‌ من و خۆم پێکه‌وه‌ له‌ دایکبووین و
پێکه‌وه‌ منداڵیمان
پێکه‌وه‌ شه‌ڕ و یاریمان
پێکه‌وه‌ گه‌وره‌بووین و
بووین به‌ دوژمنی یه‌کتری
پێکه‌وه‌ ده‌یان جار شه‌قمان له‌ دڵی یه‌کتر داوه‌
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێکه‌وه‌ ده‌مرین و
که‌سمان مه‌رگی ئه‌وی ترمان نابینێت تا که‌مێک دڵخۆشبێت.
* * *
من و ژیان و مردن و خۆم له‌ یه‌ک ده‌چین
من پیاوێکی باشم
ئه‌وه‌ خۆمه‌ ئێوه‌ی هه‌راسان کردووه‌
ژیان خۆشه‌ که‌س قسه‌ی ناشیرین به ‌ژیان نه‌ڵێت
ئه‌وه‌ مردنه‌ ژیانی ناخۆشکردووه‌.
* * *
ته‌مه‌نم کۆمه‌ڵێک ساڵی داوه‌ به‌کۆڵدا
کۆمه‌ڵێک ساڵ ته‌مه‌نی منیان به‌ڕێکردووه‌
من و خۆم به‌م ته‌مه‌ن و ساڵانه‌وه‌
هیچ له‌ ته‌مه‌ن و ساڵ و یه‌کتری حاڵی نه‌بووین
* * *
زۆر شار و دۆست و یادگارم به‌جێهێشتووه‌
که‌چی ناتوانم مه‌ترێک له‌ خۆم دوور بکه‌ومه‌وه‌.
* * *
جار جار من وه‌ک خۆم بیرده‌که‌مه‌وه‌
وه‌ک خۆم ده‌روانمه‌ ئاسمان و ده‌ریاو ئینسان و خودا
تۆبڵێی جار جار خۆمیش نه‌بێته‌ من.
* * *
بۆ هه‌ر شوێنێک ده‌چم خۆم چاوه‌ڕێم ده‌کات.
له‌ هه‌ر شوینێکبم خۆم له‌وێیه
له‌ نێوان ئێره‌ و ئه‌وێدا
شوینێکی تر نییه‌ خۆمی لێ نه‌بێ تا بۆی بچم.
* * *
من په‌نجه‌ره‌م
خۆم ته‌مه‌
تا له‌خۆم دوورکه‌ومه‌وه‌ هه‌ستم ڕوونترده‌بێته‌وه‌.
* * *
بۆ ئه‌وه‌ی دڵی که‌سم لێ نه‌ڕه‌نجێ
بۆ ئه‌وه‌ی خۆم له‌ لای که‌س ناوم نه‌با
بۆ ئه‌وه‌ی خۆم ناوی که‌سم لا نه‌با
بۆ ئاگاداریتان له‌ ئێستاوه‌ له‌گه‌ڵ خۆما قسه‌ ناکه‌م.‌‌
* * *
له‌ زۆر ده‌رگای کڵێسا و مزگه‌وت و مه‌یخانه‌ وه‌ژوورکه‌وتم
ئه‌گه‌ر که‌سێک ده‌ستم نه‌گرێ.
له‌م ده‌رگا بێ ده‌رگا و ڕه‌نگه‌ی من و خۆم ناتوانم بچمه‌ ژووره‌وه‌.
* * *
دۆستێکم نه‌خۆش بوو
ته‌له‌فۆنم بۆکرد که‌مێک دڵخۆشی بده‌مه‌وه‌ که‌ چاک ده‌بێته‌وه‌
که‌چی خۆم نه‌یهێشت هیچ بڵێم: هیچ ته‌له‌فۆنه‌که‌ی داخسته‌وه‌.
* * *
ژنێک پیاوه‌که‌ی کوژرا بوو
چووم بۆ پرسه‌که‌ی تا پێی بڵێم : شه‌ریکی خه‌متم.
خۆم له‌ گه‌رمه‌ی فاتیحا خوێندندا دای له‌ قاقای پێکه‌نین
* * *
ژنم بینیوه‌ به‌و په‌ڕی شه‌یدایی دڵ حه‌زمکردووه‌
هه‌زار کاتژمێر له‌گه‌ڵیا بم
که‌چی خۆم له‌ پڕا پێی وتووه‌ دره‌نگه‌ ده‌بێت بڕۆین کاتمان نییه‌.
* * *
ژنێک له‌ ده‌ریادا پشته‌مه‌له ‌ده‌کات
مه‌مکه‌کانی وه‌ک دووگوڵ له‌ بیابانی ئاوا سه‌رده‌رده‌هێنن
من به‌هه‌موو هه‌ستێکمه‌وه‌ لێیده‌ڕوانم
خۆم پشتی کردۆته‌ ده‌ریا و ژن و گوڵی مه‌مک.
ئای له‌ خۆم چ وشکه‌پیاوێکه‌.
* * *
ئه‌وه‌ منم یان خۆمه‌ له‌ ئاوێنه‌که‌دا
ئه‌وه‌ی له‌ ئاوێنه‌که‌دایه‌ خۆمه‌ یان من
ئه‌وه‌ منم یان خۆمه‌ خه‌وتووه ‌
ئه‌وه‌ی خه‌وتووه‌ خۆمه‌ یان من
* * *
له‌سه‌ر ئه‌م کورسییه‌وه
‌له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌وه ‌
له‌م بالکۆنه ‌
له‌م ده‌رگایه‌وه ‌
له‌م سه‌ربانه‌وه ‌
له‌م شه‌قامه‌وه‌
له‌م ئاسمانه‌وه ‌‌
له‌ هه‌ر شوێنێکه‌وه ‌
سه‌یری خۆم ده‌که‌م وه‌ک سێویکی گه‌نیوو دێته‌ پێش چاوم
 

2009