بەپێی خەمڵاندنە ڕەسمییەكان بە هاتنی ساڵی 2015 ژمارەی دانیشتوانی نیشتمانی عەرەب دەبێت بە 450 ملێون كەس، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە عەرەبەكان گەشەیان لە هەموو گەلانی سەرزەوی زیاترە، و تێكڕایی لەدایكبوونیشیان بەرزترە، سەرەڕای ئەو بارودۆخە قورسەی ژیانیش كە هەر دەوڵەتێك لەو دەوڵەتانە تیایدا دەژین و سەرەڕای ئەو مەرجە قورسانەشی كە دەدرێت بۆ دابینكردنی خواردن و وەزیفە و خۆشبەختی بۆ ئەو ژمارەی زۆرەی مرۆڤ.
لەگەڵ زیادبوونی ئەو ژمارەی زۆرەی عەرەب كەچی چاپخانەكانیان زیاتر لە هەزار نوسخەی كتێبێكی تازە چاپ ناكەن، كە ئەمەش ژمارەیەكی شەرمەزارە بۆ نەتەوەیەك كە خەریكە دەبێت بە نیو ملیار كەس .
خانەكانی پەخشی عەرەبی لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە زیاتر لە هەزار نوسخەی كتێبێك چاپ نەكەن، چونكە لەوە دڵنیان كە نیوەی ئەم ژمارەیەی كتێبەكان دەگەڕێنەوە بۆ كۆگاكان بۆ ئەوەی بە تەنیشت كتێبەكانی دیكەوە دابنرێن، هەر بۆیە ئەمە وا پێدەچێت موغامەرەیەكی فاشیل بێ لە كۆمەڵگایەكدا كە نەدەخوێنێتەوە و نەهاوڕێیەتیش لەگەڵ كتێبەكاندا دەبەستێ.
لەبەرئەوەی پێوەرەكانی خوێندنەوە لەلای عەرەبەكان ناڕۆشنە، ئەوا پێوەرێكی دیكە ڕۆڵێكی سەلبی دەگێڕێت لەم كۆمەڵگا زەبەلاحەدا، بەجۆرێك هەزاران كتێبی ئاست نزم و بێ مانا دەفرۆشرێن، و ژمارەی چاپەكانیشی دەگاتە بیستەهەمین چاپ، كە ئامادەشە بەردەوام بۆ بەرزبوونەوە، بەتایبەت ئەو كاتەی كە كتێبەكە ژنێك نووسیویەتی. بۆ نموونە ئێستا پرسیاری باو لەلای نەوەی گەنج ئەمەیە:
ئایا كتێبەكەی (ئەحلام موستەغانمی)یت خوێندۆتەوە، یاخود كتێبەكەی (ڕەجا سانع) ، تەنانەت بێ ئەوەی ناوی كتێبەكەش بهێنن، هەر بە تەنهاش ناوی نووسەرەكە بەسە بۆ ئەوەی لە پرسیارەكە بگەیت.
بەشێوەیەكی گشتیش ئەو كتێبانە لە هێلكەی كەڵەشێر دەچن، یا ئەوەتا كتێبێكی هەتیون یاخود كتێبێكن دووبارەكەرەوەی ئەوانەی پێشووترن.
ئەگەر ئەوە مایەی شەرمەزاری بێت كە عەرەبەكان زیاتر لە هەزار نوسخەی كتێبێكی تازە چاپ ناكەن، ئەوا شەرمەزاری گەورەتر ئەوەیە كە نووسەرێكی نادیار و تازەپێگەشتوو زیاتر لە (فاتیمە مەرنیسی) بەناوبانگترە، بەڵكو لەوانەشە لەلای خوێنەرانی هێلكەی كەڵەشێرەكە نەناسراوبێت (مەبەست لە فاتیمەیە)، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خوێندنەوە بەشێوەیەكی هوشیارانە و مەعریفە ئەنجام نادرێت بەڵكو لە غەریزەیەكی یەكلاكەرەوە دەچێت.
كێشەی خوێنەری عەرەب ئەوەیە كە مەحكومە بەچەند هۆكارێكەوە كە لەدەرەوەی مەعریفەوەیە، ئەگەر نرخی كتێبەكان كێشەیەكی گەورەبێت، ئەوا دەیەها شتی كەمالیاتی دیكە هەیە كە نرخەكەی نابێت بە كێشە بۆ عەرەبەكان.
هەروەها خوێنەری عەرەب پەیوەستە بە وەرزی پێشانگاكانی كتێب نەوەك بە زۆریی كتێبخانەكانەوە و بە تەنها جیاوازیكردنێك لە نێوان بوونی كتێبخانەیەك یاخود بوونی چاخانەیەك ڕەنگە كارێكی زاڵمانە بێت بە نیسبەت هەردوولایانەوە، چونكە كتێبخانە هونەری مەعریفەیە، بەڵام چاخانە هونەری لەدەستدانی كات و كوشتن یاخود بەهەدەردانی زەمەنە، ئەمە لەو هۆكارە كۆمەڵایەتیانەش گەڕێین كە هاندەری خوێندنەوە یاخود بەهەندوەرگرتنی كتێب نین.
بە ملیونەها ماڵی عەرەبی هەیە كە دۆڵابێكی بۆ كتێب تیادا نییە ،كەچی ماڵی عەرەبی نییە خاڵی بێت لە تەلەفزیۆنێك كە بەردەوام ئەندامانی بنەماڵە بەدەم خواردنی میوەوە كەناڵە فەزاییەكان دێنن و دەبەن.
چاپكردنی هەزار نوسخەی هەر كتێبێك بۆ زیاتر لە چوارسەد ملیۆنەكەس وا دەكات مرۆڤ بەزەیی بەخۆیدا بێتەوە، چونكە ئەوە ئیسرائیلە بەتەنیشتمانەوە كە لە هەر كتێبێكی وەرگێڕدراو بیست هەزار نوسخە چاپ دەكات، چجای كتێبە عیبرییەكان. بەراستی ئەمەش كارێكە مایەی بەزەییە.
* لەژمارەی رۆژی 8-2-2012ی پاشكۆی (كاكێشان)ی رۆژنامەی كوردستانی نوێ دا بڵاوبووەتەوە
سەرچاوە: سایتی (البیان)