(حَقاً) لە ڕەقیب ئەو بەر و دەرگانە حەرامە
لەو دێوە، کە ئەم تەختی سولەیمانە حەرامە
(قیل)ێکی ضەعیف: ئاهی حەزین ئیذنە لە عیشقا
گریانی بە کوڵ ، ناڵەیی مەستانە حەرامە
سووتانی بەبێدەنگییە ئادابی مەحەببەت
وەک بولبول ئەم ئەفغانە بە پەروانە حەرامە
وا دەربەدەرە دڵ، وەطەنی سینەمی ون کرد
لەو شێرە خوێڕیی‌بووه ئەم لانە حەرامە
دەیوت کە بەڕەهمەن مەهی ڕووی ئەم صەنەمەم دی
گەر بت ئەمە بێ ، خزمەتی بتخانە حەرامە
من پادشاهی عیشقم و ، هەر داغی جونوونم
تاجی سەرە، باقی کە لە دێوانە حەرامە
هەر (کوکەن ) و( مەجنون)ە کوڕی کێو و بیابان 
غەیری کون و قوژبن کە لە فەرزانە حەرامە
بێ داغی نەدامەت دڵ و ، بێ دەردی ئەسەف جان
لەم کالیبەدە دڵ ، لە دڵ ئەو جانە حەرامە
خوێناوی جگەر، گۆشەیی ( بَیْتُ الحَزَن)ێ بوو
'مەحوی' ! بەسە، مەیلی مەی و مەیخانە حەرامە

 

-----
بەڕەهمەن: پێشەوای ئاینی بەڕەهمایی
کۆکەن: فەرهادی شیرین
فەرزانە: خاوەن عەقڵ و تێگەیشتوو
کالیبەد: قەوارەی لەش