1 -
بیریاری فەرەنسی میشاڵ ئۆنفرێ لە دواهەمین کتێبیدا " بروسکەیەکی چروک " دا دەڵێت :
دیگۆل چەپگەرا بوو کەچی چەپەکان قبوڵیان نەکرد ، بۆیە ڕاستڕەوەکان پشتگیرییان کرد و ، مێتیران ڕاستڕەو بوو کەچی ڕاستڕەوان قبوڵیان نەکرد ، بۆیە چەپگەرایان پشتگیرییان کرد .."
جارێکیان سەرەک وەزیرانی پێشوتری فەرەنسا لیۆنێل جۆسپان وتی : " بەڵێ بۆ ئابوریی بازاڕ ، بەڵام نا بۆ کۆمەڵگەی بازاڕ " .
سەبارەت بە لایەنی یەکەم ، خۆزگە عەرەب بیتوانیبا پێوانەیەک دابنێن و لەسەر بنەمای ئەو پێوانەیە جیاوازیی لە نێوان چەپگەرایی و ڕاستڕەوییدا بکەن ، نەک هەر بە تەنێ وەک ئاستە چینایەتییەکە ، بەڵکو بەتایبەت وەک ئاستە فیکرییەکەش .
لەلایەنی دووەمیشەوە ، خۆزگە بیانتوانیبا ئیتر ئەوەندە تێکەل و پێکەڵی لە نێوان " ئابوریی بازاڕ" و " کۆمەڵگەی بازاڕ" دا نەکەن ، بەتایبەتی لە کاتێکدا ئێمە دەستمان کردووە بەوەی ، لەڕووی بابەتییەوە ، ئەوەمان خستۆتە بەردەمی جیهان کە بەڵگەی ئەوە بێت پێمان بگوترێت "کۆمەڵگەی بازاڕ" .
- 2 –
وتنی حەقیقەت ، هەمیشە و هەر لەسەردەمی سۆکراتەوە کارێکی ترسناک بووە و باجی مردنیشی بەدواوە بووە . لانی کەم ، باجی مردن لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە .
- 3 –
ئەو کاتەی ڕێگریی لە نوسەرێک یان ڕٶشنفکرێک دەکەین کە ڕای خۆی سەبارەت بە بیروباوەڕێک یان مەزهەبێک دەرببڕێت ، ئایا ئەوە ، لە ڕووی پراکتیکەوە ، مانای ئەوە ناگەیێنێت کە ئێمە ڕێگەی بیرکردنەوەی لێ قەدەغە دەکەین ؟
-٤-
لە ناخی هەریەک لە ئێمەدا ، مەنفایەکی ناوەکیی هەیە کە دەرباز بوون لێی تەنها ئەو دەمەیە کە تەعبیری ئازادانەی تەواو بکەین لەوەی باوەڕمان پێی هەیە .
-5-
" مرۆڤ ئازاد نییە ، ئەگەر خۆی بە ئازاد نەزانێت " ، سارتەر وا دەڵێت .
-٦ –
دەکرێت هیجرەت ، بە تایبەتیش هیجرەتی عەرەب بۆ ئەوروپا ، "هێمایەک" بێت ، گەر ئەم هێمایە بکەینە قسە ، دەڵێین : "ئەوی دی" خۆی دیوارەکەیە !
-7-
ئایا دیواری دابڕکار (الجدار العازل) کولێرەیەکی ترە و لەو فڕنە دەرهێنراوە کە ناوی مۆدێرنەیە و ، واش گریمانە دەکرێت ئەم فڕنە بۆ ئەوە "دروستکرابێت" هەتا کێکی ئازادی و مافەکان ببرژێنێت ؟
8 –
یاریکردن لە هەڵکەندنی گۆڕە عەرەبییەکان درێژەی کێشاوە .
درێژترینی یارییەکانە لە مێژووی نوێدا .
لەم یاریکردنەشدا "ئیگۆ – الأنا" وا دەردەکەوێ کە ئارەزوویەکی ڕاماڵکەر و تەواو بێت بە ئاڕاستەی لاساییکردنەوەی سامپڵی نمونەییدا . بۆ هەژموونی سەرتاپاگیریی و بە تایبەتیش لە فۆرمە سیاسییە دەسەڵاتگەراییەکەیدا .
لە پیادەکردنی ئەم ئارەزووەشدا 'ئیگۆ' وا خۆی نمایش دەکات کە لوتکەی گەمەیەکە و ، هاوزەمان ئەم گەمەیەش وەک لوتکەی کارەساتێک دەردەکەوێت.
ئەمە سەرکەوتنێکە ، جگە لە هەرەس چی تر لە ئامێز ناگرێت .
9 –
زەمەن گەدەیەکی هەیە لە لـم ،
کەچی لە مێژوودا ئاوێک نییە بەشی ئەوە بکات
تینوێتیی ئەم گەدەیە بشکێنێت .
١٠ –
چەند نازدارە ئەو ژنە ڕۆژئاواییە بەعەرەبکراوەی :
کە بەژنی ئەو ، لە قامەتی – ئەلف – دەچێت .
١١ –
هەروەها ، دەسەڵاتیش ، مێروولەی سیاسیی خۆی هەیە .
-12 –
هەتا ئێستاش ، ئازادی بۆ ڕێگەیەک دەگەڕێت بیگرێتە بەر
بۆئەوەی بگاتە ئێمە ،
لێ پێدەچێ هەتا ئێستا نەیدیبێتەوە ڕێگەیەک .
13 –
مێژوو هیچی وەبیر نایەتەوە
ئەو هەنگاوانە نەبێت کە ڕێگەیان بۆ خۆی خۆشکرد .
-14-
دوێنێ مێژوو کەوتبووە پێش خۆپیشاندانێک
کە ئازادی و مافەکان ، دژ بە گەشەسەندنی زیندانەکان ، ڕێکیان خستبوو !
-15-
ئایدیۆلۆژیست ، هەمیشە ئەو پرسیارانە دەوروژێنێ
کە پێشتر وەڵامەکانیان دەزانێت !
-16-
مێژوو بە هەلاهەلابوونەوە لەبەردەم گالیسکە تێكشکاوەکان و
تەویلەکانی خۆی ڕادەوەستێ ،
هەناسە هەڵدەکێشێت و دەپرسێت :
ئەرێ ئەم دیمەنە کارەساتبارە شایانی سەرنجدانێک نییە
گەرچی ڕاگوزەرانەش بێت
سەرنجدانێک لەلایەن ئەوانەی بایەخ بە خوێندنەوە و نووسین ئەدەن ؟
ئەوەتانێ ئەو هەورەتریشقانەی
کە ناو بە ناو بەردەبنەوە سەر ئەم تەویلانە ،
ئەو هێلکە سەیرانە لە ئامێز دەگرن کە لە هێلکە ناچن !
لەوێ لەو تەویلانە ،
گەلێ ڕاناوی بزر لەو کردارانەدا هەن کە سەربوردەی خۆیان دەنوسنەوە .
ڕێسای یەکەمیش لە نووسینەوەی ئەم سەربوردانە
بریتییە لە جیاکردنەوەی تەواوی نێوان
ئەو زامانەی کە شارەکان دروستیان دەکەن و ،
ئەو زامانەی کە گوند و ئاوایی و دارستانەکانیان دروستی دەکەن !
ئەوەتانێ هەورەبروسکەیەکی سوور
لە نێوان چرکەساتێک و چرکەساتێکی تردا
ئەو هەورە ڕەشانە دەبڕێت کە تەویلەکانیان داپۆشیوە ،
لەوێدا ئاو ڕادەکات و ، شەویش جاڕی قەدەغەکردنی هاتوچۆ ئەدات !
17 –
لەناو ئەبجەدییەتدا شەڕێکی سەرتاپاگیر هەیە :
پیتە بزوێنەکان دژی پیتە نەبزوێنەکان و ،
نیوەی ئەمانیش دەبنە هاوپەیمانی نیوەیەکی تری
ئەبجەدیاتێکی تر !
لە هەموو ئەمانەدا ئاسمان هێندە بەخشندەیە
سۆز بۆ هەمووان دەکات ، شەوی هەمووان پیرۆز دەکا و ،
نزای هەمووان گیرا دەکات !
ئەوە هەر ئومێدە کە تەنیایە و لە گۆشەیەکدا قەتیس ماوە ،
ئەوە هەر تەنیا ئومێدە
کە یاوەرێکی نییە جگە لە ئاییندەیەک کە ئەویش بێ یاوەرە !
-18-
غەزویەکی سەرتاپاگیریی و ئاڵۆزی ئەلەکترۆنیی ،
سەردەمێکی داگیرکردووە کە ئاسن دەپۆشێت و خۆ بە ئاگر دەشوات .
هەر ئەم سەردەمە خۆیشی ڕێگەی داوە بەو ئەستێرانەی ، ئێمە ڕووناک دەکەنەوە ،
کە گەواڵە هەورەکان بکەنە مەتەرێز و بەیداخ .
کەس وکار و هاوڕێیانیشی دەڵێن ؛ ئەم سەردەمە ،
لە پاڵ دەستکەوتە گەورەکانیدا لە هەموو ئەو شتانەی
کە پەیوەندییان بە دابەشکردنی زەمینەوە هەیە ،
ئەوەندەشی نەماوە کە دەستکەوتە هەرە مەزنەکە بێنێتە دی : دابەشکردنی ئاسمان .
بە پێی دوایین ئەو هەواڵانەی دزەیان کردووە ،
دەنگۆی ئەوە هەیە کە پرۆسەکە لە قۆناغی کۆتایییدایە .
-١٩-
ئەوەتانێ مۆدێرنەی ئەلەکترۆنیی ، مێژوویەکی تر دەنەخشێنێت ، پاش ئەوەی ئەم مێژووە لە دۆزەخی تۆمەت و گومان و ئەندێشە و ، هەروەها لە بەهەشتی ڕاناوە بزرەکاندا ، دەخرێتە سەر ئاگر و لێدەنرێت .
ئەوە مێژوویەکی ترە : ئەوە شەکوایەکی حاڵە ، بەردەوام ئاگر لە دژی کۆتەرەی دار دەیکات ، شەکوایەکی بەردەوامە ، کۆتەرەی دار لە دژی تەور و مشارەکان دەیکات .
کەچی سەیر لەوەدایە ، لەم هەموو ماجەرایەدا ، درەخت جێگەیەکی نییە !
-٢٠-
لەم جیهانە نوێیەی ئێمەدا
کەسێ نییە بڕوا بە شتەکان بکات
یان چاوەڕێی
هاتنەدیی شتێک بێت کە بڕوای پێیەتی ،
جگە لەو کەسانەی کە بڕوایان بە موعجیزەکان هەیە .
ئایا پیرۆزبایی لەم کەسانە بکەین ،
یان بەزەییمان بە حاڵیاندا بێتەوە ؟
-٢١-
ماڵێک لە چەپی شەقامەکەدا
ماڵێکی لای ڕاستی خۆی خوارد ،
(دوێنێ ، هەمان شتیان وت ، بەڵام بە پێچەوانەوە) .
خۆریش چاودێریی سفرەوخوانەکەی دەکرد ،
هیچی نەگوت .
خۆر ، ئاوابوو ، بەدوای خۆیدا کلکی ڕۆژهەڵاتنی بەکێش دەکرد .
-٢٢-
پەتێک لە گیا ،
گیایەک لە قوڕ .
قوڕێکی شێلراو بە شەهوەتی داگیرکردن .
-٢٣-
جیهانی "مۆدێرن" بە مانا مێژووییە دیارییکراوەکەی ، لە داڕمان و سەرەمەرگدایە .
"پۆست مۆدێرنە" فۆرمێکە لە فۆرمەکانی ئەم داڕمان – سەرەمەرگە !
ئەوەتانێ ، لە نێو ئەو تەڵە و داوانەدا هەرەس دێنێ و دەکەوێتە ئاویلکەوە
کە خودی خۆی دروستیان دەکات !
ئەوەتانێ "مرۆڤە مۆدێرنەکەی خۆی" دەگەێنیت بە قۆناغێک
تیایدا ئەوەی دەوترێت نابینرێت و ،
ئەوەشی دەبینرێت ، ناوترێت !
-٢٤-
بڵێی گەیاندن لە کلتووری عەرەبیماندا جۆرێک بێت لە وەهمگەرایی و ،
فۆرمێکی تر بێت بۆ دووبارە کردنەوە ؟
بەتایبەت ئەم کلتوورەی ئێمە لە هەردوو لایەنی هەست و نەستەوە ،
پشت بە کۆمەڵێک قەناعەتی ڕەگاژۆی پێشوەختە دەبەستێت .
چونکە کلتووری عەرەبییمان کلتووری وروژاندنی پرسیار و گەڕان و پێداچوونەوە نییە . بەڵکو کلتووری باوەڕە یەقینئامێزەکان و ، کلتووری وەڵامە پێشوەخت ئامادەکراوەکانە .
ئەمەش دەخوازێت چاوبگێڕینەوە بەوەی
کە مەبەستمان چییە لە گەیاندن یاخود بەردەوامبوون و ،
لەو ئامانج و هوودەیەشی کە چاوەڕێی وەدیهاتنی دەکەین .
-٢٥-
وەرە پێشێ ئەی مانگی خۆشەویستی .
تیروکەوانەکەت لەسەر ساپیتەی شەو دانێ و ، لەسەر لایەکی کەوانەکە بنوو .
بەڵام ، تەنها "بە یەک چاوت بنوو" بۆ ئەوەی نەمریت ،
هەر وەک هاوڕێکەت ؛ شاعیرێکی کۆنی عەرەب وا دەڵێت .
لێ بڵێیت ئەو خودی خۆی ، بزانێت چۆن نامرێت !
--------
سەرچاوە : ڕۆژنامەی (الحیاة) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی مارسی ٢٠١٦
گۆشەی "مدارات" ی – ئەدۆنیس .