کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەلگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشان دەدەن.

نووسینی بەکر ئەحمەد
20220116

"یادەوەریی بێ کێشە نییە،  چونکە ئینسان کاتێک یادەوەریی بانگ دەکاتەوە، ئەوا بۆ پێداویستییەکی هەنووکەییە. ڕابردوو لە ڕێگای هەلومەرجەکانی هەنووکەوە خۆیمان دەداتە دەست بۆ تێگەیشتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە یادەوەری دووبارە لە فۆرم دەدرێتەوە. بۆیە مێژوو و یادەوەری هەمان شتمان پیشان نادەن. " (1)
دەستپێکردنی من لێرەوە بۆ سەرنجدانە لەو مێژووە ڕەشانەی کە گروپێک برینێکی قوڵ لە جەستەی گروپێکی دیکەدا دروست دەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە یادەروریی  و میژوویەک کە هەردوولا، تاوانبار و تاوانلێکراو لە دوو گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەرنجی دەدەنێ.

کورد چۆن لە ئەنفا ل دەڕوانێ ،  هاوڵاتییەکی عەرەبزمان چۆن دەیبینێ. کورد چۆن لە یەزیدیەکان دەڕوانێ و ئەوان چۆن لە ئێمە، جووەکان و ئەڵمانییەکان. ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ بنووسێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەم گروپە جۆراوجۆرانەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە خوێن و فرمیسک لە نێواندایە. 

کۆششی من لەم نووسینەدا ، سەرنجدانە لە پەیوەندی نێوان هاولاتی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناو تورکیا لە گەڵ هاولاتیانی تورکدا،  ئەویش  بە سەرنجدان لەو دراما تورکییانەی کە لە نێتفلێکس و پلاتفۆرمەکانی دیکەی پەخشکردنەوەدا دەبینرێن. نەک ئەو دراما تورکییانەی کە لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاجکراون و پەخش دەکرێن.
بۆ سەرنجدان لەم درامایایە، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم پێویستە سەبارەت بەو چوارچیوە تیۆرییانەی کە لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا سەروکارییان هەیە، ئەویش چۆنێتی مامەلەکردنە بەم ڕووداوانە لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانە. بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی کامە ستراتیژی بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە کردەوەکانی گرووپی خۆ کاتێک مێژووی گرووپ خوێناوی و  ئازارخوڵقێنەرە بۆ ئەندامانی گروپی بەرانبەر. کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی یان "ئازاری ویژدان" و بە نۆستالژیاوەباسکردن لەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە، دوو ستراتیژی ناسراون بۆ مامەلەکردنی گرووپە دەستدرێژیکەرەکان بە مێژووی خوێناوی خۆیان.  ئایا ئەوەی لەم درامایانەدا دەبینرێت، دەکرێ جۆرێک لە کۆششێکی هێزە زیندووەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا بێت بە مێژووی خوێناوی ئەم وڵاتە کاتێک حەرامەکانی دوێنێ ناخرێنە ناو مەملەکەتی حەرامەکانەوە و بە دەنگ و ڕەنگی خۆیانەوە، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لە ڕۆژگارێکی تردا بۆیان نەبووە بیکەن. با سەرنجێکی خێرا لە هەردوو چەمکی نۆستالژییا و ویژدانناڕەحەتی بدەین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکانی سەرەوەمان. 

ویژدانناڕەحەتی: 
کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکاتە سەر گروپێکی  دیکە، هەمیشە ئامادەیی ویژدانناڕەحەتی، یان ئەوەی بە کوردی پێیدەوترێت "عەزابی ویژدان"، ئامادەییەکی گرنگی هەیە لەلای گروپی دەستدرێژیکەرەوە. ئینسان پێویست ناکات خۆی بەشداریکەرێکی چالاکی ئەو کردەی دەستدرێژکردنە بێت. بێگوومان ئەمە بە مەرجێک کە گروپی دەستدرێژیکەر ئەوەی قبوڵ کردبێت کە گروپەکەی خۆی کارێکی قێزەونی ئەنجام دابێت. ئەم هەستی ویژدانناڕەحەتییە لە داعشێکدا ناکرێ بوونی هەبێت کاتێک سەبایاکردنی کچانی یەزیدی بە ئەرکێکی ئاینی لە قەڵەم دەدات، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵکی ئەڵمانی لەمڕۆدا، مێژووی هۆلۆکۆست و ئاوشوفیتس، ویژدانێکی ناڕەحەت لە ئاستی گروپدا دروست دەکات، ئەوەی کە پێی دەوترێت ویژداننارەحەتی کۆلێکتیڤی. 
"مایکڵ هۆڵ" و"نیللا برانکۆمبی" و "یاخیل کلار" پێیان وایە کە : هەستکردن بە نارەحەتی ویژدان، پێویستی بە 4 هەلومەرجی  تایبەتی هەیە. 
یەکەم: چەند تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گروپی دەستدرێژیکەرەوە یاخود نا
دووم: چەند تاک پێی وایە گروپی دەستدرێژیکەر بەرپرسیاری ئەو ڕەفتارەیە کە مەبەست بووە زیان بە گروپی دووم بگەێنێ. 
سێیەم: ئەوەی کە تاک پێیوابێ زیانی بەرکەوتووی تەرەفی ئەوبەر ناڕەوا و نائەخلاقیی بووە
چوارەم: ئەوەی کە تاک درک بە قورسی و تێچووی ئەو زیانە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک کە کراوە.
لای نووسەرانی سەرەوە، سێ شێوازی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تێروانینی بەرپرسیارێتی گروپی خۆ کە زیانی بە گروپی بەرانبەر گەیاندووە، کەمترین هەستی ویژدانناڕەحەتی لای گروپی خۆ بەرهەمبێنێ. 
بە کورتی هەستنەکردن بەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە شتێکی گرنگ بووە. 
یەکەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە نیگای لەسەر زیانی لێکەوتووی گروپی بەرانبەرە لە جیاتی ئەوەی چاوی لەسەر هەڵەکانی گروپی دەستدرێژیکەر بێ. بەمەش نیگای سەرنجلەخۆدان تا دێت بچووک دەبێتەوە.
دووم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەو زیانەی گروپی بەرانبەر دووچاری بووە لە پێشداوەرییەکانی خۆیەوە سەرنج دەدا کە گروپی بەرانبەر چ تایبەتمەندییەکیان هەبووە یان نا.  
سێیەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەوەی ڕووی داوە دەخاتە  سەر چەند دانەیەکی جیاوازی گروپی بەرانبەر کە گوایە بە هۆی ئەوانەوە ئەنجام دراوە.
لە ڕێی ئەم سێ دۆخەوە، هەمیشە گروپی دەستدرێژیکەر بە شوێن ئەوەوەیە کە هەستی ویژدانناڕەحەتی خۆی کەمکاتەوە  و چاو لە تاوانەکانی گروپی خۆی بنوقێنێ.  

ئەوەشمان بیرنەچێت، داننان بە زیانی گروپی بەرانبەردا و قبوڵکردنی ئەوەی کە گروپی خۆ کردەوەیەکی نائینسانی ئەنجام داوە، ستراتیژییەکی ترە، دووبارە بۆ کەمکردنەوەی هەستی کۆلیکتیڤی ویژدانناڕەحەتی گروپی دەستدرێژیکەر وەک لە کەیسی دادگاییەکانی ڕوواندا و ئەمڕۆی کۆمەلگای ئەڵمانیدا دەبینرێت.  
نوستالژیا
یەکێك لەو نیگایانەی تر کە ئینسان سەرنجی ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەی پێدەدا، نوستالژیایە. لای "سڤێتلانا بۆیین" " ئارەزوو و تاسە بۆ ماڵێک کە لە ئێستادا بوونی نییە و یاخود قەت بوونی نەبووە، بەشێک لە جومگە ناوەکییەکانی هەموو نوستالژیایەکە. نوستالژیا تاکە شێوازێک نییە کە تاک سەرنجێکی سۆبژێکتیڤی لە ڕابردوو پێ دەدات، بەڵکو ئەم نیگایە بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە بە جومگەی پۆزەتیڤی ژیان ڕازێنراوەتەوە و وێنەیەکی کەم پۆزەتیڤتر لە ئێستا دەنەخشێنێ. "
تیۆری نوستالژیاش، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی دەستەجەمعی دەکات و لە دۆخی دەرپەڕاندن و ناچاربەکۆچکردنی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی پرسیاری پێ دراوە. 
ئەم ڕوونکردنەوە درێژەی من لێرەدا سەبارەت بە چەمکی ویژدانناڕەحەتی و نوستالژیا بۆ سەرنجدانێکی تارادەیەک خێرای چەند دانەیەک لەو زنجیرە تورکیانەی سەر بە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردنی (نیتفلێکس)ە کە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا وەک کارە سەرکەوتووەکانی دراما تورکییەکان سەرنجی دراوەتێ. لە ڕێی ئەم درامایانەشەوە ، سینەما و درامای تورکی لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوایەتیدا بەرزڕادەگیرێت.
سەرنجدانی من لە م زنجیرانە، لە گشتییەتی ڕووداوەکانی ناو دراماکاندا نین، بەڵکو نیگایە لە دەمووچاوە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکی کە تا زەمەنێکی درێژ لە ناو ئەرشیفە کڵۆمدراوەکانی دەوڵەتدا تووندکرا بوون و قسەکردن لەسەر هەر یەکێکییان، بە زیندانیکردنی خاوەنی قسەکەر تەواو دەبوو. 
ئەو گروپانەیشی کە جیگایەکی تایبەت لەم زنجیرانەدا داگیردەکەن، کورد و گرێکی و جووەکانی تورکیان.
ئایا بێدەنگکردنی کورد و قەدەغەکردنی زمانەکەیان و ناوبردنی ئەوان بە تورکی چیا لە زەمەنێکی دوورەوە، چ ئاڵوگۆڕێکی لە زەینی ئینسانی تورکدا دروست کردووە و دەرکەوتنی گۆرانی  کوردی و چیرۆکی کوردی لە زنجیرە دراما تورکییەکاندا، چەندێک دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەیەکی گروپێکی دەستدرێژیکەرەوە لەبەرانبەر گروپێکی دەستدێژیلێکراودا؟
جوولەکەکانی ئیستانبوڵ چۆن دەرکران، شەوی شەش لەسەر حەوتی ١٩٥٥ چییان لە یۆنانییەکانی ئەستەنبوڵ کرد، ئەمانە بەشێک لەو دەستدرێژییە خوێناویانەن کە کۆمەلگای تورکی و ئیلیتی کولتوری تورکی لە مەملەکەتی"قەدەغەکان"ی تورکیادا دووبارە دەنگ و ڕەنگییان پێداداتەوە و دەیانخاتەوە بەر نیگا. نەک هەر نیگای گرووپی خۆ، بەلکو لە ئاستێکی فراوانی نێونەتەوایەتیدا بە جیهان دەڵێ: ئاوامان کردووە. 
درامای Ethos یان : Bir Başkadır

"ئێتۆس" کە ناوهێنانی دراماکەیە لە نیتفلێکسی سویددا، یەکێک لە دراما هەرە جوانەکانی ئەم پلاتفۆرمەیە. لە تورکیادا و لە کاتی نیشاندانی ئەم زنجیرەیەدا، کۆمەلگای تورکی بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە جەزب دەکات.
چیرۆکی دراماکە ، نیشاندانی کۆمەڵێک دەمووچاوی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکییە بە خەون و پرسیارە سادە ئینسانییەکانی خۆیانەوە. یەکێک لەو ڕووخسارە ئامادانەی ناو دراماکە کچێکی کوردی دەروونناسە کە خوشکێکی مەزهەبی هەیە و لە دوو گۆشەنیگای تەواو دژبەیەکەوە لەبەریەککەوتنێکی هەمیشەییدان. خێزانێکی کورد کە لە گۆشەیەکی ئەستەنبوڵدا ژیان بەسەر دەبەن و دایک و باوکێک کە کە هێندەی شاتە شات و قنەشەڕی کچەکانییان هات و هاوار لە ماڵەکەدا دروست دەکات، هێندەی کاتەکانی تر سەر قاڵی کوڕێکی گەورەی خۆیان دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشییە ئاوتیستییەکەیەوە، دایک و باوکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. تا ڕۆژێک لە دەنگدەرهاتن دەکەوێت و تەنها گۆرانی باوک دەتوانێت بیخاتەوە ناو جیهانی قسەکردنەوە.
ئینسان کاتێک کلیپی سووکایەتی ئیلیتی فاشیستی تورکیا دەبینێت لەبەرانبەر هەواڵی بە کوردی گۆرانیوتنی "ئەحمەد قایە"دا لە ساڵی 1999دا کە چ کاردانەوەیک دروست دەکات، هەست دەکات کە گۆرانییەکی کوردی لەم دراما گەورەیەی تورکیادا، کە تیکستەکەی و ئاخاوتنی دایک و باوک کە بە کوردی قسە دەکەن و بە ژێرنووسی تورکی پیشانی بینەری تورکی دەدرێت، چ تەزوویەک بە ناخی ئینساندا دەهێنێت. ڕەنگە هیچ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی لە کۆڕاڵی بەزنرخاندنی ئەم پرۆژە تەلەفیزیۆنییەدا چاوی نەچووبێتە سەر ئەم دیمەنە چەند خولەکییەکە، بەڵام مێژووی بە 'تورکی چیا' لەقەڵەمدانی کوردەکانی تورکیا و قەدەغەکردنی ئەم زمانە و زاردەربڕینی ئەم زمانە لە یەکێک لە دراما گەورەکانی ئەم وڵاتەدا، کۆتایی زەمەنێکە کە مەگەر "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلی دەربڕی بێت.

زنجیرە درامایەکی دی کە بە تورکی بە "عەتییە" ناو دەبرێت و لە زمانی ئینگلیزیدا بە The Gift ناسراوە و کەش و هەوایەکی تەواو کوردی دەخاتە باکگراوندی ڕووداوە سەرەکییەکانی خۆیەوە. دراماکە لە دەوری دۆزینەوەی ئەو پاشماوە شارستانیەی کە لە تورکییەکەیدا بە "گوبڵی تەپە" دەناسرێت و دەکەوێتە 15 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئورفەوە دەسوڕێتەوە، کاتێک نیگارکێشێک بە شوێن دۆزینەوەی نهێنی ئەو ڕەمزە تایبەتییەوە کە لە تابلۆکانی خۆیدا دەردەکەێت و ئەم ڕەمزەیش بەشێک لەو وێنانەیە کە لەسەر بەردەکانی گۆبڵی تەپەدا دۆزراونەتەوە. چیرۆکێک کە لەسەر خەیاڵێکی زانستی بنیاتنراوە. 
بەڵام ئەوە بە تەنها کورد نییە دەگەڕێتەوە ناو مێژووی ئەمڕۆی تورکیا، بەڵکو لە زنجیرە درامای "گۆبەنخانە" یان لە زمانە بازاڕییەکەیدا "مەلها" دا کە بە ئینگلیزی بە The Club پێناسەکراوە، جووەکانی تورکیا و گرێکییەکانی ئیستەمبوڵ لە سەنتەری ئەو ڕووداوانەدان کە قسەکردن دەربارەیان وەک زمانە قەدەغەکراوەکەی کوردی بووە و ئەوەتانێ لەم دراما سەرکەتووە جوانەدا بەشێک لە مێژووی چۆنێتی دەرپەڕاندنی جووەکان و قەتڵ وعامی گرێکییەکانی سالی 1955 دەبێتە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان.

بەڵام هۆی چییە کە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا دێنەوە سەر شانۆ لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لەمڕۆدا ئامادەیی هەیە پرۆژە ناسیونالیستتیەکەی ئەتاتورکی لە بەرگێکی ئاینییەوە پۆشاوە و ئەمجارەیان لە ناو پرۆژەیەکی ئایینی دیدا بە شوین خەونە ناسیونالیستییەکانی تورکیاوەیە؟
بەبڕوای من، لە هەر لایەکەوە وەڵام بەم پرسیارە بدرێتەوە، ڕەهەندی سیاسی ئەم وەڵامە هەمیشە ئامادەیی هەیە. ئەوە چاوکاڵی کورد نییە لە دراما تورکییەکاندا بە کوردی دێیتە ئاخاوتن و جووەکان باسی چۆنێتی دەرپەڕاندنیان و گرێکەکان باس لە ناخۆشترین شەوەکانی خۆیان دەکەن لە پێنج و شەشی سێپتیمبەری ساڵی 1955دا. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، ئەم دووبارە گێراندنەوانە لە زمانی نەتەوەی سەردەستەوە دەهێنرێتە سەر شانۆ، تا هەردوو لایەنی کێشەکە لێی بڕوانن. 
بە کورتییەکەی، ئەوە کورد نییە لە بێزمانخستنی خۆیدا بۆ گۆرانییەک دەگەڕێ حەکایەتی زمانداربوونی خۆی بگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە نەتەوەی سەردەستە کە لە چرکەیەکی مێژوویدا، ئەم زمانە قەدەغەکراوە دەخاتە سەر شانۆ و لە ڕێگای وەرگێڕانی وشەکانیانەوە، هاوڵاتی تورکزمان لە ناوەرۆکی گۆرانییەک ئاشنا دەکات.
بە بڕوای من، کاتێک بەشێک لە هاوڵاتییانی ئەمڕۆی شاری ئەستەنبوڵ پەلاماری کۆمەڵێک گەنجی کورد دەدەن کە بە کوردی گۆرانی دەچڕن، ئەو بەشە لە دید و بۆچوونی کۆمەلگای تورکی دێتە پەیڤین کە خوازیار بووە پرسیاری بێزمانکردنی کورد، وەک ئەو پرۆژە سیاسییەی ئەتاتورک بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت. ئەم دیدە بە هەمان شێوە لەمڕۆکەی کۆمەلگای ئەڵمانیدا ئامادەیی هەیە کە پرۆژەی قەتڵوعامی جووەکانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە ڕێگاچارەیەکی زۆر ئاسایی دەزانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەشغەڵە کۆمەڵایەتییەکانی سییەکانی ئەڵمانیا و لە خەون و خەێاڵێکی نوستالژیایانەدا، ئومێدی هێنانەوەی دوێنێی هەیە بۆ ئەمڕۆ. بەڵام هاوکاتیش دەنگێکی بەرزتر و گەورەتری ناو کۆمەلگای ئەڵمانیش دەبیستین کە دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەی خۆوە لەبەرانبەر ئەو تاوانە گەورانەدا کە لە زەمەنی جەنگی جیهانیدا ڕوویان داوە.
بە بڕوای من، دەرکەوتنی کورد بەم ئاستە لە دراما تورکییەکاندا، دەکرێ وەک پرۆسەیەکی ویژدانپاککردنەوەی نەتەوەی سەردەست بێت لە بەرانبەر دەستدرێژیکردنە سەر کەمایەتییەکی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکیدا کە بە خۆیی و زمانەکەیەوە ڕاوەستاوە و لە گۆرانیپەیڤینی خۆی نەکەوتووە. چەندێک ئەم پرۆسەی ویژدانناڕەحەتییەی ئینسانی تورک و ویژدانپاککردنەوەی خۆ لە گوڕو تینی خۆیدایە، دەکەوێتە سەر بەرابەرکێی ئەو دوو تێروانینەی کە لە بەرانبەر چۆنێتی مامەڵەکردن بە ڕووداوەکانی ڕابردووە، دەکرێ چۆن هەڵوێست بنوێنرێت؟

بەڵام ئایا یۆنانی و جووەکان کە لە مڕۆدا قەوارەیەکی گەورەی سیاسی پێکناهێنن، بە هەمان مەغزای داوالێبووردنکردنەوە  دێنەوە سەرشانۆ وەک چۆن پرسیاری ویژدانناڕەحەتی ئەم دەستدرێژییە مێژووییە دەیهێنێتە پێش، یان ئەوان دەهێنرێنەوە سەر شانۆ وەک نوستالژیایەک بۆ زەمەنێکی پێکەوەژیانی فرەکولتووری کە لەمڕۆدا نەماوە بەڵام زەبروزەنگێکی خوێناویشییان بەرانبەر بەکارهێنراوە؟ وەک چۆن جووەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوستالژیئامێزدا باسێان لێ دەکرێت. بە بڕوای من ئەوان لەمرۆدا لە نوستالژیادان، چونکە بە عەمەلی لێرە نین. ڕەنگە ئەم جۆرە مامەڵەکردن بە قوربانییەکانی دوێنێ بۆ هێنانەوەیان وەک نوستالژیایەک، ڕێگایەکی دیکە بێت بۆ مامەلەکردن بە مێژوویەکی خوێناوی و داننان بە تاوانەکانی دوێنێدا.

بە بڕوای من، شتێک لە کۆمەلگای تورکیدا ڕوویداوە کە هەتا بڵێی ئومێدبەخشە. بۆیە هەر موتیڤێکی سایکۆلۆژی یان سیاسی لە پشت دەموچاونیشاندانی بێڕووخسارەکانی دوێنێی کۆمەلگای تورکییەوە هەبێت، ئەمڕۆ ئەو ڕووخسارانە لێرەن تا ڕابردووە خوێناوییەکەی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە. 

*1 Åsa Berntsson · 2010 — Minnet av 6-‐7 septemberhändelserna. -‐ istanbulbornas minne av upploppet mot den grekiska minoriteten. By: Åsa Berntsson.