ئەشکی ئێواره

له‌گه‌ڵ هه‌نسک و گریانی..
هه‌وری خوێنینی ئێواره‌
به‌کوڵ گریا.. فرمێسکی ڕشت..
ئه‌م دڵه‌ پڕ له‌پرسیاره‌

*

وتم.. ئای ڕه‌نگه‌ هه‌وره‌کان له‌تاو..
ئازاری قامچی بروسکه‌کان بێ..
به‌خوڕ دابکه‌ن؟
یان بۆ دیمه‌نی پڕ ماته‌مینیی گه‌ڵا مردووه‌کان..
شین و زار بکه‌ن؟
یان بۆیە ئاسمان وا بە کوڵ گریا..
چونکە گوڵی هەور لە وەرینایە و
دەستی بەربووە لە چڵی دەریا!

*

بروسکەیەک

ئەزانی بۆ دنیای شیعرم.. هەر پایزە.. هەر زریانە؟
من تەنیا پایز شک ئەبەم.. پایز بۆ من نیشتمانە
خۆم غوربەتم.. لێم مەپرسە.. چی‌یه‌ غوربەت؟..
ژیانی من ئاوارەیی و تەنیایی و لێک دابڕانە
خۆ من حەز ئەکەم ببم بە هەورێ.. ببارێمە سەر قەدوباڵاکەت..
پەپوولەیەک بم.. شەو نیوە شەوێ ببمە زوخاڵی دەوری چراکەت
وەک دوو شەونمین.. سبەی ئەمانبا خۆری مەینەتیی..
یاخود دوو گەڵاین.. ڕەشەبای پایز سەرمان ئەنێتە کۆشی غوربەتی!



* بروسکە: بە مانای - برقیە - بەکارم هێناوە

پاسه‌ سووره‌که‌

ناو پاسه‌که‌ی نێوان سکانسن و سه‌نته‌ری شاری ستۆکهۆڵم
ئاسمانه‌که‌ شین بوو
زه‌ویش سه‌وز
تۆ پاڵت به‌دره‌ختێکه‌وه‌ دابوو
که‌گوڵی سپی دایپۆشیبوو،
من خۆم له‌ چاوی تۆدا ئه‌بینی
به‌ڵام من له‌وێ نه‌بووم.

*

تۆ شه‌وێک به‌ته‌نها
له‌سه‌ر کورسی باخچه‌که‌
دانیشتبوویت،
چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ت ئه‌کرد
من له‌سه‌ر مانگه‌وه‌
ده‌ستێکت بۆ هه‌ڵبڕم.

*

تۆ زۆر ته‌نهایت
منیش هه‌میشه‌وام.

*

من ترسم هه‌یه‌ له‌ نووسین، من سفرم...

فه‌ره‌نسا
ئه‌ترسم بنووسم
شتێک نه‌ جوڵێنم
ئه‌ترسم نه‌ نووسم،
دونیا جۆرێکی تر تێک به‌م.
 
من خۆم ڕاست کردۆته‌وه‌ بۆ ژیان
من خۆم تێکداوه‌ بۆ سفر
ژنه‌که‌م دۆعام لێده‌کات
به‌ڵام ژنم نییه‌
نیشتیمان دۆعام لێده‌کات
وه‌لێ نیشتیمانم نییه‌
من پێ په‌تیم، وه‌ک قه‌حبه‌ و سۆزانی و ده‌روێشه‌کانی چێژ ئاواره‌م
ئاواره‌م کاتێک دڵم له‌ به‌ینی ڕانه‌کانمابزربووه‌‌
کاتێک هه‌موو شتێکم گه‌رانده‌وه‌ سفر
من ئاواره‌م کاتێک مانگ ئاواره‌ نییه
به‌ڵام خۆی به‌ ئاواره‌ ده‌زانێت
 

مانگ دەبارێ‌

تشرینی دووەم 2009
شەو سێبەرێكی تەڕە
مانگ دەیچنێ‌
سپێدە وشكی دەكاتەوە.

++

مانگ بە دەنووك
شەو دەنووسێتەوە
بە خەیاڵ دوارۆژ.

++

خەیاڵی شەو ڕەش دەچێتەوە
وەك ئەوەی لە پرسەی خۆر
بیركردنەوەی جێ‌ هێشتبێ‌.

++

بەبیركردنەوە
بە شەودا دەڕۆم
بەجەستە
سەما لەگەڵ “با” دەكەم
ئەوە من نیم
بێدەنگی هەتاوە
كاتێ‌ قسە لەگەڵ خۆی دەكا.

++

مانگ چرای شەو
بە دواماچی رۆژ هەڵدەكا.

++

لە غوربەتا

سینەی پڕ ئاهم .. هەورێ تیا دەگری و
لە چاوانمەوە.. باران داناکا!
عومریشم .. بەفری بەر هەتاوێکە..
هەر ئەبێ بە شوێن مردنا ڕاکا

*

کێ بێ پایزی دڵی ئاوارەم..
بنێتە کۆشی قرمزیی بەهار؟
کەشتیی‌یەکی وێڵ لە دەریای تووشا..
تۆ بڵێ‌ی ڕۆژێ بگاتە کەنار؟

*

با خۆم گێل نەکەم.. منی غوربەتیی..
کەنارم تۆف و شەستەبارانە
کەس ناگری بەسەر ڕوخساری منا..
تەم و مژێکی دەم ئێوارانە

*

ژیان له‌چاوی یه‌كتردا..

ده‌زانم هه‌ر دڵۆپه‌ بارانێك پڕیه‌تی له‌
عه‌شق
من له‌ دڵۆپه‌كانی قووڵ ده‌بمه‌وه‌
له‌وێوه‌ ڕێم ده‌كه‌وێته‌ باغێك
كه‌ په‌پووله‌ی ماچی تۆ تێیدا ده‌فڕێ‌
من عه‌شق له‌بارانه‌وه‌ فێربووم
وه‌ك ئه‌و ببارم
ئه‌وه‌ ته‌نها تۆی چه‌تر هه‌ڵناده‌یت و
لە ژێر لێزمەبارانی عەشقمدا تەڕتەڕ دەبیت و
ده‌رگای ئاسمانی بارینم ده‌كه‌یته‌وه‌،
خۆم خسته‌ ناو باوه‌شی (با)
به‌ناو هه‌موو ئاسمانێكدا فڕین
بەناو هەموو كوچەكانی ژیاندا سەفەرمان كرد