ئەو ڕێگەیە !

وەدیع سەعادە
و. جەمال غەمبار

دێتە بیرتان
چ ڕێگەیەکی دوورمان بڕی
بۆ ئەوەی بەردێک بدۆزینەوە و
لە سەری دانیشین !
ئەو ڕێگە دوورەمان بڕی
بۆ ئەوەی ئەو گورگانە وەدەرنێین
بەرخەکانی نێو دڵی ئێمەیان دەخوارد !
هەروەها بۆ ئەوەشی بیسەلمێنین
ئێمە بێگوناهین
لە ڕشتنی خوێنی زەمین و
لە کوشتنی ڕێگا !

ئەو چۆلەکانەتان دێنەوە یاد
ڕۆژانێک
ویستمان خزمایەتیان
لەگەڵ بکەین
دەستمان کردە جریوە جریو !
کەچی لە ناکاو
دراینە بەر دەسڕێژی گوللە !
دواجار بۆ گەیشتن
بە چۆلەکە و بەرخ و بەرد
چەنێ دوور بوو ئەو ڕێگەیە !

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە : anthology.com
مانگی مایسی 2018.
وەدیع سەعادە: شاعیرێکی داهێنەری لوبنانە . ساڵی 1948 لە گوندی "شەبتین" ی باکووری لوبنان لە دایک بووە. ساڵی 1968 یەکەمین دیوانی شیعریی خۆی ، بە دەستخەت بڵاوکردۆتەوە . یەکێکە لە شاعیرانی پێشەنگی نووسینی پەخشانەشیعر لە لوبنان .
لە بواری ڕۆژنامەنووسییدا لە بەیروت و لەندەن و پاریس کاری کردووە .
لە کۆتایی ساڵی 1988 ەوە لە وڵاتی ئوسترالیا ئەژی .