...

لە مێژووی ئایدۆلۆژییدا خۆرهەڵات پڕە لە هێزی گۆڕانکار، لە گۆڕانکاریی بونیادیی، لە بەریان و هێزی سیاسی جیاواز کە هەر یەکەیان بۆ قازانجی نەتەوە ئیش دەکەن، پڕە لە سەرۆکی فریادڕەس کە ملیۆنان خەڵک سوژدەیان بۆ دەبەن، پڕە لە هەڵبژاردن کە هەستی دیموکراسییەت و ئازادیی دەجێنن، پڕە لە بانگەشەی یەکێتی و برایەتی و دۆستایەتی و لێبوردن. بەڵام مێژووی ڕاستەقینە پڕە لە کینە، پڕە لە جەنگ، پڕە لە جەنگی سایکۆلۆژیی وێرانکار، پڕە لە تاڵانکردنی سیستماتیک و ناسیستماتیکی سامانی ئابووریی، پڕە لە ڕاسیسزمی نێو نەتەوەکان و نێو مەزهەبەکان، پڕە لە خواستی جینۆسایدی سیاسی و حیزبی، پڕە لە سەرۆکی فێڵباز کە ڕۆلی ڕزگارکەر نمایش دەکەن.

...

ئایدۆلۆژیست لەم سەدەیەدا سەرکەوتنێکی مێژویی بەدەست دەهێنێت، واقع کورت دەکاتەوە بۆ واقعی سیاسی، ئیشکردن لەسەر واقع کورت دەکاتەوە بۆ ئیشکردنی سیاسی، بیرکردنەوە کورت دەکاتەوە بۆ بیرکردنەوە لە سیاسەت بە زاراوەی سیاسی، بەوەش تەواوی سیستمی بیرکردنەوە هەرەس دەهێنێت، تەواوی کایەکان ئیفلیج دەبن، تەواوی ئەو بیرکردنەوە و پەیامانەی دەشێت لە کایەکانی ترەوە بەرهەم بێت دەکەونە پەڕاوێزەوە، ئەوەی لەناو ئەم وێرانەیەدا دروست دەبێت مرۆڤێکی شەڕانگێزە کە تەنیا بە غەریزە ڕووتەکانی سیاسەت ئیش دەکات، واتە بوونەوەرێکە ئەگەری ئەوەی تێدایە لە هەموو ساتێکدا ببێت بە فاشیست.

...

کەسانێک کە بەردەوام دەڵێن ئێمە ڕۆشنبیرمان نییە، لەبەر ئەوە نییە لە ڕۆشنبیردا بۆ سوبێکتێکی بیرکەرەوە و خودێکی زانا دەگەڕێن، بە پێچەوانەوە، گوزارەی لە جۆری 'ئێمە ڕۆشنبیرمان نییە' نیشانەی گەیشتنی عەقڵی ئایدۆلۆژییە بە ترۆپکی خۆی، داواکارییە بۆ ڕۆشنبیر کە تەواو جبەی ڕۆشنبیر فڕێ بدات و ڕاستەوخۆ وەک سیاسی، وەک ڕابەر، وەک ڕزگاکەر دەربکەوێت، واتە لە لۆژیکی عەقڵی ئایدۆلۆژییەوە ڕۆشنبیر تەنیا لەو ساتەدا ڕۆشنبیری تەواوە کە وازی لە نوسین و بیرکردنەوە هێنا و ڕاستەوخۆ لە ڕوخساری سیاسیدا خۆی نمایش کرد.

...

گرنگترین چەک بکرێت دژ بە ئایدۆلۆژیست بەکاربهێنرێت ناسینەوەیەتی، دەرهێنانێتی لە ژێر ماسکەکانی، شیکردنەوەی بانگهێشتەکانێتی، فریونەخواردنە بە دەمامکە شۆڕشگێڕ و دروشمە گەورەکانی. واتە نەمانەوەیە لەو فۆرمە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەدا کە ئەو هەمیشە دوور لە چاودێریی و لە پاڵ خواستی غەمخۆری و نیشتمانپەروەریدا دایاندەمەزرێنێت. تێپەڕاندنی ئایۆلۆژیست بە تێپەڕاندنی ئەو سیستم و کایانە دەبێت کە دروستی کردون، بە خۆلادان دەبێت لەو گفتوگۆیانەی دایاندەمەزرێنێت، بە گەڕانەوەی شیعر دەبێت بۆ ئەو شوێنانەی لێی دوورخراوەتەوە، بە پچڕاندنی پەتی نێوان بیرکردنەوە و نرخی بەکارهێنانی سیاسیدا دەبێت, بە ئاساییکردنەوەی وێنەی ئەویدی دەبێت، بە دروستکردنی جۆرە زمانێکی دیکەی گوزارشت دەبێت کە وەک دۆڵۆز دەڵێت، دەبێت زمانی پەڕاوێزخراوان و فەرامۆشکراوان بێت، بە ئیشکردن دەبێت بۆ ئەو فۆرمانەی کە هێرارشییەت و پۆلبەندی و دەستەبەندی دێرین دەشکێنن، بە کردنەوەی فەزا دەبێت بۆ خەیاڵێکی کۆنترۆڵنەکراو  و ئاڕاستەنەکراو، بە کردنەوەی شوێن و هەرێمی جیاوازی بیرکردنەوە دەبێت کە ناچنە ناو هەمان جیهانی ئایدۆلۆژیشتەوە. واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێچەوانەکردنەوەی بانگەوازەکەی ئەحمەد موختارە ' لەخەوهەستن' ... لێرەدا بانگەوازەکە دەبێت بەوەی لەخەوهەستین و ببینین سەدەیەک لە ئیشکردنی بەردەوامی ئایدۆلۆژیستەکان چی دروست کردوە، ئەو ڕاستییە ببینین کە دروشمی لەخەوهەستن چ خەوێکی قووڵی لێ خستووین.

...

 

---------------------------------------------------

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'
ئایدۆلۆژیست، بەختیار عەلی، چاپی یەکەم، 2019
لاپەڕە72-73، 152، 184، 185