(لە سروشی گەشتێکەوە بۆ سیۆل و چەند شارێکی تری وڵاتی کۆریا لە نێوان 15-23 ی حوزەیرانی 2012).
(17 ی حوزەیرانی 2012)
" ئەگەر 'بودا' ت بینی ، بیکوژە" : ئەمە پەندێکی دێرینی بودییزمە .
بیکوژە : وەلێ بە دەستوری ئێمەی عەرەب نا ، واتا کوشتنێک نا لە پێناوی تۆڵە ، یان هەق لێکردنەوە ، یاخود لە پێناوی ڕیسواکردنی مرۆڤدا.
وەک هێما بیکوژە . بۆ جەختکردن لەسەر سەربەخۆیی و ، بیرکردنەوەی ئازادانە بیکوژە . بە واتایەکی تر ئەم پەندە دەڵێت :
" فێر بە ، فێربوونێک کە داهێنان بکەیت و ، فێربوونێک تیایدا جیاواز و سەربەخۆ بیت ".
********
لە ئاسۆگەی ئەم پەندەوە ، کلتوور بریتییە لە کلتووری "کێشە" و "دنیابینیی" و "پرۆژە ئینسانییەکان" ، نەک کلتووری "پەیوەندی" و "ئینتیما" ی ئایینی و خێڵەکییانە .
ئەم پەندە ، قسەیەکی 'نیچە'م وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێ " من کەیفم بە ئیمانداران نایەت ". مامۆستای مەزن ، خواستی ئەوەیە کە 'قوتابییەکانی' لە خۆی باشتر دەرچن .
********
لە کۆریا ، دەچیتە هەر کوێ ، دەبینیت زەمین فەرشێکی سەوزە . وەک ئەوەی سروشت لە بەدەنی هەموو مرۆڤێکی کۆریاییدا بێت . وەک ئەوەی سروشت بەشێکی بێدەنگ بێت لە جەستەی .
دەکرێت قسە لە بارەی هەڵوێستی خۆمان ، ئێمەی عەرەب ، لە بارەی سروشتەوە بکەم ؟
تۆ وێنای ئەوە بکە کاتێ لە درەختێک دەپرسیت : کێن ئەوانەی کە دوورترین خەڵکن لە تۆوە ؟ یەکسەر دەزانیت وەڵامەکەی چییە .
پێویست بە ناولێنان ناکات .
درەختیش سیاسەتە !
********
لەو دەڤەرانەی وڵاتی کۆریا کە هەلی سەردانیانم بۆ ڕەخسا ، چاوم بە درەختەکانی دەوروپشتی خۆمدا دەگێڕا . ئەو هەندە درەختەم دەهاتنەوە بیر کە لای خۆمان و لە خەباتی درێژخایان و جۆراوجۆریاندا و ، بە پلەی یەکەمیش دژ بە مرۆڤ ، توانیویانە بمێننەوە .
هەندێک درەخت لە ناوەوەی خۆیدا ، لە جەنگکێدا دەژی دژ بە خۆی .
هەندێک لە درەختانیش ، لقەکانیان ناتەبا و ناکۆکن لەگەڵ خەونی گەڵاکانیان .
کێشە و ناکۆکیی نێوان لق و گەڵا دەگاتە ئاستێک پاڵ بە گەڵاوە دەنێت کۆچ بکات و تا ئەبەد نەگەڕێتەوە .
خودی خۆر بۆ خۆی پشتگیریی گەڵا دەکات ، ئەویش بەوەی توانای هەڵوەرینی پێدەبەخشێت .
هەروەها - با – یش دەچێتە پاڵ گەڵا : لە تەدارەکی ڕەوکردن و ، پەلەکردن لە کۆچدا هاریکاریی دەکات .
********
باشتر وایە بوەستم لە پرسیارکردن ، هەندێ جار لاوازییم وام پێدەڵێت .
باشتر وایە بە قەدی درەختێکەوە بنوسێم کە دەمرێت ، بۆ ئەوەی فێربم چۆن گەمە لەگەڵ توێکڵدا بکەم .
کەواتە ، بکرێت چاوەکانم تووڕ هەڵدەمە بیری قووڵی زەمەنەوە ، قووڵتر و قووڵتر ، بۆ ئەوەی هونەری ڕووانین بەتەواویی فێرببن ، ئاوەزیشم لە نێوان جوتەشاخی بەرانێکی ڕەشدا جێ بهێڵم ؟ ( بەران ، جگە لە وەی دەبێتە قوربانیی ، هیچ ڕێگەی تری لەبەردەمدا نییە).
********
(18 ی حوزەیرانی 2012)
سەفەر یانی بەئاگابوون . بەئاگابوونی ئەقڵ و هەست . کەواتە سەفەر ئیلهامە ، ئاماژەیە ، دەرکەوتن و وەبیرهێنانەوەیە .
لە 'میۆنگی' ی کچە هونەرمەندی هاوڕێم دەپرسم :
ئایا لە زمانی کۆرییدا ئەو وشەگەلی نەخۆش هەن ؟
بەڵێ .
ئەی ژمارەیان زۆرە ؟
زۆر .
وەکو ...
ئازادی ، شۆڕش ، خۆشەویستیی ، سیاسەت ، نیشتمان ...هتد. وشە نەخۆشەکان زۆرن . ترسناکترین شتی ئەم نەخۆشییەش ئەوە نییە بتکوژێت و ببڕێتەوە ، بەڵکو کۆسپ دروست دەکات ، ئاژاوە دەنێتەوە ، کۆت و پێوەند دروست دەکات و هەموو شتێک پەکدەخات .
- ئەی لای ئێوە ؟
- لە زمانی ئێمەشدا وشەی زۆر هەن کە نەخۆشیی لێیداون . دەردەکەش بە تەنها لە وشەکاندا نین . بەڵکو خودی ئەو فەزایەی کە وشەکان جوڵەی تێدا دەکەن ، بۆ خۆی فەزایەکی نەخۆشە . ئەمەش لایەنی هەرە خەتەرناکی کێشەکەیە . شتەکان بە بێهودەیی و بە شێوەیەکی تراجیکۆمێدیی تێکەڵ و پێکەڵی یەکتر دەبن . لەم بێهودەییەدا هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان بکوژ و فریشتەدا ، لە نێوان شەپۆل و تاشەبەرددا، لە نێوان مەیمون و خێڵدا ، یان لە نێوان دۆزەخ و بەهەشتدا .
لەم بێهودەییەشدا ، دەشێت هەناو و ڕێخۆڵەکان ببنە بەیداخ و ئاڵا ، ئەقڵ ببێتە پێ و سەریش ببێتە تۆپ . شتەکانیش هەموو ببنە جەللادی یەکتری .
هەر لەم بێهوودەییەدا ، وەختە مرۆڤ ئیجبار بکرێت بەو یەقینەی کە بۆق برای مانگە ، ئەستێرەی زوهرەش چاڵیکە لە نێوان هەردوو ڕاندا و ، مرۆڤیش لە شێوەی گۆڕێکی نەسرەوتدا لەدایک بووە .
********
بە خۆمم وت : باشە بۆ من گوێ بۆ 'بودا' ڕانەدێرم ، مادامەکی لە وڵاتەکەی ئەودام ؟
گوێم نا بە پەیکەرێکیەوە کە ڕوخساری ئەو لە پەیکەرەکەدا لە ڕوخساری ژن - پیاو ، یاخود پیاو – ژن دەچوو .
وا هاتە بەرچاویشم کە دەستی خۆیم بۆ درێژ ئەکات و ، دەفتەرێکم ئەداتێ و ئەم ڕستانەم پێدەڵێت :
1- ئەوە دڵمە ، دوور لە من لێئەدات ، نازانم بۆچی ئیدی دڵم بە قسەم ناکات؟
2- ئێمە لە ناو ئەو دەستانەداین کە بێ پارێزگاریین ، ئەو دەستانە بۆ خۆیان ناتوانن کەس بپارێزن .
3- ڕزگاربوون بۆ خۆی کرانەوەیە، ئەو ئاوەشی لێوەی هەڵدەقوڵێت ، ئاوی ئەبەدە .
4- چ مەینەتبارێکە ئەو مرۆڤەی : کاتێ قسە دەکات ، لە جیڕکردنەوەی ددانەکانی زیاتر هیچی تر ناڵێت .
5- ئەگەر تەنیا بم ، شەو دەرگای خۆیم لێ ناکاتەوە .
6- ئەوان پیلان دەگێڕن : سوپایەک مێروولەی دەکەن بە گژدا بۆ ئەوەی لە قاچیەوە ڕایکێشنە نێو شەویلاگیان .
7- ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت ، ئیتر لە کوێوە بتوانێت هەست بە لێپرسراوێتیی بکات؟
8- نا ، ئاییندە هەرگیز بە گۆچانی ئاسمان نایەت .
9- باشتر وایە ئاسمانێکی تر بکەینەوە بۆ ئەوەی باڵندەکان بە بێ تۆڕ و ، بێ قەفەز تێپەڕن .
10- خۆشەویستییش وەک شیعر ئەو مافەی هەیە بە زەمەن بڵێت : ڕاوەستە .
11- ڕێگا چییە ئەگەر نەبێتە پرسیار .
12- نهێنییەکانی خۆر بە تەنها لای کەسێک بدرکێنە کە قسەکان وەک چرپە دەچنێتەوە .
13- هەر کاتێک دەچێتەوە ماڵێ ، گوێی لە کلیلە کە چۆن قفڵی لێ هان ئەدات .
14- پێویستە ئەو مافە بدرێتە بروسکە کە لە شاری زماندا ببێتە پەناهەندە .
15- گۆڕەکان کتێبگەلێکن وانەی بێدەنگیی دەڵێنەوە ، ئەوەتا بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە : سفر هەمیشە ژمارەیەکی براوەیە .
16- خۆشەویستیی بە تەنها حەز بە بینینی کەسێک دەکات کە هەستی پێبکات ، کە سوێندی پێ بخوات ، کە تیایدا بژی .
17- ڕێی تێدەچێت زمان کوێر ببێت ، دەشێت دەست خەون ببینێت و ، چاویش قسە بکات .
18- ئەگەر ئێمە بە ڕاستی ئازادین ، ڕوو لە هەرکوێ بکەین و ، ئاڕاستەمان هەر چۆن بێت ، دەبێت دڵمان پێش پێیەکانمان بگاتە جێ .
19- زۆرجار ، قوڵنگەکان باوەڕ بەو شتانە ناهێنن کە پەیکەرەکان دەیانبینن .
20- ئیدی کەس نییە جەستەی شار بخوێنێتەوە ، ئەوانە نەبێت کە دروستکەری بۆمب و ڕۆکێت و ، ترس و برسێتین .
21- ئیدی جگە لە میقسەڵە ، هیچ شتێک شیوەن بۆ گەردنی مرۆڤ ناگێڕێت. ئیدی جگە لە شێرپەنجەکان ، هیچ شتێک نییە بە مەرەکەبی زانست بنوسێت.
22- چۆن جەستەمان تێکەڵی یەکتری دەبێت ، ئەرێ خوێنەکەی تۆ چییە ؟ ئەمە پرسیاری کارمامزێکە لەو شێرەی کە ڕاوی دەنێت .
********
نا ، نەخێر ناچمە سەرهیچ ئەستێرەیەک. بەڵکو خلیسکێنەی لەسەر دەکەم . جارێکی تریش پێی لێدەنێم : من گیرۆدەی "دەردێکم" کە "بێ دەرمانە" ، ئەویش "دەردی" سەفەرکردنە بۆ شوێنە دوورەدەستەکان . لە کاتیکدا من چ ئەستێرەیەکم نییە . وەلێ دەزانم چۆن چۆنی هەردووشانم دەکەم بە باڵ و ، چۆن لەگەڵ ئاسماندا هاوسۆزیی دەکەم .
سەرچاوە : ڕۆژنامەی (الحیاة) – ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممە - 19/07/ 2012