دڵم بە هیچ ناکرێتەوە

مەحمود دەروێش
و: جەمال غەمبار

لەنێو پاسەکەدا
موسافیرێک دەڵێ:
"دڵم بە هیچ ناکرێتەوە."
نە بە دەنگی ڕادیۆ،
نە بە ڕۆژنامەی بەیانییان،
نە بە قەڵای سەر ئەو گردانە.
دەمەوێت بگریم!

شۆفێرەکەش پێی دەڵێ:
تا دەگەینە دوا مەنزڵ
خۆت بگرە،
لەوێ بۆ خۆت بەتەنیا تێرتێر بگری.

خاتونێک دەڵێ:
منیش وام،
دڵم بە هیچ ناکرێتەوە.
کوڕەکەم بردە سەر گۆڕەکەی خۆم؛
حەیران بوو و چاوی لێکنا،
بەبێ دوعاخوازی!

خوێندکارێکی زانکۆش دەڵێ:
منیش دڵم بە هیچ ناکرێتەوە.
شوێنەوارناسیم تەواوکردووە،
بەڵام نەمتوانی
شوناس لە (بەرد)دا بدۆزمەوە؛
ئەرێ بەڕاست، دەبێ من خۆم بم!

سەربازێکیش دەڵێ:
منیش هەروام، دڵم بە هیچ ناکرێتەوە.
هەمیشە
گەمارۆی تارماییەک دەدەم،
کە ئەو له چوارلاوە دەوری منی داوە!

شۆفێرەکە بەتوڕەیی:
وا خەریکە دەگەینە دوا وێستگە،
بارگەوبنەتان بپێچنەوە.

موسافیرەکان یەکدەنگ:
پاسەکەت لێخوڕە،
تا دوای ئەوسەری ڕێگەکە بمانبە.

کەچی من بە شۆفێرەکە دەڵێم:
لێرە دامبەزێنە.
گەرچی منیش وەک ئەوان
دڵم بە هیچ ناکرێتەوە،
بەڵام تاقەتی ئەو ڕێگایەم نەماوە.
--------------------------------------
سەرچاوە : www.aldiwan.net