شەطێ ئاوی کە زاهید بۆ وضوویەک کردووە ضایع

شەطێ ئاوی کە زاهید بۆ وضوویەک کردووە ضایع
فەقیرە، هەر بە بایەک ئەو هەموو ڕەنجەی چووە ضایع
میثالی وایە بەحرێ گەوهەری دابێ بە خەرموهرێک
لە بۆ دنیا ئەوی عومری عەزیزی کردووە ضایع
هەتا تۆ چوویە گوڵشەن، گوڵ بە بێنی میسکی زوڵفت کەوت
کەوا ئەو ڕەنگە خۆشەی سیس و هەم بێنی بووە ضایع

ئیتتیفاقی ئافتاب ئانێ موقابیل بوو بە ڕووت

ئیتتیفاقی ئافتاب ئانێ موقابیل بوو بە ڕووت
ئافەتێکی دی، نەما تابی، بوەستێ ڕووبەڕووت
 
دیارە خۆ پەروانە ھەر سووتانە ئەسڵی موددەعای
بۆیە ئێمەش عاشقین، ئەی شەخسی ئاتەش خوو، بە خووت
 
ئەم فیزاعەت بەدوەوە، حەقتە کە ناپرسی چیە
تۆ، یەکێ، دائیم ھەزارێکی وەکو من دوو بە دووت
 
ئەی مەحەببەت! ئاگرێکی ھێندە خۆش و دڵ نشین
ئەو کەسەی سووتووتە، ھەر ئەو ھەوڵ ئەدا بۆ سوو بە سووت
 
ئەم شەرارەی فیرقەتە مەخلووقی وا کردە کەباب
مالیکی دۆزەخ دلی بەم عالەمی ناسووتە، سووت

حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما بە سینەی ئێمە ناڕاضی

حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما بە سینەی ئێمە ناڕاضی
کە عاصی قەسری خولدی دی بە جێ ئەڵحەد نەما ڕاضی
 
چووە چوو، خۆ نەھاتوو نادیارە، حاڵە ماڵت بێ
بەس ئەم نەقدە بکە صەرفی غەمی موستەقبەل و ماضی
 
ببینن گەر لە ساقی ناز و عیشوێک، ئێمە دەیبینین
بە مەی نۆشی دەدەن فتوا بە مەستی موفتی و قاضی
 
لە نان و ئاو ئەوا ئیمساکییە مردووش، ئەرێ زاھید
چ عوجبێکە، ئەمەندە بۆ دەنازی تۆ بە مورتاضی
 
قسە و باست لە عیرفانە، کەچی دنیایە مەنظوورت
لە عینوانی جەواھیر جۆییایی و ڕوو لە ئەعراضی

عاشق و سۆفی لە خولقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو

عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو
پیری بادە و شێخی تەکیە ئەم بەشەر حەیوانە ئەو
ڕازی عیشقم بردە لای زاهید وەکو کەر گوێی لەقان
حاڵی بووم خاڵی بوو ملپانە خەریکی نانە ئەو
نووری مەی فەرقی لەگەڵ شوعلەی ئەلەکتریکا هەیە
ئەم چرای ئافاقی فیکرە و خاسـی کۆڵانانە ئەو