لە تەختەكەمدا جێنگڵان دەدەم، یادداشتەكانى بیرم لێكدەدەمەوە، بیرە پەرێشان و شێتەكان زەخت بۆ مێشكم دێنن، پشتى سەرم دێشێت، بروسكى پێدادێت، لاجانگەكانم داغ بون، لە خۆم دەئاڵێم، لێفەكەم دەكێشمەوە سەرخۆم و بیر دەكەمەوە- ماندو بوم.. چەندە خۆش دەبو توانیبام كاسەسەرى خۆم كردباوەو هەمو ئەم كۆما بۆرە پێچاوپێچەى كەللـەم دەرهێناباو فڕێم دابا، فڕێم دابا بەر سەگ.
سادقى هیدایەت- زیندەبەگۆڕ
دەقى شیعرەكە:
بە حەرفێك كە زاكیرەم دەخاتە هەلهەلە.. من هاتبوم
بە بەستنى نوشتەیەكى یەخەى كراسەكەم، دایكم وتى: بارەكەڵا
من لێرەدا.. دەبێت بڕۆم
لە غەوغاوە هەتا سكوت
لە زیندەگى هەتاكو مەرگ
هاتنم چەشنى باوێشكى حەماڵێك بو لەژێر داروپەردوى كوخێكى چۆڵ
بە وێنەى كلكەقوتێى پشیلەیەك بۆ پلێك گۆشت
رێك هەروەكو دەنوكى قەلەڕەشێك لەناو جەستەى نێچیرێكدا.. ماندو دەبوم
من ماندو بوم..
بە ئیقتیباسى وشەیەك لە بۆنى مەرگ خوێنم لێدەچۆڕا.. عەجەب یاران
لەناو دوكەوانەدا (نائومێدم) قسەى بەردەوامى من بو
من ئیتر بەردەوام سوێند دەخۆم
بە تەقلەى هەڵگەڕاوەى شەمشەمەكوێرە لە ئەشكەوتدا
بەسەرى خواروخێچ و چاوى كزى كوندەپەپو لەسەر دارێكى كلۆر
بە مێشێكى گیرخواردوى ناو تۆڕى عەنكەبوت
بە گردبونەوەى قالۆنچە لەسەر نانێكى رزیو
بە قاڕەى قەلەڕەشێك لەسەر كەلاكى تۆپیو
بە فڕێدان و وێڵكردنى ماسى بە شەپۆلى ساحیل
بە لورەى گورگ لە گوندێكى دورە دەست
بە سەڵیبى بەردەم ناقوسى كەنیسەیەك
بە قورئانێك لەسەر تاقى تۆز خواردوى مزگەوتێكدا
بە هەمو ئەمانە قەسەم
بە مردوەكانى تەنیشت قەبرە شێدارەكەى خۆم دەڵێم:
سڵاوتان لێبێت .. سڵاو
وەداعى من لاى زیندوان.. بۆ هاتنە حزورى ئێوە
كەمێك لە زاكیرەى كوشتم
من دەلیلى بەحرو سەحرام
رێم وێڵ مەكەن
خەریتەى من پێچاوپێچە بۆ گۆڕستان
ئاخر چى بكەم
گۆڕى هەر یەكێكتان بگریت
بە رێگایەكى بەرزو نزم
بە تۆپۆگرافیایەكى سەقەت
هەروەك یارى مارو پەیژە
لە خانەى یەكەوە تاكو سەد
ماندوم دەكات و مار دەمخوات
پەیژەكانیش..
پلێكى شكاو.. پلێك رزیو
هەر دەكەوم..
من ماندو بوم..
بەر لە وەداع
باش دەزانم
بۆ گەیشتن بە قەبرى خۆم
دەبێت بە قیبلەنماو خەریتەیەكى دڕاوەوە
بست بە بست پێچ بكەمەوە
ئادەى لاچن
هاتوم لە تەنیشت ئەو كێلە شكاوە
هەتا ئەبەد
تێر بخەوم
هەتا ئەبەد.. بەڵىَ ئەبەد
هەر دەخەوم
بە ئیقتیباسى وشەیەك لە بۆنى مەرگ
هەر دەخەوم.. هەڵناسمەوە