گەڕانەوەی ئارەزووە ونەكان
(پێشكەشە بە ئەفسانەیەكی ڕاستەقینە، ئەو كەسەی كە ئارەزووەكانی وەكو خۆی ونن.)
پیرەژنەكە لەسەر كورسییەكی كەناری ڕووبارەكە دانیشتووە، ئاسمانی ئەو ئێوارە ئەرخەوانییە پاییزییەی سەر ڕووبارەكە پڕە لەو باڵندە جوانانەی، كە لە ساتی فڕیندا دەنگی شەقژنیان ناسك و خۆش وەك سەمفۆنیایەك دێتە بەرگوێ‌... تەماشای ئەو شەپۆلە تووڕانە دەكات، كە چۆن شڵپوهوڕیان دێت و دەجەنگێن لەگەڵ كەنارە وشكەكەدا، ئەویش چۆن ململانێیان دەكات... ئەمەیە بەردەوامی ژیان.
وردە پریشكی شەپۆلەكان بەر دامێنی كراسە ڕەشەكەی دەكەون، ئەو كراسەی كە ڕەنگە چاوەڕوانیی ڕەشی كردبێت. لێرە و لەگەڵ ئاودا چاوەڕوانی وەڵامی نامەكەی، یان هاتنەوەی ئارەزووە ونەكانی دەكات، كە نزیكەی هەژدە ساڵە بە نەورەسێكدا ناردوویەتی بۆ ئەو ئارەزووانەی ونی كردوون، یان ڕاستتر لێی دزراون.. هەنووكە ئەوان زۆر دوورن، ئا... زۆر... ڕەنگە ئەوان ئێستا لە مەملەكەتێكی وێڵ و ڕەش و بێ‌ ناونیشاندا بن.
ئەم پیرەژنەی كە قەتماغێك لە چاوەڕوانیی و نائومێدی جەستەیان داپۆشیوە، لە ساتی ناردنی نامەكەوە تا ئێستا هەموو كاتەكانی ژیانی لە بەستێنی ئەم ڕووبارە بەسەر دەبات، بەڵكو نامەیەك بەدی بكات لە ملی یەكێك لەو باڵندانە. لەم هەموو ماوە درێژەدا چاوەكانی تەنیا نەورەسیان دەدیت و نەدەچوونە سەر هیچ شتێكی دی، یان هیچ باڵندەیەكی فڕیوی تر... هیچ... ئێستا بە ئەستەم پێڵوی چاوەكانی دەكرێنەوە و هەناسەكانیشی لە گەرووی پیریدا بە قورسیی دێنە دەرەوە. مەرگ لەگەڵ شەپۆلەكاندا ڕێ‌ دەكات و دێت بۆ لای، مەرگێك كە ناهێڵێ‌ ئەم مرۆڤە چاوەڕوانە وەڵامی ئارەزووەكانی خۆی ببینێت.
مرد... خەیاڵە بێ‌ باڵەكانی... خەونە سپییەكانی... ئازارە گەورەكانی... هەموو لەگەڵیدا دەڕۆن، نازانن بۆ كوێ‌، بەڵام هەر دەڕۆن.
لە دوورییەكی زۆرەوە نەورەسێك لە پشتی شەپۆلەكانەوە دەردەكەوێت و باڵە جوانەكانی لێك دەخشێنێ و نامەیەكی ڕەنگ زەرد لە ملیدایە. نامەی وەڵامی ئارەزووە ونەكانە. نەورەسەكە دەگاتە سەر پیرەژنی ساردبووەوە... ئەمە دەقی نامەی ئارەزووە ونەكانە.
لە ئارەزووە ونەكانەوە بۆ پیرەژنێكی پەژمووردە
((تۆ ماوەی هەژدە ساڵە نامەیەكت بۆ ئێمە ناردووە، بەو نیازەی بماندۆزیتەوە. دەزانین ئەو دەمەی ئەم نامەیەت نارد، گەنج بوویت، چونكە لە نامەكەدا هەستمان بە شەوقێكی زۆری تۆ كرد بۆ دۆزینەوەمان، وەلێ‌ ئێمە وەكو شووشەی شكاو پارچە پارچە بووین و بە ئاسانی كۆ نەدەكراینەوە، هەر یەكەمان لە شارێكی ڕەش و ژێرزەمینێكی شێدار و سێبەرێكی ون و قورسدا بووین، ماوەیەكی زۆری پێچوو تا یەكدیمان دۆزییەوە... ئەوەتا ئێستا هاتووینەتەوە بۆ لات لەگەڵ ئەو نەورەسە جوانەی كە تۆ نامەكەت پێدا ناردبوو... بەڵام تۆ ئێمەت لە سەرگەردانیدا بە جێ‌ هێشت... تەواو... ئێمەش لێرەدا لەگەڵ تۆ دەخەوین.))

ئارەزووە ونەكان

 
 
 
مردن بە دزییەوە
لەبەر پەنجەرەی باڵەخانە سێ نهۆمییەكەوە دەڕوانمە ئەو كۆڵانە خۆڵاوییە، كە توێژاڵێك تۆز لەسەر چیمەنتۆ كۆنەكەی نیشتووە. نیگام دەچێتە سەر پیاوێكی ترسنۆك كە بە دەستە بێ‌ ڕەحمەكانی لە منداڵەكەی دەدات، بەوەی بۆچی شووشەی پەنجەرەی ماڵە دراوسێكەیانی شكاندووە؟ ئەو پیاوە بەو جۆرە ئازایەتییە دەیویست ترسنۆكی خۆی بشارێتەوە... مرۆڤە ترسنۆكەكان بۆئەوەی ترسی خۆیان بشارنەوە، ئازایەتی دەنوێنن.
دێمەوە لای مێزی كتێبخانەی ماڵە یەك ژوورییەكەم، لەم ماڵەی مندا هەموو شتێك هەیە، كتێب، پێنووس، مێز و كورسی، جێگای خەوتن، تەلەفزیۆن، خواردن، هەموو شتێك، بەڵام ژیانی لێ‌ نییە، ژیان هەر لە سەرەتاوە بیری چوو جووڵە بۆ ئەم ماڵەی من بهێنێ‌ و ڕووخساری ژیانی پێ‌ ببەخشێت... من ئێستا بە دزی ژیانەوە دەژیم، نا... نەخێر، من ناژیم، بەڵام كاتێك كە دەمرم، ئەو كات خەڵكە بەناو زیندووە ناشیرینەكانی ئەم گەڕەكە بە مردنەكەمدا دەزانن كە من ژیاوم.
 
 
قیامەتێك لە چاوەڕوانیی
)) تا بەردەرگای قیامەت چاوەڕێتم، ئەو دەمەی مرۆڤەكان لێپرسینەوە و بەهەشت و دۆزەخ سەراپای بیریانی داگیركردووە، من بێ‌ پەروا و بە تەنیا بیر لە تۆ دەكەمەوە. بەناو ڕیزەكانی ئەو گوردەمەدا بۆت دەگەڕێم... دەتدۆزمەوە بە كزی لەپاڵ دارێكی زەرددا دانیشتوویت و وەكو هەمووان بیردەكەیتەوە، من دەستی تۆ دەگرم و دەتگەڕێنمەوە بۆ نێو ژیان، لە ژیاندا ئەزموونی خۆشەویستیت لەگەڵدا دەكەم، ئاخر من لە ژیاندا تۆم بینیوە، هەر دەبێ‌ لە ژیانیشدا پێت بگەم.))
ئەم قسانە لە دڵی حۆمدا دەڵێمەوە، كاتێك كە لە بەرانبەر ئاوێنە باڵانووماكە وەستاوم و تەماشای خۆم دەكەم، دەتوانم ئێستا زۆر ڕوون دەستی ڕۆژگار لەسەر ڕووخسارم ببینم، كە چۆن دەموچاومی كردۆتە كۆڵەوژی نێو تەنووری داخبوو. ناخۆشی ژیان بۆ من لەوەدایە كە ناچارم بژیم. ئای! ژیان چ گەمەیەكی بێتامە، چ شەوێكی ئەنگووستەچاوە، چ توونێلێكی تاریك و درێژە... ژیان نەبووایە بیرم لە مردن نەدەكردەوە... مردن نەبووایە بە هیواوە نەدەژیام... چاوەڕوانی نەبووایە نەدەبوومە ئەم مرۆڤەی ئێستا، كە زیاد لە هەرشت بۆنی مردنم لێ دێت.
 
 
نامەیەك بۆ خۆم
گەرمای هەراسانكەری ئەو شەوە سەری كردووەتە كون و كەلەبەری حەوشەكە، دەنگی بێزاركەری سیساركەكان موژدەی هاوینێكی گەرم و تاقەتپڕوكێن و ڕۆحكوژ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، حەوشەكە هێندە خامۆش و بێدەنگە، تەنانەت شنەیەكیش لە گەڵای دارتووەكە نایەت، گەڵاكان وێنەی مرۆڤێكی بێ‌ ورتە دەدەن، هەموو شتێك لە بێدەنگییەكی ترسناكدایە... كوڕەكە لەسەر دۆشەكێكی كۆن پاڵكەوتووەو سەری ناوەتە سەر سەرینێكی بۆگەن و هەردوو دەستی خستووەتە ژێر سەرییەوە و تەماشای ئەو ئەستێرە دوور و نزیكانە دەكات، كە لەناو دڵی ئاسماندا هەڵواسراون، هەندێكیان بە جوانیی و ڕوونیی دەدرەوشێنەوە و هەندێكی تریان لە شەرما كزكز وەكو دوا ساتەكانی كووژانەوەی فانۆسێك دەسوتێن.
هەڵدەسێت و دەست دەكات بە خوێندنەوەی ئەو نامەیەی كە ناردووییەتی بۆ خۆشەویستە دوورەكەی، ئەو كەسەی كە ئێستا ڕەنگە لە ناشوێن بێت و زەوی تەڵاقی دابێت : ((ئەی كچی ونبوو! داوات لێ‌ دەكەم لە ساتی خوێندنەوەی ئەم نامەدا، بە تەنیابە و لەبەر پەنجەرەی ژوورەكەتدا دانیشە و گوێ‌ بۆ حەحەپی سەگەكان ڕادێرە و ڕووخساری تێكچووی من بێنە پێش چاو. من هەموو وشەكانی ئەم نامەیەم تێكەڵ بە ئازارێكی قووڵ كردووە، تۆش بە ئازارەوە بیانخوێنەوە و دەستە ناسكە شمشاڵییەكانت لەسەر پیتەكان دانێ‌، من ئەو پیتانەم، بەڵێ‌.. ئەوانە منن، هەركات ویستت من ببینیت، بڕۆ سەیری ئەو پیتانە بكە. من نەمتوانی پێت بڵێم خۆشم دەوێیت، هەروەك چۆن نەمتوانی پێت بڵێم ڕقم لێتە.. دڵنیابە وەك پرچ و هەناسەت لێت جیا نابمەوە و ئەو كاتەشی كە بیر لە تۆ ناكەمەوە، ئەوە ویستوومە پشوویەكی كورت بدەم و دووبارە و بە شێوەیەكی جیاواز خۆم شەڵاڵی بیركردنەوە لە تۆ بكەم... دەزانم كە مژووڵ بوون بە بیركردنەوە لە تۆ، وەك گرەوكردنە لەسەر یارییەكی دۆڕاو، وەلێ‌ هەروەك چاوی كامێرای نێو یاریگای تۆپی پێ‌، كە چۆن لەسەر تۆپەكە لانەچێت و بەردەوام بە دواوەیەتی، خۆ ڕەنگە تۆپەكەش پێی خۆش نەبێت كە ئەم كامێرایە دووی بكەوێت، منیش چاوی ئەو كامێرایەم و تۆش تۆپەكە... هیچ كات دووجار بیرم لە یەك شتی تۆ نەكردووەتەوە، بەڵكو هەر جارە و شتێكت بیرمی داگیركردووە، جارێك دڵڕەقییەكەت... جارێك پێكەنینەكانت، كە ئازاری منت پێ‌ دەدا، ئەو ئازارەی كە خۆم بە دوایدا وێڵ بووم... جارێكی تریش ئەو زەوییەكی كە پێیدا گوزەرت كردووە، چەندین جار لەو جێگە پێیانەوە تۆم بینیوە، كە تەماشای منت كردووە...
ئێستا ناتبینم، بەڵام هەستت پێ‌ دەكەم.
ئەم نامەیەم بۆ ئەوە بۆت نەنووسیوە، كە وەڵامم بدەیتەوە، هەر ئەوەندە بەسە كە من هەست بكەم بە تەواوی تۆم خۆش دەوێ، من ویستم خۆم تاقی بكەمەوە كە تا چەندە تۆم خۆش دەوێ‌، نەك زانینی هەستی خۆشەویستی تۆ بۆ من، هەنووكە گومانبڕ بووم لەوەی كە من بە ڕاستی تۆم خۆش دەوێت.
چاوەڕێی وەڵامیشت ناكەم... ئێرەش كۆتایی نییە، بەڵكو كۆتایی بریتییە لە.......))
 
 
تارماییی
كاتژمێر دوانزە لایداوە... شەو بە هەموو تاریكیی و قورسیی خۆیەوە پەردەی ڕەشی بەسەر زەمیندا داداوە... لەبەر پەنجەرەی ژوورەكەمەوە دەڕوانمە كۆڵانە نووتەك و ترسناكەكە. لە سیلەی كۆڵانەكەدا چاوم بە تامارێك (تارمایی) دەكەوێت... هەنگاو بەرەو لای من دەنێت... چاوەكانم هەڵدەگڵۆفم، دەڵێم نەك چاوم ڕێشكەوپێشكە بكات. زۆر لێم نزیك دەبێتەوە، تاڕادەیەك كە دەتوانم هەست بە هەناسەی بكەم، بۆم ڕوون دەبێتەوە كە ئەو تارماییە واقیعییە، كچێكە بە بەرگێگی سپی ئاوادامانەوە بەرەو لای من دێت، یان هەر من وا هەست دەكەم كە بەرەو ڕووی من دێت... ئای خوایە! ئەوە خۆیەتی... ئەوە كچی ناو خەونەكانمە... لە جێگەی خۆم هەڵدەستم و دەچم بۆ لای... ون دەبێت، ئا... ون دەبێت و نامێنێ... ئێستا تێگەیشتم كە ئەو بۆ من تارماییەكە، تەنیا دەتوانم لە دوورەوە بیبینم و هەستی پێ‌ بكەم...
 
 
كۆتایی
لە یەكێك لە بەیانییە زۆر سارد و باراناوییەكانی وەرزی زستاندا چوومە نێو بازاڕ. كەسم نەدی، یان من كەسم بەدی نەكرد. چوون دەشتێكی قاقڕی كاكیبەكاكی بێدەنگ و تۆقێنەر چۆڵ بوو... دووكانەكان هەموو داخرابوون، تەنیا لەسەر دووكانێك نووسرابوو ((ئێرە كۆتایی دنیایە.)) هەر ئەوەندەم بۆ خوێنرایەوە و تەواو...
 
 
+ ئەم كورتیلە چیرۆكانە لە ژمارە (77) ی گۆڤاری (هەنار) بڵاوبۆتەوە.