین وێستگە بۆ شاعیران
(4)
شاعیران منداڵی بچووكن
خۆیان لە گژوگیای زمان تێر دەكەن، ئینجا گەشت دەكەن
(5)
گەشتتیار پاڵەوانێكە كەشخە
ئافرەتە جوانەكان هیلاك دەكا
بەدوای بەختیارییدا
(6)
بەختیاریی منداڵێكە لە مۆم
بڕوا بە خۆر دەهێنێ‌، ئینجا دەتوێتەوە
لە سندوقەكانی پۆستەدا
(7)
پۆستە نامەیەكی هەڵواسراوە، لەنێوان دوو عاشق
دەستی بەسەرداگیراوە، بۆ ماچێكی تەڕ
(8)
تەڕیی سەرهاتی بەیانییەكە
پێشبینی قەسیدەی سالوكەكان دەكا
(9)
سالوكەكان هۆزێكن لە خانەدانان
بڕوایان وایە نان بۆ هەمووانە و
شیعریش بۆ دڵپاك و دانایان
(10)
دانایی فرمێسكێكە دنیا دەكا بە ڕووبار
خۆر ڕاودەنێ‌، بە كڵاوی منداڵی
(11)
منداڵیی جۆلانەیەكە ناجولێ‌
بەو پیرانە نەبێ‌، كە هەمیشە پاسەوانی
خەیام دەكەن، لەبەر قەسیدەكانی
(12)
قەسیدەكان بۆمبی گڕگرتوون
بە گرانی بەرەو شەڕكەرە بچووكەكان تلدەبنەوە
لە بورجی خەیاڵ
(13)
خەیاڵ منداڵێكە شۆخ
حەز لە هاوڕێیی ئافرەت دەكا
(14)
ئافرەت نەخشەی دڵكرانەوە و
ژووانی ڕێكوپێكە لەگەڵ قەسیدەدا
(15)
قەسیدە تەڵەی ئەوانەیە، كە گوزەر دەكەن
بە باخچەی بیرچوونەوە و شادیی
(16)
شادیی چەكی شاعیرانە
بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنیایی و سارا
(17)
سارایی بەهەشتێكە میوانداری دەنگی وشەكان دەكا
دڵخۆشە بە خوێندنەوەی منداڵانەی خەونبین
(18)
خەون سەرهاتێكە خوار دەبێتەوە
شەو ماڵی دەكا، بە وشەكان
(19)
وشەكان پەپوولەن، بەهاران ناونیشانەكانیان
ون دەكەن و دەچنە سەفەر
(20)
سەفەر شكۆی خانمێكی چل ساڵانە
بە ئاگاییەوە كەزی ڕێك دەخا
بە لێوردبوونەوە لۆركا دەخوێنێتەوە، بەر لە نووستن
(21)
نووستن گالیسكەیەكە كەشخە
قەسیدەكان بەدوای خۆیدا ڕادەكێشێ‌، بە شەو
(22)
شەو ئەفسانەی پیری سێبەرە
حیكایەتەكانی باپیرە دایدەهێنێ‌
لە كێڵگەكانی زمانێكی دوور
(23)
دووریی پۆستەچییەكی شەرمنە
تۆزێ‌ لە ژووانی ئەو ئافرەتە دوادەكەوێ‌
(24)
ئافرەتەكە لەبێ بازاڕی ڕەشدەچتەوە
چێژ لە وەسوەسەی شاعیران دەبینێ‌
پەرۆشی بەزینی ئەو منداڵەیە، كە لەناوی دەلاوێتەوە
(25)
شوێنی لاوانەوە نیشتمانێكی بچووكە لە وشەكان
هاوسەرگیری لەگەڵ با و باران دەكا
(26)
باران نەوڕەسێكە مەیلی سەفەر دەكا
لەسەر كوڵمی ئافرەتەكە دەنوێ‌.
قەسیدەكانی شەیدایی و گەردەلول
1- ئافرەت:
ئافرەتێك بەبێ‌ ڕێپێدان بە قەسیدەیەكدا هەڵدەگەڕێ‌
زمان دەكەوێ‌
شاعیر جوانی خۆی بە تەپوتۆزی تەنیایی دەچنێ‌
منداڵی لەخەو ڕادەبێ‌
زمان و منداڵی دوو هاوڕێن
لە ژێر بنمیچی پەڵەیەك هەوری ماندوو دەخولێنەوە.
2- گەردەلول:
هەموو ئافرەتێك لە دڵیدا
گەردەلولێكی لە گوڵان حەشار داوە
بۆمبایەك و گوڵەگەنمێ‌
بە تەنیا منداڵە بچووكە شەیداكە
ژووانی ئافرەتە سەربەگێچەڵەكان
لە دەفتەری ئیملا دەسڕێتەوە
بە تەنیا شاعیرانی ئاشقیا.
3- شەیدایی:
لە دڵێكی كراوە بۆ شەیدایی
دوو دەست نیگاری مردنێك دەكێشن، بەرلەوەی دواخرێ‌
منداڵێك پاسەوانی مانگ دەكات بۆ ئەوەی بەتەنیا نەخەوێ‌
بەشەو شاعیرێك قەسیدەكانی بە قاچاغ دەبا
نەوڕەسێك رەهەندەكانی شینی كۆ دەكاتەوە و
مانگ رەها دەكا
شاعیر و دەریا دوو هاوڕێن
دەریا سیخوری بەسەر سپێتی سارادا دەكا.
+++

 
سەرچاوە:
ئەحمەد دمناتی، تەنیایی سەر لەبەیانی ناونیشانەكانی گۆڕی، شیعر، لە بڵاوكراوەكانی یەكێتی نووسەرانی مەغریب، ربات، 2011، ل11-17.
 
- شاعیر و رەخنەگر، لەدایكبووی 1966/تەنجە، لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە لە گۆڤار و رۆژنامە مەغریبییەكان بەرهەمەكانی خۆی بڵاو كردۆتەوە و هەتا ئێستا بەردەوامە، خەڵاتی ناجی نوعمانی ئەدەبی لە بواری شیعر لە لوبنان بەدەستهێناوە. لە شاری "تەنجە" خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی تەواو كردووە، بڕوانامەی لە ئەدەبی عەرەبی ساڵی 1992 لە كۆلیژی ئەدەب و زانستە مرۆییەكانی زانكۆی (عەبدالمەلیك سەعدی) لە (تەتوان) بەدەستهێناوە، یەكەم كۆمەڵە شیعری بەناونیشانی (بە شەیدایی دەریا، خۆشمدەوێیت، قاهیرە، 1996 بەچاپ گەیاندووە.