هیوا مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری!
لە چاوی بێقەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم! کۆرپەڵەم! میوانی دونیای تازە خوڵقاوم!
ئەدا گریەت بە زەبری چز، لە ڕۆحی پڕ گلاراوم!
چییە ئەم گریە بێغایە، کڕووزەی نیوەشەو خورپێن؟
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لە سەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چییە فەرقت؟ لە بەر چی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ؟
وەکوو ئەو بەرخە بچکۆڵەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو،
لەبەر چی نەشئەیی یاری هەڵتناداتە سەر پاشوو؟
ئەڵێی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە فەڕشی هێلانەی:
چ ئێشێکە، کوڕم، بۆ چی لە سەر ئەو هەڵکڕووزانەی؟
چییە توخوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک باوکە حەسرەتدیدەکەت زەهرت بچێژایە
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە
لە ناو کڵپە و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتا یەکسەر،
بسووتایە بەهاری عومری جوانیت: هەم گوڵ و هەم بەر!
بەڵێ، ڕۆڵەم، ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختیی ئیدراکیش،
لە تۆیشی ڕەش بکردایە، نەوەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش،
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی، بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت،
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵێ ڕێشت!
حەقت بوو ئەو هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا:
زمانی بەست و تەقریری شکاتت بێ لە دەست دنیا!
حەقت بوو بێ وچان بگری بە سەر تاوانی باوکیما،
بەحر پڕ کەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما!
بەڵام، ڕۆڵەم، کە تۆ ئێستا لە فەجری زیندەگانیتای،
لە بەر دەرگای تەلیسمی بەختی مەجهوول و نیهانیتای،
بە چی مەعلووم بە شوێن هی منا ئەڕژێ چەمی عومرت؟
سەراسەر پێ کەنین و خوڕڕەمی نابێ خەمی عومرت؟
بەڵێ بەرخم! ئەگەر چی هەر وەکوو یەک ژینی گش لایە
لە بەینی بێشکە و قەبرا، بڕینی عەینی ڕێگایە!
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەر زەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین، تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین،
وەلێ کۆچی ژیان کۆچێکی پڕ سیحر و پڕ ئەفسوونە:
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە: یەکێ لێڵە، یەکێ ڕوونە!
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە،
هەیە هی وایش کە فەرشی ژێری پێی ئاوریشمی گوڵزارە!
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاری ئەکا دنیا،
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە ئەڕژێ بە سەر سەریا!
کوڕم! هەر وەک لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگری،
شتێکیش -بەختیاری- پێکەنین گرتوویە چواردەوری!
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری لە ئێستاوە!
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟
------------------
دیوانی گۆران، بڵاوکراوەی پانیز، تاران، 1382