سه‌رده‌مى مۆدێرنه، سه‌رده‌مى زانستى كه به كلیلى شۆرِشى پیشه‌سازى داده‌نرا، سه‌رده‌مى زانیارییه‌كان و كۆمینیكه‌یشن و سه‌رده‌مى پۆست مۆدێرنه، سه‌رده‌مى پۆست پیشه‌سازى و پۆست ئایدیۆلۆجیا، پۆست بونیادگه‌رى و پۆست ههڵوهشانهوهگهرى... سه‌رده‌مى دژه‌كان و مه‌رگى حیكایه‌ته گه‌وره‌كان...
له سه‌رده‌مى مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه‌دا، له سه‌رده‌مى كۆتایى و بێكۆتاییدا، به گشتى دوو جۆر مرۆڤ و دوو جۆر دنیابینى ده‌بینین، دنیابینى مه‌عریفه‌ى حیكایى و دنیابینى مه‌عریفه‌ى زانستى، مرۆڤى ڕۆبۆتى ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا! ڕۆبۆتى ئایدیۆلۆجیا دروستكهرى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، به‌ڵام مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا كه‌وتۆته سه‌ر بڕوایه‌ك ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌موو شتێك بێهوده و بێ‌واتا و پووچه، له هه‌ندێ وڵاتانى پێشكه‌وتوودا ئه‌و بڕوایه هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌قینى ڕه‌ها ده‌نێت، ئه‌و یه‌قینه ڕووته‌ش هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندى به مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیاوه نییه، وه‌ك كامۆ ده‌ڵێ په‌یوه‌ندى به جیهانیشه‌وه هه‌یه، یان ڕاستر بڵێین په‌یوه‌ندى به دنیابینى نههلیزمهوه هه‌یه! واته پووچى بۆته نێوانكارى مرۆڤ و جیهان! مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه! دنیابینى حیكایى و زانستى! عه‌قڵ و زانست...
عه‌قڵ له‌گه‌ڵ زانست هاوگونجاو نایه‌ته‌وه, عه‌قڵ له توانایدا نییه، به‌شدارى له گه‌شه‌كردنیدا بكات، بۆیه ئه‌وانه‌ى كه به زانست سه‌رسامن، پێویسته له نێوان عه‌قڵ و زانست، له نێوان دنیابینى حیكایى و زانستیى... پارێزگارى له یه‌كێكیان بكه‌ن، به گشتیى ڕۆبۆتى ئایدیۆلۆجیا به لاى عه‌قڵدا ده‌شكێته‌وه، غه‌رقى حیكایه‌ته‌كان و پیرۆزییه‌كانه، به‌ڵام مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا ڕوو له زانسته و هه‌نگاو به‌ره‌و چه‌ندان مه‌یلى جیاواز و چه‌ندان فۆڕمى جیاوازى ژیان و كه‌شفكردن ده‌نێت، له‌وانه مه‌یلى سه‌ركێشى و یاخیبوونى ڕێبازه فیكرییه‌كان له شێوه‌ى دژبوونهوهدا دژى سایكۆلۆژیا، هیومانیزم، ئۆدیب، شیعر، رۆمان...، مه‌یلى تێپه‌ڕاندن له فۆرِمى مه‌رگى حیكایه‌ته گه‌وره‌كان...
به‌شێك له مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا له پێناو ئازادى، خۆى له سێنته‌رى عه‌قڵ و هه‌موو به‌ها پیرۆزه‌كان و پاڵه‌وانێتییه‌كان داده‌ماڵێ، په‌نا بۆ ئه‌لكحول و مادده‌ى هۆشبه‌ر و گه‌شتكردن و... ده‌بات، ئه‌و هه‌ڵاتنه به ڕێبازى ڕزگاریى (تیمۆتى لیرى-Timothy Leary) ناسراوه! به‌شێك په‌نا ده‌به‌نه به‌ر سێكس وه‌ك (ولیام رایش) له تێزه‌كه‌ى خۆیدا ستایشى كردووه، واته تێكه‌ڵكردنى سێكس و سیاسه‌ت، ته‌ماشاكردنى شۆڕش وه‌ك ڕه‌هابوونى سێكسى، واته وه‌ك چۆن گه‌یشتن به ئۆرگازم مرۆڤ له زیندانى جه‌سته ئازاد ده‌كات، به هه‌مان شێوه‌ش شۆرِش به حوكمى ڕهحهتبوونى به كۆمه‌ڵى ده‌بێته سه‌رهه‌ڵدانى كه‌سایه‌تییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى له سه‌رووى مه‌به‌سته تاكهكهسییهكانهوه، به‌و مانایه‌ش ڕایش ئازادیى سێكسیى به سه‌ره‌تاى ڕووخاندنى جیهانى سه‌رمایه‌داریى ده‌زانێت...
مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا ده‌ست بۆ هه‌موو بۆشاییه‌كان و هه‌موو فۆرِمهكانى ژیان و كهشفنهكراوهكان ده‌بات، خه‌ریكى دهستپهڕى نێرگزیانهیه، گه‌مه به‌و زبڵانه ده‌كات كه خستوویه‌ته لاوه، ده‌ست ده‌داته تاوان بۆ ئه‌وه‌ى له‌و زیندانه ڕابكات، كه خۆى دروستى كردووه، ڕزگارى خۆى له ته‌قاندنه‌وه‌ى هه‌وه‌سه‌كانیدا ده‌دۆزێته‌وه... به گشتى لاى مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا به‌رهه‌مى ناسنامه و ڕه‌هه‌نده جیاوازه‌كانى ناسنامه هیچ به‌ها و بایه‌خێكى نییه، گه‌شه‌سه‌ندن و پێكه‌وه ژیان و كرانه‌وه ده‌بنه كۆمه‌ڵێ چه‌مكى به‌سه‌رچوو، پێیوایه هه‌موو ناسكردنێكى خود، خود ده‌خاته چوارچێوه‌یه‌كى دیاریكراوه‌وه و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى خود و ونبوونى خود و ئابڵوقه‌دانى خودى لێده‌كه‌وێته‌وه! مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا وه‌ك چۆن ئابڵوقه‌دان ڕه‌تده‌كاته‌وه، له هه‌مان كاتدا بۆ به‌ها پیرۆزه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه، مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا هه‌ر ته‌نها پرۆسیسه‌ى جۆرێك له تێپه‌ڕاندن و ئازادى و دژبوونه‌وه و پوچگه‌رایى ناكات، هه‌ر ته‌نها ستایشى مه‌رگى حیكایه‌ته گه‌وره‌كان و مه‌رگى به‌هاكانى ناسنامه ناكات، هه‌ر ته‌نها كلتور به زبڵ دانانێت، به‌ڵكو وه‌ك هایدگه‌ر پێیوایه ئه‌و ستایشى مێژووى شاردنه‌وه‌ى حه‌قیقه‌تى بوونیش ده‌كات، یان به دهربرِینێكى دیكه فه‌رامۆشكردنى بوون و به‌رجه‌سته‌كردنى نه‌هلیزمه.
بێگومان جیاوازییه‌كى ئاشكرا له نێوان ڕۆبۆتى ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤى پۆست ئایدیۆلۆجیا هه‌یه، وه‌ك چۆن جیاوازییه‌كى ڕوون له نێوان مه‌عریفه‌ى زانستى و مه‌عریفه حیكایى هه‌یه، جیاوازییه‌كى دیار له نێوان (پاڵه‌وانى ئازادى) وه‌ك دروستكهرى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له حیكایه‌تى شۆرِشى فڕه‌نسى و (پاڵه‌وانى مه‌عریفه) وه‌ك ڕێكخه‌رى مه‌عریفه له ناوكۆییه‌ك كه خۆى له به‌هاكانى كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت به‌رزتر ده‌زانێت، له شۆڕشى ئه‌ڵمانیدا هه‌یه! لێره‌دا پرسیاركردن له ناسنامه ده‌كه‌وێته كوێ؟ به دیوه‌كه‌ى دیكه ئایا پرسیاركردن له ناسنامه پرسیاركردن نییه له مرۆڤ، له مه‌عریفه، له دنیابینى؟
قسه‌كردن له مه‌عریفه‌ى گێڕانه‌وه قسه‌كردنه له ژیان و بیستن و به‌كارهێنانى شته‌كان و پێوانه‌ى چالاكییه‌كان و دادپه‌روه‌رى و خۆشبه‌ختى و ده‌نگ و ڕه‌نگ و ... مه‌عریفه‌ى گێڕانه‌وه چه‌مكێكى به‌رفره‌وانه و مۆرِگێكى نه‌ته‌وه‌یى و لۆكاڵى هه‌یه! به‌ڵام مه‌عریفه‌ى زانستى له سه‌ر سه‌لماندن ڕاست ده‌بێته‌وه، دیالۆگ له سه‌ر سه‌لماندن به ڕه‌وا ده‌زانێت، هه‌رگیز مه‌عریفه‌ى زانستى ناكه‌وێته سه‌لماندنى دژ به یه‌كه‌وه، وشه‌ى (گریمانه) له زانست‌دا كه ده‌لاله‌ت له هێزى وشه‌كه ده‌كات، به‌و مانایه دێت، كه زانست ده‌توانێ به‌پێى ئه‌و گریمانه‌یه ده‌رئه‌نجامه‌كان جێگیر بكات، زمانى زانست وه‌ك (ژان فرانسۆ لیوتار) له كتێبى (بارودۆخى دواى تازه‌گه‌ری)دا ده‌ڵێت زمانى ئاماژه‌یه (ئاماژه به شته‌كان ده‌كات) له زمانى ئاڵۆزه‌وه دووره (كه ئاماژه به ڕێسا و پێوانه و هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كات)... كه‌واته پاڵه‌وانى ئازادى به پێچه‌وانه‌ى پاڵه‌وانى مه‌عریفه‌وه له سه‌ر لۆجیكى گێڕانه‌وه وه‌ستاوه، لۆجیكى گێڕانه‌وه له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ى ده‌سته‌واژه‌كان و ئاماژه‌كان و ده‌سته‌واژه ئاڵۆزه‌كان و ... كار ده‌كات، مه‌عریفه‌ى زانستى پێویستى به ئازادى و بوێرى هه‌یه، پێویستى به پاڵه‌وانى ئازادى نییه، مه‌عریفه‌ى زانستى مۆرِگى نه‌ته‌وه‌یى له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتووه، زانست سه‌لماندنى ده‌وێت.
مه‌عریفه‌ى حیكایى ڕابردوو له پێناو دووباره شیكردنه‌وه ناخاته ڕوو، به‌ڵكو پیرۆزى پێده‌به‌خشێ و ده‌یخاته سه‌رووى زه‌مه‌نه‌وه، بۆ نموونه ئه‌فسانه‌كان... پاڵه‌وانى ئازادى ته‌نها خۆى به ڕه‌وا ده‌زانێت، هه‌رگیز نابێته سه‌رچاوه‌ى ڕه‌وایه‌تى... (لیوتار) هه‌ر له‌و كتێبه‌دا ده‌ڵێ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه گێڕانه‌وه‌كان لێبورده‌یى ده‌نوێنن و تاكه‌كان به یه‌كه‌وه كۆ ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام مه‌عریفه‌ى زانستى به پێچه‌وانه‌وه، چێژ له ئاستێكى دیاریكراوى مه‌عریفه وه‌رده‌گرێت، پاڵه‌وانى مه‌عریفى قبوڵكردن و ڕه‌تكردنه‌وه به ڕه‌وا ده‌بینێت، جگه له‌وه مه‌عریفه‌ى زانستى خاوه‌ن مێژووه و ده‌كه‌وێته نێو زه‌مه‌نه‌وه، بۆیه تیۆرى نوێى زانستى له سه‌ر به‌تاڵكردنه‌وه‌ى كۆن ڕاست ده‌بێته‌وه... پاڵه‌وانى مه‌عریفى پێچه‌وانه‌ى پاڵه‌وانى ئازادى ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا و ناسنامه‌وه، چونكه ئه‌فسانه دروست ناكات، به‌ڵكو له لێكۆڵینه‌وه‌ى عه‌قڵى زانستى ئه‌بستراكتدا ده‌مێنێته‌وه.
له سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه‌ى كه له نێوان لۆجیكى حیكایه‌ت و لۆجیكى زانست‌دا هه‌یه، زانست ڕه‌خنه له گێڕانه‌وه ده‌گرێت و خه‌سڵه‌تى ڕه‌وایه‌تى له گێڕانه‌وه‌دا به سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رچاوه‌كانى له دایكبوونى ئیمپراتۆرییه‌ت له قه‌ڵه‌م ده‌دات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنانه‌شدا كه‌چى له زه‌مه‌نێك له زه‌مه‌نه‌كاندا پشتى زۆرى پێده‌به‌ست! لیوتار ئه‌و پشتپێبه‌ستنه له دوو زه‌مه‌نى گێڕانه‌وه‌دا ساده ده‌كاته‌وه: زه‌مه‌نى حیكایه‌تى شۆرِشى فڕه‌نسى كه له باره‌ى گه‌له‌وه ده‌دوێ و پاڵه‌وانى ئازادى به‌رجه‌سته كرد و له پێناو پێشكه‌وتن و له پێناو هێنانه دى ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵێك پێوانه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و كۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێساى دیاریكراوى له ڕێگاى ده‌ستاوده‌ستكردن و گفتوگۆوه به ده‌ست هێنا، له به‌رانبه‌ریشیدا مه‌عریفه‌ى زانستیى ده‌سته‌وه‌ستان نه‌بوو، ڕه‌خنه‌كانى وه‌لا نا و زانستى پێشكه‌ش به‌و گه‌له كرد و گه‌لیش له پێناو مافه‌كانى خۆى پشتى به زانست به‌ست، بۆ ئه‌وه‌ى له ڕووى مه‌عریفه‌ى زانستییه‌وه مافه‌كانى خۆى به ده‌ست بهێنێ... زه‌مه‌نى حیكایه‌تى دووه‌م حیكایه‌تى ئه‌ڵمانیایه، حیكایه‌تى پاڵه‌وانى مه‌عریفه‌یه، ئه‌و پاڵه‌وانه زانستى له ناوكۆییهكدا ڕێكخست، زانستى له نموونه‌یه‌كى ئاكاریدا ڕێكخست، نموونه‌یه‌ك كه ده‌كه‌وته سه‌رووى ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌وه! لێره‌دا مه‌عریفه‌ى زانستیى وه‌ك مه‌عریفه‌ى لێوردبوونه‌وه خۆى ده‌نوێنێ و ده‌كه‌وێته سه‌رووى گه‌ل و سه‌رووى زاناكانه‌وه! لیوتار پێیوایه ئه‌و شێوه‌یه له ڕێكخستى مه‌عریفه‌ى زانستیى مۆرگێكى هیگلیانهى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام به گشتى له هه‌ردوو حیكایه‌تدا زانست پشت به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستێت، چ ده‌وڵه‌تێك كه نوێنه‌رایه‌تى گه‌ل ده‌كات، وه‌ك له حیكایه‌تى فڕه‌نسى به‌ر چاو ده‌كه‌وێت، یان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى كه نوێنه‌رایه‌تى ڕۆح ده‌كات وه‌ك له حیكایه‌تى ئه‌ڵمانیدا ده‌بینرێت.
زانست له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانیدا چه‌ندان ڕێساى زانستیى به‌سه‌ر خۆیدا چه‌سپاند و خۆى له‌و زه‌مه‌ن و فه‌لسه‌فانه جیا كرده‌وه، كه ڕه‌وایه‌تییان پێده‌به‌خشى، ئینجا دواى دیاریكردنى سنووره‌كانى و له دواى وه‌رگرتنى تایبه‌تمه‌ندێتى و چوونه ناو دامه‌زراوه‌كانى زانكۆ و پهیمانگاكانهوه، خۆى له گشتگیریى هیگلى جیا كرده‌وه، به‌ڵام وه‌ك په‌یوه‌ندیى به حیكایه‌ته‌كانى ڕۆشنگه‌ریى... ده‌بینین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى ئاشكرا له نێوان ڕاستیی زانستیی و توێكاریی دروستیدا نییه، به‌ڵام ده‌شێ له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تى زانستیى چه‌ندان هه‌ڵبژارده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى جۆراوجۆر و هه‌تا ناكۆكیش بونیاد بنرێت، بێ ئه‌وه‌ى زانست بتوانێ ئه‌و ناكۆكییانه یه‌كلا بكاته‌وه. به‌مجۆره زاناكان بوونه به‌نده‌ى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆیان و خودى خۆیان بونیاد نا و زانست په‌لوپۆى زۆرى لێ بۆوه و زمانى زانستیان به شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى به كار هێنا.
زانست له كۆمه‌ڵگا دابڕاو نییه، به‌ڵكو پێویستى به ڕه‌وایه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه. زانست پێویستى به میدیا هه‌یه، پێویستى به شانۆى ژیان هه‌یه، پێویستى به ده‌نگ و ده‌نگدانه‌وه هه‌یه... به‌ڵام زانست به‌پێى به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى به‌ره به‌ره بنه‌ما حیكاییه كۆنه‌كانى فه‌رامۆش كرد، ئه‌و بنه‌مایانه‌ى له زه‌مه‌نێك له زه‌مه‌نكاندا ڕه‌وایه‌تیان پێده‌به‌خشى... دواجار پرسیارى ڕه‌وایه‌تى بووه پرسیارێكى ناوه‌كى خودى زانست و بووه به‌شێكى جیانه‌كراوه‌ى خودى زانست.
پرسیارى من ئه‌وه‌یه ئایا له‌گه‌ڵ كاڵبوونه‌وه‌ى بنه‌ما حیكاییهكان په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤ ناسنامه، كلتور و ناسنامه، سیاسه‌ت و ناسنامه... خۆى نوێ ده‌كاته‌وه، یان ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه ده‌كه‌وێته كوێى په‌یوه‌ندییه‌كانى ته‌كنۆلۆجیا و زانست، یان كرده‌یى و ناكرده‌یى... بێگومان ته‌كنۆلۆجیا وێڕاى به‌ره‌وپێشچوونه زانستییه‌كان په‌یوه‌ندى خۆى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه زانستییه‌كان پته‌وتر ده‌كات، هێزى زانستیى وه‌ك بنه‌ماى ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه و پێویستییه‌كانى ئازادى هه‌نگاو به‌ره‌و داهاتوو ده‌هاوێژێت، سه‌ربه‌خۆیى زانستى حكایهتى ئازادى سه‌ره‌وژێر كرد، ئه‌گه‌رچى تا دوێنێ بۆ ئازادیى خۆى ڕه‌وایه‌تى له‌و حكایهتانهوه وه‌رده‌گرت... به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئازادییه‌ك به ناوى پێویستییه‌كانى زانستیى هاتۆته دنیاوه.
به‌مجۆره كه‌وتنى حیكایه‌ته گه‌وره‌كان و هاتنه ناوه‌وه‌ى زانست و به‌ره‌وپێشچوونى له بواره جیاوازه‌كاندا و هه‌ژموونى ته‌كنۆلۆجیا.... هه‌موو ئه‌وانه به‌شێكى زۆر له پرسیارى ناسنامه كاڵ ده‌كه‌نه‌وه، ئێستا پرسیارى ڕه‌وایه‌تى شان به شانى ته‌كنۆلۆجیا و پێشكه‌وتنه زانستییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت، ئازادیى وه‌ك داواكاریى زانست و له پێناو زانست و ته‌كنۆلۆجیادا خۆى نمایان ده‌كات، كردنه‌وه‌ى ده‌رگاكانى ته‌كنۆلۆجیا و كۆگاى زانیارییه‌كان بۆ هه‌مووانه، بێ ئه‌وه‌ى بیر له ناسنامه بكاته‌وه، ئه‌مرۆ دنیا به‌ره‌و پشتكردن له ناسنامه هه‌نگاو ده‌نێ و له پێناو (ئازادى/ زانست/ ته‌كنۆلۆجیا) تێده‌كۆشێ..
هه‌ولێر 15/6/2018