بەهرە
ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە!
تۆ 'بیتهۆڤن'ێکی کەڕ و
یەک 'دستۆیفسکی' فێدار و
'ئەبولعەلا'یەکی کوێرم
پێ ببەخشە و
ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوەناچڵ و گچکەکان
بۆ دیوانی خۆت ببەوە!
درەختی مرواری
...
هەر لەبەر چاوی ئاسمان خۆی
هەوریان دزی.
بە بەرچاوی هەوریشەوە
'با'یان دزی.
هەر بە بەرچاوی 'با'یشەوە
دڵۆپە بارانیان دزی
هەر لەبەر چاوی بارانیش
خاکیان دزی و
لە خاکیشدا
ئەو چاوانەیان شاردەوە
کە دزەکانیان بینیبوو!
...
'مێرگی زام.. مێرگی هەتاو..'، شێرکۆ بێکەس، چاپی یەکەم، ١٩٩٦، لاپەڕە ١٠٥ و ١١٢