قەیرانی وەڵام، جەوهەری سەردەمی مۆدێرنیتە، كە عەقڵە، دەخاتە ژێر ڕووناكی گومانەوە. مەبەست لە سەردەمی مۆدێرنیتە، ماوەی نێوان ڕێنیسانس و شۆڕشی فەڕەنسایە. بۆچوونی جیاجیا هەن لەمەڕ ئەو سەردەمە. هەندێ لە نووسەران سەردەمی ئەمڕۆش بە سەردەمی مۆدێرنە لە قەڵەم دەدەن. هەندێكی تر دەڵێن لەگەڵ داهێنانی ئامێری چاپ مۆدێرنیتە هاتە پێشەوە. كۆمەڵەیەكی تر دەیبەستنەوە بە دۆزینەوەی ئەمەریكا لەسەر دەستی كریستۆڤەر كۆڵۆمبس لە سەدەی پازدەهەم. هەندێكی تر دەڵێن گالیلۆ فاكتەری هاتنە پێشەوەی مۆدێرنە بووە ....هتد .
مۆدێرنە ئێستا تەنها باسێكی فەلسەفی نییە و خۆی خزاندۆتە نێو كاری بیرمەندانی زانستە مرۆییەكان، سەرەڕای بۆچوونە جیاوازەكان.
میشێل فۆكۆ پێیوایە تاوەكو ئێستا بەدیلی وشەی مۆدێرنە لە زمانی فەڕەنسی روون نییە. فۆكۆ بە جۆرێك قسە لەسەر مۆدێرنە دەكات كە لەگەڵ پێناسەی مێژوونووسان بۆ مۆدێرنە یەك ناگرێتەوە . بۆدلێری گەورە شاعیری فەڕەنسی لە1863دا نووسیویەتی : مۆدێرنیتە زوو تێدەپەڕێ ، بەڵام شتێكە كە بوونی پێویستە ، واتە نیوەی هونەرە و نیوەكەی تری نەگۆڕە .
من بۆخۆم ئەو پێناسە گشتیەی مۆدێرنەم بە دڵ نییە كە خۆی لە بەزەوی كردنی یاساكان و بە ئاسمانی نەكردنیان دەبینێتەوە و بە سەردەمانی سەركەوتنی عەقڵ بە سەر كلتوورە سوونەتیەكان باس لە مۆدێرنە لێوە دەكرێ ، واتای پێشكەوتنی ئابووری و ئامرازی پەیوەندی و كەمبوونەوەی رێژەی گوند نشینی دەگەیەنێ . پێموایە دەبێ ئەو بنەما ئەپستمۆلۆژییانەی مۆدێرنەی لەسەر بنیات نراوە گۆڕانكارییان تیا بكرێ . دەبێ وەزیفەی عەقڵ بگۆڕێت لە كەشفكردنی نهێنییە گەورەكانەوە بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەتە سادەكان .
نووسەرە مۆدێرنیستەكان و نووسەرانی تریش حەزدەكەن بەرهەمەكانیان زیاتر پەیوەست بن بە شارەوە . (پاڵتۆ)كەی گۆگۆل كە ئەكاكی ئەكاكیفیجی كارەكتەری سەرەكیەتی ، (تاوان و سزا)ی دیستۆڤسكی كە كارەكتەری سەرەكی راسكۆڵنیكۆفە ، كارەكتەری شارین . لە رۆمانی( هێڵنج )و( كار لە كار ترازا)ی سارتەر و (ویكتۆریا)ی كینۆت هامسۆن وەرگری خەڵاتی نۆبڵی 1921 و چەندین نووسەری تر باس هەر باسی شارە و بە دەگمەن رێدەكەوێ گرتەیەكی گوند بێتە پێشەوە .
مەبەست لە بەرهەمی شاری ئەو بەرهەمانی نین كە لە شار دەنووسرین یان كارەكتەرەكانی شارنشینن ، ئەو بەرهەمانەن كە بۆ شارەكان دەنووسرین.
شیعرەكانی مایاكۆفسكی دەكرێ ناوبنرێن بە شیعری شار .
ئەگەر ئەركی سەرەكی مۆدێرنیزم بریتی بێ لە بەرگریكردن لە راسیۆنالیزمی مۆدێرنیتە ، ئەوا ئەركی ئەدەب بریتیە لە دۆزینەوەی مانایەكی تازە بۆ مۆدێرنیتە ، بەڵام نەك بۆ ئەوەی بانگەشەی درووستبوونی جڤاتێكی كارا و ئایدۆلۆژیایەكی جیاواز و جۆرێكی دیكە لە فكر بكەین ، بگرە تەنها بۆ ئەوەی لە سەردەمی مۆدێرنیتە و تەكنەلۆژیادا لە ئەدەب دوورنەكەوینەوە .
وەزیفەیەكی تری ئەدەب لەم ئان و ساتەدا ، هەوڵدانە بۆ سادەكردنەوەی ئاڵۆزەكان و ئاڵۆزكردنی سادەكان ، ئەمەش وەكو گەمەیەكی زمانەوانی وایە كە زۆر جار بوونی پێویستە لە دەقدا .
لە دووماهییەكانی سەدەی هەژدەهەم چەند كایەیەكی جەوهەری مۆدێرنە كەوتنەوە :
1. زیندەوەرزانی
2. ئابووری
3. زمانناسی
دەمەوێ بڵێم : یەكێك لە گرینگترین مەسەلەكان كە پەیوەندی بە ئەدەبەوە هەیە ، مەسەلەی زمانە كە نابێ زمان بچێتە ژێر ركێفی ئەو خەسڵەتانەی لە دەرەوەی دەق بۆی دیاری دەكرێن ، بەڵكو دەبێ دەقەكە وەزیفەی زمان دیاری بكا . دەبێ زمانەكە لە نێوان بەعەدەمیبوون و بەدوونیایی بووندابێت ، لە نێوان مرۆڤبوونێكی رووت و پەیكەربەندبووندابێت ، لە نێوان سووننەت و فەرزەكانی ژیاندا بێت ، دواجاریش لەنێوان شار و دەرەوەیدابێت .
باوەڕم بەم پۆڵێنكردنە نییە ، بەڵام بێ شك هێڵێك هەیە لە نێوان بەرهەمی شار و دەرەوەیدا كە هێڵی كلتوور و جوگرافیا و دەركەوتەی كۆمەڵایەتیە ....
پۆلێنكردنی ئەدەبیات لە قەناعەتەكانی نووسەری شارە . نها ئەگەر ئێمە ئەدەبیاتی كوردی پۆڵێن بكەین بەو جۆرەی لێدێ :
1. ئەو ئەدەبانەی مرۆڤێك لە خۆیاندا هەڵدەگرن، لەكۆتایشدا دەیخنكێنن. مرۆڤەكە تەكنیكە.
2. ئەو ئەدەبانەی سیحربازێك لە خۆیان هەڵدەگرن، سەرەنجام دەیسووتێنن. سیحربازەكە زمانە.
3. ئەو ئەدەبانەی پڵنگێك لە خۆ دەگرن، دوواجار كەوڵی دەكەن. پڵنگێك ناوی رۆشنبیرییە.
كەم دەقی ئەدەبی هەیە ( زمان و تەكنیك و رۆشنبیری ئەدەبی ) بە یەكەوە گرێ بدا . زاراوەی ئەدەب بە كردار پێناسە نەكراوە . ئەدیبەكانمان بە ئەدەبێك دەڵێن داهێنان كە هێشتا باڵق نەبووە ( خۆی نەناسیوە ) .
خانەدانیەتی وەكو كردار و فكر و ئایدۆلۆژیا لە ئەدەبدا لە دەرەنجامی ئیشكردن لەسەر فەزا جۆراو جۆرەكان پێشدەكەوێ . ئەدیبی بە ئەزموون گەر لە هەر تەمەنێك دابێ تەعبیر لە بەشێك لە ماناكانی دونیا دەكا . مسۆگەرە ئەدەب رۆڵێكی كاریگەری لە سیستەمی هەموو كۆمەڵگایەكی هاوسەنگدا هەبووە . ماركس و قوتابخانەكەی لەو قەناعەتەدا بوون كە لە ڕێگەی شیكاركردنی ئابوورییەوە دەتوانن جڤات و هونەر و ماف و دین روون بكەنەوە . ماركس نەیتووانی ئەدەبمان بۆ روونبكاتەوە چونكە رەخنەی ماركس لەتڕادسیۆنی رۆژئاوا بوو كە تڕادسیۆنی مەسیحیەتە ، بە بێ ئەوەی زانیارییەكی گشتی هەبێ دەربارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە تایبەتی ئەدەب لە رۆژهەڵاتدا.
ڤۆڵتێر زۆر بە رٍوونی باس لە شێوازی گواستنەوەی كلتوورەكان دەكا لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. كەواتە مەرج نییە لە ژێر كاریگەری ئەدەبیاتی رۆژئاوا بنووسین ، بە تایبەتی لەو كاتانەی ئیش لەسەر بەسەنتەربوونی رۆژئاوا دەكرێ.
گروپ گروپانێ و بەستنەوەی ئەدەب بە قوتابخانەیەكی دیاریكراو هەڵەیە. سووریالیزم وشەیەكی لێكدراوە . ریالیزم بە مانای واقیع دێ ، سووریش بەمانای سەر دێ واتە شیعرو ئەدەبیات دەبێ لەسەرەوەی واقیعبن. ئاشكرایە لە سەرووی واقیعدا ناواقیعیەكان بە شێوەێك لە شێوەكان خۆیان بەیان دەكەن .
لە ئێستادا دەبێ باوەڕ بە چەمكی (سەرووی سووریالیزم )بهێنین ، چونكە لەودیو سوریالیزم بۆی هەیە دیسانەوە واقیع دەركەوێ ، بۆی هەیە ناواقیعەكان دووبارە دەركەونەوە ، واتە هەموو ئەگەرەكان كراوەبن وچیتر بیر لە خۆبەستنەوە بەقوتابخانە و گروپەكان نەكەینەوە . ئازادییەكی رەها بدرێ بە ئەدەب ، لە چوارچێوە سرووشتیەكەی ئەدەبدا .
ماف و فەلسەفە و دین بارگاوین بەمیتافیزیك ، رۆمان بارگاوییە بە گێڕانەوە ، لێكۆڵینەوە بەگەڕان ، دەبێ شیعر بارگاویبكرێ بە جوانی . شیعری جوان ئەو شیعرەیە كە زیاتر لە مانایەك لە خۆبگرێ ( فرە مانا بێ) .
بە بۆچوونی من وەزیفەی شیعر دژایەنی كردن و رەتكردنەوەی( ئایدۆلۆژیا و دین و خودا ...هتد) ،دوواجار ئیشی شیعر رەتكردنەوەیە لە پێناوی چەسپاندنی باوەڕێكی دیاریكراو نەك رەتكردنەوە لە پێناوی رەتكردنەوە وەك ئەوەی لەم نموونەیەی خوارەوە دەردەكەوێ :
مجێورەكان دەڵێن :
خودا تۆقێنەرەو .. هیچی تر.
خودا ترۆرستەو .. هیچی تر.
خودا تاعونەو ..هیچی تر.
خوا جوحیمەو.. هیچی تر.
قوبادی جەلی زادە _ خۆر لەناو پەرداخێكی شكاودا .
(بەختیار عەلی) پێیوایە وەزیفەی نووسینی نوێ بریتی نییە لەوەی گۆڕانكارییەك لە مانادا رووبدا و مانا كۆنەكان بگۆڕدرێنەوە بۆ وڕێنە و وەهم و یۆتۆپیا ، بەڵكو دەبێ سیستەمێكی بیركردنەوەی لە قاڵبدراو بگۆڕێتە سەر سیستەمێكی تری بیركردنەوە .
ئەگەر مامەڵە بكەین لەگەڵ كۆمەڵێك لە چەمك و وشەدا ، دەبێ لە یادمان بێ كە پێویستیمان بە كۆمەڵێك وشەی دیكە هەیە كە نابێ لە نێو بازنەیەكی خنكێنەردا مامەڵەیان لەگەڵ بكەین . گەر مامەڵە بكەین لەگەڵ ئەدەب وەكو مەسەلەیەك ، مەرجە لە یادمان نەچێ كە پێویستیمان بە كۆمەڵێك مەسەلەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی مەسەلە بنەڕەتیەكەمان كە ئەدەبە بۆ روون بكەنەوە .
تێبینی :
سوودم لە باسێكی خۆم وەرگرتووە كە لە تاران بە ناوی ( دووركەوتنەوە لە خود ) پێشكەشم كرد .
سوودم لە هەردوو باسی ( مەملەكەتی وشە ) و (رەخنە و بەبەردبوون ) وەرگرتووە كە یەكەمیان لە گۆڤاری (نووسەری نوێ) و ئەوی دیكەیان لە رۆژنامەی (ئاڵای ئازادی) بڵاوكراوەتەوە .
سوود لەم سەرچاوانەش وەرگیراوە :
1- ئیمان و جەنگاوەرانی .. بەختیارعەلی.. 2004 .
2- وەڵام لە رۆژگاری ونبوونی پرسیاردا .. 13 چاوپێكەوتن لەگەڵ بەختیار عەلی .. 2006.
3- خۆر لە ناو پەرداخێكی شكاودا .. كارێكی هاوبەشی قوبادی جەلیزادە و رۆستەم ئاغەلەیە .. 2008.
4- رأس المال .. كارل ماركس .. نقد اڵاقتصادی السیاسی .. الجزو 1-3 .
5- الفلسفە اڵاوروبیە فی العمر الوسیط .. یوسف كرم .. القاهرە .. 1965.
6- دربارە مسئلە یهود ..گامی در نقد فلسفە هگل ..كارل ماركس .. ترجمە : مرتچی محیگ .. تهران ..1381.
7- هایدگر و پرسش بنیادین .. بابك احمدی .. چاپ سوم . . تهران .. 1385.
8- siete void dal medio o dal vicino oriente ? .. maria corto.. Roma..1999.
9- grazie.. mariacorto..Roma...2000