ئەم وێنەیەی ژێرەوە، ئەگەرچی بەشی سەرەوەی ئەم وتارەی داگیرکردووە، دەکرێ لە کۆتایی وتارەکەدا، جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە سەری.  لە ڕاستیشدا هیچ شتێکیش ڕوونادات ئەگەر بەر لە خوێندنەوەی وتارەکەیش سەرنجێکی وردی بدەیتێ. دیمەنی پیرۆزەیی و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە زەردەپەڕ و بێجووڵەیی ناو وێنەکە، شتێکی تیایە کە نیگا بەخۆیەوە ڕادەکێشێ.

کۆرۆنا و سینەما

 

بۆ کرۆکی بابەتەکە.

ڕۆژگارێک لە سویددا کەتەلۆگێک هەبووکە پێیاندەووت: لاپەڕەزەردەکان. دەکرێ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەوروپادا ناوێکی دیکەی هەبووبێت. 

کوردواتەنی، شاخی مار و شیری چۆلەکە لە دووتووێی ئەو کەتالۆگەدا جێی دەبووەوە.  لە ئاستی سەراسەری و شار و شارۆچکەکانی دیکەی وڵاتدا،   تۆ دەتتوانی بۆ فلان کارخانە بگەڕێیت و ناوی هەر "قادر قادر"ێکی کورد کە لە سویددا دەژی و تۆ نازانی لە چ شارێکدا نیشتەجێیە،  بە چاوخشاندنێکی خێرا بە لاپەڕەکانیدا ، ئاسان بدۆزیتەوە.  ئەگەر زانیارییەکان دەربارەی کاک "قادر"، بە خواستی خۆ  نەخرابێتە خانەی  شاردنەوەوە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتییەوە.  
گەشەی نێت و دیجیتاڵیزەکردنی زانیاری و پێشکەوتنی ئەپلیکەیشنەکانی ناو مۆبایلە زیرەکەکان، کارێکی کرد کە لەمڕۆدا ، لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم ولاتەدا، دانەیەک لەو کەتەلۆگانە  نەدۆزیتەوە. 
ڕۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا، تەمەنی 50 ساڵە لە ئێستادا و ئەم دوو ژمارەییەی تەمەنەکەی هێشتاش ئەو ڕزگارناکات لەوەی هەر برا بچووکی من بێت،  پرسیاری کاریگەری گەشەسەندنی دیجیتالیزەکردنی دنیامان دەکرد و کەوتین بەسەر باسی ئەو خزمەتگووزارییانەی کە لاپەرەزەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە نوێکانی دنیای ناو مۆبایلەکان  هێناویانەتە  ئاراوە.  بە کورتی: سەفەری بەدەستهێنانی زانیاری لە پەڕەی کاغەزەوە بۆ ناو شاشەی مۆبایلەکان. 
لە شوێنێکدا برا بچکۆلەکەم دەڵێ: دەزانی کە کورد و خەڵکی سلێمانی لە پێش سویدییەکانەوە بوون بۆ داهێنانی لە چەشنی بە دەستهێنانی زانیاری کە لاپەرە زەردەکانی جاران دەیدایە خەلک، بەڵام نەگبەتی کوردەکان لەوەدایە کە ئەو داهێنانەیان بەو شێوازە ناونووسنەکردووە وەک ئەوەی لە سوید و وڵاتەکانی دیکەی خۆرئاوادا کردوویانە. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەو زانیارییانە لە کوردستان لە شکڵی کەتەلۆگێکدا نەبووە و ئینسان ناشکرێ بەوەی ئەم داهێنانە لە کەتەلۆگ نەنراوە، ئینکاری ئەم دەستپێشخەرییەی خەڵکی شارە حەیاتەکە بکات. 
من سەیرێکی دەکەم و سوپاسگوزارم کە دەمێکە لە سوید دەژیم و لە بەرانبەر ئەم شەکرشکاندنەی براکەمدا، هیچ شتێکی تێناگرم و ئەویش دەمبەخەندە و بە حەماسەتێکی تووندەوە، خەریکی بەڵگەهێنانەوەیەکی زیاترە. ناچار لە شوێنێکدا، دەیوەستێنم و پێیدەڵێم:  دەکرێ نموونەیەک لەو لاپەرە زەردانەی  سلێمانیم بۆ بێنیتەوە کە من پێمنەزانیوە، یاخود نەمبینیوە و دەکرێ لای جەنابتان دەستکەوێ. 

برا بچکۆلە پەنجا ساڵانەکەم ئاوا وەڵام دەداتەوە: ڕۆژگارێک لە حەفتاکانی سلێمانیدا، خەڵکی تەلەفۆنییان بۆ ڕێستۆرانێک دەکرد و ئەو خواردنانەیان  داوا دەکرد کە دەیانویست بۆیان بێتە ماڵ، یان دەیانپرسی فڵانە خواردنیان ماوە و دەیانەوێ کەسێک بنێرن تا دوو قابلەمەی بچووکییان بۆ پڕکات. 
ئەو کات مەتعەمی عەلی سوور، لە گەڵ مەتعەم سلێمانییدا کە خاوەنەکەی حاجی فەتاح بوو، بە دوو لە ڕێستۆرانە گەورەکانی سلێمانی دەژمێردران. مەتعەمەکەی عەلی سوور بەرانبەر سینەمای ڕەشید بوو، ئەوەی حاجی فەتاحیش لە ئەسحابەسپی بوو. یادی بەخێر (عەلی سوور) لەسەر کورسییەکەی خۆیەوە  کە لە سووچێکی نزیک هاتنەژوورەوەی ڕێستۆرانەکەدا دانرابوو و پارەی وەردەگرت، هەموو ئەو پانتاییە گەورەیەی دەبینی کە بە سەر دەرگا گەورەکەی سینەماوە بوو و پۆستکارت و ڕیکلامە گەورەکانی فیلمەکانی  پیا  هەڵدەواسرا. گەر هاموشۆ و قەلەباڵغی سەرشۆستەکەی بەردەم ڕیستۆرانەکەش نەبووایە، گۆشەیەکی باشی ڕیکلامی فیلمەکانی سینەما "سیروانیش"ی دەبینی کە کەوتبووە کۆلانی خوارەوەی لۆقەنتەخانەکەی خۆیەوە. 
جار ناجارێک مشەتەری قۆشمە و ساختەچی تەلەفۆنێکییان دەکرد و دەیانپرسی ئاخؤ فڵانە خواردنییان ماوە یاخود نا، بەڵام بەر لە کۆتایپێهێنانی ئاخاوتنەکە بە عەلی سوورییان دەوت: زەحمەت نەبێت سەیرێکی ئەو بەریش ناکەیت تا پێمان بڵێیت چ فیلمێك ئیش دەکا. ئەگەر ڕیکلامی سەر سووچەکەی لای سەعاتەکەیشت لێ دیارە بەشکم پێمان بلێی، ڕیکلامی  فیلمە یۆنانییەکەی پێوەیە بۆ هەفتەی ئایندە؟
برا بچکۆلەکەم درێژەی دەداتێ و دەڵێ: من دڵنیام کە کۆمەڵێک جنێو لە کۆتایی ئەم جۆرە ئاخاوتنانەدا دەکرێ ببیسترێ کە من نامەوێت تۆماری بکەم. وەک دەزانن ئەو جنێوانە ئەوەندە تەڕن کە ئەگەر وشکیش ببنەوە، نووسینەوەیان ئاسان نییە. من لە بەرزی ئاداب و ئەخلاقی زمانەوانی برا بچکۆلەکەم سەرم سووڕدەمێنێ،  ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بێگوومان ئەگەر داخوازیکردنەکانی کڕیاران بۆ خواردن جدیی بۆایە و کەلەک و کووڵەکی هەرزەکارانەی لە پشتەوە نەبوایە، ئەوا عەلی سوور ناوی فیلم و پالەوانی فیلمەکانیشی بۆ مشتەرییەکانی دەگێراوە. 
بەڵام خاڵی سەرەکی گێرانەوەی ئەم چیرۆکەی کاکم ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی لاپەرە زەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە تازەکانی ئەمڕۆ بە هاوڵاتیانی دەدا، 40 تا 50 ساڵێک لەمەوبەر لایەن "عەلی سوور"ەوە پێشکەشکراوە. وەڵامدانەوە بەوەی کە چ خواردنێک دەستدەکەوێت و دەکرێ بگەێنرێتە ماڵ یاخود نا، پێدانی زانیاری بەو کڕیارانەی کە دەیانەوێ بزانن چ فیلمێک لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت و تەنانەت ئاگاداربوون لەوەی کە پرۆگرامی هەفتەی ئایندەی سینەمایش چییە. بەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی کورتدا. 

هەست دەکەم بە ناهەق لە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەدا، خەریکبوو ڕەفتارێکی براگەورانەی کوردی لەبەرانبەر برا بچکۆلەکەمدا ئەنجام بدەم و گوێ لە ئەرگومێنتەکانی نەگرم . بەڵام قسەکانی  جۆرێکیش ڕاستی تێدایە و من ناچارم  سوپاسی بکەم کە لە تۆمارکردنی مێژووی بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە ڕێی ئەو نموونانەوە کە هێنایەوە،  شارەکەم ڕۆلێکی گرنگی ونبووی هەبووە و ئەم گێرانەوەیەی منیش لەم وتارەدا، دەبێتە تۆمارکرنی مێژووی ئەم جۆرە لە خزمەتگووزاری کە بەشێک لە بناغە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگایەکی بەکاربەرە. 
بەڵام بەوەی هێشتا لە نزیک مەتعەمەکەی "عەلی سوور"ەوەین و چاومان هێشتا لەسەر ڕیکلامی حەوت بەتەڵەکە و ترنتی و فیلمە یۆنانییەکەی دوێنییە، با کەمێک بچینە کۆلانەکانی دوور لە سەرای سلێمانییەوە و لەوێوە سەیری پرۆسەی کڕیاردیتنەوەیەک بکەین لەبەرانبەر نیشاندانی فیلمی نوێدا. ئەوەی کە بەشێکی کەم لە مشتەرییەکانی لۆقەنتەخانەکەی عەلی سوور دەیانویست لە ڕێگای خزمەتگووزارییەکی زیاتری ڕێستورانەکەوە بەدەستی بێنن. 

یەکەم : شاگردێکی سینەما تەختەیەکی 1 بە  30 لە ڕێگەی دەسکێکی گەورەوە بە سەر شانەوەیە و ڕیکلامی ئەو فیلمەی لەسەرە کە ئەمڕۆ نیشان دەدرێت. ئەو کۆڵان و گەڕەکی جۆراوجۆری شار دەگەڕا و ئەم پەیامەی بە خەڵکی دەگەیاند.  سەیر ئەوەیە لە زمانی ئەو زەمەنەی مندا، نیشاندانی فیلمییان وەک ئیشکردنی فیلم باس دەکرد. نەیاندەووت چ فیلمێک نمایشدەکرێت، دەیانووت چ فیلمێک ئیش دەکات. لە هەمووی جوانتر، ئەو کات بە فیلمیان دەوت، فلیم. کورداندنی وشەیەک بەهەڵە بەڵام لە ڕووی کۆمەلایەتییەوە، جوان و جێکەوتوو. خۆش ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە تەختەکەی بەسەر شانەوە بوو و پۆستکارتی گەورەی فیلمەکەی پیادا هەڵواسرا بوو،  کۆمەڵێک ڕیکلامی دیکەی فیلمەکەی بە ڕەنگاورەنگی پێبوو کە لەسەر کاغەزێکی A3 چاپ کرابوو. 
ئاواتی گەورەی منداڵانی گەڕەک ، بەدەستهێنانی دانەیەک یان ژمارەیەکی زۆرتر لەو ڕیکلامانە بوو کە بە هەموو کەسێک نەدەدرا.  بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین شتێک بتکردایە، یارمەتیدانی کابرای دارهەڵگر بوو کاتێک دەگەیشتە هەورازەکەی لای مزگەوتی "تەکیە ڕووتەوە" و لە بەر گەڕانی زۆریی بە زۆربەی گەڕەکەکانی شاردا و ماندووبوونی، زمانی لە عەرز دەخشا. ئەوکات بۆ ساتێک دارەکەیت لێ وەردەگرت و لە هەورازەکەوە سەرت دەخست و دوو سێ دانە ڕیکلامت حاسڵ دەکرد. 
هەندێ جار، لای دووکانەکەی "مەلا عوسمان" یان نزیک ئاشەکەی گاورانەوە ڕامان دەگرت و پێمان دەوت: دەکرێ کەمێکی "فلیمە"کەمان بۆ بگێڕیتەوە، ئەو کوڕی باشە دەیزانی کە ئەم کارە چ کاریگەرییەکەی بۆ ڕیکلامکردنەکەی ئەو تیا دەبێت، یەکسەر دەیووت: یان دوو لەفە قاورمەم بۆ دەکڕن، گەندەڵی جاران، یان ئەوەتا خۆتان دەچن بۆ بینینی.  

دووەم. سینەماکانی جاران لە پرۆسەی کڕیاردیتنەوەی خۆیاندا و لە وەرزی هاویندا، لە جیاتی ئەوەی تۆ بچیت بۆ سینەما، ئەوان سینەمایان بۆ دەهێنایتە گەرەک. سەیارەیەکی گەورە لە چەشنی لۆریدا دەهاتە کەلاوەکەی گاوران کە ئێستا گەراجی "عوسەی تەمین"ی پێدەڵێن. لە بەشی خوارەوەی کەلاوەکەدا کە دیواری دەرەوەی باڵەخانەیەکی گەورە بوو، بە دیووی لای باشووری کەلاوەکەدا ئەگەر پشتت لە ئاشەکەی گاورانی ئەوسا بێت، پەردەیەکیان هەڵدەواسی و بە ئارەزووی خۆیان، ئەو فیلمەیان نیشان دەدا کە لە بەرنامەی خۆیاندا بوو. خەڵکی گەرەک لە سەرکارێز و سەرقەبران و قاوەخانەی سەرچیمەنەوە ، بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و شووتی و قاپ و قاجاغی دیکەوە، لەسەر گڵەکە و لەبەرانبەر دیوارەکەدا، بە دێژی و پانی هەموو کەلاوەکە کە بە ڕاستی گەورە بوو، دادەنیشتن و نقەیان لە خۆیان دەبڕی. 

سینەما لە شاری سلێمانی جاراندا لە ڕێگای کابرای دارەڕیکلام بەشانەکەوە و لۆرییە گەڕۆکە گەورەکەی گەڕەکەکانی سلێمانیدا، بوو بووە بەشێک لە ژیانی کولتووری 50 ساڵی پێش ئەمرۆمان.  عەلی سوریش ،  لەپاڵ نەبوونی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ و کەتەلۆگە زەردەکانی دوێنی سویددا، جۆرێک لە کاری گەیاندنی زانیاری  سینەمایی کەوتبووە سەرشان. 
بەڵام دەمەوێ لە کەلاوەکەی گاورانەوە بتانهێنمەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە و وێنەکەی سەرەوە. لە ڕاستیدا، ئەم وێنەیەی سەرەوە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەمان ئەو وێنەیەدا هەیە کە  سەر دیواری باڵەخانە گەورەکەی کەلاوەی گاورانی 50 ساڵ پێش ئێستادا  هەبوو. ئەگەر کەسێک دیمەنی ئێوارەیەکی فیلمنیشاندانی کەلاوەکەی گاورانی بچرکاندایە و لەپاڵ وێنەکەی سەرەوە لە تەنیشت یەکەوە دایبنایە،  ئەوسا ئاسانتر تێدەگەیشتن ئەم هەموو شێر و ڕێویەم بۆچی بوو.  

وێنەکەی سەرەوە، بەشێکە لەو کاردانەوە و پرۆسەی کڕیاردیتنەوە تازەیەی کە سینەما لە سویددا لە ژێر فشارەکانی کۆرۆنا و قەید و بەندی تێکەڵنەبوون و مەسافەگرتنی نێوان ئینسانەکاندا کردوویەتی بە ڕاستییەکی تازە، بەڵام کۆن بە قسەی کاکم: ئاخر بە قسەی ئەو، سلێمانییەکان لێرەیشدا، لە پێش سویدییەکانەوە بوون. لەم پرسیارەیشدا کە کۆرۆنا لە زەمەنی دیجیتاڵدا لە بەرانبەر نەهاتنی تەماشاچیانی فیلمەکاندا ، کاتێک کەس ناتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەوا سینەما دەکرێ بچێت بۆ لای بینەرانی .  
وێنەکەی سەرەوە، دیمەنی ئێوارە نمایشێکی سینەمای یۆتۆبۆریە لە گۆرەپانی "بەنان پیرین" و لە ڕێگای شەپۆلی ڕادیۆیی FM و سیستەمی ڕادیۆیی ناو سەیارەکەوە، تەقە و زرمەی سەر شاشە دیجیتاڵەکە ڕێک دێتە ناو ماشین یاخود هێدفۆنەکەی گوێچکەتەوە. جۆرێک لە کاری بازاڕفرۆشی تازە بۆ دۆزینەوەی کڕیار و بینەری تازە کاتێک ڕێگرییەکانی کە کۆرۆنا دروستیکردوون، سینەما لە هۆڵەکان دەردەهێنێت و دەیباتە پارکێکی گەورەی سەیارەڕاگرتن.

بەڵام کۆرۆنا و دنیایەکی دیجیتاڵی تازە کە کۆرۆنا بە گووروژمی گەورە بەرەو پێشتری دەبات، ئەو دەرفەتەیشمان بۆ دەڕەخسێنێ کە لە زەمەنی مەرگ و ترس و دڵەراوکێی ئینسانەکاندا، لە ڕووخسارە هەناسەسواربووەکەی تووشبوانیدا، ڕابردوو و یادەوەرییەکانی دوێنێشمان بخاتەوە بەرچاو. یان ڕووت و قووت، بەشێکی گەورەی ڕابردوو، لە زەمەنێکی دیکەدا،  لە مڕۆدا، دووبارە زیندوو بکاتەوە.   

 
ناوهێنانی بەڕێز "عەلی سوور" لەم وتارەدا، لە گێڕانەوەی بەشێک لەو سەرگوزشتانەوەیە کە بەڕێزیان تیایدا بەشداربوون و لە ڕێزلێگرتن و بەرزنەخشاندنی ڕۆلی ئەم پیاوە زیاتر، هیچ مەبەستێکی دیکە نییە. 
 

20200513