هەریەك لە شەوقى ئەبى شەقرا و محەمەد ماغوت بە دوان لە نوسەرو شاعیرە گەورەكانى نێو كایەى ئەدەبى عەرەبى هەژمار دەكرێن. یەكەمیان ساڵێك لە دوەمیان بچوكترەو هەتاكو ئێستا لە ژیاندا ماوە، دوەمیشیان ساڵى 2006 بەهۆى نەخۆشییەوەو لە ساتەوەختى پەیوەندییەكى تەلەفۆنی لەگەڵ كەسێكى ناسراوى خۆیدا دڵى لە لێدان دەكەوێت. ئەبی شەقرا زیاتر كارى لەسەر سوریالییەت كردوەو ماغوت-یش بە پێشەواى پەخشانە شیعر دادەنرێت. ئەم وتارە سەرەڕاى ئەوەى ئیشكردنە لەسەر لایەنێكى بچوكى ژیانى ئەو دو نوسەرو شاعیرە لە هەمان كاتیشدا هەوڵدەدات لەسەر دوالیزمەى هەڵوەشانەو سوریالییەت لاى ئەو دو نوسەرە بوەستێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هەردوكیان روكنێكى دیارى گۆڤارى (شیعر) بون كە بێجگە لەوان هەریەك لە (ئەدۆنیس، یوسف ئەلخال، و ئونسى ئەلحاج)یش قوتبێكى گەورەى ناو ئەدەبیاتى عەرەبى و ئەو گۆڤارە بون. 
 
 
 شەوقى ئەبى شەقرا:
 
 
 شاعیرێكى لوبنانییەو ساڵى 1935 لە بەیروت لەدایكبوەو وەك پێشتر ئاماژەى پێدرا یەكێك بوە لە نوسەرە دیارەكانى گۆڤارى (شیعر). ژمارەیەكى زۆر لە شاعیرو نوسەرو رەخنەگرە بەناوبانگەكانى عەرەب دەربارەى (ئەبی شەقرا) وتاریان نوسیوەو لەساڵى 2008ەوە هەتاكو ئێستا بەشێوەیەكى بەردەوام لە بڵاوكراوەى (الغاوون)دا كە دەزگاى روناكبیرى (الغاوون) دەریدەكات گۆشەیەكى ئەدەبى هەیەو لە نێو دیوانە بەناوبانگەكانیشیدا دەتوانین ئاماژە بە سىَ دیوانى بدەین كە ئەوانیش بریتین لە: (تورەكەى هەژاران، هەنگاوەكانى پادشا، و سمۆرەیەك لە تاوەرێكەوە دەكەوێتە خوارەوە). ئەبى شەقرا سەرەڕاى ئەوەى خۆى شاعیرێكى گەورەى عەرەبە بەڵام سەرسامییەكى زۆرى هەیە بەرانبەر بە محەمەد ماغوت. زۆرێك لە مێژونوسان و روناكبیرانى بزاوتى رۆشنبیرى لە رۆژئاوا لەسەر ئەوە كۆكن كە میتۆدى بونیادگەرى لە پەنجاكانى سەدەى رابردودا لە فەرەنسادا لەگەڵ بڵاوبونەوەى كۆمەڵێك كتێبى ئەنترۆپۆلۆژیى (كلۆد لیڤى شتراوس)دا سەریهەڵداوە. هەر ئەو روناكبیرو مێژونوسانە پێیانوایە بونیادگەرى بۆ ئەوە هاتۆتە ئارا كە بۆشایى داڕمانى فەلسەفەى بونگەرا پڕبكاتەوە. ئەبى شەقرا یەكێكە لەوانەى ئیش لەسەر شتراوس دەكات بەوەى میتۆدى ئیشكردنى شتراوس لەسەر فیكرەیەكى ساكار بونیادنراوەو چەند كۆڵەكەیەكى عەقڵانى نێو دەرەوەى هەست دەیجوڵێنێت و لەرێى زمانەوە ئیش لەسەر لایەنێكى مرۆڤایەتى كتومت دەكات. بە واتایەكى دى ئەم فیكرە پشتبەستوەى لاشعور (رۆلان بارت) لەكایەى رەخنەى ئەدەبیدا بەكاریدەهێنێت و (جاك لاكان) لە مەیدانى راڤەى سایكۆلۆژیدا ئیشى لەسەر دەكات و (لویس ئاڵتۆسێر)یش بۆ راڤەكردنى رەخنەییانەى ماركسیزم سودى لێوەرگرتوەو (جاك درێدا)ش بۆ داڕشتنەوەى تیۆرە بەناوبانگەكەى سەبارەت بە هەڵوەشانەوەى دەق سودى لێوەرگرتوەو دواجار (ئەبى شەقرا) لەرێى زمانە شیعرییەكەیەوە بەردەوام ئیش لەسەر ئەو هەڵوەشانەوەیە دەكات، ئەگەرچى هەڵوەشانەوە زاراوەیەك بو درێدا لە (هایدگەر)ەوە میتافۆڕى كردبو. ئەو زمانەى ئەبی شەقرا پێى دەنوسێت لێوانلێوە لە سوریالییەت، پێدەچێت لەناو نوسەران و شاعیرانى عەرەبدا بێجگە لە نوسەرانى (گروپى كەركوك) لە عێراق كە بەردەوام یارییان بە زمان كردوە ئەبى شەقراش یەكێك بێت لەوانەى بەو خاسیەتە شیعرەكانى دەناسرێتەوە. كاریگەرى محەمەد ماغوت-ى هاوڕێى وایلێدەكات لەم ساڵانەى كۆتاییدا یەكەمین كتێبى سەبارەت بە پەخشان بە ناوى (شۆفێرى دوێنىَ لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێت) بڵاوبكاتەوە. كتێبەكە كۆمەڵێك دەقى بارگاوى بە رۆح و شیعرەو زمان و شێوازى ئیشكردنى سوریالییەكانیش هەندێك لە جوگرافیاى كتێبەكە داگیر دەكات. لە وەڵامى پرسیارى رۆژنامەنوسێكدا سەبارەت بەوەى كە هەمیشە لە تەفسیرى شیعرەكانى رادەكات ناوبراو دەڵێت: بەشێكى خەڵك وا دەزانن من گەمە دەكەم، بەشەكەى تریان گومان دەكەن، من بە شێوازى خۆم سەبارەت بە وڵاتەكەم دەنوسم، نەك بە راى تۆ، لەبەرئەوە قەسیدە روپێوییەكى زانستى و تۆپۆگرافى نییە بەڵكو موخاتەبەیەكى مرۆڤایەتى تایبەتە. بەشێكى زۆرى قەسیدەكانى ئەبى شەقرا سەرەڕاى ئەو لایەنانەى قسەیان لەبارەوە كرا لێوانلێون لە حوزن و ئازارى مرۆڤایەتى. لە زۆربەى قەسیدەكانیدا (راناوى كەسى سێهەمى كۆ) بەكاردەهێنێت بەڵام كاتێك خیتابى شیعرى لە (راناوى كەسى یەكەمى تاك) رزگارى دەبێت ئەو هۆشیارییە ئێستاتیكییەى لە دەقەكەدا بەدیدەكرێت دەبێتە هۆشیارییەكى خودیى و تاك هەرچەندە لە سەرەتادا بە شێوەى كۆ هاتوە. هەڵوەشانەوە لە بناغەدا لاى درێدا و ئەبى شەقرا-ش بزوتنەوەیەكى بونیادى و دژە بونیادییە لە هەمان كاتدا، بە وتەى درێدا بونیاد تەفسیرى هیچ ناكات و هەڵوەشانەوەش لە روى ماهییەتەوە رێگەیەكى سادەو ساكارى راڤەكردنەو دورتر لە فیكرى رەخنەگرانە هەنگاو دەنێت. ئەو دیوە سوریالییەى لە شیعرەكانى ئەبى شەقرادا دەردەكەوێت زیاترە لەو دیوەى كە هەر شاعیرێك دەیەوێت لەبارەى ئەزمونى شیعرى و منداڵییەوە بدوێت، ئەو دێت بە زمانێكى شیعرى هەمو سنوردارى و لەقاڵبدانێك بۆ شتەكانى چواردەورى تێكدەشكێنێت. شاعیر لەنێو دەقەكانیدا فەوزایەك دەخوڵقێنێت كە ئاسان نییە رەخنەگر بەسەرى بكاتەوە چونكە لە پاڵ هەڵوەشانەوەو سوریالییەت و بونیادنان و تێكشكانى زمان و سیستەمە بونیادگەراییەكەیدا دۆخێك دەخوڵقێنێت كە زۆرجار رەخنەگر ناتوانێت بە ئاسانى بەسەر قوتابخانەیەكى شیعریدا پۆلێنى بكات. خوێنەر لەكاتى خوێندنەوەى شیعرەكانى ئەبى شەقرادا واقى وڕدەمێنێت بەوەى كە شاعیر چۆن تواناى كۆكردنەوەى شتگەلێكى دژ بەیەكى هەیەو چۆن لە رێى ئەو زمانە شیعرییە یاخییەوە ئەو هەمو ئەفراندنە دەكات!!. دواجار، شەوقى ئەبى شەقرا شاعیرێكە لە داهاتودا دەنوسێت نەك لە ئێستادا.
 
 محەمەد ماغوت:
 
 محەمەد ئەحمەد عیسا ئەلماغوت، شاعیرو نوسەرێكى سورییەو لەساڵى 1934 لەدایكبوەو لە تەمەنێكى كەمى منداڵیدا بەهۆى هەژارییەوە وازى لە خوێندن هێناوە. سەرەڕاى دونیاى شیعرو نوسین، لە بوارى رۆژنامەنوسیشدا كاریكردوەو یەكێك بوە لە دامەزرێنەرانى رۆژنامەى (تشرین)و ماوەیەكیش سەرنوسەرى گۆڤارى (شورتە) بوە. رۆمان و شیعرو دەقى شانۆیى و پەخشانە شیعرى نوسیوە. محەمەد ماغوت بە یەكێك لە شاعیرە ناسیۆنالیستە دیارەكانى عەرەب دەژمێردرێت و پێشتریش لە حزبى نەتەوەیى كۆمەڵایەتى سورى-دا كاریكردوە كە حزبێكى ركابەرى حزبى بەعسى عەرەبى سورى بوە. لەو كاتەدا كە سەرەتاى كارى حزبى بوە، بارەگاى حزبى بەعس دور بوە لە ماڵى ماغوت بەڵام بارەگاى حزبە نەتەوەییەكە نزیكى ماڵى خۆیان بوە. كاتێك بۆ یەكەمینجار دەچێتە نێو بارەگاى ئەو حزبە دەبینێت زۆپاى تێدایەو دەچێت خۆى گەرم دەكاتەوەو حەز لەو زۆپایە دەكات. حەزى ناوبراو بۆ خۆگەرمكردنەوەو زۆپاى بارەگاكە وایلێدەكات بچێتە ناو ئەو حزبەوە بەڵام پاش ماوەیەكى كەم و لە ساڵانى شەستەكانى سەدەى رابردودا پاش ئەوەى زیندانى دەكرێت بەهۆى بونى ئینتیما بەو حزبەوە ئیدى دەستلەكاردەكێشێتەوەو ریزەكانى بەجێدەهێڵێت و دەبێتە جوتیار، كە ئەوە یەكەمین هەڵسوكەوتى سوریالییانەى ماغوت-ى شاعیرەو دواتریش ئەو رێبازە هونەرى و ئەدەبییە زاڵ دەبێت بەسەر بەشێك لە كارەكانیدا. سەرەتاى كارە ئەدەبییەكانى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەى لە زینداندا بوەو هەر لە نێو بەندیخانەدا (ئەدۆنیس)ى شاعیر دەناسێت و بەهۆى ئازارى ناو بەندیخانەوە لە یەكێك لە قسە بەناوبانگەكانیدا دەڵێت: ئەگەر ئازادى بەفر بوایە ئەوكاتە بە روتى دەخەوتم. سەرەڕاى ئیشكردن لە دونیاى سوریالییەتداو پاشان ئینتیماى ناسیۆنالیستى، هێڵە گشتییەكانى كارە ئەدەبییەكانى ماغوت بەوە جیادەكرێنەوە كە رەخنەیەكى توندن سەبارەت بە كەلەپورو ئایدیاى نەتەوەپەرستى و ئیشكردنى بەردەوامن لەسەر هەڵوەشانەوەى میتافیزیكیاى رۆژئاوا. هەڵوەشێنەرێكى دى كە كاریگەر بوە بە درێدا (محەمەد ئەرگۆن)ە كە لە رەخنەكانیدا بە ئاراستەى فیكرى ئیسلامی و ئەسڵى ئەو فیكرەیە ئیشیكردوەو ئەو فیكرەیە دەخاتە بوارى رەخنەو هەڵوەشانەوەو عەلى حەرب-یش هەر لەو بوارەدا لەناو عەرەبدا دیارترینە. لێرەدا محەمەد ماغوت پاش خوێندنەوەى محەمەد ئەرگۆن و عەلى حەرب لە وتەیەكى ترى بەناوبانگیدا دەڵێت: من هیچم لە پێغەمبەر كەمتر نییە جگە لە ریشێك و گۆچانێك و بیابانێك. ئەمەش رویەكى ترى ئیشەكانى ماغوت پیشاندەدات كە وەك كەسێكى سێكولاریست دەردەكەوێت. ماغوت هەروەكو شەوقى ئەبى شەقرا دەڵێت: لە شیعرى عەرەبى نوێگەرى و شیعرى سورى جیاناكرێتەوە. ئەگەر سەییاب و نازیك ئەلمەلائیكە بە پێشەواى شیعرى نوێى عەرەبى دابنرێن، ئەوا ماغوت بە پێشەواى پەخشانە شیعرى عەرەبى دادەنرێت. سەرەڕاى ئەوەى ماغوت رۆشنبیرییەكى لۆكاڵى هەبوەو زمانێكى ترى بیانى نەزانیوەو لە زانكۆكانى كامبریدج و ئۆكسفۆردو سۆربۆن نەیخوێندوە بەڵام جەبرا ئیبراهیم جەبرا هیچ لەوە دودڵ نەبوە كە نەیخاتە ریزى شاعیرانى ئیشكردو لەسەر بزاوتى ئەنگلۆسەكسۆنی كە بریتیبون لە شاعیرگەلێكى وەك (تۆفیق سائیغ، یوسف ئەلخال، ئیبراهیم شوكروڵا، و خودى خۆى "جەبرا ئیبراهیم جەبرا"). شاعیر لە شیعرەكانیدا قوڵاییەكى ماغوتى تێدا بەدیدەكرێت، ئەو قوڵاییە تایبەتە بە خۆى. ئیشكردنى ماغوت لەسەر سوریالییەت و نەبونى ئینتیمایەكى روت، لە زۆربەى كارە ئەدەبییەكانیدا بەدیدەكرێت بە تایبەتى شیعرو دەقە شانۆییەكانى. وێنایەكى قوڵى دیاردە مەئلوفەكانى كۆمەڵگە دەكات و لە یەكێك لە شیعرەكانیدا كە تەرزێكى سوریالى لەخۆ دەگرێت دەڵێت: من باڵندەیەكى گوندم/ وشە لاى من قازێكى سپییەو/ گۆرانیش بێستانێكى فستقى سەوزە. خاسیەتى پەخشانە شیعرەكانى ماغوت لاسایى كردنەوەى هیچ كەسێكى پێوە دیار نییە، هەڵقوڵاوى دونیابینینى خۆیەتى. ئەوەى ماغوت بە شیعر پیشانیداین زەكەریا تامر بە كورتە چیرۆك ئیشى لەسەركردوەو خاڵى هاوبەشی هەردوكیشیان بێجگە لە نوسین، پرۆسەى ژیانكردن بوە لەنێو ژینگەى سورى-دا. لەسەر دەستى دو نوسەرو شاعیرى یاخیى وەك ماغوت و زەكەریا تامر پەخشان و پەخشانە شیعرو كورتە چیرۆكى سورى چونە قۆناغێكى باڵا و كۆدێتایان بەسەر نوسەرانى وڵاتانى ترى عەرەبیدا كرد. ماغوت لە زیاد لە كایەیەكى ئەدەبیدا كاریكردوەو كاركردنیشى لەسەر فەلسەفەى هەڵوەشانەوەو رێبازى ئەدەبى سوریالیزم پێدەچێت لە رێككەوتێك زیاتر هیچى تر نەبێت. شاعیر لە شیعرەكانیدا نابەسترێتەوە بە هیچ قوتابخانەیەكى ئەدەبییەوەو بە چەشنى ئەبى شەقرا ئیشكردنى رەخنەگر لەسەر بەرهەمە  ئەدەبییەكانى بە كارێكى قورس دەزانرێت. دواجار، بە هاتنى ماغوت پەخشانە شیعر لە سیستمى پشتبەستو بە شیعرى ئازاد دێتە دەرىَ و ئیدى لە خودى ماغوتەوە دەستپێدەكات و بۆئەوەى لە ماغوت-یش تێبگەین دەبێت هەر ماغوت بخوێنینەوە.
 
سەرچاوەكان:
1. شوقي أبي شقرا في ثياب سهرة الواحة والعشبة، صالح دياب. مجلة نزوى الادبية و الثقافية، العدد السابع و الثلاثون. تموز- 2009. 
2.  النقاد الحداثيون العرب في مهب التفكيك، موريس أبو ناضر. شبكة الادب و اللغة، الاربعاء، 30/3/2011. 
3. محمد الماغوط، رائد قصيدة النثر و مبدعها الكبير، عزيز العرباوي. شبكة الادب و اللغة، الاربعاء، 21/7/2010. 
4. شوقي أبي شقرا: سريالي لم تفارقه المذكّرة الريفيّة، حسين بن حمزة. جريدة الاخبار، العدد 1572 الاثنين  28 تشرين الثاني 2011. 
5.  وسيط النثر، أداء الشاعر، وجدل القصيدة (محمد الماغوط 1934-2006)، صبحي حديدي. موقع جهة الشعر.