"من و ئازاد سوبحى وەک شاعیر"
چۆن (لم نیازمە)ى عەباس عەبدوڵڵا یوسف و (دوکەڵ)ى هاشم سەراج و (گەرم نەبوونەوە)ى جەلال بەرزنجى و قەسیدەى (سوتانى رەنگەکان)ى دلشاد عەبدوڵڵا و (لە غوربەتا)ى حەمە عومەر عوسمان و (تەمە سپیەکانى رۆح)ى کەریم دەشتى و (زەردک)ى ئەحمەدى مەلا... وەک شیعر بۆ من جیاوازى خۆیان هەبوو، ناسینى (ئازاد سوبحى)یش وەک مرۆڤ و وەک شاعیر، نەک هەر تەنها جیاوازى، بەڵکو دڵکرانەوە بوو.
لە دواى راپەرینى بەهارى 1991 زۆرێک لە نووسەران هەر نووسینەکانیانم خوێندبۆوە و بە دیداریان شاد نەببووم، دووان لەو نووسەرانە (نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد) و (عەتا قەرداغى) بوون، ئەو دوو نووسەرەم لە (گۆڤارى کاروان) لە نزیکەوە بینى و (کەریم دەشتى) ئێمەى بە یەکتر ناساند، بەڵام لە دواى راپەرین یەکێک لەو نووسینانەى کە منى وەک خوێنەر خستە کەلکەلەى بیرکردنەوە و بەدواداچوون، نووسینێکى ئازاد سوبحى بوو لە بارەى زمانەوە، ئەو نووسینە لە رۆژنامەى (ئاڵاى ئازادى) حزبى زەحمەتکێشانى ئەوسا بڵاو بۆوە، و بیروڕاکانى (چۆمسکى) تێدا دەبینرا... من ئازادم لە رێگاى چۆمسکى و بیروڕاکانى لە بارەى زمانەوە ناسى، خۆشەویستیم بۆ چۆمسکى منى خستە سەر خەیاڵى ئەوەى لە (پاشکۆى ئەدەب و هونەر)ى رۆژنامەى کوردستانى نوێ، (کە ئەو کات 1993 لەگەڵ سەعدوڵڵا پەرۆش و کەریم دەشتى و هاشم سەراج و دانا سەعید سۆفى کارم لە پاشکۆى ئەدەب و هونەردا دەکرد) تەوەرەیەک بۆ قسەکردن لە سەر زمان بە بەشدارى هەر یەک لە (ئەنوەر مەسیفى) و (ئازاد سوبحى) و (عەباس عەبدوڵڵا یوسف) بەڕێوەبەرم.. هاوڕێتى من و شەهید (سەردار سەعید سۆفى) لە پێش راپەرین، هۆیەک بوو لە هۆیەکانى ئاشنابوون و نزیکبوونەوەى من و دانا سەعید سۆفى... وەک چۆن جەختکردنى دانا بوو منى خستە سەر ئەوەى کار لە رۆژنامەى کوردستانى نوێ بکەم، بە هەمان شێوە بە هۆى نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد کە هاوشارى ئازاد سوبحى بوو، توانیمان لە نزیکەوە ئازاد بناسین و گفتوگۆى لەگەڵدا بکەم.
ئەگەرچى ئەو سەرەتایە لە رووى چێژى گێڕانەوە ناتوانێ دڵى من بکاتەوە، بەڵام وەک راستبێژى هاوڕێیەتى بەشێک لە دڵتەنگیم لەبیر دەباتەوە، من دڵتەنگم ئازاد گیان تکایە لە گۆشەکانى بێدەنگیت مەنووسە من دڵم نەبوو بە بەرد... هەولێر ئازاد بوو، بەڵام ئەوسا نەتوانرابوو شارى کەرکوک لە سەدامییەکان ئازاد بکرێت، بۆیە زۆرێک لە دانیشتوانى ئەو شارە بەرەو هەولێر و سلێمانى دەهاتن، ئازادیش دواى بەجێهێشتنى شوێنى لە دایکبوونى (کەرکوک) و هاتنى بۆ هەولێر بۆ بژێوى ژیانى لە رۆژنامەى ئاڵاى ئازادى کارى رۆژنامەگەرى دەکرد، ئەوەى زێتر پەیوەندى ئێمەى تووند کردبوو، ئەوە بوو هەر یەک لە ئێمە بۆ بژێوى رۆژە سەختەکانى ژیانى دواى راپەرین بە ناچارى و بە بێ ئەوەى پەیوەست بین، لە رۆژنامەى حزبیدا کارمان دەکرد! بەڵام هێزى پەیوەندى نێوان من و ئازاد هەر تەنها بە ناچارى کارکردن نەبوو لە رۆژنامە، هەر تەنها وزەى ئەو پەیوەندییەمان لە ئاڵوگۆڕى کتێبەکانى فۆکۆ و کامۆ و سارتەر و بارت وەرنەدەگرت، بەڵکو بە گشتى ئەو فەزا و بوارە ئەدەبى و فیکرییە قووڵە واى کرد رۆژ بە رۆژ زێتر لە یەکنزیک ببینەوە، کە ئازاد یەکێک بوو لە گیرۆدەکانى و بە درێژایى تەمەنى رۆشنبیریشى هەروا مایەوە.
من ئەگەرچى سۆسیۆلۆگ نیم بەڵام پێموایە هەندێک خەسڵەت هەیە کە شار بەسەر دانیشتوانیدا دەیسەپێنێ، بە بڕواى من یەکێک لەو خەسڵەتانەى کە شارى کەرکوک دانیشتوانى خۆى پێدەناسێنێ، خۆنیشاندانە بە رەنگى جیاواز و بێدەنگى جیاواز، یان بۆ ئەوەى ئەو قسەیەم بەدحاڵى بوون درووست نەکات، باشترە بڵێم کاتێک بەر کەرکوکییەک دەکەویت هەستدەکەیت بیرکردنەوەت نقومى چەند ئاراستەیەک دەبێت، ئەوەش دەشێ راستەوخۆ پەیوەندى بە فرە کلتورى شارى کەرکوکەوە هەبێت، من نازانم ئەو قسەیەم بە چەند لێوەردەگیرێت، بەڵام دەمەوێ بڵێم هەمیشە قسەکردنى من لەگەڵ ئازاد زیاد لە رەهەندێکى هەبوو، هەمیشە ئازاد بەرەو شوێنێکى دیکەى بیرکردنەوەى دەبردیت، ئامادەیى ئەو شوێن و کاتى نەدەناسى! وەک چۆن نەوزاد ئەحمەد لە بەرانبەر کۆمۆنیست و بڵێى، گۆشەى بێدەنگى هەڵبژاردبوو... نەوزاد ئەحمەد جۆرەکانى هێمنى کۆمۆنیستى پێدەناساندى، بەڵام لەگەڵ ئازاد سەخت بوو بتوانى ئەو بێدەنگییە تێپەڕێنیت و بکەویتە گفتوگۆى ئەدەبییەوە.. دەزانم ئاسان نییە پارادۆکسى هێمنى و کۆمۆنیست قبول بکەین، چونکە لە وڵاتى ئێمەدا کۆمۆنیست و بڵێى بەبێ یەکتر سەریان بە هیچ شوێنێ نەدەکرد، دەمەوێ بڵێم هێمنى کۆمۆنیستانەى نەوزاد رەهەندى زۆرى هەبوو! بەڵام مرۆڤ کاتێک لەگەڵ ئازاد دەکەوتە گفتوگۆ ئیتر کات نەیدەتوانى تێرى بکات.. ئازاد لە گفتوگۆدا رووبەروو دەبۆوە، بەڵام نکۆڵیکەر نەبوو، رەنگە بەشێک لە هاوڕێکانى ئازاد ئەو قسەیەى من بسەلمێنن، خۆشبەختانەش نەوزاد لە ژیاندا ماوە، ئەگینا دەڵێم گفتوگۆى من و ئازاد هەرگیز کۆتایى نایەت، خۆشەویستى من و نەوزادیش...
لە دواى چۆمسکى و عەقڵ و زمان و قسەکردن لە بێهودەیى و یاخى بوونى کامۆ و ئینتمابوون و ئینتمانەبوونى سارتەر و وێنەى رۆشنبیر لاى ئیدوارد سەعید و تەقینەوەى زمان لاى ئەدۆنیس... لە دواى بڵاوبوونەوەى قەسیدەى (جوگرافیاى مێگەلە پەرتەکان)ى ئازاد لە گۆڤارى کاروان و عاشقبوونى ئازاد و ئاشنابوونى بە (سوعاد خان) و ماڵ پێکهێنان، ئیتر ژیانى ئازاد لە زۆر رووەوە گۆڕانى بەسەردا هات، هەر لەو کاتە بوو من قەسیدەى (دۆزەخیەکان)م بڵاوکردەوە، (دلاوەر قەرەداغى) قەسیدەى (پەیکەرێک لە باران)ى بۆ بڵاوکردنەوە ناردە (پاشکۆى ئەدەب و هونەر)ى کوردستانى نوێ و لە یەکێک لە ژمارەکانى بڵاوبۆوە، ئەو رۆژانە بۆ من رۆژانێک بوو پڕ لە خوێندنەوە، رۆژانێک بوو پڕ لە نیتشە و کامۆ و سارتەر و بارت و ئەدۆنیس... پڕ بوو لە خۆشەویستى بێ پەروا و پووچگەرایى، پڕ بوو لە بڕوانەبوون بە دروشمبازاڕى ئازادى و ئاگایى درۆزنانە، ئەو رۆژانە هەموو کات و بیرکردنەوەى من کتێب دەیخوارد، کات و بیرکردنەوەى ئازادیش کتێب و عەشق، لە بیرمە لە یەکێک لە گفتوگۆ سەرەتاییەکانى نێوان من و نەوزاد و ئازاد لە باخى (گڵکەند) لە بارەى خۆشەویستى کە هەموو ئازادى لە خۆى لوولدابوو، من رستەیەکى زۆر سارتەرییانەم لێکەوت کە گوتم مرۆڤ ناتوانێ لێپرسراوێتى ئەندامێک لە ئەندامەکانى جەستەى خۆى لە ئەستۆ بگرێ، چۆن دەکرێ لێپرسراو بێ بەرانبەر ئەویدیکە و کۆمەڵ، بەڵام ئازاد بە عەشق مەست بوو، پڕبوو لە خەون و ئومێد..
کاتێک من مەست بووم بە فۆکۆ و رۆلان بارت و پڕبووم لە فرۆید... ئازاد چۆمسکى و ئیدوارد سەعید و هایدگەر... ئەوەى هەمیشە گفتوگۆکردنى ئێمەى دەخستە بارێکى ئازاد و خەیاڵى بێ سنورەوە قسەکردن بوو لە مەودا بەرفرەوانەکانى شیعرییەتى زمان و ئازادى و ئاراستەنەکردنى زمان و یاخى بوونى کامۆیى و چەمکى نووسەر و خوێنەر، ئەوەى هەمیشە ئێمەى بە بنبەست دەگەیاند قسەکردن بوو لە میدیاى کوردى و سیاسەتى کوردى... ئازاد لە گفتوگۆکردندا جگە لەوەى مەعریفەیەکى قوڵ و خەیاڵێکى بەرفرەوانى هەبوو، بڕوایەکى پتەویشى بە خۆى هەبوو، بەڵام ئەو سەرسەختییەى ئازاد هەرگیز دووچارى وەستانى نەدەکردى، بەڵکو وزەى بیرکردنەوە و رەهەندى جیاوازى تێرامانى پێدەبەخشى، قسەکردن لەگەڵ ئازاد بۆ من چێژى زۆر و ئارامى و دڵکرانەوە بوو، چونکە هەمیشە رێزى لەو سنورانە دەگرت کە لە ناو خۆیدا دەیدۆزییەوە، منیش بە ئەندازەى کتێبەکانى کامۆ پێموابوو مرۆڤ دەبێ یاخى بێت، دەبێ هزرى خۆى ئازاد بکات، دەبێ پاک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ سنورەکانى بەیەکگەیشتن بپارێزێت، سنورەکانى ئازادى یەکتر.. ئازاد مرۆڤێکى یاخى بوو، بوونى ئازاد لە یاخیبووندا جوانتر دەردەکەوت، من و ئازاد هەمیشە بە دژى پەیوەستبوون قسەمان دەکرد، من هەموو خەون و خەیاڵم، هەموو شیعرەکانم هەموو بوونم لە دەرچوون لە زمانى باو و لە دەرچوون لەو وڵاتە و سەفەردا دەبینییەوە، ئازاد لەو ماڵە تازەیەى کە بە میهرەبانى و جوانى سوعاد پێکیهێنابوو.
ئازادى هەڵبژاردن لاى من سەنگى خۆى هەیە، ئەوسا و ئێستاش من وا بیردەکەمەوە، من وا بیردەکەمەوە لەگەڵ هەموو ئەو ناشیرینیانەى دەسەڵاتى کوردى بەرانبەر مرۆڤى کوردى نواندى، هەموو ئەو بێنرخکردنانەى حزبى کوردى بە بەهاکانى مرۆڤ کردى.. ئەوسا من وا بیرم دەکردەوە لەگەڵ ئەوەى دەمزانى بێ ماناییەکى گەورە وڵات بەڕێوە دەبات.. بەشێکى گەورەى ژیانى (کوردى) دواى راپەڕینى بەهارى 1991 پارتى و یەکێتى دەیخوات... بەڵام ئەوسا و ئێستاش لاى من ئاساییە و مرۆڤ ئازادە سەر بە هەر پارتێک بیت، بەڵام بتوانێ مرۆڤ بێت و درۆ لەگەڵ مرۆڤبوونى خۆى نەکات و بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئازادى و هەڵبژاردن نەبەزێنیت، هەمیشە من و ئازاد بە دژى پەیوەستبوونى ئەدەبى قسەمان دەکرد، وەک چۆن بەشێکى زۆرى شەڕەکانمان دەکەوتنە نێو ئەو خاڵەوە، ئازاد بەرگرى لە ئاگایى هەڵبژاردن دەکرد، من قسەم لە سادەیى و مرۆڤبوون دەکرد، ئەوەى گرنگ بوو لاى من مرۆڤ درۆ لەگەڵ ناخى خۆى نەکات، لاى ئازاد گرنگ ئەوە بوو مرۆڤ بە هوشیارییەوە بیر بکاتەوە... شەڕى من و ئازاد بە نێو کتێباندا دەڕۆى و لەوێ کۆتایى دەهات، کاتێک قسەمان لە دەسەڵاتێک دەکرد کە هەیە، دەسەڵاتێک کە نە بەهاى بیرکردنەوە و مەعریفە بە هەند هەڵدەگرێت و نە لە سادەیى و مرۆڤبوون تێدەگات، ئازاد لەو وڵاتە و دواى جێهێشتنى هەولێر لە سلێمانى گیرسایەوە و لە 25/10/2014 لە "گۆڕستانى ئابڵاخ" دڵى بوو بە بەرد، من لە هەولێر نەترازام، کەچى دڵم لە سەفەرەکان ونکرد، پزیشکەکانیش نازانن چیلێهاتووە.
لە دواى ئەوەى ئێمە کۆمەڵێک هاوڕى وەک نووسەر لە رووى بڵاوکردنەوەى بەرهەمەکانمان دووچارى جۆرێک لە نائومێدى بووین، دواى ئەوەى پانتایى میدیاى کوردى جگە لە هیچ نەگوتن فریاى گوتن و جیاوازى نەدەکەوت، جگە لە رووکارخوازى و دروشمبازاڕى ئازادى و ئەویدیکە شکاندن و پیاهەڵدانى بێ بنەما کارى بە بیرکردنەوەى جیدى و راڤەکردن و رەخنەوە نەبوو... ئیتر من و دانا سەعید سۆفى و ئازاد بیرمان لە دەرکردنى گۆڤارێکى ئەدەبى کردەوە، لە چەند بەیەکگەیشتنێکى سێ قۆڵیدا بیرۆکەى گۆڤارى (سەراب)مان هێنایە ئاراوە، دواتریش بە پێشنیارکردنى نەوزاد ئەحمەد لە لایەن ئازادەوە سەراب بووە جێگاى بیرکردنەوە و پرۆژەى ئەدەبیمان.
بەشێک لە (پرسیارکردن لە تاریکى)