حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما بە سینەی ئێمە ناڕاضی
کە عاصی قەسری خولدی دی بە جێ ئەڵحەد نەما ڕاضی
چووە چوو، خۆ نەھاتوو نادیارە، حاڵە ماڵت بێ
بەس ئەم نەقدە بکە صەرفی غەمی موستەقبەل و ماضی
ببینن گەر لە ساقی ناز و عیشوێک، ئێمە دەیبینین
بە مەی نۆشی دەدەن فتوا بە مەستی موفتی و قاضی
لە نان و ئاو ئەوا ئیمساکییە مردووش، ئەرێ زاھید
چ عوجبێکە، ئەمەندە بۆ دەنازی تۆ بە مورتاضی
قسە و باست لە عیرفانە، کەچی دنیایە مەنظوورت
لە عینوانی جەواھیر جۆییایی و ڕوو لە ئەعراضی