قسەکردن سەبارەت پەیوەندی تاراوگە و کولتوور بە دوو کەناڵی زۆر سەرەکیدا تێدەپەڕێت.
یەکەمیان کەناڵی پەیوەندی تاراوگەیە بە ڕۆحەوە، واتە پەیوەندی تاراوگە بە هەست و تێڕوانینە ستاتیکییەکانمانەوە بۆ دونیا. واتە قسەکردنە لەسەر ئەزموونێکی نوێی نامۆیی کە کەسی تاراوگەبوو پیادەڕوات، ئەزموونێک کۆمەڵێک سیفاتی دیاریکراو لە شێوازەکانی دیکەی غوربەت جیایدەکاتەوە، بە جۆرێک وا دەکات ''غوربەتی تاراوگە'' دیوێکی ناوازەتر و تایبەتیتری ناو هەموو غوربەتەکان بێت. ڕۆحی کەسی تاراوگەبووش ڕۆحێکی تایبەتتر و ناوازەتری ناو غەریبان بێت.

کەناڵی دووەم، کەناڵی پەیوەندی تاراوگەیە بە مەعریفەتەوە. واتە قسەکردنە لە ئەزموونێک لە ڕوانین و بیرکردنەوە کە تاراوگە پێشکەشمان دەکات، لەدایکبوونی جۆرە جیهانبینییەکی ترە کە دەرەنجامی تێڕامانە لە دونیایەکی گەورەتر، بەڵام بە هەستێکی تراژیدی گەورەتریشەوە.

هەر کاتێک قسەمان لە تاراوگە کرد، دەبێت ئەو دوو ئەزموونەمان لە بەردەستدا بێت، جۆرێک لە غەریبیمان هەست پێکردبێت کە دوو دەنگدانەوەی قووڵی جێهێشتبێت، جارێک تاراوگە لە شێوازی هەستکردنمان بە دونیادا ڕەنگیدابێتەوە، جارێکی دیش کاریگەری تاراوگە لە شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کەرەستەکانی بیرکردنەوەماندا دەرکەوتبێتەوە. گەر ئەم دوو جۆرە تایبەتمەندێتییە نەدۆزینەوە، ئەوا تاراوگە تەنیا گواستنەوەیەکی جەستەیی لەشمانە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دی، بێئەوەی بووبێتە گواستنەوەیەکی ڕۆحی لە وێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکی دی،  بێئەوەی بووبێتە گواستنەوەیەکی عەقڵی لە شێوەیەکی بیرکردنەوەوە بۆ شێوەیەکی دی.

تاراوگە شوێگە و بزوێنێکی  گەورەی نوێبوونەوە و داهێنانە. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا غوربەت هەمیشە مانایەکی نێگەتیڤی هەبووە. ''مەنفا'' وەک شوێنێکی تاریک و ''نیشتیمان'' وەک خاکێکی ڕوناک و پیرۆز تەماشاکراوە. نالی دامەزرێنەری یەکەمی ئەو وێنەیەی مەنفایە، یەکەمین کەسە هەستی غوربەتی نوسیوەتەوە، شێوازی مامەڵەکردنی نالی لەگەڵ غوربەتی خۆیدا دواتر دەبێتە شێوازێک و قاڵبێکی ڕیتۆریکی کە هەموو ئەدەبیاتی ئێمە ڕەچاویدەکات. شێوازێک بە ڕای من زیانێکی کوشندە لە کولتووری ئێمە دەدات. ئەزموونی مەنفا هەمیشە دەبێت بە دوو ئاڕاستەدا بجوڵێت: ئاڕاستەیەکیان ئەوەیە کەسی تاراوگەکراو دەپرسێت: "ماهییەتی ئەو جیهانە چییە کە من جێمهێشتووە؟". ئاڕاستەی دووەمیش دەپرسێت: "ماهییەتی ئەو جیهانە چییە کە من ڕووم تێکردووە؟". ونبوونی هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە زیانێکی کوشندە لە کۆی ئەزموونی کەسی تاراوگەبوو دەدات. نالی لە سەرەتاوە لە چامەکەی خۆیدا غوربەتمان وەک تۆفانێک لە هەست و نەستی ئاگرین بۆ نیشتیمان بۆ وێنا دەکات. پرسیاری سەرەکی لای نالی ڕامانە لەو "خاکەی بەجێیهێشتووە". ئیشکردنی ئەو تەنیا بە یەک ئاڕاستەیە، لێرەوە کاریگەریی کولتووری "ئەویدی" لەسەر هەستی ستاتیکی نالی، کاریگەرییەکی نەبینراو و هەست پێنەکراوە. غوربەت لای نالی گریانە بۆ ئەو جێگایەی کە جێیدێڵێت، نەوەک سەفەرێک بێت لەو هەست و نەستانەدا کە بینینی "جیهانی بەرابەر -یان- جیهانی ئەوانیدی" لە مرۆڤدا دروستیدەکات. نالی ئەوەمان پێدەڵێت کە کەسی تاراوگەکراو لە مەنفا چی لە دەستدەدات، بەڵام ئەوەمان پێناڵێت کە لە بەرکەوتنی نێوان "من" و "ئەویدی"دا چی دروستدەبێت.

....

...

بۆئەوەی مەنفا بە هەموو قووڵییەکانییەوە بژین، دەبێت لە مانا سیاسییە ڕووتەکان پاکیبکەینەوە، لەو بارگە دینییە پاکیبکەینەوە و تێبگەین کە دەشێت تاراوگە، دەروازەی دوورکەوتنەوە بێت لەو هەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە باڵادەستە. بۆئەوەی غوربەت لەو پاسیڤیستییە ڕزگاربکەین کە لە نالییەوە دەکەوێتەوە، پێویستە ببێت بە غوربەتێکی سەرتاسەر و قووڵتر لەو جۆرە غوربەتەی ئەمڕۆ، دەبێت غوربەت لەوە دەرچێت "عاتیفەی گەڕانەوە بێت بۆ نیشتیمان" و ببێتە چاوێکی دی بۆ بینینی نیشتیمان و ببێتە "ئیرادەی تێڕامان و بیرکردنەوە لە نیشتیمان". غەریبی ئێمە هێندەی بیری نیشتیمان دەکات، بیر لە نیشتیمان ناکاتەوە. ئەوەشی کولتوور دروستدەکات بیرکردنەوەیە نەوەک بیرکردن. مەنفا تەنیا کاتێک هێزێکی داهێنەرە کە لە هەستی دوورییەوە لە نیشتیمانەوە ببێتە هەستی دووریی لەو جۆرە قاڵب و نۆرم و ئەخلاقییەتانەش کە نیشتیمان پەروەردەیکردوون، لە غوربەتێکی جوگرافییەوە وەرگەڕێت و ببێت بە غوربەت لە کولتووریش، چونکە هەموو گۆڕانکارییەکانی دونیا سەرەتا لە هەستکردن بە غوربەتەوە دەست پێدەکات. ئەوە کەسانی غەریبن جیهان دەگۆڕن. بەس نییە مەنفا تەنیا هەستی دووری بێت لە واقع، بەڵکو دەبێت ئاوێنەی توڕەییش بێت بەرابەر ئەو واقعە.

...

...

ئەمجۆرە غوربەتەی کە ئێمە سەدەونیوێکە لە ناو هەست و نەستەکانیدا دەژین، مایەی کوشتن و بێنرخکردنی هەموو جۆرەکانی تری غوربەت بووە. دیارە لەو مەودایەدا هەندێک وێستگەمان هەن کە شێوازی دیکەی غوربەت تیا زاڵە، وەک چرکەساتی "مەحوی" کە جۆرێک لە غوربەتی دینی دیکە باڵادەستە، غوربەتێک کە فاسیلەی ڕۆحێکی ئیماندارە لە دونیا، لە ساڵانی حەفتادا جۆرە غوربەتێکی وجودی قووڵ لای محەمەد عومەر عوسمان دەبینینەوە کە تا ڕادەیەک دەگمەن و بێوێنە و نامۆیە بە تەواوی ئەو سەردەمە. بەڵام جۆرە غوربەتێک کە لە جیابوونەوەی هەستێکی مەعریفییەوە سەری هەڵدابێت، دەرەنجامی کاری عەقڵێک بێت کە دەزانێت نامۆیە و دەتوانێت لە نامۆبوونیشی ڕابمێنێت، ئەوا ئەمجۆرە لە غوربەت هەرگیز ڕێگایەکی ڕاستەقینەی نەدۆزیوەتەوە و نادیدە ماوەتەوە. گەر نەتەوێت غەریبێکیش بیت وەک نالی، ئەوا غوربەت بەرەو لەدایکبوونی پەیوەستێکی ڕەخنەگرانەت لەگەڵ واقعدا دەبات، نەوەک پەیوەستێکی دینی و عاتیفی ڕووت.

...

...

 

 

---------------

ناشوێن، بەختیار عەلی، چاپی یەکەم، 2019
گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەک نالی، لاپەڕە 249
نووسینەوەی: ماڵێک لە ئاسمان