من بۆخۆشیى نانووسم، نا.. من دەنووسم تا لەشەڕی ئەفکارى خۆم ڕزگارم ببێت.. ئەمەش شتێک نییە بەویستى خۆم، بەڵکو شتێکە ناچارم.
فریدریک نیچە، ویستی هێز
چەند رۆژێکە باشم ..
ئەمە حاڵمى خراپکردووە! ریتمی تێکداوم. دەزانی من رانەهاتوو باشبم! خۆشت دەزانی کە بۆتدەنووسم (باشم) درۆدەکەم.. حەقیش نییە ئیتر من دەسکاری وەڵامەکەم بکەم، حەق وایە تۆ پرسیارەکەت بگۆڕی.. بمتوانیایە کارەکەتم ئاسانتر دەکرد، بەڵام خەنجەرێک لەم سنگە لاغرەم هەڵبچەقێنەو ئەم خیانەتەم لەخۆم پێمەکە.. ئەمە مێژووی منە؛ مــن بــــاش نــیـــم.
حەزدەکەم وەک تاکێ گۆرەوی دڕاو لەدڵمت داماڵمو تادەستم دەگات فڕێتبدەم، بەقەولی دۆستە کرماشانییەکەم زۆر دەترسم دیداری منو تۆ بکەفێتە قیامەت.. دەزانی منو تۆ وەکو یەکو هەشتین! هیچ یەکو هەشتێکی ترنا، تەنیا ئەوەی وا لەناو لەپی چەپتدا.. پلانم هەیە؛ دەست لەخۆم هەڵبگرمو واز لەتۆ بهێنم، ئەمە بۆ هەردووکمان باشترە.. کە ئەمە دەڵێم ئەشزانم غوربەت یانی ئەوشوێنەی تۆی لێنیت...!
بیری شارەکەم دەکەمو لەخۆشمەوە لام وایە ئەو شارەی من هەر ئەرزشی ئەوەی هەیە لەدوورەوە بیری بکەیتو هیچی تر.. پڕم لەخەیاڵی ئەم شارە وەک تاسەی قەسابخانە لەسەری سەگدا. چاو دادەخەم، هەستم رادەگرم، حەزدەکەم دونیا لەکونێکی ترەوە بێتە ناو منەوە.. حەزدەکەم رابردووم لەجێیەک دانێم، بەڵکە لێم جێبمێنێ وەک جێمانی چەترێکی رەش لەپاسێکی سپیدا.. دوای 46 سەعات کە بۆ یەکەمجار لەژوورەکەم دێمەدەرەوە ئەوجا دەزانم کەمن وەستای کوشتنی کاتم! بەجۆرێ دەتوانم شەش سەعات چاو لەسەر توێکڵە گوڵەبەڕۆژەیەکی خوراو قەتیسبکەمو وەڕسیش نەبم.. ئەگەر لێرە مامەوە کۆرسێک لەمەڕ بـــاوێـــشـــک وەردەگرم.. من رشانەوەیەکی گەورە بەخۆم قەرزدارم.. رشانەوەیەک هەموو ئەو ئازارانە بێنێتەوە کە لەم رۆژگارانەی دوایی ژیانمدا چەشتمن..
بۆنی هێلکەوڕۆن دێتو بیری ژنەکەم دەکەم.
دەزانم ئەوسەرە ئەبستراکتەی تۆ هێزی تێگەیشتنی ئەو رستەیەی نییە، ئەوەتا لچت هەڵدەقورچێنیو شانەکانت بەرزدەکەیتەوە:
- جــــا چــییــە؟!
دەمزانی تێناگەیت.. دەشزانم هەرچی شتی نێو ئەم دونیایە هەیە ئەگەر نیگای موجەڕەدت بکەوێتە سەری، ئەوەندە بێحورمەت دەبێتەوە تا ئاستی پرسیارەکەی تۆ...
حەبیبم..
گرنگییەکە لەوەدایە لەناو شەش ملیار مرۆڤی سەر ئەم هەسارە هێلکەییەدا، تەنها من دەتوانم بۆنی هێلکەوڕۆنو بیری ژنەکەم بەیەکەوە بکەمو بەقووڵیش بیر لەو پەیوەندییە خەیاڵێکتییەیان بکەمەوە.
حەقی ئەوەت هەیە بتخەمە ژێر رەگی سێجای خۆمو پێمبڵێ دەتوانی چەند بەرگە بگری؟
قەشمەرییەکی قورسم بەخۆشەویستی دێ، لەوەناچێ من جارێکیتر عاشق ببمەوە (بەس تۆ ئەم قسەیەم بە سەنەد لێ وەرمەگرە!).. دڵم لێیداوە عومرم وەفا ناکاو پێش ئێوە دەڕۆم، ئەگەر رۆژێک لەپڕ دیارنەمام بەو دۆستی دوورە وڵاتە بڵێن ئەم مانفێستی نائومێدییە تەواوبکات.
مەقامی راستەقینەی ئومێد لەبێئومێدی گەورەدایە، لەوانەیە لەم رۆژانەدا شتێک لەبارەی مەعریفەی مامەڵەکردن لەتەک نائومێدیدا بنووسم.. حەزدەکەم قاچم تا ئەژنۆم ئەوەندە گەورەببێ، ئەوەندە گەورەببێ، ئەوەندە گەورەببێ تا بتوانم یەک شەقی قایم لەم گۆی زەوییە هەڵدەمو فڕێیدەم بۆ شوێنێکی دوور، ئاخر من لە شوێنێکیتریشدا پێموتووی کێشە شوێنەکانە، دەبێ شوێنەکان شوێنگۆرکێ پێبکەین، بەس تۆ ئەوەندە بۆشی ئەم قسەیە ناچێت بە هیچ شوێنێکتا.
تۆ بچۆرەوە شەوانی هاوینی هەشتاکانی بەرTV یەکی رەشو سپیو بەدیار هەڵقەیەکی سورییەوە تێربگریو منیش لێرە لەناوەڕاستی ئەم بەفری خەمە سەنگینەدا دەوەستم تا دوا کلوی ئەم مەراقە پڕوشە دەکات، ئینجا سەرێ بۆ ئاسمان بەرزدەکەمەوەو وەک ئەوەی وێردێک بخوێنم دەڵێم (سوعبەتی بێتام لەگەڵ ئینسان دەکەیت.. دەزانی؟(!
قومێک لەچا روونەکەی بەردەمم دەخۆمەوە، دەستم لەسەر ریمۆت کۆنترۆڵیTVیەکە جێ بەخۆی ناگرێ، وەک هەمیشە گۆرانییەکی ناسازە.. میوتی دەکەمو زۆر بە توندی لە وشەی (روخان) رادەمێنم.. نە وێرانو نە شکانو نە کاولو نە رمان هیچیان تامی خۆی نادەن.. روخان.. روخان.. ئەم پێنج پیتە مۆسیقایەکی تایبەتی خۆیان هەیە.. من کە ئێستا دەڵێم روخان، هەست بەداکەوتن دەکەم.. دەکۆکم.. قوڕگم پڕبووە لە تۆز.. چاوم هیچ نابینێت...
شتێکت پێدەڵێم بەس لای کەس باسی مەکە؛ وابزانم ئەوە خۆم بووم روخام..!
ئەم ماوەیە کەوتومەتە درزێکەوە، سەد بریا درزکەی تۆ بوایە.. نــا درزێکی ترە، درزی نێوان نادڵنیایو یەقین، خەریکم دەشێوێم، ئنجیلو دیکارت بەیەکەوە دەخوێنمەوە، کەچی بەنیازنیم شکۆی ئەم شکەم بەتاجی شاهانەی یەقینێکی حۆل بگۆڕمەوە. دەبێ شتێک بکەم.. هاوارێ.. قیژەیەک.. پەلەقاژەیەک.. تا بەڵکە لەم درزە فریادم بێ.. ژیان لە درزدا زۆر سەختە.. زۆر.
کەسێک هەیە کە سەرمای دەبێت منی بیر دەکەویتەوە.. هەرباشە ئەمە یانی من هێشتا ماوم، لێ هەوای ئێرە زۆر تەنگە، هەناسەم سواربووەو خۆم نیازی دابەزینم هەیە.. خوێن لەسەرما وەقفەی کردووەو هەوا بەسنگمدا عبور ناکات.. هێدی هێدی بەرچاوم رەش دەبێو خەریکم دەستی شلو لەرزۆکم بەرزبکەمەوەو وەک علی شەریعەتی بە هەموو قوڕگم بقیژێنم: ژیان بووەستە.. دادەبەزم!
کۆتایی 2009- سۆفیا