بایەخی ئەم خەڵاتە لە چیدایە ؟
خەڵاتی هێڵدا دۆمین یەکێکە لەو خەڵاتانەی چەقی قورسایی لەسەر بابەتی تاراوگە و ئاوارەبوونە، واتە پتر بۆ ئەو نوسەرانەیە ئەزموونی تاراوگەیان هەیە یاخود بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بەو ئەزموونەوە هەیە. لە ئەڵمانیا، بە حوکمی ئەوەی زۆر لە نوسەرە گرنگەکان لە سەردەمی نازییەتدا و دواتریش زۆرێکیان لە سەردەمی حوکمڕانی کۆمۆنیستەکاندا ئەزموونی تاراوگەیان بووە، ژمارەیەکی زۆریش لە نوسەرانی هەڵهاتوو لە هەموو لایەکی جیهانەوە ڕوویانکردۆتە ئەڵمانیا، خەڵاتەکە قورساییەکی گەورەی هەیە. ئەوەی جێگای سەرنجە، هەموو ئەوانەی خەڵاتەکەیان وەرگرتووە تا سەر نوسەر بەختیار عەلی، بە زمانی ئەڵمانی یان فەرەنسی یاخود ڕوسی نوسیویانە. بۆ نمونە «سەید و عەباس خدر» تەنیا بە ڕەچەڵەک خۆرهەڵاتی بوون، هەردووکیان زمانی نوسینیان ئەڵمانییە، یاخود نوسەرانی وەک ناتاشا ڤۆدین و شێرکۆ فەتاح خۆیان هیچ ئەزموونێکی تاراوگەیان نییە و هەر لە ئەڵمانیا لەدایکبوون و ژیاون. لەم لیستەی خوارەوەدا کە هەموو براوەکانی خەڵاتەکەی تێدایە، خوێنەر هەم ئەوانە دەناسێت خەڵاتەکەیان بردوە، هەم زمانی نوسینیان. ئەمە یەکەم جارە، خەڵاتەکە باڵادەستی و هەژموونی زمانە ئەوروپییەکان دەشکێنێت. لە کۆی زمانە ئەوروپییەکاندا نوسەرانێک کە بەم زمانانە نانوسن، شانسێکی ئێجگار کەمیان هەیە بناسرێن، بخوێنرێنەوە، ڕانان بۆ کارەکانیان بکرێت، چ جا بگات بەوەی خەڵات وەربگرن. ئەمە دووەم جارە کارەکانی نوسەر ڕێڕەوی خەڵاتەکان بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات و بە ئاڕاستەی زمانەکانی تردا دەگۆڕێت، خەڵاتی نیلی زاکسیش خەڵاتێکی تەواو ئەوروپی بوو کە تەنیا نوسەرانێک بە زمانە ئەوروپییەکان دەنوسن وەریانگرتبوو، وەرگرتنی نوسەرێک کە بە کوردی دەنوسێت و زمانی ئەسڵی کوردییە و تەنیا لە ڕێگای هەندێک وەرگێڕانی کەمەوە ناسراوە، خۆی لابەلابوونەوەیەکی گرنگ بوو بۆ شکاندنی باڵادەستی زمانە ئەوروپییەکان بەسەر بەشێک لە کایەی ئەدەبیاتدا. لە فەرەنسادا زۆربەی ئەوانەی خەڵات وەردەگرن، نوسەرانی فرانکۆفۆنین، ناوەکانیان فەرەنسی نییە، بەڵام ئەدەبیات و زمانیان فەرەنسییە. لە جیهانی ئەنگلۆسەکسۆنیدا تا ئەندازەیەک هەمان جۆرە، مەگەر بە تایبەت خەڵاتێک بۆ ئەدەبیاتی وەرگێڕدراو دانرابێت، لە ئەڵمانیا هەمان شێوەیە، هەر بۆ نمونە لە هەموو ساڵانی ڕابوردوودا نوسەرێکی ئەفریقایی «کە ئێستا باغێکی گەورە و ڕەنگاوڕەنگی ئەدەبیاتی بەرز و جوانە» ئەگەر بە پورتوگالی، فەرەنسی یاخود ئینگلیزی نەینوسیبێت، شانسی ناسین و دانپادانانی سفر بووە. ڕاسیزم ئەمڕۆ لەوە کەوتووە بە ڕەنگی پێست و بە ڕەچەڵەک مرۆڤەکان بەسەر بەرز و نزمدا دابەشبکات، بەڵکو بۆتە ڕاسیزمێکی زمانەوانی و بە بێدەنگ چەقی قورسایی خۆی گواستۆتەوە بۆ ناوپەیوەندی زمانەکان، زمانی باڵا و زمانی نزم، زمانی پلە یەک و زمانی پلە دوو. لەم بەستێنەدا کۆیلە خۆماڵییەکانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بچوککردنەوەی زمانی نەتەوەکان و بێبەهاکردنی ئەدەبياتياندا. لێرەوە وەرگرتنی نوسەرێکی کورد بۆ ئەم خەڵاتانە بەهایەکی مەعنەویی بۆ ئەدەبیاتی دەرە ئەوروپی هەیە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان و بەجۆرێکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە لەسەر نەخشەی ئەدەبیاتی دونیا کراونەتە دەرەوە.

لیژنەی داوەری خەڵاتی «هێلدا دۆمین»
ئەمە ناو و ئیشی ئەندامانی لیژنەی خەڵاتەکەیە بۆ ساڵی 2023
«1. پرۆفیسۆر دکتۆر دۆرێتە بیشهۆڤ ـ گێرمانیستیک، بەڕێوەبەری دەزگای والتەر ئا. بێرندسۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیاتی تاراوگەی ئەڵمانی، سەر بە زانکۆی هامبورگ ـ . 2. گریگۆر دۆتزئاوەر ـ ڕەخنەگری ئەدەبی، وتارنوس، بەرپرسی بەشی ئەدەبی ڕۆژنامەی تاگسشپیگل لە بەرلین ـ 3. ماریا لویس کنۆت ـ ڕۆژنامەوان، وەرگێڕ، ڕەخنەگر، وتارنوس، پەخشکار "ناشر" ـ 4. پرۆفیسۆر دکتۆر کێرستین شۆر ـ پسپۆڕی ئەدەبیات و کولتوور، خاوەنی ئاکسل شپرنگەر، پرۆفیسۆری ئەدەبیاتی جووە ئەڵمانەکان و پرۆفیسۆری مێژووی کولتوور، تاراوگە، کۆچ لە کۆلیژی کولتوور لە زانکۆی فرانکفۆرت / ئۆدەر 5. کۆرنیلا تزێچەر ـ ڕەخنەگری ئەدەبی، پێشکەشکار، کۆراتۆر، ڕۆژنامەوانی کولتووریی، جێگری سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی ئەڵمان».

هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بە «بەختیار عەلی»
لە بەشێکی بڵاوکراوەی هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکەدا نوسراوە
« لە جیهانێکی پڕ قەیران و جەنگدا، ئەدەبی بەختیار عەلی دەلالەتێکی مرۆڤدۆستیمان دەنێتە بەردەست. هەم کارەکانی و هەم ژیاننامەی خۆی گەلێک بە کاریگەرییەکانی جەنگ لە کوردستانی عێراق ڕەنگڕێژن. وەک خاوەنی زمانێکی بەتوانا، وەک چیرۆکنوسێکی ئەفسوناوی، توندوتیژیی و کوشتارە گەورەکان دەگۆڕێتە سەر وێنەگەلێکی سیاسی هاوشێوە، سەر ئەفسانەی پڕ لە وێنەی بەهێز، سەر ئەدەبیاتێکی جیهانی پڕ لە ئەفسون، بێئەوەی هیچ کات لە ناشیرینییەکانی جەنگ یان لە لایەنە ترسناکەکانی بێدەنگ بێت. ڕۆمانەکانی یادگارە نەخشێکی هەڵکەنراون بۆ قوربانییەکان، چیرۆکی گەورەی دۆستایەتی، ناپاکی، ژانن، لە ڕێگای گەڕان و گەیشتندا بە حەقیقەت. چیرۆکن دەربارەی ئاشتبوونەوە بەبێ خواستی تۆڵە، دەربارەی مانەوە لەگەڵ چیرۆک و بە کۆمەکی چیرۆک. لە بەلەمێکی پەنابەراندا ڕووەو ئەوروپا، موزەفەری سوبحدەم دووبارە و چەندبارە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، لە ناوەڕاستی دەریادا، ڕووبەڕوو بەرامبەر ئەگەرە کراوەکان، بەرامبەر نادیار و پێشهاتە پێشبینی نەکراوەکان ...»

کێن ئەوانەی پێشتر خەڵاتی هێلدا دۆمینیان بردوە ؟
بە هۆی ئەوەی خوێنەری کورد کەمێک لە نەخشەی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئەڵمانی و ئەوروپی بەدوورە، وەک هەمیشە هەندێک لە بەدنیازەکان بۆ کەمکردنەوە لە خەڵاتەکە کەوتنە خەڵاتاندنی خوێنەران و کەمکردنەوە لە نرخی ئەوانەش خەڵاتەکەیان وەرگرتووە، لێرەدا و لەم بەشەدا ناوی هەموو ئەو نوسەرانە و کارەکانیان دادەنێین کە لە ساڵی 1992 وە خەڵاتەکەیان وەرگرتووە. هەموو ئەوانەی خەڵاتی هێلدا دۆمینیان وەرگرتووە، نوسەری پلەباڵای ئەڵمانی و جیهانین کە پێشتر یان دواتر بە چەندەها خەڵاتی گرنگ ڕێز لە کارە ئەدەبییە گەورەکانیان گیراوە. ڕیزبەندی ناوەکان بەپێی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە، واتە ناتاشا ڤۆدین دواهەمین کەسە پێش بەختیار عەلی خەڵاتەکەی وەرگرتبێت، هێلدا دۆمینیش یەکەمین کەسە.

ناتاشا ڤۆدین: یەکێکە لە هەرە دەنگە گرنگەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئەڵمانی. لە ساڵی 1945 لە شاری فوێرت لە ئەڵمانیا لە خێزانێکی ڕوسی لەدایکبووە. کارەکانی بە ئەڵمانی دەنوسێت، لە گرنگترین کارەکانی «ئەو لە ماریپۆلەوە هاتبوو» کە خەڵاتی پێشانگای کتێبی لایبزگی پێ وەرگرت. تا ئێستا نزیکی 40 بەرهەمی گرنگی بڵاوبۆتەوە. لە پاڵ خەڵاتی هیلدا دۆمین دا پێشتر ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە. «خەڵاتی هێرمان هێسە، خەڵاتی برایانی گریم لە شاری هاناو، خەڵاتی ئەلفرید دۆبلن، خەڵاتی پێشانگای لایبزگ، خەڵاتی ئۆگست گراف فۆن پالاتین، ساڵی پاریش خەڵاتی جۆزیف برایتباخی وەرگرت»

ئێدگار هیلزنڕات: لەدایکبووی ساڵی 1926 ـە و لە لایبزگ لەدایکبووە، لەوانەیە کە ئەزموونی هۆلۆکۆستی هەبووە و کتێبەکانی لە ژێر کاریگەریی ژیان لە قۆناغی نازییەتدا نوسیوە. لە ناودارترین کارەکانی کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی هەبوو ڕۆمانی «نازی و سەرتاشەکە» یە، ئەم کتێبە یەکێکە لە کارە سەیرەکانی ئەدەبیاتی نوێی جیهانی، لە کاتێکدا وەرگێڕانە ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتالییەکەی دوو ملیۆن نوسخەی لێ فرۆشرابوو، نزیکی 60 دەزگای بڵاوکردنەوەی ئەڵمانی ڕەتیانکردوە ڕۆمانەکە چاپبکەن، دوای هەوڵێکی زۆر دەزگایەکی چاپی بچوک چاپیکرد، کاتێکیش نوسەری گەورە «هێنریش پۆڵ» کەوتە بەرگری لە تێکستەکە لە ماوەیەکی کەمدا 250 هەزار نوسخەی لێ فرۆشرا. ئەم کتێبەی هیلزنڕات وەرگەڕاوەتە سەر 16 زمانی جیهانی. هیلزنڕات لە پاڵ خەڵاتی هیلدا دۆمیندا چەندین خەڵاتی تری بردوە «خەڵاتی ئەلفرید دوبلن، هانز ئیریش نوزاک پرایس، خەڵاتی یاکۆب وەسەرمان...هتد». هیلزنڕات ساڵی 2018 کۆچی دوایی کرد.

عەباس خدر: یەکێکە لە گرنگترین دەنگە ئەدەبییە گەنجەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بە گشتی، عەباس نوسەرێکی ئەڵمانییە و هیچ تێکستێکی بە عەرەبی نییە، لە دوو کتێبی یەکەمییەوە «هیندییە ساختەکە» و «پرتەقاڵەکانی سەرۆک » ـەوە تا ئەمڕۆ حەوت ڕۆمانی دیکەی بڵاوکردۆتەوە کە تێکڕا جێگای سەرنج و ستایشی ڕەخنەگران بوون، لە پاڵ خەڵاتی گرنگی هێلدا دۆمیندا زۆربەی خەڵاتە گرنگەکانی ئەڵمانیای گرتووە لەوانە «خەڵاتی ئادلبێرت ڤۆن کازیمۆ ، خەڵاتی مولسینا هوز کە دەدرێت بە باشترین کتێبێک بە زمانی ئەڵمانی نوسرا بێت، خەڵاتی نیلی زاکس، ئیفئینگلیشە بوخپرایس... هتد».

ئۆلیگ ئەلیسکەندرۆڤیچ یۆریڤ : لە ساڵی 1959 لە لینینگراد لەدایکبووە. بە هەردوو زمانی ڕوسی و ئەڵمانی کتێبی بڵاوکردۆتەوە. 17 کتێبی بە ڕوسی و 14 کتێبی بە ئەڵمانی بڵاوکردۆتەوە، کتێبێکیش بە هەردوو زمانەکە، جگە لە ژمارەیەک زۆر شانۆنامە. سێ جار لە لیستی کورت «شۆرت لیست» ـی خەڵاتی ئەدەبی ڕوسی «ئەدریا بیلی پرایس» دا بووە، خەڵاتی ڕۆژنامەی سویسیدای پێترسبورگی وەرگرتوە، خەڵاتی ڕۆژنامەی نۆڤی میری مۆسکۆڤی پێبەخشراوە.

شێرکۆ فەتاح : ناوێکە زۆربەمان دەیناسین، یەکێکە لە هەرە گرنگترین ڕۆماننوسە هاوچەرخەکانی ئەڵمانیا، دواهەمین ڕۆمانیشی کە چەند هەفتەیەکە بڵاوبۆتەوە، ئێستا لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەڵمانیادایە. شێرکۆ کە لە باوکەوە کورد و لەدایکەوە ئەڵمانە، هەڵگری خەڵاتی ئەدەبی ئەسپێکتایە، خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگرانی ئەڵمانی وەرگرتووە، خەڵاتی فۆنتانای وەرگرتووە، ڕۆمانی کەشتی تاریک لە شۆرت لیستی خەڵاتی کتێبی ئەڵمانی دا بوو، ڕۆمانی خاکی سپی لە شۆرت لیستی خەڵاتی پێشانگای کتێبی لایبزگدا بوو، خەڵاتی ئادلبێرت ڤۆن کازیمۆی وەرگرتووە. شێرکۆ فەتاح جگە لەوەی کە باوکی کورد بووە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبیاتی کوردییەوە نییە، ئەوەی وادەکات کارەکانی شێرکۆ فەتاح سەرنج ڕاکێش بێت ئەوەیە، دیدێکی خۆرئاوایی بۆ کێشەکانی خۆرهەڵات هەیە. فەزای ڕۆمانەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە گشتی، لە ساڵانی دواییدا زۆرینەی کارەکانی لە دەوری بابەتی تیرۆر دەسوڕێنەوە.

هامید سکیف : بە ڕەچەڵەک خەڵکی جەزائیرە، بەڵام هەموو کارەکانی بە فەرەنسی و ئەڵمانی نوسیوە، لە ساڵی 2011 لە تەمەنی 60 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، لەسەر ڕۆمانی «جوگرافیای مەترسی» کە بە فەرەنسی نوسیوێتی خەڵاتی یەکێتی نوسەرانی فەرەنسی زمانی وەرگرتوە. لە کارەکانی تری «زۆر بەڕێز سەرۆککۆمار، سۆزانییەک بە بۆینباخەوە»
شتێڤان تۆنتچ : نوسەرێکی بۆسنەیی خەڵکی سەرایڤۆیە، بە نەتەوە سربییە. بە هۆی شەڕی بۆسنەوە ئاوارەی ئەڵمانیا دەبێت، زۆربەی کارەکانی لە ژێر کاریگەری جەنگی خوێناوی بۆسنەدا نوسیوە. لە کارەکانی «دەستنوسێک لە سەرایڤۆوە، یەکشەممان لە بەرلین، بە فەرمانی وشە، قیامەتی ڕۆژانە»، هەڵگری خەڵاتی هۆریس بینیکەیە بۆ شیعر، هەروەها هەڵگری خەڵاتی ڕاینەر کونتزە. لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە.

سەید : یەکێکە لە ناسراوترین ئەو کەسانەی خەڵاتەکەی وەرگرتووە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لە ئێرانەوە هاتۆتە ئەڵمانیا. ساڵانێکی زۆر جێگری سەرۆک، دواتر سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی ئەڵمان بووە. سەید لەگەڵ رەفیق شامی دا ناودارترین ڕوخساری ئەدەبی نوسەرانی تاراوگەبوون کە بە ئەڵمانی نوسیویانە، بە سەرتۆپی نەوەی یەکەمی نوسەرانی تاراوگە دادەنرێت لە ئەڵمانیا و گرنگترن و بەرجەستەترین ڕوخساری ئەو نەوەیەیە. پتر لە بیستوپێنج کۆمەڵە شیعر و پەخشانی بە چاپ گەیاندوە. لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نوسەرێکی پڕ بەرهەم بووە، گەلێک تێکستی بۆ نمایشی ڕادیۆیی نوسیوە. ئەمە هەندێک لەو خەلاتانەیە سەید وەریگرتوون «خەڵاتی منشنی ئەدەبی، مەدالیای گۆتە، مەدالیای هێرمان کێستن، مەدالیای شایستەگی دەوڵەتی ئەڵمان، فردریش روکەرت پرایز... هتد»

هیلدا دۆمین : لە ساڵی 1909 لە کۆلن لەدایکبووە، یەکێکە لە بەرجەستەترین شاعیرانی سەدەی بیست لە زمانی ئەڵمانیدا، لەدوای مردنی خەڵاتەکە کرا بە ناوی ئەوەوە. لە سەردەمی جەنگدا ماوەیەکی درێژ لە تاراوگە ژیاوە، تاراوگەبوون شوێنێکی گرنگی لە ژیان و ئەدەبیاتیدا هەیە. بەوەدا خۆی ئەزموونی تاراوگەبوونی هەبووە، هەروەها نیشتەجێی شاری هایدلبێرگیش بووە، ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە چەقی قورسایی ئەم خەڵاتە بکەوێتە سەر بابەتی تاراوگە و مەنفا. هێلدا دۆمین ژمارەیەکی زۆر خەڵاتی وەرگرتووە گرنگترینیان «خەڵاتی نیلی زاکس، خەڵاتی ڕیلکە، خەڵاتی هۆڵدەرلین، خەڵاتی کۆنراد ئادنهاوەر شتیفتونگ ... هتد». بڕیارە لە داهاتووی نزیکدا فیلمێکی جیهانی لەسەر ژیانی بەرهەمبهێنرێت، ئەکتەری ناودار «شارون ستۆن» تێیدا ڕۆڵی هێلدا دەبینێت.

-----
لە واڵی نووسەرەوە وەرگیراوە
پیرۆز بێت لە کاک بەختیار.
دەستخۆشیی بۆ ڕاوێژ سەلیم و ئوتە کانتێرا لانگ