بۆ تۆ نەرموشلتری لە ئاو
کەی دەگەڕێیتەوە
دڵم شێتبووە
دەستکێشەکانت دەخەمە سەردڵم،
پێڵاوەکانت دەخەمە ژێر سەرم
لە خەونمدا دەگەڕێیتەوە،

پێڵاوەکانت تۆزی خەمیان لێ نیشتووە
ئەوانیش وەک من بیرت دەکەن.

باران بوو پێڵاوەکانی لێ بەجێما
تینوێتی تاسەی بینینەوەی
خەریک بوو بمخنکێنێ
باراناوی ناو پێڵاوەکانیم خواردەوە
ئای لە باراناوی ناو پێڵاوی دایک و شەهید و یار

پێڵاوەکانی هەر لای سەرینەکەمە
بڕوا ناکەم
کە تەنیام
پێڵاوەکانی لە لامن
چۆن تەنیا دەبم،

کەس سەردانم نەکا
میوانم هەیە
پێڵاوەکانی لێرەیە.

وەک ئینجانە گوڵ لە پێڵاوەکانیا دەڕۆێنم،

پێڵاوەکانی پڕ دەکەم لە ئاو
بۆ ئەوەی گوێم لە شڵپ و هوڕی تەنیایی نەبێ.

لە تاریکی تەنیایدا پیڵاوەکانی دەدرەوشێنەوە

هیچ ناڵێن هیچ
پێڵاوەکانی خەوتوون
ئەبێ چ خەونێک ببینن؟

ئەگەر تۆفان هەڵکات
دەچمە پێڵاوەکانییەوە
پێڵاوەکانی دەمگەیەننە وشکایی
ئەی هەر ئەم پێڵاوانە ئەویان نەدەهێنا بۆلای من.

ئێوارەیەک پێڵاوەکانی دەبەم بۆ پیاسە و
پێکەوە جگەرە دەکێشین و قاوە دەخۆینەوە،
پێڵاوەکانی ...........
پێڵاوەکانی وەک دوو کۆتر
لە چیمەنی باخچەکەدا
دەم دەنێنە ناو دەمی یەک.

پێڵاوەکانی دەکەمە بەلەم
لە دەریای یادەوەرییەکانیا سەوڵ لێدەدەم
تا شەپۆلی یاوەرییەکی لەگەڵ خۆیدا دەمبا.
2012
ئەم شیعرەم لە ڕەخنەی چاودێر بڵاوکراوەتەوە