ئەی عیشق ئەم بەهانەیە هەموو لە تۆوەیە
من خامۆشم، ئەم گۆرانییە لە تۆوەیە
ئەو بانگە بەرزەی بەیانیان و
ئەم لورەلوری شەوانەیە
لە تۆوەیە ..
من كە بە خەمی خۆم نازانم ..
ئەم گریانە، بێ بەهانەیەش
لە تۆوەیە ..
لە دایك بوون وقۆناغی مناڵی وگەنجێتی:
ئەمیر هۆشەنگ ئیبتهاج سەمیعی گەیلانی ناسراو بە ((ە . الف . سایە)) لەشەشی مانگی ئەسفەند(كانونی یەكەم)، ساڵی 1306 هەتاوی بەرامبەر ساڵی 1929 زاینی، لە شاری رەشت لە دایك بوو. ئەو نۆبەرەی فاتیمە رەفعت ومیرزا ئاغاخانی ئیبتهاج بوو، لە نێوچوار منداڵدا، تەنیا كوڕی خانەوادەكەی بوو، باوكی ئاغا خانی ئیبتهاج، یەكێك بوو لە پیاوە ناسراوەكانی رەشت وماوەیەكیش بەڕێوبەری نەخۆشخانەی "پور سینا"ی ئەو شارە بووە.
هۆشەنگی ئیبتهاج دەستپێكی خوێندن وبەردەوامی خوێندنی سەرەتایی و بەشێكی خوێندنی لە ئامادەییەكانی (عنصری، قائانی، لوقمان، وشاهپور) بووە، دواتر پۆلی پێنچەمی لە ئامادەیی (تمدن)ی تاران بەرێكرد. لە ساڵی1318 لە تەك مۆسیقا وهۆنینەوەی شیعردا ئاشناییەتی پەیداكرد. لە گەنجێتیدا ئەوینداری كچێكی ئەرمەنی بە ناوی(گالیا)وە بوو، كە ئەویش لەرەشت نیشتەجێ بوو، ئەم عیشقەی لە قۆناغی گەنجێتی بووە مایەی هۆنینەوەی شیعرە عاشقانەكانی كە لەو رۆژگارەدا هۆنیبوویەوە. دواتر كە ئێران نغرۆی خوێنڕشتن وجەنگ وئاڵۆزی بوو، لە گەڵ ئەو دۆخەشدا، شیعری ئاماژەداری بە پەیوەندییە عاشقانەكەی لەگەڵ (گالیا) دەچڕی.
هاوسەرگیری:
لەساڵی 1337 لە گەڵ خانم ئاڵما مایكیاڵ هاوسەرگیری كرد، ئەم هاوسەرگیریەش چوار مناڵ بە ناوەكانی (یەڵدا 1338 ، كەیوان1339، ئاسیا1340، كاوە1341) لێكەوتەوە. وە ئێستە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی.
چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانی:
ئیبتهاج ماوەیەك وەك بەرێوبەری گشتی كۆمپانیای حكومی چیمەنتۆی تاران سەرقاڵی كار بوو، لە ساڵی 1350 تا وەكو1356 لە رادیۆی ئیزگەی ئێران سەرپەرشتیاری بەرنامەی (گوڵەكان) بووە، دوای كەناگیری (داود پیر نیا) بەرنامەی هەفتانەی مۆسیقای(هەمەڕەنگ )شی لە ئەستۆ گرت. كۆمەڵێك لە غەزلەكانی لە لایەن گۆرانی بێژانەوە كراون بە گۆرانی وپێشكەشكراون. لە ساڵی 1374بۆ شیعر خوێندنەوە ووتار پێشكەشكردن دەربارەی دیوانی حافز، سەفەری ئەمریكای كرد، لە شارەكانی( بركلی، لۆس ئەنجلۆس، دالاس، نیویۆرك، فیلادلفیا، سانتیاگۆ، سیاتڵ ) چالاكیەكانی خۆی ئەنجامدا.
شیعر ورێچكەی تایبەتی ئیبتهاج:
ئیبتهاج لە دەستپێكیدا، هەروەكو شەهریار، چەندێ كۆشا تاوەكو بەرێچكەی نیما بڕوات، بەڵام روانگەی نوێگەرایی وكۆمەڵایەتی شیعری نیما، بە تایبەت پاش هۆنینەوەی "قەقنووس" لە گەڵ سروشتی ئەو كە لە بنەڕەتەوە غەزەڵبێژی بوو، لێكنزیكی نەبوو. پاشان لە سەر هەمان رێچكەی خۆی كە غەزەل چڕین بوو مایەوە. كۆمەڵێَك لە هەواداران وهۆگرانی شیعرەكانی، لە غەزەلبێژیدا، لە دوای حافزەوە ئەو بە باشترین غەزەلنووس دادەنێن.
"سایە" لە غەزەڵنووسین یا شیعری ئەوینداریدا لە حافزەوە لە رووی زمانەوە زۆر نزیكە. غەزەلە عاشقانەكانی ئەو هاوكات لە گەڵ ناوەڕۆكگەلێكی راز وپەنهانگەرا لە دووتوێی غەزەلەكانی، ئەفراندی بە باشترین غەزەلیاتی هاوچەرخ. سایە لە ساڵی 1325 كۆمەڵە شیعری (ئاوازە یەكەمەكان) كە تەواوی شیعرەكانی دوو تووێی ئەم كۆمەڵەیە بە شێوەیەكی كلاسیكی بڵاوكردۆتەوە. لەم قۆناغەدا هێشتا بە (نیما یوشیج) شاعیری گەورەی نوێگەرای شیعری فارسی ئاشنایەتی پەیدا نەكردبوو.
(سەراب) هەوەڵین كۆمەڵە شیعری بوو، كە بە شێوازێكی تازە بەڵام بە هەمان قاڵبی چوارینە لە گەڵ ناوەڕكێك لە چەشنی غەزەڵ ـ و بە دەربڕینێكی پڕ هەست وسۆزی خودی ، كە هەڵگری سۆزگەلێكی واقیعی وسروشتین.
كۆمەڵەی (مەشقی قەترانی/ یا مەشقی رەش) لە گەڵ ئەوەشدا دوای سەراب بڵاوبووە. شیعرەكانی ساڵانی 25 تاوەكو 29 لە خۆ دەگرێ، لەم كۆمەڵە شیعرەدا، سایە ژماریەك لە غەزەڵەكانی خۆی چاپكرد وتوانای خۆی لە هۆنینەوەی غەزەل یاخود شیعری ئەوینداریدا نیشاندا . شەهریار لە پێش وتارێكیدا لەبارەی ئەو غەزەلانەوە دەنووسێ: سایە لە كۆمەڵەكانی بەرهەمەكانی دواتریدا ، شیعری عاشقانەی رەهاكرد، بە چەشنێك لەگەڵ خەڵكی بوو بە هاودەم و هاوڕێ.
كۆمەڵە شیعری (شبگیر ـ كازیوە) بەرسڤی ئەم ئەندێشە تازەیەی ئەوە، كە لەم میانەیەدا، كۆمەڵێ شیعری كۆمەڵایەتی بەهادار وبەرچاوی هێنایە كایە... هەردووكۆمەڵەی (كازیوە وزەمین) ئەو راستییە دەسەلمێنن. كۆمەڵە شیعری( چەند بەرگێك لە یەڵدا) رێگەی رۆشن وتازەی سایە نیشان دەدا، كە لەشعیری هاوچەرخدا شوێنی خۆی كردەوە.
بە بڕوای ئیبتهاج شیعر ئەمڕۆكە ناچارە، دەربڕ ونمایشی دۆخی زمان و هەستەكانی
شاعیر بێت، كە لەهەمبەر دیاردە كۆمەڵایەتیەكانی ئەودا، كاریگەری بە سەردا جێدەهێڵێت، بەیانكردن ودەربڕینی ئەم هەست واژانە جێی دڕدۆنگی و گومان نین، خۆ ئەگەر لە قاڵبی شیعرە گوزەراوەكاندا مومكین بووبێ، لانیكەم ئێستا لەگەڵ هەمان تێكڕژان ولێكدانی هێماوواژە كۆن وبەكار هاتووەكاندا گونجاو نیە.
لە شیعرەكانی سایە دووئاڕاستەی تەواو جیاواز بەدی دەكرێت، نیوەی هۆنراوەكانی، غەزەلیاتێكن كە لێوان لێوەوە لە هەست و سۆزێكی تەواو شاعیرانە، نیوەكەی دی كۆمەڵێ شیعرە، كە بەپێی فەرهەنگ و راڤەی ئەمڕۆ لەقاڵبی تازە مەوزن( كێشی عورزی لە بارن، وەلێ بێ قافیە وسەروا هۆنراونەتەوە. لەڕاستیدا كارەكانی سایە كە دەربڕ وگوزارشتی ئیحساسات و هەست سۆزی دەروونی ئەون، وابەستەیە بە هەڵفڕێنی ئەندێشەی شاعیرانەیی ئەوە لەغەزەل و دووبەیتەكانیدا. ئەو زیاتر دەپەیڤێ (لەفۆڕمێكی تازەی شیعری ئەمڕۆ قسە دەكات) وەك بەوەی خۆی بنوێنێ).
سایە سەرای غەزەلیاتی حافزە:
دكتۆر غلامحسین یوسفی باوەڕی وایە :( لەغەزەلیاتی هاوچەرخی فارسیدا، شیعرەكانی هۆشەنگ ئیبتیهاج (سایە) لەڕیزی كارە هەرە باشەكان و پڕخوێنەرەكان دایە، ناوەڕۆكگەلێكی سەرنجڕاكێش و دڵڕفێن ولێكچواندن و خواستنی وێنەی خەیاڵاوی تازە و رازاوەن، زمانێكی ڕەوان و لەبار –ئاوێتە و هاوئاهەنگ لەگەڵ غەزەلیاتدا، ئەم خەسڵەتانە لە تایبەتمەندیەكانی شیعری ئەون، هەروەها ڕنگدانەوەی فۆڕمی ناسك وسەرنجڕاكێشی كۆمەڵایەتی نێو شیعرەكانی ئەو، شێوازە دڵڕفێنەكەی (حافز ) بیر دینێتەوە.
كارەكانی:
ئاوازە یەكەمەكان 1325 (1948 ز).
سەراب 1330 (1953ز).
مەشقی قەترانی ـ كانونی یەكەم 1332 (1955ز).
كازیوە ـ ئایاری 1332 (1955ز ).
زەمین ــ تشرینی یەكەم 1334 (1957 ز) .
چەند بەرگێك لە یەڵدا ـ ئای 1344 (1967 ز).
یادنامە (وەرگێڕانی شیعری تومانیان شاعیری ئەرمەنی ) تەموزی 1348(1971ز) .
تاسپێدەی شەوی یەڵدا ـ تەموزی 1360(1983ز)
یادگاری خوێنی قۆچ ـ تشرینی دووەمی 1360 (1983ز).
حافز بەهەوڵی سایە ( دیوانی حافز بە پیداچونەوەی ئیبتهاج) چاپی یەكەم 1372(1995 ز).
تاسیان (شیعرەكانی ئیبتهاج لە قاڵبێكی نوێ) تەموزی 1385 (2006ز).
***********
كچی خۆرەتاو
لە ودیو پەردەی رازی شەوگارەوە..
كچی خۆرەتاو، بە ئەسپایی ..
دامێنی سپێدەیەكی سەماكەری زێڕین ،
دەهۆنێتەوە..
لە ژێر لێوەوە ئاوازی نیگای
سیاهی خۆی ئەچڕێ ...
مەلی مەرگباریش،
ڕوخساری ڕازاوەی.. بەرەبەیانی كەسێكە
كانی خۆرەتاو.. ژاكاو وغەمگینە ..
خوێنی ساردی ئەم تیغە شوومە
لە ناخی شەودا غار ئەدا..
ئاوازی ژێرلێوی پەردەی ،
ڕازی شەوی ئەم كچە خۆرتاوییە..
هێشتە هەر،
دامێنی زێڕینی سپێدەی سەماكەر
بە ئەسپایی دەهۆنێتەوە..
سەرچاوە:
1ـ www.shereno.com
2ـ http://adabmaaser.mihanblog.com/post/23
3 ـ http://www.dayaan.com