لەسەر ڕووت کازیبەی زوڵفت وەلا بە            کە سادیق بێ تولوعی ئافتابە
دڵ و دین  هەرچی بوو قوربانی تۆ بوون      هەتا کەی ئیدی ئەم ناز و عیتابە؟
بڵا بەو ڕۆژە نەیلۆفەر نەسووتێ                 بە مەرگی من سەری زوڵفت وەلا بە
لە عەکسی عاریزت فرمێسکی چاوم             گوڵاوی ڕووتە هەم خوونابی نابە
وەرە بنوێنە خۆت، بمکوژە قوربان              بە دینێک کوشتنی عاشق سەوابە
وەرە بنواڕە بەزمی عالەمی دڵ                 چ خۆش دەورێکە هۆشیاریی خەرابە
ئەگەرچی ناڵەیە هەر زەوق و شەوقە           ئەگەرچی گریەیە عەینی سەوابە
بە ناڵینی دڵی سووتاوی عاشق                   هەموو هەر نەغمەیی چەنگ و ڕوبابە
بە چاو و گەردەن و ڕووخساری ساقی          هەموو هەر شاهید و شەمع و شەرابە
گوتم: با قیمەتی وەسلت بە دڵ بێ             بە ماچێکیش لە زاری خۆت ڕەزا بە
کەچی فەرمووی: دڵت نەشکێ 'وەفایی'        ئەوە سەودایە، زەڕڕێکیش حیسابە