خەزعەل ئەلماجدی خاوەنی كتێبی (عەقڵی شیعریی) لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: عەقڵی شیعری، عەقڵی چوارەمە، عەقڵێكی شاراوەیە كە عەقڵی مرۆیی بەر لە هەزاران ساڵ بە دەوریدا خولدەخوات، بەڵام نەیتوانیووە بە دەستی بهێنێت. ئەو دۆزینەوەی من لە دۆزینەوەكەی (ئاینیشتاین) دەكات بۆ رەهەندی چوارەمی زەمەن، هەر ئەو دۆزینەوەیەش (ئاینیشتاین)ی بەرەو رێژەگەری برد. عەقڵی شیعری رەهەندی چوارەمی عەقڵی مرۆییە. ئەگەر بۆ هاوكێشەی ستوونی دایكرۆنی‌و هێلی سایكرۆنی بگەڕێینەوە كە بنەڕەتی هەموو چالاكیەكانی عەقڵی مرۆییە، ئەوە دەبینین ستوونی دایكرۆنی نوێنەرایەتی شیعر‌و نوێنەرایەتی شوێن دەكات، بەڵام بە گشتی ستوونی سایكرۆنی نوێنەرایەتی گێڕانەوە (سرد)‌و نوێنەرایەتی زەمەن دەكات. شوێن بە پێوانە لەگەڵ هونەر باڵەخانە‌ و شێوەكاری دەگرێتەوە، بەڵام شیعر هێزی زەمان‌ و جێكەوتەی مەكان لەخۆ دەگرێت. هەروەها دەڵێت: من دەمەوێت دەقی شیعری بەر رۆحی ئایینی بكەوێت، چونكە من لەو بڕوایەدام كە ئایین لە بنەڕەتدا جۆرێكە لە جۆرەكانی شیعر، ئەو جۆرە شیعرەی كە رەگەكانی بۆ تەقسەكان دەگەڕێتەوە‌و هەڵگری كۆمەڵێك لق‌ و بەری میتۆلۆژیا‌ و بیروباوەڕە، بەڵام تۆیەكەی شیعرە. ئەو چەند كۆپلەیەی بەردەستتان بەشێكە لە كۆمەڵە شیعری (قەسیدەی وێنەیی) كە لە ساڵی 2001 لە (لوبنان) چاپ كراوە و من كردوومە بە كوردی...

(1)
كاتێ‌ پێدەكەنی
هەموو پەنجەرەی ماڵەكەم
وردو خاش دەبێ‌.
(2)
بەهۆی جوانییەكەی
باڵندەكان لە گۆرانی گوتن دەكەون و
ئەبڵەق دەبن.
(3)
دەنگی ئەستێرەكان
لەچاوی تۆ
دەبیسم
(4)
مەمكەكانت میوەن
هەر بەدارەوە
دەخورێن .
(5)
قسە لەگەڵ كەس نەكەی
قسە لەگەڵ هەور بكە، ئەو ژنەی
كە دواتر دەبارێ‌.
(6)
گۆرانییەكەم لە دەمەوە بۆ دڵە
بۆچی گۆرانی لە دەمەوە بۆ گوێچكە دەڵێیت؟
(7)
شنەی با تەنیا نیە
لەبەر  قژت
(8)
ئەو تاكە گوڵەی لە زەوی شین نابێ‌
دەمی تۆیە.
(9)
تێنوویەتی شار دەكوژێ‌ و
ئاو تەنها لە جەستەی ژنانە!
(10)
كەنار
یان گەردنت
یان هەردووكیان!!
 
 
 
سەرچاوە:
المجلد الاول صدر عن المۆسسە العربیە للدراسات والنشر – بیروت 2001
من مجموعە قصائد الصورە 1990