یەکەم کەسێک  لە دەرەوەی خێزانی ئێمە کە هەستی کرد ئەندامێکی دیکەی ماڵمان زیادیکردووە، پیاوی پۆستەچی گەرەک بوو. ئەو کە خەریکی دابەشکردنی پۆستی ماڵی ئێمە بوو، هەستیکرد ناوێکی تر بە جیا لەو ناوانەی کە تا ئێستا هەبوون،  بەسەر سندووقی پۆستەکەوەیە.  ئەو ڕوودەکاتە کوڕەکەم کە لە باخچەکەدا خەریکی یاریکردنە:" گاسپاچۆ چی تۆیە، هەستدەکەم ناوێکی دی بەسەر سندوقی پۆستەکەتانەوەیە. " کوڕە نۆ ساڵانەکەم ڕووی تێدەکات و دەڵێ:" حەز دەکەیت بیبینیت"؟ کابرای پۆستەچی دەڵێ:" بە خۆشحاڵییەوە". کوڕەکەم دەڵێ: دەیبینی، ئەها لە ناو باخچەکەدا چیمەن و گوێزەر دەخوات، ئەوە گاسپاچۆیە". "چ هاوڕێیەکی ووردیلەکەت هەیە. من ئەمڕۆ هیچ پۆستیکم بۆ گاسپاچۆ پێ نییە. دەکرێ لە ڕۆژەکانی دیکەدا، پۆستی بۆ بێت"، کابرای پۆستەچی بە زمانێکی منداڵانەوە ئەم هەواڵە بە کوڕەکەم دەدات. 
 
ئارۆن ڕادەکاتە ژوورەوە و لە خۆشیدا خەریکە باڵی لێپەیدا دەبێت. : باوکە ئەگەر سندوقی پۆستەکەت بەتاڵ کرد، بیرت نەچێت، دەکرێ نامەیەک بۆ گاسپاچۆ هاتبێت، حەزدەکەم خۆم بیخوێنمەوە، کابرای پۆستەچی ئێستا پێیوتم. " من لە دڵی خۆمدا دەڵێم:" کابرا منت تووشی چی کرد؟ پۆست بۆ کەروێشکێکی بچکۆلە.؟ 
گاسپاچۆ کەروێشکێکی کورتەباڵای تەمەن نۆ هەفتە بوو. کوڕەکەم دەمێک بوو دابووی بە گوێمانا کە لە جەژنی لە دایکبوونی ئەمساڵیدا کاتێک پێدەنێتە تەمەنی نۆ ساڵییەوە، دەبێ کەروێشکێکی بچکۆلەی بۆ بکڕین. گاسپاچۆ ئاوا هاتە ماڵی ئێمەوە.
هەفتەی یەکەم هیچ نامەیەک  نەگەیشتە دەستی کوڕەکەم. کەس نامەی بۆ گاسپاچۆ نەناردبوو. کوڕەکەم، بێتاقەت و هەستی دەکرد کە من لە گەڵ ریکلامی ناو پۆستەکاندا، دەکرێ نامەکەی گاسپاچۆم فڕیدابێت. بۆیە دەیویست، هەموو ڕۆژێک خۆی سندوقی پۆستەکە بەتاڵ کات. ناچار هەموو ڕۆژانێکی چوارشەممان، لە زمانی کەروێشکێکەوە کە بۆ منداڵێکی نۆ ساڵانە نامە بنێرێت،  نامەیەکم لەسەر کار دەنووسی و  هەر ئەو ڕۆژە پۆستم دەکرد تا ڕۆژی هەینی لە سندووقی پۆستەکەماندا بێت.
 
نامەی یەکەم:" سڵاو ئارۆن. من هاوڕیەکی نزیکی گاسپاچۆم. هەردووکمان لە قەفەسی ماڵێکدا بووین. من چەند مانگێک لە گەسپاچۆ گەورە ترم.  نزیکەی هەشت هەفتە هاوڕێی یەک بووین. ئێستاش بیری گاسپاچۆدەکەم. بیری ئەو ساتانەی بەیەکەوە گوێزەرمان دەخوارد. بە قەفەسەکەدا هەڵدەگەڕاین و لە باوەشی مندالاکانی ماڵدا دادەنیشتین و سەیری بەرنامەی ئاژەڵانمان دەکرد . گاسپاچۆ بەوەی هێشتا منداڵە، چەند جارێک میزی کردبوو بە باوەشی ئەو منداڵەی کە ئەوی لە باوەش نابوو. لەبەر ئەوە ئەگەر پێکەوە دانیشتن و سەیری بەرنامەی ئاژەڵانتان کرد، لە بیرت نەچیت، دەکرێ میزت پیا بکات. ناکرێ  تووڕە بیت. ئاخر رۆژانێکیش تۆ میزت بە باوەشی دایە و بابەدا کردووە. تۆش وەک گاسپاچۆ منداڵ بوویت. ئێستا لەبەر ئەوەی کاتی نانخواردنمە نامەکەم کۆتایی پێدەهێنم و هەفتەی ئایندە، نامەیەکی ترت بۆ دەنووسم. هاوڕێیەکی گاسپاچۆ. بیرت نەچێت، بە گاسپاچۆ بڵێێ هاوڕیی دێرینت نامەی بۆ ناردویت و لەگەڵ ئەودا نامەکە بخوێننەوە."  
لەگەڵ هاتنی گاسپاچۆدا زۆر شت لە ئارۆندا گۆردرا. ئەو ئارامتر لە جاران. ئەگەر رۆژگارێک ئای پاد و ئێکس بۆکس هاوڕێێ نزیکی ئەو بوون و کاتێکی زۆری لەگەڵ ئەو یارییانەدا بەسەردەبرد، لە پاڵ هەر بۆڵەو شاتەیەکی باوکانەی مندا کە گوایە ئارۆن زۆر لەگەڵ ئەو ئامێرانەدا دادەنیشێت، کەچی لەگەڵ هاتنی گاسپاچۆدا، بۆلەی من و دایکیشی کۆتایی هات.  
نامەی دووەم:" سڵاو ئارۆن! من و گاسپاچۆ زۆر حەزمان لە چیرۆک خوێندنەوەیە. ڕەنگە تۆ ئێستا  هێشتا نەتتوانیبێت بۆ خوێندنەوەی چیرۆکەکانت بەر لە خەوتن، گاسپاچۆ و قەفەسەکەی بێنیتە نزیکی خۆتەوە. ئەم ئێوارەیە وا بکە. بزانە چۆن لەسەر دوو پێ ڕادەوەستێ و گوێبیستی چیرۆکەکان دەبێت." 
 
ئێوارەیەکی ڕۆژی پشوو، هەموومان درەنگ هاتینەوە ماڵ. ئارۆن بەر لە هاتنە ژوورەوە دەیویست شەو شاد لە گاسپاچۆ بکات. من هێشتا نەگەیشتبوومە بە قاڵدرمەکانی نهۆمی دوو، ئارۆن بە گریانێکی هەتا بڵێێ جۆشدارەوە بانگی کردین:" گاسپاچۆ ناجوڵێتەوە، لەوە دەچێت مرد بێت." کاتێک من و خوشکی و دایکی دەگەینە لای قەفەسەکەی گاسپاچۆ، هەر ئەوە بوو کە ئارۆن پێشبینی کردبوو. گاسپاچۆ لەسەر لا کەوتووە و هێشتاش لەشی گەرمە. گاسپاچۆ مردبوو. 
بە درێژی تەمەنی نۆ ساڵەی ئارۆن، هیچ کەسێکی نزیک لە خێزانمانەوە نە مردبوو. مەرگی گاسپاچۆ یەکەمین تاقیکردنەوەی ئارۆن بوو لەگەڵ پرسیاری مردندا. چۆن لە لەدەستدانی ئازیزانێکدا دایک و خوشک و کەس و کاری نزیکی کەسی گیان لەدەستچوو خۆیان دەکوتن تا لە نزیکەوە تەماشای ئازیزە گاینلەدەستچووەکەیان بکەن،  ئارۆنیش کەوتبووە دۆخێکی ئاواهییەوە. 
ئەو ئێوارە درەنگە، بە بێ ئاگاداری هیچ کەسێکی دیکە، هەر هەموومان لە کۆششی ژیرکردنەوەی ئارۆندا بووین. کاریگەری مەرگی گاسپاچۆ لە ڕووخسار و دەنگی هەمووماندا هەستی پێدەکرا. 
بۆ بەیانی بەر لەوەی ئارۆن هەستێت، بە لێوارێکی لێژی باخچەکەی ماڵمانەوە، لە شوێنێکدا کە لە پەنجەرەی مەتبەخەکەوە، دەبینرا، گۆڕێکی بچووکم بۆ گاسپاچۆ هەڵکەند. پێش نانخواردن، من و ئارۆن و پەریا و شنەی خێزانم، بە تەرمی گاسپاچۆوە کە لە ناو کارتۆنێکی پێلاودابوو، بێدەنگ لە بەرانبەر گۆڕە هەڵکەندراوەکەی گاسپاچۆدا، بەڕێزەوە راوەستاین. ئارۆن کارتۆنەکەی پڕکردبوو لە پووش بۆ ئەوەی گاسپاچۆ هەست بە سەرما نەکات. ئەو بە چاوی پڕ لە فرمێسکییەوە، نامەیەک لە گیرفانی دەردەهێنیت و دەیخاتە ناو کارتۆنەکەی گاسپاچۆوە و خۆی پاشماوەی گڵ و چیمەنی هەڵکەندراوی ناو باخەکە دەداتەوە بە سەر ئەودا. دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی ناشتنی گاسپاچۆ، هەموومان دوا بە دوا دەگەڕێنە دواوە و گاسپاچۆ لە ناو باخچەکەدا بە تەنها جێدەهێڵین. 
بۆ ئێوارەکەی، ئارۆن مۆمێک و چەند گوڵێکی کێویی ناو باخەکە لەسەر سینییەک دادەنێت و لە پەنجەرەی مەتبەخەکەمانەوە، شەو شاد لە گاسپاچۆ دەکات. 
 
گاسپاچۆ تەنها بۆ ماوەی چوار هەفتە لە ماڵی ئێمەدا بوو. بەڵام کوڕێکی ئارام و میهرەبانتری لە دوای خۆیەوە بۆ من جێهێشت. هێشتاش ناوی گاسپاچۆ بە سندوقی پۆستی ماڵمانەوەیە. بەڵام لە دوای مەرگی گاسپاچۆوە . ئارۆن هیچ نامەیەکی دیکەی بە دەستنەگەیشت. سەیر ئەوەیە، ئارۆنیش تا ئیستا نەیپرسیوە بۆ. بەڵام بە قسەی خۆی ، تا ئێستا چەند نامەیەکی بۆ گاسپاچۆ نووسیوە و لە ناو کتێبخانەی ژوورەکەی خۆیدا هەڵیگرتوون. دەکرێ ڕۆژێک بۆ گاسپاچۆیان بنێرێت.   بەوەی کە خەفەتی لە دەستدانی گاسپاچۆ لە ئارۆندا زیاتر دەردەکەوێت، ناتوانم لە ناوەڕکی نامەکانی ئەو بپرسم، بەڵام لە دڵەوە حەزدەکەم، ڕۆژێک ئەو نامانەم بۆ بخوێنێتەوە.    
 

Baker.ahmed@telia.com
بەکر ئەحمەد
20121001