خوێندنەوەیەک بۆ کایەکانى رۆشنبیریى لە گفتوگۆى نێوان (نینار) و (ئەدۆنیس)دا

نینار ئەسبر لە ساڵى 2001 کتێبێکى بە ناوى "شەوى یەکەم" لە دەزگاى (ئەلنەهار) لە بەیروت بەچاپ گەیاندووە، بەڵام لە بنەڕەتدا هونەرمەندى شێوەکارییە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک فیلمى بەرهەمهێناوە، هەندێک لە کارە هونەرییەکانى لە ڤێستڤاڵى "کوتیە کور" لە پاریس پێشان دراون.
هونەرمەند نینار ئەسبر لەو سەد پرسیارەى کە لە کتێبێکدا بە ناوى (گفتوگۆیەک لەگەڵ باوکم) ئەنجامى داوە و بۆ یەکەمجار لە دەزگاى پەخشى فەرەنسى بڵاو بۆوە، لە زمانى سویدییەوە (هیوا قادر) کردوویە بە کوردى و دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، لە ساڵى 2012 چاپ و بڵاوى کردۆتەوە. نینار بە قسەى خۆى بە دواى دەسەڵاتى ونبووى باوکیدا وێڵە، ئەو پیاوەى کە ئامادەیى دەسەڵاتى بە سەر پانتایى شیعریدا زاڵە "باوک نییە، بەڵکو هاوڕێیە".
(1)
دنیاى ئەمڕۆ، دنیاى پرس و گۆڕان و شۆڕشى بەیەکگەیشتنو زانیارییەکانە، دنیاى یەکتر قبوڵکردن و گفتوگۆ و دانوستاندنە، دنیاى ئەمڕۆ، دنیاى چوونە نێو زەمەن و تێگەیشتنە لەو زەمەنە هەنووکەییە زیندووەى کە ئێستاکان بەڕێوە دەبات، نەک گەڕانەوە بۆ حوکمە حازر بە دەستەکان و فیکرە لە قالب دراوەکان، بۆیە مرۆڤ بەر لەوەى لەسەر حەقیقەتێکى دیاریکراو و فیکرێکى لە قالبدراو بوەستێ، پێویستە لە دەرەوەى سیستمەکانەوە، خوێندنەوەیەکى جیاوازى بۆ ئێَستاکان هەبێت، پێویستە لە دەرەوەى سیستمە دیاریکراوەکانەوە سەیرى دنیا بکات، وەک چۆن گرنگیشە بە وزەیەکى پڕ لە بەخشش بیر بکاتەوە و لە کاتى خۆى دەست بۆ واقیع و کۆتاییەکان بەرێت؟!
نینار ئەسبر، لە زۆر لە شوێنەکانى ئەو گفتوگۆیە، لە کاتى خۆى دەست دەخاتە سەر مەسەلەکان و قسە لە واقیع و کۆتاییەکان دەکات، بۆیە لە بەرانبەر ئەو شێوە قسەکردن و بیرکردنەوەیەى نینار، ئەدۆنیس دووچارى جۆرێک لە شۆک و کەوتن دێت، مەبەستى من لە (کەوتن)ى ئەدۆنیس ونکردنى دەسەڵات و ونبوونە لە نێو سیستمدا، یان ونبوونى ئەدۆنیسە لە کۆى ئەو پەیوەندیى و پێکهاتە بەیەکەوە بەستراوەى، کە هەنگاوەکانى رێکخستووە؟! وەک چۆن ئەوەى کە ئەدۆنیس لەو گفتوگۆیە سەرسام دەکات، جورئەت و بەرفرەوانى ئەو ئازادیەیە، کە نینار تێیدا دەجولێتەوە. بە مانایەکى دیکە نینار، ئەدۆنیسى باوک دەخاتە دەرەوەى ئەو قەناعەتە سیستماتیزەکراوەى کە ساڵانێکە کۆى دەکاتەوە! نینار، ئەدۆنیسى باوک بۆ کۆتاییەکان و دەرەوەى سیستم و دەسەڵاتێکى دیاریکراو، کێش دەکات.
نینار دەڵێ من پێموایە چەمکى (وڵات) و (نەتەوە) ئینسانەکان ئەکەن بە کۆیلە، وایان لێدەکەن ئینسانەکان گیرۆدەى دەسەڵات بن- ل140. لە بارەى راستى و ئازادى و پێکەوە ژیانەوە دەڵێت، من پێکەوە ژیانێکم دەوێت ئازادى خۆمى تێدا بپارێزم.ل67. ئەو گفتوگۆیەى نێوان (ئەدۆنیس) و (نینار)ى کچى، دەشێ دوو فۆرم لە رۆشنبیرمان نیشان بدات، رۆشنبیرێک کە خاوەنى ئەزموونێکى قوڵ و بەرفرەوانە و پەیوەستە بەکێشە رۆشنبیرییە گشتییەکانەوە و ماوەیەکى زۆرە لە کایەکانى رۆشنبیریى بەشدارە و خاوەن هەژموونێکى بەرفرەوانە، ماوەیەکى زۆرە دەسەڵاتى فیکر و مەعریفە و داهێنانى بە دەستەوەیە و وێنەیەکى دانپێنراوى بۆ خۆى فەراهەم کردووە، جگە لەوەش بە مانا سارتەرییەکەى لە دەرەوەى کایەکانى خۆى قسە دەکات، لە دەرەوەى بیرکردنەوە و داهێنان و بەرهەمهێنانى ئاگایى و رۆشنبیریى و رەخنەدا قسە لە کایە جیاوازەکانى کۆمەڵگا دەکات، بەرانبەر رۆشنبیرێکى ئازاد و مۆدێرن، رۆشنبیرێک کە لە نێو سیستمێکى دیاریکراوى فیکر و بیرکردنەوە قەتیس نابێ و هەمیشە قسە لە کۆتاییەکان دەکات، لە نێو پانتاییەکى بەرفرەوان لە ئازادى درێژە بە پرۆژە و چالاکیەکانى خۆى دەدات، رۆشنبیرێک کە بڕواى بە سیستمێکى دیاریکراوى زمان و سیستمێکى دیاریکراوى ژیان نییە، بەڵکو هەموو پرۆژە و سەرمایە رەمزییەکەى خۆى لە کلیکێکى هەنووکەیدا بەرهەم دەهێنێتەوە، هەمیشە لە هەڵبژاردندا چەمکى دابڕان پەیڕەو دەکات.
وەک دەزانین ئەدۆنیس هەر لە سەرەتاى ژیانییەوە وەک رۆشنگەرێک، لە پاڵ ئەرکە خەباتگێڕییەکەى، کە بەرهەمهێنانى فیکر و مەعریفە و داهێنانى ئەدەبییە.. هەوڵى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى و سیاسى داوە و بە بڕوابوون بە عەلمانییەت و سیستمێکى دیاریکراوى زمان، توانیویەتى چالاکى رۆشنبریى و ئیبداعەکانى خۆى پەرە پێبدات و لەسەر ئەو بنەمایەش سەرمایەیەکى رەمزى بە دەست هێناوە. ئەدۆنیس ئەو سەرمایە رەمزییەى خۆى لە زیاد لە پانتاییەکى ئەدەبى و فیکرى و دواجار وەک گۆچانى ژیان خستۆتە کار! لێرەدا دەپرسم ئایا ئەوەندە بەسە کە رۆشنبیر سەرمایە رەمزییەکانى لە پانتاییەکى دیکە و گشتیدا بەکار بهێنێ، یان دەبێ لە یەک کاتدا پارێزگارى لە سەربەخۆیى و ئەکتیڤى خۆى بکات و بە دواى سەرکەوتنى پرۆژەکانییەوە بێ، نەک هەر هێندە بەڵکو هەمیشە لە سەرنەکەوتنى پرۆژەکانى هەنووکەیى خۆى دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە؟! ئایا ئەرکى رۆشنبیر نوێنەرایەتیکردنى خەڵکە، یان داهێنانى کایەکانى فیکر و مەعریفە؟
نینار وەک شێوەکارێک نەک هەر سەر بە سیستمێکى دیاریکراوى زمان نییە، بەڵکو هەوڵدەدات لە ئێستایەکاندا بژى تا بە پرۆژەکانى خۆى بەشدارى لە داڕشتنى قسە و باسى کۆتاییەکان بکات و لەناوەندى دیمەنەکانیدا دەربکەوێت، دەیەوێ لە هەنووکەیى خۆى پەیوەندییەکى دیکەى تازە لەگەڵ دنیا و شتەکان درووست بکاتەوە.
بە بڕواى من ئەگەر گرفتى ئەدۆنیس وەک رۆشنبیرێک لەگەڵ ئێستاى خۆى، ونبوون بێ لە نێو سیستم و بەدوادانەچوونى پرۆژە هەنووکەییەکانى بێت؟! ئەوە گرفتى نینار لەگەڵ خودى ئەو سیستم و دەسەڵاتەدایە کە ئەدۆنیسى باوکى قووتداوە، سیستم و دەسەڵاتێک، کە ئەدۆنیسى باوکى غەرقى خۆى کردووە و واى لێکردووە کە بە چەمکەکانى بیر بکاتەوە، بە ئەندازەى سنورەکانى هەنگاو بنێت، سیستم و دەسەڵاتێک کە دەستى بە سەر پرۆژەکان و عەقڵ و ئازادیدا گرتووە.. لە هەمان کاتدا گومان و دوودڵى و گرفتى نینار، وەک ئەوەى لە هەندێ شوێنى ئەو گفتوگۆیە بە ئاشکرا خوێنەر هەستى پێدەکات، لەگەڵ پرۆژە و فیکرەکانى خۆیدایە، وەک شێوە تیۆرییەکەى نا، بەڵکو بەو مانایەى کە هەموو چەمک و فیکرێک بەپێى گۆڕینى پەیوەندییان بە واقیعەوە ئەوانیش دەگۆڕێن.. بە کورتى لە کۆى ئەو قسانەوە دەمەوێ بڵێم رەنگە گرفتەکانى نینار راستەوخۆ پەیوەندى بە زەمەنى کۆتاییەکانەوە هەبێت، کە لە دواى ئازادى و لە دواى گۆڕانکارییەکانەوە دێتە بەرهەم، چونکە ئەو زەمەنە نادیارەى کە لە دواى گۆڕانکارییەکان بەرەو ڕووى دەبینەوە، زەمەنى تاودان و پشتگوآ خستن و مۆڵەت نەدانە، بەپێچەوانەى زەمەنى لاهوتى و زەمەنى ئایدیۆلۆژى کە زەمەنى چاوەڕوانى هەتا هەتاییە!
(2)
ئەمڕۆ رۆشنبیر وەک چۆن تەنها توێژەر نییە، بە دیوەکەى دیکەش پۆستەچى نێوان گەلو دەسەڵات نییە، هەڵبەتە ئەو قسەیەى (عەلى حەرب) لەبارەى رۆشنبیرەوە لەسەر ئەوە وەستاوە، کە ئەگەر کەشفکردنى حەقیقەت، هەتا دوێنێ وەک ئەرکە هەرە پڕ بایەخەکەى رۆشنبیر سەیر کرابێ، ئەمڕۆ کەشفکردنى حەقیقەتەکان ئەرکێکە بە باشترین شێوە رۆژنامە و هۆیەکانى راگەیاندن دەستەبەرى دەکەن، ئەمڕۆ میدیا و هۆیەکانى راگەیاند، کۆمەڵگا لەرووداوو هەواڵە پەنهانەکان ئاگادار دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر شتە پەنهانەکان و ریسوا ئامێزەکانەوە، بەو مانایەش رۆشنبیر بە مانا تەقلیدییەکەى لە خەڵکێکى ئاسایى بەولاتر شتێکى دیکە نییە، یان رەنگە خەڵکى ئاسایى لەم بارەوە لە رۆشنبیر کەمتر نەزانن.
بێگومان هەموو داهێنەرێک بە پێى بەرهەمهێنانى مەعریفە و داهێنانە فیکرییەکانى خۆى کار دەکات، بەڵام جیهان لە ئێستا پێکهاتووە، هەر لە ئێستاوە کاریگەرى خۆى بە سەر پەیوەندییەکان بەجآ دەهێڵآ! جیهان لە ئێستا پێکهاتووە هەمیشە لە تازەکردنەوەى پەیوەندییەکانیدایە.. کەواتە ئەوە تەنها ئەو کەسەى دەنووسێت و کتێب دادەنآ نییە، کە گومان لە زەمەن دەکات! هەر ئەو کەسەى دەنووسێت نییە، کە قسە بە تەکنەلۆژیا دەڵآ و خوێنەر دەخاتە نێو هەوڵى دڵتەزێنەوە، بەڵکو ئەو کەسەش دەگرێتەوە، کە بەپێى چوونە نێو شوێنە نوێیەکان و پەیوەندییە نوێیەکان، بیر دەکاتەوە، یان بەپێى هەڵدانى شێوازە نوێیەکانى گفتوگۆکردن و گێڕانەوە و تەعبیرکردن، نەخشە بۆ ماناکان دەکێشێت.
ئەگەر وەک رۆشنبیر بۆ خودى مارکس بگەڕێینەوە کە خاوەنى گەورەترین دەستپێکردنى گۆڕانە، مارکس ئەگەرچى لە کۆمەڵێک کایەى جیاوازدا کارى کردووە، بەڵام لە هەموو کایەکاندا کۆمەڵێک چەمکى فیکرى و فەلسەفى داهێناوە، وەک چۆن لەپێکهاتەى ئاگایى گشتیدا بەشدارى جیدى هەبووە، بەشدارى بآ ژمارەیشى لە رێکخستنە سیاسىو خەباتگێڕییەکان و تەکەتولاتى کۆمەڵایەتیدا نوواندووە.. دەمەوێ بڵێم راستە ئەرکى رۆشنبیر داهێنانى فیکرە، یان دانانى تیۆرە بۆ کارکردن، کە رێگا بۆ گۆڕانکارییەکان خۆش دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ هەمیشە لەهەنگاونان بەرەو نادیار دەست پێشخەرى بکات. چونکە هەموو ئەوانەى داهێنان و بەرهەمهێنانەوەى فیکر و فەلسەفە و خوێندنەوەى رەخنەگرانە.. بە کارى خۆیان دەزانن، ناکەونە نێو شوێنکاتێکى دیاریکراو و سیستمێکى دیاریکراوەوە، بەڵکو شوێنکاتەکان دەبڕن و رێگایەک بۆ پرۆسیسەکردنى کردە و کاریگەرییەکانیان دەسازێنن. رۆشنبیر بۆ ئەوەى پرۆسیسەى عەقڵى خۆى بکات، نابآ چاوەڕێى ئەوە بێت (یەکێک) بێت و دەرگاکانى حەقیقەتى بۆ بکاتەوە، بەڵکو رۆشنبیر پێویستە هەمیشە لە رێگاى داهێنانى فیکر و رەخنە و دانانى تیۆرە و خوێندنەوەى بەرهەمهێنەوە تەواوى رێگایەکان بۆ گۆڕانکاریى خۆش بکات و بەردەوام لە بەدواداچوونى پرۆژەکانەوە دووبارە هەنووکەیى بەرهەم بهێنێتەوە.
(3)
(نینار) لە پێشەکى کتێبى ناوبراودا دەڵێت باوکم لە کاتى ئەو گفتوگۆیانەدا وەک باوکێکى کلاسیکى وەڵامى منى داوەتەوە و کاردانەوەشى بەرانبەرم هەبووە، ئەوەش شتێک بووم من چاوەڕێم نەدەکرد..ل6. لێرەدا نینار وەک چۆن جەخت لە پەیوەندییەکى دیکەى جیاواز دەکاتەوە، وەک رۆشنبیرێکى ئازاد هەوڵى هەڵوەشانەوەى ئەو گوتارە زاڵەش دەدات، کە کار بۆ سنوردارکردنى حەقیقەت دەکات، لە سەر ئەو بنەمایەى کە زۆر جار رۆشنبیر بەناوى ئازادى، زۆردارى بەرهەم هێناوە، بەناوى عەقڵیەتى قوربانیخواز مرۆڤى پەرپووتى بەرهەم هێناوە، بە ناوى گۆڕانکارى دووبارە قەیرانەکانى بەرهەم هێناوەتەوە.
کەواتە بە بڕواى نینار باشتر وایە مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئازادى لە رێگاى تۆڕى نوێى چەمکەکانى بەرهەمهێنانو داهێنان و چالاکى و خوێندنەوە و لێپرسراوییەت و بەشداربوونەوە بێت، وەک چۆن دەبێ رۆشنبیر لە رێگاى هەڵوەشاندنەوەى فیکر و لۆژیک و میکانیزمى واقیع و هەڵوەشاندنەوەى سیستمى چەسپاو، خۆى بدۆزێتەوە، بە هەمان شێوەش پێویستە تواناى چالاکى و پرۆژەى فیکرى و داهێنانەکانى خۆى لە رووبەرووبوونەوەى دەرئەنجامى گۆڕانکارییەکاندا هەڵگرێتەوە. بەو مانایە هەمیشە فیکر لە رێگاى دووبارە فۆرمەلەکردن و پێکهاتەکانیدا وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری خۆى دەخاتەوە،
(4)
نینار دەڵێت لە رێگاى پرسیارەکان و وەڵامەکانەوە تێگەیشتم کە من کێم و چۆن بیر دەکەمەوە. لە لاى خۆم هەندێک شتم لە ئەدۆنیسى باوک دیت، کە پێشتر بەر لەوەى بچینە نێو ئەو یارییەوە ئەو شتانەم لێینەدیبوو! چونکە نینار لەو گفتوگۆیەدا وەک رۆشنبیرێکى زۆر ئازاد قسە دەکات و تەواوى سیستمەکان دەخاتە دواوە، یەکێک لەو سیستمانەى کە نینار بڕوانەبوونى خۆى بەرانبەر دەردەبڕێت و بە شێوەیەکى دیکەى جیاواز پرسیارەکانى ئاڕاستە دەکات، سیستمى زمان و سیستمى خێزان و دەسەڵاتى باوکایەتییە. لەبەر هەندێ لە بەرانبەر ئەو وزە رۆشنبیرییە نوێیەى نینار، هەمیشە ئەدۆنیس لە وەڵامەکانیدا بە سۆزەوە شتگەلێک دەڵێت، بۆ ئەوەى دڵنیایى بخاتەوە. وەک چۆن کۆمەڵێک شتى دیکەش کە نیگەرانى لێدەتکێ! لە نێوان دڵنیایى و نیگەرانى کچ و باوک دەگەنە ئەوەى کە هەتا لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکانیش پێویستە ئافرەت، رۆشنبیر، زیاد لە پێویست بە هێز بێت، بۆ ئەوەى بە سەر ئەو گیروگرفتانەدا زاڵ بێت، کە دووچارى کۆمەڵگاکەى دەبنەوە. وەک چۆن پێویستە رۆشنبیر ئازاد بێت، بۆ ئەوەى بتوانێ کارە رەخنەییەکانى بەرەوپێشەوە بەرێت و ژیان بخاتە جولەى بەردەوام و گۆڕانکارى بەردەوامەوە.
هەندێک لە پرسیارەکانى ئەو کتێبە ئاسان و هەندێکیش ئاڵۆزن. چونکە نینار بە مافى خۆى دەزانێ زۆر بە ئازادى هەندێک پرسیار بکات، کە پەیوەندى بە کایەى شیعریى و ئەدەبییەوە نەبێت، دەیەوێت وەک باوک هەندێک پرسیارى لێبکات، بۆ ئەوەى دەسەڵاتى باوکایەتى و تۆتۆلۆژییەتى ئەو دەسەڵاتە بخاتە بەر رەخنە و بەدواداچوونى ئێستاى بیرکردنەوەوە. کاتێک کچەکەى لە بارەى چەمکى مێینە و مێیینەوە پرسیاى لێدەکات، ئەدۆنیس پێى دەڵێت پرسیارەکانت زۆر تیۆرین، بۆیە لە دەرئەنجامدا ناتوانم وەڵامێکى راستت بدەمەوە، بەڵکو تەنها دەتوانم هەندێک بۆچوون و هەستى خۆم بخەمە روو، بەڵام رەنگە پەیوەندى بە واقیعەوە نەبێت. سەرەڕاى ئەوەش دەڵێت پرسیارەکانت دەکەونە نێوان دوو کۆمەڵگاوە یەکێکیان هاوچەرخە و ئەویدیکەیان وا نییە، پێى دەڵێت من وا هەستدەکەم کە تۆ گرفتت لەگەڵ ئەو دوو کۆمەڵگایە هەبێت، بەڵام من لە هەر کوێ بم شوێنێکم بۆ خۆم خەڵق کردووە، من هەمیشە دەڵێم نیشتیمانم زمانمە، پەیوەندى من بە دنیاى زمان بە هێزترە لە پەیوەندیم بە شوێن و خەڵکەوە.