10 وەسێتنامەی نوێ!

دەقی : فازیل ئەلعەزاوی
و . جەمال غەمبار

لە هیچ دارستانێکدا
دەنکە شقارتە گڕ مەدە
ئاخر ، چۆلەکە سڵ لە ئاگر دەکاتەوە!
****
وا دامەنیشە
کە بەری خۆر بگریت
ئاخر ، کەسێ هەیە
بە دووی ڕۆشنایی دەگەڕێ!
***
لە سەحرادا
- با - رامەگرە
دەشێ بارانی پێ بێت
بۆ دەشتەکییەکان!
***
لەو ئاوێنەیەدا
مەڕوانە خۆت
کە دەتکاتە کەسێکی تر!
***
تف ڕۆمەکە بیرێک
ئاوەکەی تاڵ بێت .
لەوانەیە رۆژێک
تینوویەک ئاوی لێ بخواتەوە!
***
لەگەڵ ژنێکی نەزۆک
جووت مەبە
نە بادا هەر بە ڕێکەوت
منداڵێکی لێ بخەیتەوە!
***
لە شەوێکی ئەنگوستەچاودا
بە دەنگی بەرز مەدوێ
نە بادا تارماییەکان
گوێیان لێت بێ و
لەوپەڕی تەنیاییدا
بێنە ماڵەکەت!
***
لەگەڵ جەللاد
گەمە بە پەت مەکە
ئاخر ، دەشێ بەرەو سێدارەت
ڕاکێشێت!
***
لە پشت دەمامکێکەوە
خۆشییەکانت مەشارەوە .
نە بادا - با -
دەمامکەکە هەڵداتەوە و ،
تۆش هێشتا
لە نێو - با - یەکەدا
گۆرانیی بڵێیت!
***
مەچۆ نێو مێژوویەک
دەستەکانی خۆت
دروستیان نەکردبێت .
ئاخر ، دەشێ بکەویتە
بن شەمەندەفەری ئەو مێژووە
لەو دەمەی ڕێ دەکات!
________________________
سەرچاوە:
‏Lyrikline.org