بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو
کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم، لە باغی جەنەتلمەئوا مەفەرموو
ئەتۆ موو سونبوڵ و ڕوو ئافتابی لە حوسنی تەڵعەتی لەیلا مەفەرموو
دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو
دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو
دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو
من و یەک لەحزە شەو ئارام و تاقەت؟! لە دووریی ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو
بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە بە جەللادانی بێ پەروا مەفەرموو
'وەفایی' عــاشــقی ئەندامـی تۆیــــە شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو