بێ تۆ ئەم كۆڵانە چەند تاریكە !
بێ تۆ چ كارەساتخانەیەكە دنیا!
گوڵی خەیاڵ.....
مەملەكەتێكم نیشان بدە بۆی چووبم و یادگاریەكی تۆم نەبردبێت
سەرزەمینێكم پێبڵێ لەوێ بووبم و ڕۆژووم لە کچەكانی نەگرتبێ و
بە مانگ و خۆر و ئەستێرەدا سڵاوم بۆ نەناردبیت
لەبەر تۆ بوو ئەو دێوانە
گرفتار و دەردەدار بە ڕێگادا ئەڕۆیی
ڕۆژێك ئەبوو بە گوڵفرۆشێكی مەیپەرست و
ڕۆژێكی تریش حەشیشكێشێكی مەخسەرەی دڵشكاو
ڕۆژێك جگەرەكانی لەسەر دەستەكانی ئەكوژاندەوە و
ڕۆژێكی تریش لەسەر دڵی
لەبەر تۆ بوو لەبەر دەرگای مەعبەد و بتخانەكانا ئەیوت
تۆ حەز لە پەیكەرێكیش بكەیت ڕۆحی ئەچێتەبەر
لەبەر تۆ بوو وەك باڵندەیەكی تەرا
بە كۆڵێ برینو دەردەوە ئەفڕیم
لەبەر تۆ بوو مۆمەكەش تاقەتی ئەچوو كەچی من هەر ئەسوتام
لەبەر تۆ بوو گوێم لەو باڵندانە ئەگرت
یادگاریەكانیان بە ئامانەت لای وەرزەكان دائەنا
لەبەر تۆ بوو بەو هەموو خوێنەی لە دڵمەوە ئەهات
لەبەر بارانا ئەوەستام و كەمانم لێئەدا
وەك سۆزانیەكی دڵشكاو لە دنیا و لە خودا، گۆرانیم ئەوت
ڕوئیا، بەخودا لەبەر تۆ بوو
وەك سەرخۆشێك بە زمانی برینەكانم پێدەكەنیم
وەك پاساریەكی سەربڕاو سەمام دەكرد!
با خودا وەها وەزیفەی شەیتان و فریشتە تێكەڵاوكات عەشق لە خاچ بدەین و پێبكەنین، بە من چی ؟
با خودا وەكو سواڵكەرێكی دەربەدەر ئەم ئەستێرەیە بەناو فەزادا سەرگەردانكات، بە من چی ؟
قەلەڕەشەكان وەكو تەرمی پاسارییەكان داهۆڵەكان بخۆن، بەمن چی ؟
پەپوسڵەیمانە حاشا لە زمانی سولەیمان بكات، بە من چی ؟
با خودا ئەو هەموو كاكێشانە وەها بدات بەیەكتریدا،
هیچ ئەستێرەیەك دراوسێكەی نەناسێتەوە، بە من چی؟
من بە تەنیا دووچاری تۆم
وەك ئەو پەروانەی موعتادی چرایەك بووە لە خەیاڵیدا ئەسوتێت
ئاخر ئەوە تۆ بوویت بە گۆرانییەك تاریكییت ڕاچەڵەكاند
وەك ئەو جاڵجاڵۆكەی دەرگای دڵی بە تۆڕێك لە كەڕوو ئەچنێت
ئەتوت خەوم دیوە
ئەمڕۆ ڕەشەبایەك هەڵئەكات داروبەردی دنیا بەسەریەكەوە ناهێڵێ
خەوم دیوە ئەمڕۆ فریشتەیەكی خودا لێڕەدا ئەكوژرێت
خەوم دیوە ئەستێڕەیەك بەناو دڵی ئەمشەوەدا ئەكشێت
ئێستا ئیتر نۆرەی منە بڵێم
كچێكم ئەناسی لەخەودا مرد!
تۆسەیریكە
جەنگ وەكو پەپویەكی لاسار
بەسەر وێرانەی ڕۆحی ئێمەدا ئەخوێنێ
وەك كەشتیەك بارەكەی پڕ بێت لە تلیاك
بەناو دۆلفینەكانا ئەڕوات
وەك سەماكارێك ستیانەكەی بووبێت بە خۆڵەمێش
... بە دوومەمكی سوتاوەوە سینەی ئەجوڵێنێ
تۆ لەبیرتە لەسەر تەرمەكەی خۆت سەمات ئەكرد
ئەو كاتە قەرەجەكان لە شەقامەكاندا گۆرانیان ئەوت
ئەو كاتە ئەوەندە بچكۆلە بوویت
بەدیار چاوی مانگەوە ئەم شەوەت پڕ ئەكرد لە گڵۆپی تایت
لە بەلەمەكاغەزیەكانا سەفەرت بۆ ئەوسەری دنیا ئەكرد
ئەوكات لەبەر دووكانی گوڵفرۆشەكانا ئەوەستای
نەك بازاڕی ئەو زێڕەنگەرانەی سەودای ڕۆح ئەكەن
ئەوكاتە تۆ لەسەمای مەرگ نەئەگەیشتی و سەمای عەشقت ئەكرد
ئەوكاتە كۆترێك بوویت و لە ئاسمانا ئەفڕیت و لە مانای فڕین نەئەگەیشتی
ئەوكاتە خۆشەویستی خەیاڵی ئەكرۆشتی و دڵت لای ڕۆژەكانی جەنگ نەبوو
ئەوكاتە بەرسیلە بوویت و یەشتا جەنگ نەیكردبوویت بەشەراب!!
تۆ ئەزانیت ئەم عەشقە
دەریا بەدەریا ئەتبات و نایگەیتێ
كیشوەر بەكیشوەر ئەڕۆیت و ناگەیتە دڵی ئەو
تۆ ئەتزانی ڕۆژێك چۆلەكەكان مەلەیان نەكردبا
بۆبەیانی باران نەدەباری
عەسرێك كوكوكوختیەكان نەیانخوێندبا
... ... زەوی لەسوڕانەوەی خۆی ئەكەوت
دوای باران بوو، ئەو عەسرە
دوای باران بوو، ئەو ئێوارە، كەچی پەلكەزێڕینە لەوێ نەبوو
بەڵام مانگ لەسەر گەڵای درەختەكان تریفەی لێ دەباری
خۆر لەوێ نەبوو
بەڵام تاریكی وەك سەرخۆشێكی بێپەنا ئەسووتا
من هاتم و وەك خاڵخاڵۆكەیەكی سەرگەردان بەدەستەكانتا هەڵگەڕام
تۆش نەتئەویست بزانیت ماڵی یار ئەكەوێتە چ گۆڕستانێكی تەنیایی
من ئەزانم ڕوئیا
گەر تۆ خۆشت نەوێم ئەم هەورە ڕەشە ئاسمان داناپۆشێت
كە باڵندەكان بەرەو خۆراوابوون ئەچن گەرویان پڕ نییە لەگریان
كە وەك دێوانەیەكی پیر
بە كەمانێكی بریندارەوە دێم و لەبەر دەرگاكەتان گۆرانی ئەڵێم
ئەزانم تۆ لەترسی عەیبە نەبێت دەرم ناكەیت
هەرگیز پەنجەرەكەت ناكەیتەوە بەئەسپایی بڵێیت
(تو خواكەی جاران بڕۆ با نەمانكوژن)
من ئەزانم ڕوئیا تۆ لە مردن ئەترسیت
ئاخر ئەگەر ترس نەبێت، كە پشتم هەڵكرد بۆڕۆیشتن
لەبەر پەنجەرەكەوە .........
بەچاوی تەڕەوە سەیرم ناكەیت!
هاوینی 2011
گەرچی من قەرارمدا ئیتر نەبنووسم و نە هیچ بڵاو بكەمەوە بەڵام دواجار تێگەیشتم نووسین ئەو سەرەتانەیە لەخوێنی مندا كە نە بەبێ ئەو ئەمكرێت و نە ئەشتوانم دەستبەرداری ئەو مەرەكەبە بم وەك تلیاك تێكەڵاوی خوێنم بووە. هەستمكرد مرۆ نابێت تەسلیمی خواست و ویستی كەسانێك، سیاسەتێك بێت دنیای ئەویان پڕ كردووە لەنابووتی . زۆر كەس وتیان ناتوانیت ئەو قەرارە بەئاسانی بدەیت دیارە پێشتر ئەزموونیان كردبوو، بەڵام من تا خۆم بەو دۆخەدا تێنەپەڕیم دركم بەو ڕاستییە نەكرد