{ ئەو بابەتەی كە كردوومانەتە كوردی بریتییە لە پێشەكییەكی 'دانیاڵ لادنسكی' و دوو نموونەی شیعری و چەند بەشێكی ئەو بابەتەی كە 'هنری س.میندلین' لە كۆتایی دیوانی ( گوێم لە قاقای یەزدان بوو 'Heard God Laughing') ی حافزی شیرازیدا سەبارەت بە ژیانی بڵاوی كردۆتەوە. ڕەنگە بكەوینە هەڵەوە ئەگەر بڵێین 'دانیاڵ لادنسكی' وەرگێڕی دیوانەكەیە، چونكە هەروەك خۆی لە پێشەكی دیوانەكەدا ئاماژەی بۆ دەكات: شیعرەكانی حافزی لە ئینگلیزییەوە كردۆتە ئینگلیزی. هەر بۆیە دەشێت بڵێین دایڕشتۆتەوە.
ڕەنگە ئەزموونیكی لەو چەشنە سەیر و سەمەرە بێتە پێش چاومان!؟ بەڵام كاتێك كە پێشەكییەكەی 'لادنسكی' دەخوێنینەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەو عاشقێكی عەوداڵی دنیای ڕەها و جوانی حافزە و ئیدی هێندەی پێی كرابێت و بەو چەشنە هەوڵی خستنەڕووی ئەو دنیایەی داوە}. وەرگێڕ
ئازاكردنی ڕۆحی حافز
نووسینی: دانیاڵ لادنسكی
بەیانییەكی زوو، لە كاتێكدا لە ناوچەی مەهرازادی نێوەڕاستی هندستاندا، پیاسەم دەكرد و بە نێو ڕێگەیەكی هەردوولاتەنراو بە دار و درەختدا گوزرەم دەكرد. بڕیارم دا كە بكەومە كاركردن لەسەر خودی حافز و تێكستەكانی. ناوچەی مەهرازاد، دەكەوێتە قەراغ شاری ئەهماد دانگەر. شایانی باسیشە كە "ئاواتار مەهربابا"ی ڕێبەری ڕۆحی هیندییەكان، تا دواهەناسەی ژیانی لە ناوچەی مەهرازاددا ژیانی بردە سەر.
ئەو بەیانییە لەگەڵ یەكێك لە موریدەكانی"ئاواتار"دا كەوتمە گفتوگۆ و باسكردنی "مەولانا جەلالاددینی ڕومی" شاعیر. كە دیارە یەكێك بووە لەو شاعیرە فارسانەی كە دەمێك ساڵ لەمەوپێش ژیاوە. بە پێی ئەو پرۆگرامە زۆر جوان و ناوازەیەی كە پێشتر پێكەوە دەرحەق بە شیعرەكانی "ڕومی" بینیبوومان. شیعرە وەرگێڕدراوەكانی "ڕومی" زۆر لەوانی حافز تۆكمەتر و جوانتر دەهاتنە پێش چاوم. گوتم :"بۆ دەبێت 'ئاواتار مەهربابا' شیعرەكانی حافزی لە شیعرەكانی 'ڕومی' پێ جوانتر و مەزنتر بێت، لە كاتێكدا شیعرە وەرگێڕدراوەكانی 'ڕومی' بۆ سەر زمانی ئینگلیزی زۆر لەو شیعرانەی حافز جوانتر دێتە پێش چاو، كە كراوەتە ئینگلیزی".
هاوڕێكەم لە وەڵامدا گوتی: "مەهربابا، پێی وایە كە تا ئێستا هیچ كەسێك نەیتوانیوە، بە جوانی شیعرەكانی حافز وەربگێڕێت". هەر كە هاوڕێكەم وای گوت، بە شێوەیەك كە بۆ خۆشم سەرسام بووم، گوتم: " دەتوانم وەك پێویست وەریان بگێڕم".
گەرچی نە ئەو كاتە فارسیم دەزانی و نە ئێستاش، بەڵام هەر چۆنێك بوو، كەوتمە وێزەی هەموو ئەو شیعرانەی حافز كە پێشتر كرابوونە ئینگلیزی، هەر لەوانیشەوە ئەوەی ئێستام هەڵهێنجا.
خوێنەری زمانی ئینگلیزی سەدان ساڵە بە عەزرەتی چێژوەرگرتنە لە شیعرەكانی حافز: بەڵام بە حوكمی ئەو وەرگێڕانە حەرفییەی كە بۆ شیعرەكانی كراوە، ناكرێت خوێنەر چێژیان لێ وەربگرێت. شایانی باسیشە، كە وەك فارسییەكەی، وەزن و قافیەشی بۆ دانراوە، هەربۆیە لە پێناو پاراستنی فۆرمالیتەی شیعرەكان، وەرگێڕەكان، ڕۆحی شیعری حافزیان، مەحكومی مەرگ و لەناوچوون كردووە. لەكاتێكدا، ڕۆحی شیعری شیعرەكانی، لێوانلێوە لە بەزەیی و جومبوش و زەوق و قاقای پێكەنین، پڕە لەخۆشەویستییەكی عاشقانەی گڕگرتوو.
حافز بەچاوێكی پڕ سەرسامی و تەعەجووبەوە دەڕوانێتە یەزدانی خوڵقێنەری كەون و كائینات و شیعرەكانی پڕن لەو چەشن و تەرزە تێڕوانینە. هەر بۆیە ویستم بە پێی پێودانگەكان و مەوداكانی زمانی ئینگلیزی، كار لەسەر ڕەهاكردنی ئەو ڕۆحە شیعرییە بكەم.
زیاتر شیعرەكانی حافز سۆناتای كورتن. سەبارەت بە ژمارەی شیعرەكانیشی كە لە لایەن پسپۆڕانەوە ساغ كراوەتەوە نزیكەی (800) شیعرێكە، گەرچی هێشتاكە ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە، دەرحەق بەژمارەی شیعرەكانی. بەو پێیە دەبینین كە شیعرەكانی زۆر كەمن، بەتایبەت ئەگەر بەراوردیان بكەین لەگەڵ شیعرەكانی 'رومی'.
ئاشكرایە كە زمانی فارسی، زمانێكی لاستیكی و شیاو بەگۆڕانە، لەڕووی ماناوە. هەر بۆیە بۆ هەر شیعرێكی حافز، دەكرێت چەند خوێنەوەیەكی بۆ بكرێت و لەزۆر ڕووەوە تاوتوو بكرێت. هەروەك هاوڕێ فارسی زانەكانم دەڵێن، زۆر لەو وشانەی كەحافز لەشیعرەكانیدا بەكاری هێناون، زیاد لەحەوت هەشت واتایان هەیە. هەربۆیە دەكرێت، هەمان كۆپلە شیعرێكی دیاریكراو، بەچەند شێوەیەكی لەیەكتر جیا، وەربگێڕدرێت و هەر وەرگێڕانێكیشی بەڕاست بزانرێت.
پاش خوێندنەوەی سەرجەم وەرگێڕانە جیاجیاكانی شیعرەكانی حافز. هەمان شتم بینییەوە. هەر كۆپلەیەك لەشیعرەكانی حافز، چەندان شیعری سەربەخۆی لێ هەڵدەهێنجرێت. كەهەر یەكێكیان ڕەنگدانەوەی، تاكە واتایەكی كۆپلەكەیە. هەربۆیە دەكرێت، بەپێی وەرگێڕانە جیاجیاكان، شیعرەكانی تاوتوو و شیكاری بكەین. تاوتووكردنی دەقێكی ئەدەبی ، چ بەواتای سوود و كەڵك لێ وەرگرتن و خستنەگەڕ و زیندووكردنەوەی دێت. چ بەواتای تەسلیم بوونمان دێت، كەدیارە لەو كاتەدا، دەكرێت هەست بەڕۆحی شیعرەكە بكەین و خۆمان بدەینە دەم پێشەنگی شەپۆلەكانی.
ئەو شیعرانەی كەلێرەدا وەرم گێڕاون، گەر وشە بەوشەو دەقاو دەق لەگەڵا ئەسڵی شیعرەكانی حافزدا بەراوردبكرێ. ناكرێت بڵێم وەرمگێڕاوە، پێشم وایە لەڕووی تەكنیكی و زانستیشەوە، شیاو و ڕاست وەرنەگێڕدراوبێت. گەرچی حەز دەكەم بەڕاستی وەرم گێڕابێت، بەڵام هێندە دەزانم، كەڕاستگۆ بووم، دەرحەق بەبەرجەستەكردن و خستەڕووی ڕۆحی ئیلاهیانەی شیعرەكان.
ئەو دەقەی كە بە شێوەیەكی سەرەكی لەوەرگێڕانی شیعرەكانی حافزدا، پشتم پێ بەست. وەرگێڕانە ئینگلیزییەكەی ( وێڵبێرفۆرس كلارك) بوو. كەلەساڵی 1891دا چاپی كردووە. ئەمە جگە لەسوود وەرگرتن، لەدوا چاپی نوێی شیعرەكانی حافز، كە لە دووتوێی كتێبێكی(1011) لاپەڕەدا لە ئێران چاپ كراوە. كەم تا زۆریش سوودم لەوەرگێڕانەكانی دیكەش وەرگرتووە.
شایانی باسیشە، كەبەبێ هاریكاری و كۆمەكی ئوستادم (مەهربابا)، مەحاڵا بوو، بتوانم كارێكی ئاوا بەجێ بهێنم. دەكرێت بڵێم، هەموو ئەو جوانی و قاقا و جازبییەت و ڕاستییانەی كەلەوەرگێڕانەكەدا، دەكەوێتە پێش چاوتان و هەستی پێ دەكەن، دیارییەكی زاتی ئەوە بۆ من.
كەمێك وە ئاگا بەوە
(كەمێك وە ئاگا بەوە
هەتا هەتایە،
پێویست ناكات.
تەنها، ئەئێستا...
یەك هەنگاو، بەنێو دامێنی كراسە نەرمەكەی ئاسماندا
نەك هەر بەسە، بەڵكو زۆریشە.
حافز،
كەمێك وەئاگابەوە
ئەڤینی ڕاستەقینە، تەنها یەك دەقیقە دەخایەنێ
نەك هەر بەسە، بەڵكو بەشی ڕۆژانێكیش دەكات.
جێ بهێڵە،
هەموو ئەو ڕێچكە فێڵاوییانەی
كە لە پێناو ناسینی ئەودا، چێت كردووە.
چونكە هەریەكەیان،
بەلقە دارێكی بەهار دەچن..
كە بەستبێتی.
زۆر،
زۆر لە دوور دەمێنننەوە..
دوور لەتیشكی یەزدانیی هاوین.
وەئاگا بەوە گیانم،
بەبەزەیی بە.
وەئاگا بەوە، بەرانبەر دڵت..
هەڵیگرە و بیبەرە نێو دەغڵە فراوانەكانی تیشك.
جێ بهێڵە، هەناسە بدات
بڵێ:
" ئەڤین"
هەمدیسان باڵەكانم بەرەوە و
هەڵمسێنە..
لە نزیكەوە هەڵیسێنە..
بڵێ، بە مانگ و خۆر..
بڵێ، بە دۆستە خۆشەویستەكەمان:
خۆشەویستم، هەر ئێستا هەڵت دەسێنم
وەك بەڵێنم پێ دای
بۆ ئەو سەما جوانە).
ئەو شتەی كە بە چاو نابینرێت
(جارێكیان، لە ئوستادەكەی خۆمم پرسی:
چییە، فەرقی نێوان..
من و تۆ؟
گوتی:
حافز تەنها هێندەیە:
گەر ڕەوێك حەیوانی كێوی
بێتە نێو ماڵی تۆ و
خۆیان بدەن، لەكاسە بەتاڵەكانی دەرۆزەییمان
ناڕژێت، تەنها یەك دڵۆپیش
لەكاسەی تۆ.
ئەوەی كە بە چاویش نابینرێت،
ئەوەیە كە یەزدان لەكاسەكەی منی ناوە..
كەر بڕژێت، كاسەم
دەبات هەموو دنیا
سێڵاوی ئاو).
ژیانی حافز
نووسینی: هنری س. میندلین
هەرچەندە حافز، یەكێكە لەشاعیرە ناسراوەكانی ڕۆژهەڵات، بەڵام سەبارەت بەسەرگوزشتەی ژیانی، زانیارییەكی ڕاست و دروستمان لەبەر دەستدا نییە، تەنانەت بەتەواویش ڕۆژی لەدایك بوون و مردنی، ساغ نەكراوەتەوە. ڕەنگە لەساڵی 1330ز، لەدایك بووبێت و لەساڵی 1388دا، كۆچی دوایی كردبێت. كە لەساڵی لەدایك بوون و مردنی (جۆفێری چاوسێر)ەوە نزیكە كەدیارە جۆفێری، بەیەكەمین كەڵەشاعیرێك دەناسرێت، كەبەزمانی ئینگلیزی شیعری نووسیوە.
حافز، ناوی (شەمسەدین محەمەد)ە و هەر كە دەستی داوەتە شیعر نووسین، نازناوی (حافز)ی بەكارهێناوە. پێ دەچێت، پاش خەتم كردن و ئەزبەرەكردنی قورئان، ئەو نازناوەی بەخۆ ڕەوا بینیبێت. پاش ڕووخانی دەسەڵاتی مەغۆل و تەتەرەكان..لە شاری شیراز، چاوی بەدنیا هەڵهێناوە و زۆربەی ژیانی، لەو شارە پڕ لەباخچەیەدا، بردۆتە سەر.
حافز لەدەستپێكی ژیانیدا، ژیانێكی ئاسوودەو سانای بردۆتە سەر. یەكێك بووە، لەسێ كوڕی خانەوادەیەكی و هەژار و نەدار. بابی حافز خەڵووز فرۆش بووە. حافز هەر بەمنداڵی و پاش مردنی باوكی، ناچار بووە كەلەفڕنێكدا، دەست بەكاركردن بكات، بەڵام كۆڵی نەداوەو بەبەشێك لەو پارەیەی كەچنگی كەوتووە.. چۆتە مەدرەسەو وانەی قورئان و تیۆلۆژیك و گرامەر و ماتماتیك و ئاسترۆنۆمی خوێندووە. جگە لەفێربوونی خەت خۆشی، كەلەو سەردەمەدا، بەهۆی نەبوونی چاپخانەوە، ڕۆڵێكی زۆر گەورەی بینیوە.
خەت خۆشی لەو سەردەمەدا، زیاتر وەك پەیامێكی یەزدانی سەیركراوە، بۆ نووسینەوەی قورئان. بەو حوكمەی، كەبەپێی یاساو دەستوورە ئاینییەكان، وێنەكێشان قەدەغە بووە، هەموو جۆرە وردەكاری و هونەرێك لەخەت خۆشیدا، بەكارهێنراوەو تابڵێی برەوی پێدراوە، شایانی باسیشە، كەپێویستە بزانین، حافز لەخەت خۆشیدا، تا بڵێی بەسەلیقەو پرۆفیشناڵا بووە.
لەئێراندا شیعر وەك وەك چۆن ئۆپێرای ئیتاڵی، لەئیتالیادا پێگەو دنگەی میللی هەیە. ئاوا پێگەو پایەی هەیە. لەئێراندا مرۆكانی هەرچین و توێژێك، دەرحەق بەو شیعر و شاعیرانەی، كەدەیانەوێت، گفتوگۆ و دەمەتەقێی لەسەر ساز دەكەن. هەمیشە لەئاخافتنەكانی ڕۆژانەشیاندا، ئاماژەیان پێدەدەن و بەنموونە دەیانهێننەوە.
لەو سەردەمەدا، كەحافز تێیدا دەژیا.. زۆر گرنگی بەشیعر دەدرا. بەڕادەیەك كەهەردەم بۆ نێو مەجلیسی میر و شازادەو دەسەڵاتداران، گاز دەكران. ئەگەر یەكێك لەدەسەڵاتداران، سەرسامی خۆی بەشیعری شاعیرێك دەربڕی بایەو پێی جوان بایە.. فەرمانی دەكرد، كەهێندەی كێشی شاعیرەكە، زێڕی پێ ببەخشرێت و خەڵات بكرێت.
حافز هەر لەمنداڵییەوە خولیای شیعر بووە و تابڵێی بەهرەمەند بووە، دەرحەق بەهەر بابەتێك كەویستبای بینووسێت. هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی، كەلەتەمەنی بیست ساڵیدا، لەسەرپاكی شیرازدا بناسرێت. ئیدی لەو تەمەنەوە، بووە یەكێك لەو شاعیرانەی كەهەردەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بانگ دەكرایە نێو مەجلیسان. بەپشتگیری ئەوانیش توانی مەدرەسەیەك بكاتەوەو خۆشی وەك ئوستادێك، وانەی تێدا بڵێتەوە.
بەڵام دیارە بەو پێیەی، كەشیعرەكانی لەگەڵا قەناعەت و ڕەوتی ئایینی ئەو دەمەدا نەدەگونجا. جار جارە دەبووە مایەی دەردەسەری بۆی و ناوی دەخرایە لیستی ڕەشەوە. زۆر جار لەمەدرەسەكەی دوور دەخرایەوەو ڕێگەی پێ نەدەدرا كەلەمەجلیسی نێو كۆشكی دەسەڵاتداراندا ئامادە بێت. لەو كاتەدا ناچار دەبوو، كەكار بكات. تابژێوی خۆی خێزانەكەی دابین بكات. شایانی باسیشە، تەنیا كارێك كەبەو دەكرا. بەكارهێنانی تواناو سەلیقەی هونەرییانەی بوو، لەخەت خۆشیدا. بەدرێژایی ژیانیشی تەنیا یەك جار لەشیراز، شار بەدەركرا. پاش گۆڕانی دەسەڵات لەشیرازداو هاتنە سەر حوكمی دەسەڵاتدارێكی نوێ، توانی بگەڕێتەوە. كەتەمەنی گەیشتە چل ساڵا، سەرەتا كوڕەكەی و دواتر ژنەكەی، كۆچی دواییان كرد. ئیدی لەو كاتەوە، بەتەنیا ژیانی بردە سەر و زۆرێك لەشیعرە پڕ حەسرەتەكانی، ڕەنگدانەوەی مەرگی ئەوانی پێوە دیارە.
لەتەمەنی شەست ساڵیدا، هەر بەتەواوی ناو و ناوبانگی، لەزۆر شوێندا دەنگی دایەوەو لەهەموو لایەكەوە موریدانی ڕوویان تێ كرد، كەهەردەم وانەی پێ دەگوتنەوەو ڕێنمایی دەكردن. لەحەفتا ساڵیدا، بەبێدەنگی سەری نایەوەو دنیای جێ هێشت. موریدەكانی لەژێر ئەو درەختەدا ناشتیان، كەبەدەستی خۆی و لەنێو جوانترین باخچەیەكدا، دڵی پێی دەكرایەوە، ڕوواندبووی. پاش مەرگی و بەدرێژایی پێنج سەد ساڵا.. شوێن و مەزاری حافز و سێبەری درەختەكەی، بووە جێگەی حەسانەوەی هەزاران كەس، كەبەردەوام دەچوونە زیارەتی.
بەڵام بەداخەوە، لەسەرەتای چاخی بیستەمدا.. تەنیا شوێنەواری گۆڕەكەی مابۆوە.. ئەوەبوو لەساڵی 1925دا، حكومەتی ئێران ڕێستۆرەی گۆڕەكەی حافزی كردو باخچەكەشی چاك و نوێ كردەوە. دیارە پارەی چاككردن و هەڵبەستنی گۆڕەكە و نوێ كردنەوەی باخچەكە.. لەلایەنی "مەهربابا"ی ڕێبەری ڕۆحی هیندییەكانەوە، درایە حكومەتی ئێرانی. "مەهربابا" زۆرجار، بەدێڕە شیعرییەكانی حافز.. قسە و ئاخافتنەكانی خۆی تۆكمەو پتەوتر دەكردو دەیكردە مایەی ڕوونكردنەوەی ئەوەی كەدەیویست. "مەهربابا" دەیگوت: ( شیعرەكانی حافز، دەچنە سەر ئەو ڕێگەیەی كەڕۆحگەرایی پێدا گوزەر دەكات، بەسەرجەم نهێنی و پەنهانییەكانەوە). ئاشكرایە كەهەموو گوتارە مەعنەوییەكان، بناغەو بنەمایان عیشقە.
حافز، هەر لەگەنجییەوە بۆتە موریدی یەكێك لە مەدرەسەكانی سۆفیگەرێتی و میستیك، تادواتر بۆ خۆیشی بۆتە ئوستادی ئەو ڕێچكەیە، شیعرەكانی ڕەنگدانەوەیەكی كلاسیكییانەی سۆفیزمە، كە لەسەر بناغەی تاكڕەوانەی، وابەستەگی خودو یەزدان دامەزراوە.
بەشێوەیەگی گشتی، لەڕۆژئاوادا.. مستیك و سۆفیگەرێتی، بەباڵێكی ئایینی ئیسلام دەزانرێت. كەبەپێی شوێن و جێگا جیاجیاكان، ناو و شێوەی جودا لەخۆی دەگرێت، بەڵام ئاشكرایە هەر لە سەردەمی گریكەكانەوە، چەشن و شێوەی مستیك و سۆفێتی.. لەئارادا بووە. كەوابەستەی مەدرەسەی( سۆفیا-Sophia-) بووەو بە( پیتاگۆر-Pitaegor-)و (پلاتۆ-Plato-) ناسراون. لە سەردەمی عیساشدا، بەئەسەنی و گنۆستیكەكان ناوبراون.
سۆفیزم، لە ئیسلامدا بەواتای بێگەردی و پاكی ڕۆح و دەروون دێت. موریدەكانی(صوف) یان لەبەر كردووە و هەر لەوەشەوە، سۆفییان پێ گوتراوە. لەنێوان ساڵانی (800-1400ز ) سەدان مەدرەسەی سۆفیگەرێتی كراوەتەوە. هەر بۆ نموونەش، دەكرێت ئاماژە بەمەدرەسەكانی( ڕۆمی و ئیبن عەرەبی ) بدەین، وەك پێشەنگی مەدرەسەكانی سۆفیگەرێتی. ئاشكرایە كەجیاوازی لەنێوان مەدرەسە و ڕێبازەكانی سۆفیگەرێتیدا، بەڕاشكاوی دەبینرێت. لەكاتێكدا ڕێبازێكیان، گرنگی بە ( میدیتاسیۆن ) دەدات لەسۆفیزمدا. ئەوە ڕێبازێكی دیكەیان، كاركردن و خزمەتكردنی بێ بەرانبەر دەخاتە ڕوو. واتە دەبێت لەم دنیایەدا بێ هیچ داواكاری و تەڵەبێك، خزمەت بكەین. هەندێكیشیان، خواپەرستی و عیبادەت دەكەنە بەردی بناغەی سۆفیگەرێتی و لەڕێی سەما و گۆرانی و شیعرەوە.. دەیانەوێت، عیشقی ئیلاهی باڵا بەرجەستە بكەن.
بەو پێیەی كەشیعرەكانی حافز، لەم بوارەدا پێشەنگە. موریدانی ئەم تەریقەتە، گرنگییەكی تایبەت بە شیعرەكانی حافز دەدەن.
تێبینی:
- 'دانیاڵ لادنسكی' لە ساڵی 1948 لە "میسۆری وڵاتە یەگرتووەكانی ئەمریكا" چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. هەر لە هەڕەتی گەنجێتییەوە، عەوداڵی گەڕان و سەفەركردن بووە. ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی كە لە نێو خۆیدا هەستی پێكردووە، لە هیندستاندا پڕبۆتەوە و هەر ئەمەش وای لێ كردووە، كە شەش ساڵی تەمەنی لەوێدا بەرێتە سەر.
لەوێ بۆتە هاوڕێی 'ماندیلی' كە یەكێك بووە لەموریدانی 'مەهربابا' و لە ئەنجامی مانەوەشی لەگەڵ ماندیلیدا زانیاری دەربارەی 'حافزی شیرازی' وەچنگ كەوتووە. كە دیارە یەكێك بووە لەو شاعیرانەی كە 'مەهربابا' زۆر پێی سەرسام بووە. لادنسكی لەو دەمەوە دەستی داوەتە، تۆژینەوەو شیكاركردنی شیعرەكانی حافز. لە ئێستاشدا لە باشووری 'كارۆلینا' نیشتەجێیە و هەر بەردەوامیشە لە توێژینەوە و لێكۆڵینەوە سەبارەت بەدنیای ڕۆحی خودی حافز ز شیعرەكانی.
---------
ژێدەر : Tanrı”nın Kahkahasnı Duydum- Hafiz-ten Aşk Şiirler- Danil Ladinsky- 2005*Mia yayinları İstanbul
سەرنج: (گوێم لەقاقای یەزدان بوو- ی حافزی شیرازی. بەسەرپەرشتی (پانتا نیرڤانۆ)و لە لایەن 'ئایشە گوڕۆڵ'ەوە لە ئینگلیزییەوە كراوەتە توركی. دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی Mia، ساڵی 2005 چاپ و بڵاوی كردۆتەوە.