*په‌یڤێکی شیعریی بۆ ڕۆژی ڤالێنتاین ..ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ هه‌مومان ده‌چینه‌وه‌ لای عیشق *

ڕۆژێک دێت ، عیشق هه‌موو دنیا پرکات له‌‌ خۆی !
ڕۆژێک دێت ، هه‌موو بچینه‌وه‌ لای عیشق ،
دنیا ئه‌و ڕۆژه‌ سوور ده‌چێته‌وه‌ ، گوڵ ده‌چێته‌وه‌ .
سپێده‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ، دڵمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای خۆمان
خه‌ونی سپیی کچه‌ جحێڵان بێ ترس شکۆفه‌ ده‌که‌ن .
به‌یانیی ئه‌و ڕۆژه‌ ، له‌ کاتژمێر حه‌وتی باراندا
له‌ ڕادیۆی باخچه‌وه
دارسێوێک گۆرانیی عاشقانه‌ ده‌چڕێت و
لیمۆکان ده‌بنه‌ کۆرس ، هه‌نار ده‌چێته‌ سه‌ردانی گوڵه‌باخ !
‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه‌ ، سه‌بای ئه‌ڤینێک هه‌ڵده‌کات
ئه‌ڤینێک پێشترێ له‌ هیچ ئاسمانێ نه‌باریوه‌و
سه‌بایه‌ک پێشترێ له‌ هیچ به‌هه‌شتێ نه‌ڕواوه‌ .
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ، مانگ به‌و هه‌موو نازه‌ی خۆیه‌وه‌
به‌ گۆرانیی دێته‌ خوارێ ، سه‌ردانی دڵی هه‌موومان ده‌کا !
ڕۆژێک دێت ؛ ئه‌و ڕۆژه‌ ناو ده‌نێین ' ڕۆژی داگیرسانی دڵ '
یان ' ڕۆژی هه‌ڵبونی عاشقان ' و ،
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ من و تۆش
له‌ باخچه‌ی پشته‌وه‌ی نیشتمان پێکده‌گه‌ین
یه‌ک کۆڵان له‌ولای ماڵه‌که‌ی جارانی ته‌نیایی پێکده‌گه‌ین !
من که‌ دێم ، به‌وه‌دا بمناسه‌وه‌ ؛ کراسێک له‌ گه‌ڵا و
پاڵتۆیه‌ک له‌ ته‌مم له‌به‌ردایه‌ ،
ده‌ستم پڕه‌ له‌ غه‌ریبیی و
چاوه‌کانم پڕن له‌ خۆت !

من که‌ دێم به‌وه‌دا بمناسه‌وه‌ ؛ ده‌نگم پڕه‌ له‌ حه‌سره‌تی
ئه‌و نه‌وره‌سه‌ عاشقانه‌ی له‌ ژێر داری ' ڤالێنتاین '
به‌ دزییه‌وه‌ نامه‌ و گوڵ و ماچ ده‌گۆڕنه‌وه‌ !
به‌وه‌دا بمناسه‌وه‌ ، سه‌ری شیعرم سپیی و ،
دڵی وشه‌م خامۆش و ،
سارای گۆرانییم چۆڵ و هۆڵ !
تۆش که‌ دێیت ، به‌وه‌دا ده‌تناسمه‌وه‌ ؛ به‌شێکی ڕۆحت باران و
به‌شه‌که‌ی تریشی پڕه‌ له‌ بێده‌نگیی و پڕه‌ له‌ شه‌وی عاشقان !
تۆش که‌ دێیت ، به‌وه‌دا ده‌تناسمه‌وه‌ ؛ له‌ سه‌ر سنگی خۆت نوسیوه :
" منی گه‌ڕیده‌ترین شیعری دنیا ، به‌ دوای عاشقترین قه‌ڵه‌مدا وێڵم " . ‌
که‌ دێیت ، ئه‌و ڕۆژه‌ من وه‌ک ئێوارانی ته‌نیایی کاڵ ده‌چمه‌وه‌ ،
وه‌ک یه‌که‌مین به‌ریه‌ککه‌وتنی ماچ و لێو ، دڵم ده‌له‌رزێ !
‌ئه‌و ڕۆژه‌ که پێکده‌گه‌ین ؛
هه‌ردوو ده‌ڕژێینه‌ یه‌که‌وه‌ ، دڵمان ده‌بێت به‌ یه‌ک ڕوبار .
که‌ پێکده‌گه‌ین ، ' ڤالێنتاین ' داده‌گیرسێ ،>/h6>
خه‌یاڵ هێنده شین ده‌چێته‌وه‌ ، هێنده‌ نابات له‌ په‌نجه‌ره‌ی
ئاسمانه‌وه‌ ده‌که‌وینه‌ ژماردنی ئه‌ستێره‌ی ڕژاوی ئه‌وین !
‌ پێکده‌گه‌ین و ئه‌وسا دڵ بده‌ره‌ خه‌می من ؛
ئه‌و ده‌مه‌ی شه‌رحی نامورادیی ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی
نیشتمانت بۆ ده‌که‌م ،
ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی که‌ ده‌ستی نه‌ریت نه‌یهێشت
‌ له‌ ئاسمانی ' ڤالێنتاین ' دا فڕینێکیان هه‌بێت‌ بۆ ویساڵ !
‌ له‌ باخچه‌ی ' ڤالێنتاین ' دا به‌یانییه‌کیان هه‌بێت‌ بۆ ئومێد !
که‌ له‌ خه‌ریته‌ی ' ڤالێنتاین ' دا وڵاتێکیان هه‌بێت‌ بۆ عیشق !
ئه‌وانه‌ی له‌ گه‌ڵ حه‌رفه‌کانی ' ڤالێنتاین ' دا
نزایه‌کیان نه‌ماوه‌‌ بیخه‌نه‌ ڕسته‌وه‌
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تا ئه‌به‌د مه‌حکوم نه‌بن به‌ ته‌نیایی ! که‌ پێکده‌گه‌ین ، ئه‌وسا پێتده‌ڵێم عیشق چه‌ند خاڵییه‌ بێ تۆ !
ئه‌وسا پێتده‌ڵێم خه‌وبینین به‌ سه‌فه‌ره‌وه‌ یانی چیی !
ئه‌وسا بۆتی شه‌رحده‌که‌م ؛ بۆچی له‌ کۆتایی هه‌موو سه‌مایه‌کدا
حه‌زده‌که‌ین باران بمانباته‌وه‌ بۆ خۆی !
که‌ پێکده‌گه‌ین ؛ گیتاری شیعرێکت ئه‌ده‌مێ
تا عیشقه‌که‌ی جارانم بۆ بژه‌نیت !
که‌ پێکده‌گه‌ین ؛ ده‌ستی بارانت ئه‌ده‌مێ
تا ڕۆحی په‌ژمورده‌ت وه‌کو جاران ته‌ڕ که‌مه‌وه‌!
که‌ پێکده‌گه‌ین ، مه‌گه‌ر هه‌ر خودا و مانگه‌شه‌و بزانن چۆن پێکده‌‌گه‌ین !





------------------فێبریوه‌ری 2010 – ئه‌دیلاید ----
سه‌رنج :
ناونیشانی ئه‌م په‌یڤه‌ شیعرییه‌ ، یه‌کێکه‌ له‌ شادێڕه‌کانی قه‌سیده‌یه‌کی تری خۆم به‌ ناونیشانی ( با دڵنیا بێت ئاو ! ) .