نەفەس سەمتوورە، سینەم ساز و دڵ نەی
حیکایەتخوانی دووریی تۆن پەیاپــەی

بە زیکری تۆ وەکو سۆفی هەمیشە
مەقاماتی فەنا فی اللە ئەکەم تەی

چە شیرینە لەگەڵ شەهدی حزوورا
لە تۆ خەندە و لە من ئاوازی ئۆخەی

ئەگەر سایەی سەری تۆ بێ بە تاجم
چە موحتاجم بە تاج و ئەفسەری کەی

غەزەل قەت نابڕێ هەرگیز بە باڵات
دەزانم بۆ کە وا مایل بە تاقەی

لە مەیخانەی خەیاڵی شەوقی تۆدا
بە نەشئەی یادی تۆ دڵ مەستە بێ مەی

لە عەکسی بادە ساقی وا لە مەیدا
قەدەح فنجانە ئازا تێکە سا دەی

لە وشکی وا نەمامی باغی نەزمم
بە پووشی ڕیشی سۆفی بوو شکۆفەی

بەسەرچوو دوور لە تۆ باغی خەیاڵات
نە بوونی ما، نە بۆنی ما، نە غونچەی