ناوت له پاڵه‌وانی رۆمانێکی مارکیز ئه‌چێ؛ فیرناندۆ ئه‌نتۆنیۆ نوگیورا پێسه‌وا. وه‌ک خۆت ده‌ڵێی ئه‌گه‌ر که‌سێ بیه‌وێ ژیانت بنوسێته‌وه ئاسانه؛ تۆ ته‌نها دوو بهروار له ژیانتا هه‌یه، ئه‌و رۆژه‌ی که هاتیته دونیاوه‌و ئه‌و رۆژه‌ی که جێتهێشت. له لشبۆنه له دایک بووی، ئه‌و شاره‌ی که تۆ ئه‌ڵێی هه‌ر بۆ ئه‌وه باشه تیایا خه‌مناک بیت. ده‌مێکه من بیر له‌وه ئه‌که‌مه‌وه سه‌رێ له‌وێ بده‌م. ده‌ڵێن له قاوه‌خانه‌یه‌کی بچکۆله که ناوی به‌رازیله، په‌یکه‌رێکی تۆ هه‌یه، هه‌موو جارێ بیر له‌وه ئه‌که‌مه‌وه بێم و قاوه‌یه له سایه‌یا بخۆمه‌وه. به‌ڵام تۆ ته‌نها یه‌ک که‌س نیت. تۆ له هه‌مان کاتا خۆتیت و ئهلڤێرۆ که‌یه‌رۆ و ئه‌لڤارۆ دۆس کامپۆس و هه‌روه‌ها رێکاردۆ رایس. چه‌ند ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر که 'ساڵی مردنه‌که‌ی ریکاردۆ رایس'-ی ساراماگۆم ئه‌خوێنده‌وه، کچێ کاته‌لانی هاورێم بوو، ئه‌ویش تۆی خۆش ئه‌ویست. ریکاردۆ رایس به‌بێ زانیاری تۆ له‌دایک بوو. هه‌رکه‌سێ تۆ بناسێ کۆتایی یه‌که‌م هه‌فته‌ی مانگی ئازاری ساڵی جه‌نگی مه‌زن به له‌دایک بوونی تۆ دائه‌نێ. له‌و رۆژه‌دا له ژوره‌که‌تا رۆشتیته سه‌ر دۆڵابێ به‌رز، هه‌ندێ په‌ره کاغه‌زت هێنا و هه‌ر به پێوه، وه‌ک هه‌موو جارێ، ده‌ستت کرد به‌نوسین. به‌بێ وه‌ستان سی پارچه شیعرت نووسی، وه‌ک خۆت ئه‌ڵێی جۆره له‌زه‌تێکه نازانی چۆن باسیکه‌یت. ئه‌وه خۆشترین رۆژی ژیانت بوو، برواشت وابوو رۆژێکی تری وا نابێته‌وه. شیعره‌كانت ناونا شوانی مه‌ڕ، به‌ڵام ئه‌وانه خۆت نه‌ت نوسین ئه‌لبێرتۆ که‌یه‌رۆ نوسیان، ئاغاکه‌ت، وه‌ک خۆت ده‌ڵێێ. تۆ له‌و شیعره‌دا ئه‌ڵێی:'من هه‌رگیز له ژیانما مه‌ڕم به‌خێو نه‌کردوه، به‌ڵام له‌وه ئه‌چێ کردبێتم. رۆحم له شوان ئه‌چێ. به خۆر‌و با ئاشنایه. ده‌ست له ناو ده‌ست له گه‌ڵ وه‌رزه‌کاندا ئه‌روات و تێرائهمێنێ'.
ئه‌ی ته‌نها هاورێکه‌م، تۆ ژورێکی بچکۆله‌ت هه‌بوو، په‌نجه‌ره‌یه‌کی تیا‌بوو په‌رده‌ی نه‌بوو، له‌وێوه ئهتنواریه ژنه پورتوگالیه‌کان که به کۆڵانه ته‌سکه بهردینهکانا تێئه‌په‌رین. ده‌ڵێن ئافره‌تی ووڵاته‌که‌ت له‌شیان پره له توک، ببوره هاورێم من تا ئێستا له گه‌ڵ هیچ ئافره‌تێکی ووڵاتهکهتا نه‌نووستووم. کاری وه‌رگێرانت ئه‌کرد، هه‌روه‌ها منیش، زمانی ئینگلیزیت خۆش ئه‌ویست هه‌روه‌ها منیش. به‌ڵام من و تۆ له یه‌ک شتا له‌یه‌ک ناچین؛ تۆ حه‌زت له بیرکردنه‌وه نه‌بوو، ده‌تووت وه‌ک ئه‌وه وایه له ژێر بارانا رێ بکه‌ی. به‌ڵام رۆشتن له ژێر بارانا له‌گه‌ڵ ئافره‌تا خۆشه. بیرکردنه‌وه بۆ خۆی ئافره‌ته؛ پڕه له ئازار، پڕه له له‌زه‌ت. به‌ڵام تۆ عه‌شقی ته‌نیایی بووی، جگه له‌وه له ژیانا ئاره‌زووی هیچت نه‌ئه‌کرد، بۆ تۆ شیعرنووسین رێگایه‌ک بوو بۆ به‌ته‌نیا مانه‌وه. لێم ببوره هاورێم من کوفری وا ناکه‌م بڵێم تۆ ئاشنای ئازار نه‌بووی، تۆ خۆت ده‌ڵێی، تۆ و ته‌نها خۆت ئه‌زانن، چه‌ندێک پڕ له ئازاره ئه‌و دڵه‌ی که هیچ برواو یاسا‌و میلۆدی و بیرێکی تیا نیه. نازانی چۆن باسی که‌یت، چونکه زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وه هه‌سته، هه‌ستیش وه‌ک ئاسمان وایه، ئه‌بینریت و له هه‌مانکاتدا هیچی تیا نیه ببینرێ. هاورێم، که ته‌نها ده‌بم ده‌تخوێنمه‌وه، خۆت ده‌زانی تهنیایترین کاتم ئه‌و کاته‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ترام، که به‌رێگادا ئه‌رۆم به گۆرانی دهتڵێم.