له ئێواره‌كۆڕی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، ڕۆژی 26/2/2015، مامۆستا حه‌مه سالح فه‌رهادی باسێكی به‌پێزی به ناونیشانی قورئان له شیعری كلاسیكی كوردیدا پێشكه‌ش كرد، كه تێدا پانورامایهك له نموونه‌ی شیعری كلاسیكی كوردی خسته ڕوو، كه ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزیان تێدا به‌كار هاتووه ، یاخود ته‌وزیف كراوه ، یه‌كێك له‌و شیعره دانسهقانهی كه مامۆستای به‌رێز فه‌رهادی سه‌رنجی بۆ راكێشاین شیعرێكی شاعیر زێوه‌ر بوو، كه تێیدا ئایه‌تی ( لكم دینكم و لی دینی) به‌كارهاتووه. ته‌واوی شیعره‌كه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
ماڵ جوێ كردنه‌وه
یابه! فه‌رزه‌ن تۆ شای سه‌ر زه‌مینی
ڕازیم به به‌شی خۆم و مسكینی
دیجله و فوراتت با هه‌ر بۆ خۆت بێ
منیش كوردستان شاخی ڕه‌نگینی
هه‌واكه‌ی شاهۆ، ئاوه‌كه‌ی قه‌ندیل
لائه‌با له دڵ ئێشی برینی
قه‌ت ڕێك ناكه‌وێ ده‌ست له مل یه‌ك كه‌ن
حه‌نتووش دهلاوی و ڕه‌سوڵ سیرینی
من لام باش نییه سواری شانم بی
وا عه‌رزت ئه‌كه‌م هه‌ر به شیرینی
خورمای خۆت بۆ خۆت مێوژم بۆ خۆم
(لكم دینكم و لی دینی)
زێوه‌ری شاعیر (1875-1948) له ساڵی 1924 ئه‌م شیعره‌ی نووسیوه و له شاری سلێمانی ڕووبه‌ڕووی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م ئه‌م شیعره‌ی خوێندۆته‌وه.(بڕوانه :دیوانی زێوه‌ر، ئاماده‌كردنی موحموود زێوه‌ر، ده‌زگای چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، ژماره (221) چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003، لاپه‌ڕه 85).
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م شیعره بكه‌ین، بزانین له میانه‌ی ئه‌و ماناكردنهوانهی شیعره‌كه چ جوانكاری و چ په‌یامێكی ڕۆشنبیریی به‌خۆوه گرتووه؟
ئه‌گه‌رچی ڕه‌وانبێژی نوێ له ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا شوێنپێی ڕه‌وانبێژی كۆنی له‌ق كردووه، به‌ڵام ده‌شێت ئه‌و شیعره كلاسیكییانه‌ی له ژێر ڕۆشنایی ئه‌و ڕه‌وانبێژه كۆنه‌دا نووسراون، له ڕووی شێوازی ڕوانبێژی و زمانه‌وانییه‌وه سوود له‌و ڕه‌وانبێژییه كۆنه وه‌ربگیرێت، به تایبه‌ت له‌و كاته‌ی پێویست به‌وه ده‌كات ده‌ستنیشانی دهستڕهنگینی شاعیرنی ئه‌و سه‌رده‌م بكرێت له بواره‌كانی واتاناسی و ڕوونبێژی وجوانكاریدا (المعانی والبیان و البدیع). له‌به‌ر ئه‌مه‌شه پێویسته ئه‌و زانسته‌ی ڕه‌وانبێژی كۆن له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیكیدا له‌به‌رچاو بگیرێت. به‌ڵام دواتر ده‌كرێت به سوود وه‌رگرتن له ره‌وانبێژی نوێ، باس له‌و ماناكردنهوه و ئه‌رگومێنتانه (المحاججه) بكرێت كه ده‌وڵه‌مه‌ندیی ده‌قه كلاسیكییه‌كان بهخۆوهیان ده‌گرن.
جا له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر به تێڕوانینێكی خێرایی ڕه‌وانبێژی سه‌یری ئه‌و ده‌قه‌ی (ماڵ جوێ كردنه‌وه) بكه‌ین ده‌بینین، چه‌ندان شێوازی ڕه‌وانبێژی تێدا به‌كار هاتووه، كه ده‌كرێت ئاماژه به به‌رچاوترینیان بكه‌ین.
جوانكاری واژه‌یی -دژیه‌ك(الطباق):
(یابه! فه‌رزه‌ن تۆ شای سه‌ر زه‌مینی
ڕازیم به به‌شی خۆم و مسكینی ) ...... دژیه‌ك له نێوان شای سه‌رزه‌مینی و مسكینی دا هه‌یه.
(قه‌ت ڕێك ناكه‌وێ ده‌ست له مل یه‌ك كه‌ن
حه‌نتووش دهلاوی و ڕه‌سوڵ سیرینی ) ...... دژیه‌ك له نێوانی ڕێك نه‌كه‌وتن و ده‌ست له‌مل یه‌كتر كردن ، له نێوان حه‌نتوش دهلاوی(كه نموونه‌ی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ربه) ، و ڕه‌سوڵ سیرینی (كه نموونه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده) دا هه‌یه.
(خورمای خۆت بۆ خۆت مێوژم بۆ خۆم).....دژیه‌ك له نێوان (خورما)ی عه‌ره‌بی عێراقی و (مێوژی) كوردی كوردستانی باشووردا هه‌یه.
له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر به‌كارهێنانی وشه‌ی دژیه‌ك له نێوان ئه‌و به‌كار هێنانانهی شاعیر ته‌واو پڕ به پێست نه‌بێت، به‌ڵام به لایه‌نی كه‌مەوە جیاوازیه‌كی زۆر له نێوان ئه‌و وشانه‌دا هه‌یه، كه ده‌شێت تا ڕاده‌ی دژیه‌ك ئاماژه‌یان پێ بكه‌ین.
له خستنه‌رووی ئه‌م دژیهكانهدا شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی جیاوازی نێوان دوو نه‌ته‌وه بخاته ڕوو، وه‌ك ڕێگاخۆشكردنێك بۆ پێكاندنی مه‌به‌ستی خۆی كه ماڵ جیاكردنه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه. كه دواتر له نیوه دێری كۆتای پارچه شیعره‌كه‌دا گه‌یاندنی ئه‌و مه‌به‌سته‌ی ده‌گاته لوتكه.
تێهه‌لكێش(تلمیح):
له دوا نیوه دێری پارچه شیعره‌كه‌دا شاعیر ده‌ڵێت:(لكم دینكم ولی دینی)، كه ئه‌مه‌ش تێههلكێشكردنی ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆزه( له‌ئایه‌تی 6 له سوره‌تی الكافرون) له‌گه‌ل نیوه دێرێكی ته‌واوی شیعره‌كه. هه‌ر ئه‌م تێههلكێشكردنهش دوا جار رێگا بۆ ئه‌وه خۆش ده‌كات كه جونكاری واژه‌یی به جوانكاری واتایی ببه‌سترێته‌وه.
جوانكاری واتایی- پۆشین(التوریه):
سه‌باره‌ت به جوانكاری واتایی (البدیع المعانی)، هه‌ر له‌و نیوه دێره‌ی كۆتاییدا پۆشینێك (التوریه) به‌دی ده‌كرێت، جا ئه‌گه‌ر پۆشین چه‌ندان جۆری هه‌بێت، ده‌كرێت له‌م دوا دێره شیعریه‌دا ، پۆشینهكهی به جۆری پۆشینی دیار(التوریه المبینه) ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه به پێی ئه‌م جۆره پۆشینه شتێكی له پاش یاخود له پێش لێ باس كرابێت و په‌یوه‌ندی به واته دوورهكهوه هه‌بێت(بڕوانه: موحسن ئه‌حمه‌د مصطفى گه‌ردی، به‌هاری ڕوانبێژی، هه‌ولێر،2013، لاپه‌ڕه 309).
ئه‌گه‌ر سه‌یری دوا نیوه دێری ئه‌م شیعره بكه‌ین (لكم دینكم ولی دینی)، كه ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆزه، مانا نزیكه‌كه‌ی ئه‌م ئایه‌ته ئاشكرا و ڕوونه. هه‌روه‌ك ئیبن عربی له كوتایی ته‌فسیركردنی ئه‌م ئایه‌تدا وای بۆ ده‌چێت كه دوای ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) زانی له‌گه‌ل موشریكه‌كان ناتونن هاوته‌با بن به‌یه‌كه‌وه بژین واز له وان ده‌هێنێت وداواشیان لێ ده‌كات كه ئه‌وانیش وازیان لێ بهێنن . یاخود ته‌به‌ری به‌م شێویه ته‌فسیری ئه‌و ئایه‌ته دەكات: ئێوه ئاینی خۆتانه و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نابن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر دڵتان مۆركراوه وناتوانن لێی جیا ببنه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئاینهتان ده‌مرن، منیش ئاینی خۆم هه‌یه كه باوه‌ڕم پێیه‌تی، هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری نابم.(مختصر تفسیر القرا‌ن الكریم للإمام الطبری، دار التقوى، 2005، ص 603).
واته جیابونه‌وه‌ی موسوڵمانه‌كان و موشریكه‌كان مانای نزیك و به‌رچاوی ئه‌م ئایه‌ته‌یه. به‌ڵام مانای دووره‌كه‌ی كه شاعیر دایپۆشیوه و لێره‌دا مه‌به‌ستییه‌تی ، په‌یوه‌ندی به‌و جوانكارییه واتاییه – دژیه‌ك هه‌یه ، كه پێشتر ئاماژه‌ی بۆ كردووه.
واته مانا دووره‌كه‌ی كه شاعیر مه‌به‌ستیه‌تی جیابوونه‌وه‌ی دوو نه‌ته‌وه‌یه له‌یه‌كتر، جیابوونه‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌به.
واته له‌و داپۆشینه دیاره‌دا پێشتر شاعیر باسی له‌و جیاوازییه كردوه كه له نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌دا هه‌یه، شای سه‌رزه‌مینی و مسكینی، حه‌نتووش دهلاوی و ڕه‌سوڵ سیرینی، خورمای عه‌ره‌بی و مێوژی كوردی.
لێره‌دا شاعیر زۆر جوانكارییانه ئه‌م پۆشینه‌ی به‌كار هێناوه وگونجاندویهتی له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی كه له ئاینی ئیسلامدا باسی لێوه كراوه، ئه‌و ئاینه‌ی په‌یامی بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی هه‌یه، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی(د.خ) نایه‌وێت به‌زۆر به‌سه‌ر ئه‌وكه‌سانه بسه‌پێنێت كه باوه‌ڕی پێ ناهێنن. جا ئه‌گه‌ر له جیاوازی ئاینییدا ئه‌مه ڕه‌وا بێت، بۆچ له جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تیدا ڕه‌وا نه‌بێت بگوترێت، كه كرۆكی مه‌به‌ستی شاعیره له‌م شیعره‌یدا.
ده‌شێت هه‌ر له‌م پۆشینهدا شاعیر دهسهلاتخوازانی عه‌ربی ئه‌وكاتی عێراقی به هه‌مان ئه‌و موشریكانه چواندبێت كه ڕێگریان له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام كردبێت و تووشی گومڕای ته‌واو بووبن، كه نكۆلی له ئازادی و سه‌ربه‌خۆی كوردستانیان ده‌ركرد و ئه‌و گه‌له سته‌م لێكاروهیان ده‌چه‌وسانده‌وه.
له‌م دوا دێره‌ی شیعره‌كه‌دا ، شاعیر كۆی گشتی مانای شیعره‌كه‌ی به ناونیشانه‌كه (ماڵ جوێ كردنه‌وه) به‌ستاوه‌ته‌وه. جیاكردنه‌وه‌ی دوو نه‌ته‌وه و چواندنیان به‌و ململانێیه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاینی ئیسلام له ئارادا بووه، سته‌مكاری نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی كه گریمانی ئه‌وه‌كراوه شای سه‌رزه‌مینه، وه‌كو كافره‌كانی ئه‌وسای سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسڵام، نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستی چه‌وساندۆته‌وه و كردویه‌تی به مسكین، وه‌كو موسوڵمانه‌كان كه له‌سه‌ره‌تادا تووشی نه‌هامه‌تی ومهرگهساتێكی زۆر هاتن به‌هۆی دژایه‌تی كردنیان له لایه‌ن كافره‌كانه‌وه.
زێوه‌ری شاعیر به‌هه‌مان ئه‌و لۆجیكه‌وه له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵاتخوازانی ئه‌وسای عێراقدا ده‌دوێت، كه سه‌رجه‌م ولاتانی عه‌ره‌ب شانازیی پێوه ده‌كه‌ن، به جێگۆركێكردنی لایه‌نه‌كان و دانانی ئهودهسهڵاتدارانهی عێراق به نكۆڵیكار له ماف وئازادی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ، دانانی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌و موسوڵمانانه‌ی كه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه به هۆی نهیارهكانیانهوه ڕووبه‌ڕووی ئازار و ئهشكهنهدانێكی زۆر بوونه‌وه ، ئه‌و نه‌یارانه‌ی كه به‌ربه‌ره‌كانێی ئاینی ئیسلامیان ده‌كرد له‌به‌ر گومڕابوون و پاوانخوازی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه له‌م شیعره‌ی زێوردا ، نزیكه‌ی سه‌د ساڵ به‌ر له ئێستا ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رامه‌به‌ر یه‌كه‌م پادشای عێراقدا گوتراوه، دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق. كه ده‌شێت خۆی له خۆیدا ئه‌م شیعره بوێرییه‌كی وای تێدا بێت، كه ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زۆرلێكراوی وه‌كو كورد داكوتاوه، كه به‌درێژای مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌م جۆره بوێرییه سومبڵی خۆڕاگری وگیانفیدای قاره‌مانانی ئه‌و نه‌ته‌وه سته‌م لێكراوه بووه.
خه‌ون وخوڵیای شاعیر له‌م داواكارییه‌ی ماڵ جوێ كردنه‌وه‌دا چڕبۆته‌وه، ئه‌م داواكارییه‌ی رۆشنبیرێكی كورد له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقدا ئاماژه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، كه نه‌هاتنه‌دی ئه‌و ئامانجه ، چه‌ندان كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌روه‌ك بینیمان كه لێی كه‌وته‌وه، كاره‌ساتی كیمیابارنكردنی هه‌له‌بجه و ئه‌نفالكردنی خه‌ڵكی دێهاته‌كانی كوردستان، به‌رچاوترین نموونه‌ی زه‌قن، كه سهربخۆنهبوون و ژێرده‌ستیی نه‌ته‌وایه‌تیی دروستی كردوون.
ئه‌و ده‌ربڕینه جوانكارییهی زێوه‌ری شاعیر له‌م شیعره‌دا هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه شۆڕشگێر و ئازادیخوازانه بوو كه ڕۆشنبیری ئۆڕگانی(المثقف العضوی) كوردی (به‌و مانا یه‌ی كه ئه‌نتوان گرامشی-1937_1881- A.Gramsci باسی لێوه ده‌كات) له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌یبووه. یاخود ده‌شێت ئه‌م شیعره‌ی زێوه‌ر ده‌ربڕی ئه‌و هۆشیارییه چالاكهیه (Possible Conscience ) ڕۆشنبیری كورد بێت، كه لۆسیان گوڵدمان (L. Goldman_1913_ 1970) له‌به‌رامبه‌ر هۆشیاری باودا (الوعی القائم) باسی لێوه ده‌كات ،كه پێم وایه تاكو ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت پەیامی ئه‌م جۆره ڕۆشنبیره، هه‌ر له بازنه‌ی پایهمهكهی ئه‌و شاعیره‌دا دەخولێتهوه، هێشتاكه لێی تێنه‌په‌ڕاندووه، مه‌حاڵیشه لێی تێبپه‌رێنین، هه‌تاكو ئه‌م نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه به سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ته‌واوی و دادپه‌روه‌ری خۆی نه‌گات. به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وپه‌یامه‌ی له‌م شیعره‌دا نزیكه‌ی سهدهییهك به‌ر له ئێستا خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌مان ئه‌و خه‌ون وخولیا و په‌یامه‌ی ئه‌و سهردهمهیهی ئێستای خه‌ڵكی كوردستانه.
سه‌رچاوه‌كان
یه‌كه‌م به‌زمانی كوردی:
1-دیوانی زێوه‌ر، ئاماده‌كردنی موحموود زێوه‌ر، ده‌زگای چاپ وبڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، ژماره (221) چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003.
2- موحسن ئه‌حمه‌د مصطفى گه‌ردی، به‌هاری ڕوانبێژی، هه‌ولێر،2013.
3-عوسمان یاسین، بونیادگه‌ری پێكهاتووی، میتۆدی لوسیان گۆلدمان، چاپخانه‌ی زانكۆی صلاح ا‌لدین ، هه‌ولێر، 1999 .
دووه‌م به‌زمانی عه‌ره‌بی:
1- مختصر تفسیر القرا‌ن الكریم للإمام الطبری، دار التقوى، 2005.
2- د. الطاهر لبیب، سوسیولوجیه الثقافه، دار ابن رشد،عمان، الطبعه الثالثه، 1986.
3-د.جمیل حمداوی، نظریات الحجاج، له سایتی www.alukah.net بڵاوكراوه‌ته‌وه.