هەواڵى مردنەکەى باوکم زۆر خێرا بڵاو بووەوە. پیاوێک بە پایسکیلى پێچکەدار و لەسەر پردێکى پێنجمەترییەوە بکەوێتە ناو ئاوێک. شڵپپپ!! ئەمە سەیر نایەتە مێشکتەوە؟ ئەگەر بزانى هیچ نەخۆشییەکى دەروونیشى لەگەڵدا نەبووە.
گرنگ نییە لە کوێ دانیشتوون. واى دانێ قاوەخانەیەکە. دواى بێدەنگییەکى زۆر دەڵێیت:
_ ئێ؟
_ ئێ؟
_ شتێک بڵێ؟
_ چى بڵێم؟
_ بڵێ «خۆشم دەوێى.»
(پێدەکەنیت.)
_ خ ۆ ش م دەوێــــــــــیییى.
«زاریــــن» سوور هەڵدەگەڕێت. بزە؛ ئینجا پێکەنینێک لێوەکانى دەکاتەوە، لەبەر ڕووناکیى گڵۆپەکان ددانە سپییەکانى دەبریسکێنەوە. سەر دادەنوێنن. دوو کووپ قاوە لە بەردەمیان دانراوە، یەکیان دەخورێتەوە.
یاپراخ خۆشە، بەو مەرجەى سیرى تێدا نەبێت. لە بەردەرگا دانیشتووین و دڵنیام نیوەڕۆ ماڵە دراوسێکەمان یاپراخیان هەبووە؛ بۆنى سیر لە دەمى ئەو کوڕەیانەوە دێت، کە ساڵى پار لە کۆتاییى وەرزى زستاندا لە ئەورووپا گەڕایەوە؛ ڕێک ئەو کاتەى باوکم بۆ خوارەوە شۆڕ بووەوە. شڵپپپ!!
دانیشتنەکە شێوەیەک لە پێکەنینى تەواو بە خۆیەوە دەگرێ:
_ زارین، پێت بڵێم خەڵکى لە ئێواراندا بە زۆرى چ شتێک دەخۆن؟
_ چى؟
_ نان.
(پێکەنین)
_ دەرد.
لە کاتى گۆکردنى وشەى «دەرد»ـدا«زارین» دیسان بەشێک لە ددانە سپییەکانى دەردەکەونەوە؛ یەکەمجار تووڕەیە و دواتر ناز دەکات.
لە ئاوێنەى هەیوانەکەدا لە خۆت دەڕوانیت. پاپیۆنى ڕەش دەبەستى. کڵاو لە سەر دەکەیت. لە دیوارەکەى پشتتەوە ئەو وێنەیە دیارە، کە برا بچووکەکەت باوەشى بە باوکتدا کردووە و هەمیشە پێدەکەنێت. کاتێک دایکت تەماشاى دەکات نیگەران دەبێت. نیگەران دەبیت. «زارین» نینۆکەکانى دەست و قاچیشى بۆیە دەکات؛ ڕەنگى سوور، لە تەلەفۆنەکەدا وات پێ دەڵێ. دڵت خۆش دەبێ. دەڕۆن.
(چەقۆیەکیان لە سکی «زارین» چەقاند. خوێن لەسەر زەوییە زبرەکە جۆگەلەى بەست. وەک کەسێک دۆعا بکات کەوتە سەر زەوى، ئەژنۆکانى ڕووشان. دواى ماوەیەک گوتم بهێڵە من توێژاڵى برینەکانى ئەژنۆت لێ بکەمەوە، بەڵێن بێ ئازارت نەدەم. نەیهێشت.
_ دەڵێن برینێک خۆت لێى بکەیتەوە، ئازارى کەمترە. وایە؟
_ وایە.
وام گوت.)
خەبەرم بووەوە و ڕاپەڕیم. ئارەقى زۆرم کردبوو.
لە بەردەم قاوەخانەکەدا بینیم. لە بەردەم قاوەخانەکەدا بینیمى. پێکەنى و چاوم کەوتنە سەر ددانە سپییەکانى. پێش سەڵاو گوتى:
_ کڵاوەکەت داگرە، ئاوا جوان نییت.
دامگرت.
بە بنێشتەکەى گڵۆپى کرد و دیسان پێکەنى. منیش. ددانەکانى دەرکەوتن. ئینجا گوتى: «چۆنى؟»
«زۆر باشم.»
لە مێزى ژمارە پێنج دادەنیشین. کڵاو لە سەر دەکەمەوە. دیسان پێم دەڵێ دایگرە. دایدەگرم. دەیکەمەوە سەرم. لە گوتنەوەى ئەم ڕستە فەرمانییە بێزار دەبێ. من بێزار نابم. بێدەنگ دەبێت، منیش. لە بێدەنگیدا دەست بۆ موورووە سپییەکانى ملى دەبات و یەک یەک لە دەزوولەکە دەردەچن. لەسەر کاشییە لووسەکە تەرزە دەبینم. لە جوانیى دیمەنەکە سەرم سووڕ دەمێنێ. کاتێک من دەبینێ دەنکەکان کۆ دەکەمەوە، سەرى سووڕ دەمێنێت. پێدەکەنێ؛ یانى سوپاس. من ددانەکانی دەبینم، وەک موورووەکانن.
_ زارین، چەندین جار کەوتوومەتە ژێر ئۆتۆمۆبیل و هیچیشم لێ نەهاتووە.
_ چۆن؟!
_ دەڵێم چەندین جار کەوتوومەتە ژێر ئۆتۆمۆبیل و هیچیشم لێ نەهاتووە، سێبەرەکەم.
_ دەرد. بێتام.
پێکەنى؛ یانى بریسکانەوەى ددانەکانى. دواى هەر پێکەنینێک دیسان بێدەنگى دەست پێ دەکاتەوە:
(زارین گیان، تۆم زۆر زۆر خۆش دەوێ. لەبیرکردنت، تەنانەت بۆ یەک ساتیش تاوانێکى گەورەیە.)
نەمگوت.
دیسان بێدەنگى. کوڕەکە دەڵێت:
_ قاوەکەت بخۆ، سارد بووەوە. قاوە بە ساردى ناخورێتەوە.
«زارین» هێشتا یەک قومیشى لە قاوەکەى بەردەمى نەداوە.
لە باڵکۆنەکەوە سەیرى خوارەوە دەکەم. ڕێک سێ زستانە «زارین» مردووە. هێشتا ڕەنگى نینۆکە بۆیەکراوەکانى لە قاوەخانەکە، کە سوورێکى تۆخ بوون، لە بیرمدایە. نینۆکەکانیم دەبینین کاتێک دەستى بۆ موورووە سپییەکانى ملى دەبردن؛ ئەوانەى دواجار بچڕان. ئەو ڕۆژەشم بیر دێتەوە، کە لە تەلەفۆنەکەدا بە دەنگێکى نزم پێى گوتم: «ناتوانم بتبینم. من نەخۆشم.» خەمبار دیار بوو. بیرم دێ منیش خەمبار بووم.
لەسەر شەقامێکى گشتى ئۆتۆمۆبیل لێ دەخوڕى. لەولاتەوە «زارین» دانیشتووە. خێراتر لەوەى یاسا ڕێگەى داوە دەڕۆیت. ئەو دەترسێ و پێت دەڵێ:
_ دەزانى کاتێک لە نزیکى ئۆتۆمۆبیلە گەورەکانەوە دەڕۆیت من زۆر دەترسم؟!
_ بۆ گیانەکەم؟
_ نازانم. هەر لە خۆمەوە دەترسم.
بۆ ئەوەى ترسەکەى لە بیر بکات، پێى دەڵێیت:
_ هاوسەرگیریم لەگەڵ دەکەى؟
_ تۆ ئاگادارى پێشەوە بە. واز لە گاڵتە بهێنە.
دەست بە جامەکەوە گیر دەکەیت. خوێن لە پەنجەکانى دەستتەوە وەک تنۆکى ئاو دەڕژێنە لێوارى دەرگاى ئۆتۆمۆبیلەکە و ئینجا چۆڕ چۆڕ بۆ زەوی. ددانەکانت دەردەکەون، ئەمجارە خوێن سوورى کردوون. خەمبارن. وڕێنە دەکەیت: « بەڵێ، هاوسەرگیریت لەگەڵ دەکەم.»
لە نزیک پەنجەرەیەکى کراوەى قاوەخانەکە دانیشتوون. خۆشەویستەکەت سەیرى دەرەوە دەکات و دەڵێ:
_ لەم پەنجەرەیەوە دنیا خەمناک دیارە.
_ ئم. ڕستەیەکى شاعیرانەیە.
پێدەکەنیت و ددانە سپییەکانت دەردەکەون.
بۆ یەکەمجار«زارین»م لە کۆڵانێکى تەسکدا بینى. بەرەوڕووى یەک دەهاتین. سەیرم کرد. بە کلێنکسەکەى دەستى لووتى سڕى و فڕێى دا. با کلێنکسەکەى برد. زەردەخەنەى کرد و ڕۆیشت. بێتاقەت بووم. ڕۆیشتم. کاتى ویست تا خۆشى ویستم، بۆ ئەوەى خۆشم بوێ هیچ کاتم نەویست.
بەیانییەک دەچمە حەوشە. دایکم جل هەڵدەخات.
دایکت لە حەوشە جل هەڵدەخات. جلەکان بە هۆى سەرماى دوێنێشەوەوە وەک چلوورەیان لێ هاتووە. بە پایسکیلە پێچکەدارەکەتەوە لە دایکت نزیک دەبیتەوە. تایەکان دەچنە سەر شەختەیەک و بە پشتدا دەکەویت. دایکت خەمبار دەبێت.
دواى بێدەنگى قسە دەکەیتەوە:
_ شتێک بڵێم؟
_ ئم.
_ لە هەرزەکاریمدا کچێکى دراوسێى خۆمانم خۆش ویست، نا، پێم وا بوو عاشقى بووم. گەورە بووم و بۆم دەرکەوت بۆ یەک ساتیش نە خۆشم ویستووە، نە عاشقى بووم، بەڵکو پێى سەرسام بووم.
«زارین» بێدەنگ دەبێت؛ یانى هیچم بۆ گوتن پی نییە.
ئەمەیش دەڵێیت:
_ درۆ نەکەم تا ئێستا جگە لە تۆ هیچ کچێکى جوان قسەى لەگەڵدا نەکردووم، بگرە هەر سەیریشى نەکردووم، کچى جوان تەنیا لە تێڤییەوە تەماشایان کردووم؛ كاتێک هەواڵیان خوێندووەتەوە.
پێدەکەنیت. ددانەکانت سپین، خۆشەویستەکەت دەیانبینێت.
بەیانییەک هەڵدەستیت. خەمباریت. بە پایسکیلە پێچکەدارەکەتەوە دەچیتە ژوورەکەى تر، نیگەرانتر دەبیت. وا چاکە پیاسە بکەیت، هیچ نەبێ لە حەوشەکەى خۆتاندا، کە دواى بارانەکە هێشتا بە تەڕى ماوەتەوە و خۆرى پاییز کارى لێ نەکردووە.
برا بچووکەکەى، کە لە وێنەکەدا باوەشى بە باوکیدا کردووە ئۆتۆمۆبیلێک لێى دا و کوشتى.
دەستى بەر کووپى قاوەکەى بەردەمى کەوت. بێ ئەوەى قومێکى لێ بخورێتەوە کووپەکە لەسەر مێزەکە لار بووەوە. هەمووى ڕژا. «زارین» خەمبار بوو. پێکەنیم. تەریق بوومەوە. ئحێکم کرد و سەرم داخست. پێم گوت:
_ تۆ باشیت؟
_ بە دڵنیاییەوە باش نیم.
دەچیتە بەرانبەر ئاوێنە و دەست بە پرچى درێژتدا دەهێنى. لە ئاوێنەکەدا کەسێک سەیرت دەکات. ددانەکانت سپى، بچووک و جوانن. لە مۆبایلەکەتەوە زەنگ لێ دەدرێ. وەڵام دەدەیتەوە:
_ بەڵێ.
_ سەڵاو. دەمەوێ بتبینم.
لە قاوەخانەکە یەک دەبینن.
پیاوێکى پیر بە پایسکیلى پێچکەدارەوە دەچێتە سەر پردێک. کەس لەو ناوەدا نییە. تایەکان دەخزێن و پیاوەکە دەکەوێتە ناو ئاوەکە. شڵپپپ!!
باران دەبارێ. دەچیتە دەرەوە. دەستەکانت دەکەیتەوە تا دڵۆپە ئاوەکان پڕیان دەکەن. دەستەکانت بەرز دەکەیتەوە و دڵۆپە ئاوەکان بە ئاسماندا دەفڕن، وەک یارییەکى منداڵانە چێژ لەم کارە وەردەگریت. ئەو جلانەى دایکت لە حەوشە هەڵیخستبوون، دیسان تەڕ بوونەوە. هێشتا باوکم و برا بچووکەکەم باوەشیان بە یەکدا کردووە و هەر پێدەکەنن لە وێنەکەدا.
+ ئەم چیرۆکە لە ژمارە «٩٣٢»ى پاشکۆى «ئەدەب و هونەر» بڵاو بووەتەوە.